محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، ئامانجی سەردانەكەی بۆ ئەمریكا گواستنەوەی پەیوەندییەكانیانە لەگەڵ ئەو وڵاتە بۆ قۆناغێكی نوێ و سەردانەكەی هەڵگری خواستی بونیاتنانی شەراكەتێكی ستراتیژیی بەردەوامەو دەشڵێت، لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا گفتوگۆ لەبارەی گرژییەكانی ناوچەكەو رۆڵی هاوبەشیان بۆ كاركردن لەپێناو هێوركردنەوەو رێگریی لە فراوانبونی ململانێكان، دەكەن.
ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، بەر لە بەڕێكەوتنی بۆ ئەمریكا، لە لێدوانێكدا رایگەیاند"ئەم سەردانە لە بارودۆخێکی ناسک و هەستیاردایە لەسەر ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، هەروەها لەسەر ئاستی بارودۆخی ناوچەکەو ئەو تاوانانەی کە لە خاکی فەڵەستین لە دژی خەڵکی بێتاوان ئەنجام دەدرێن، جگه له مەترسییەکانی فراوانبونی بازنەی ململانێکان."
سودانی ئاماژەی بەوەشکرد کە ئامانجی سەردانەکەی گواستنەوەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا بۆ قۆناغێکی نوێ و چالاککردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی لەخۆدەگرێت، کە هاوتایە لەگەڵ بەرنامەی حکومەتەکەیان كە تیشک دەخاتە سەر چاکسازی ئابوری و دارایی و سەرجەم بوارە گرنگەکانی دیکە، هەروەها هاوبەشی بەرهەمدار لەگەڵ وڵاتانی جیاجیای جیهاندا لەخۆ دەگرێت.
سودانی جەختی لەوە کردەوە کە لە دیدارەکەیدا لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا جۆ بایدن گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی ناوچەکەو ئەو گرژییانە دەکرێت کە ناوچەكە بەخۆیانەوە دەبینێت، لەگەڵ ڕۆڵی هاوبەشیان لە کارکردن بۆ هێورکردنەوە و ڕێگریکردن لە فراوانبونی ململانێکان بە شێوەیەک کە کاریگەری لەسەر سەقامگیری تەواوی جیهان هەبێت.
وتیشی، هەروەها لە دیدارەکەدا کارەکانی لیژنەی باڵای سەربازی نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەخرێنەڕو كە ئامانج لێی گەیشتنە بە خشتەیەکی زەمەنی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان و گواستنەوە بەرەو پەیوەندییە دوقۆڵییەکان لەگەڵ وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانێتیەکەدا.
سەرۆک وەزیرانی عێراق هێمای بۆ ئەوەش كرد كە سەردانەكەیان، دیدار لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە، بەرگری و گەنجینەی ئەمەریکا و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و ژوری بازرگانی ئەمەریکاو بەرپرسانی باڵای کۆمپانیا نەوتی و پیشەسازییەکان لەخۆدەگرێت.
دوپاتیکردەوە کە سەردانەکە هەڵگری خواستی بونیاتنانی شەراكەتێكی ستراتیژیی بەردەوامە، لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی بەرامبەر و پاراستنی ئاسایش و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سەردانێك بۆ ئەمریكا بەڕێكەوت، نوسینگەی راگەیاندنی سودانی لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، لە سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ واشنتۆن، شاندێکی حکومەت و پەرلەمان و كەرتی تایبەت یاوەری سودانی دەكەن كە ژمارەیەک وەزیر و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ڕاوێژکاران و نوێنەرانی کەرتی تایبەت لە بازرگانان و پیشەسازییە تایبەتەکان کە شارەزای کەرتە جیاوازەکانن لەخۆدەگرێت و لەسەردانەكەدا گفتوگۆی بەرفراوان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکادا ئەنجام دەدرێت سەبارەت بە پەیوەندییە دوقۆڵییەکان و گفتوگۆکردن لەسەر کۆمەڵێک دۆسیەی ئابوری و دارایی و بازرگانی و ئەمنی و دۆسیەکانی پەیوەست بە پەروەردە و كولتور، هەروەها سەردانەکە واژۆکردنی ژمارەیەک گرێبەستی وەبەرهێنان لەگەڵ چەند کۆمپانیایەكی گەورەی ئەمریكی لەخۆدەگرێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هەر لە سەردانەکەدا یەکەمین کۆبونەوەی لیژنەی باڵای هەماهەنگی هاوبەش (HCC) ئەنجام دەدرێت، بە ئامانجی هەنگاونان بۆ چالاککردنی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی لە بوارەكانی وزە و هەماهەنگی بانکی و دارایی و گواستنەوە و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و گەڕانەوەی پارەکانی عێراق لەگەڵ کەرتی كار و پەروەردە و كولتور.