وەزیری دارایی عێراق بڕیاریدا بە تەوتینی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم و جەختی كردۆتەوە، پڕۆسەكە دوای دابەشكردنی وەزارەتەكان بەسەر بانكەكاندا (ڕەشید و ڕافیدەین) دەستپێدەكات.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بانکی ڕەشید و ڕافیدەین ئامادەیی تەواویان دەربڕی بۆ کردنەوەی هەژمار بۆ فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم، پڕۆسەکەش دوای دابەشکردنی وەزارەتەکان بەسەر هەردوو بانکەکەدا دەست پێ دەکات.
بەپێی نووسراوێكی بانكی ڕەشید، كە واژۆی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی لەسەرە و وەڵامی پەرلەمانتار سۆران عومەری داوەتەوە، هاتووە، “دەست بە پڕۆسەی تەوتین دەكرێت دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی هەستا بە دابەشكردنی وەزارەتەكان بەسەر بانكی ڕەشید و ڕافیدەین و دوای ئەوەش تەوتینی مووچە دەستپێدەكەن.
هەر لە نووسراوەكەدا هاتووە، “ڕێكارەكانی پڕۆسەی دەركردنی كارتەكە و ماوەی پێویست، پەیوەستە بە ژمارەی بەشداربووانەوە، كە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دەدرێت بە بانكەكان”.
ئاشكراشی كردووە، هەژمارەكان بۆ مووچەخۆران دەكرێنەوە بە پڕكردنەوەی فۆڕمی (خۆت بناسێنە) لەلایەن فەرمانبەران و خانەنشینان و كارمەندانەوە لە هەرێمی كوردستان و فەرمانگەكان بەرپرسن لە ڕاستی و دروستی زانیارییەكان و پشت دەبەسترێت بە هەمان ڕێكاری تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی حكومەتی فیدڕاڵی”.