بەڕێوەبەری فەرمانگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق ڕایگەیاند، سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ بەندەری فاو دەكرێتەوە و هیچ گۆڕانكارییەك لەم وادەیەدا ناكرێت، دەشڵێت، كارەكانی بەندەرەكەش زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت.
مەیسەم سافی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ڕاگەیاندنی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق لە بارەی وادەی كردنەوەی بەندەری فاو بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێـت.
مەیسەم سافی ڕایگەیاندووە، وادەی دیاریكراو بۆ كردنەوەی بەندەری گەورەی فاو لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ دەبێت، هیچ گۆڕانكارییەك لەم وادەیەدا ناكرێت.
دەشڵێت، كارەكان بە مەبەستى تەواوکردنى بەندەرى فاو بە خێراییەكی زۆر بەرەوپێش دەچن.
جێگەى ئاماژەیە، پڕۆژەی بەندەری فاو یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی گەشەپێدانی عێراق و بە نۆ پارێزگادا تێدەپەڕێت، دواهەمینیان پارێزگای موسڵە، لەسەر كەنداو و لە پارێزگای بەسرە درووستكراوە و لە وێوە هەموو كاڵایەك ڕەوانەی وڵاتانى کەنداو دەكرێت و بە پێچەوانەشەوە هەموو كاڵایەكی کەنداو دێتە ئەو بەندەرە، تا ئێستا دەیان كیلۆمەتر لە پڕۆژەی گواستنەوەی وشكانی بەندەرەكە تەواو بووە.