جینۆسایدو مێژووی هندییە ئەمریکییەکان
  2024-04-12       1322       
تابلۆی شوێن پێی فرمێسکەکان - ماکس دی ستاندلی

لێکۆڵینەوەی: جێفری ئۆستلەر

  لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

 

کورتەیەک

پرسی جینۆساید و مێژووی هندییە ئەمریکییەکان مشتومڕی زۆر لەخۆدەگرێت. گەلێ لە نووسەران وایدەبینن کە کۆچپێکردن و ڕاگواستنی بێئامانی دانیشتووانی ڕەسەنی هەردوو کیشوەری ئەمریکا لە پاش ساڵی ١٤٩٢ حاڵەتێکی ڕوون و ئاشکرای جینۆسایدە، بەڵام نووسەرانی تر جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کەوا ڕەفتاری ئەوروپی و ئەمریکییەکان بەرانبەر هندییەکان مایەی داخ و نیگەرانییە بەڵام بەدەگمەن جینۆساید بووە. تا ڕادەیەکی زۆر ڕێکنەکەوتن لەسەر مەودای تەشەنە کردنی جینۆساید لە مێژووی نیوەگۆی ڕۆژاوای زەویی لە قۆناخی دوای کۆڵۆمبس، بە شێوەیەکی گشتی و مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەتایبەتی لە چواردەوری پێناسەکانی جینۆسایددا دەسووڕێتەوە. پێناسە موحافزەکارەکان جەخت لەسەر ئەو ڕێکار و سیاسەتانەی حکوومەتەکان دەکەنەوە کە سەر دەکێشنەوە بۆ زیانی زۆر گەورەی   دانیشتووان و بەعادەت بە هۆی کوشتنی ڕاستەوخۆوە. پێناسەکانی کە زیاتر لیبراڵین بانگەشە بۆ پێوەری کەمتر توند دەکەن لە نیاز و مەبەستدا، بە تەرکیز کردنێکی گەورەتر لەسەر ئەنجامەکان.  ئەوانە بەزەروورەت  پێویستیان بە سزای ڕاستەوخۆ نییە لەلایەن دەسەڵاتدارانی دەوڵەتەوە، بەڵکوو هێز و لایەنە کاراکانی کۆمەڵگە دیاری دەکات. هەروەها بوار دەدات بە بوونی زۆرێک لە هێزە یەکتربڕەکانی وێرانکردن و لەنێویاندا نەخۆشی و ڕاووڕووت. ئەوجا لەبەر ئەوەی مشتومڕ لەبارەی جینۆساید بەئاسانی وەردەگەڕێت بۆ ڕێکنەکەوتن لەسەر پێناسەکان، بۆیە مامەڵەیەکی کراوە بۆ پرسی جینۆساید هەیە کە پەردە لەسەر چەندین قۆناخ و ڕووداو لادەدات کە توانای تێپەڕاندنی ئاستەنگی ئێستای هەبێت. بە چاوپۆشی لە چۆنێتیی چارەسەری پرسی جینۆساید لە مێژووی هندییە ئەمریکییەکاندا، گرنگ ئەوەیە درک بەوە بکەین کە پرۆژە کۆڵۆنیاڵییەکانی نیشتەجێبوونی ئەوروپی و ئەمریکییەکان جڵەویان شلکردووە بۆ هێزگەلێکی هێجگار ڕووخێنەر بۆ سەر گەلان و کۆمەڵگە ڕەسەنەکان. ئەمەش ڕاستەوخۆ ئەو توندوتیژییە دەگرێتەوە کە لە ئەنجامی کشان و فراوانبوونی نیشتەجێ settlers (سپیپێستەکان) و توندوتیژیی نێوان خێڵەکان (کە بەزۆری بە هۆی دەستێوەردانی کۆڵۆنیاڵییەوە لە گرێژەنە چووە) و بەکۆیلەکردن و نەخۆشی و مەیخوارنەوە (ئەلکوهوول) و لەدەستدانی زەویوزار و سەرچاوەکانی ژیان و گوزەران و ڕاگواستنی زۆرەملێ و هێرشکردنە سەر ئایین و کولتوور و زمانی خێڵەکان هاتووەتە کایەوە. هەڵبەت پێکهاتەی ئەم هێزانە و کاریگەریی گەورەیان لە کات و شوێنی جیاوازدا بەپێی ئامانجی پرۆژەی کۆڵۆنیاڵیی دیاریکراو و توانای کۆمەڵگە و دامەزراوە کۆڵۆنیاڵییەکانە بۆ بەدواداچوونیان. توانای گەلە ڕەسەنەکان و کۆمەڵگە لۆکاڵەکان بۆ بەرگری و بەرهەڵستیی ڕاستەوخۆی داگیرکارییە کۆڵۆنیاڵییەکان یان سووککردنیان یان هەڵاتن لێی بایەخێکی هاوشێوەی هەیە.

 

وشە کلیلەکان:

جینۆساید، ئەمریکییە ڕەسەنەکان، هندییە ئەمریکییەکان، درم و پەتا، ئاوڵە، نەخۆشی، کۆڵۆنیالیزم، ئیمپریالیزم، کوشتار، ڕاگواستنی هندییەکان، پاکتاوکردنی ئیتنیکی، مۆڵگەی هندییەکان، ئاسیمیلە یان تواندنەوە.

 

مێژووی نیشتمانیی بەرایی -مێژووی ئەمریکییە ڕەسەنەکان

زیاتر پێدەچێت کە ناونیشانی ئەم وتارە، لە دووتوێی ئاماژەدان بەوەی کە جینۆساید بەشێکە لە مێژووی هندییە ئەمریکییەکان، پەرچەکردارێکی تەواو دژبەر بەرپا بکات. ئاخۆ ڕەفتار و سیاسەتەکانی ئەوروپی و ئەمریکییەکان بەرانبەر بە هندییەکان بە جینۆساید دادەنرێت یان نە؟ کەسانی ئەکادیمی و خوێندکاران و هاووڵاتییان و بەکورتی تا ڕادەیەک هەموو کەس ڕایەکی خۆی هەیە لەسەر ئەم بابەتە. هەندێک بە دڵنیاییەوە بە بەڵێ وەڵام دەداتەوە و ڕاگواستنی لە ئەژمارنەهاتووی دانیشتووانی ڕەسەنی ئەمریکا لە دوای ساڵی ١٤٩٢ حاڵەتێکی ڕوون و بەرچاوی چینۆساید بووە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێکی تر بە هەمان ئەندازە دڵنیان کە وەڵامەکە نەخێرە، واتە ڕەفتار و سیاسەتە ئەوروپی و ئەمریکییەکان بەرانبەر بە هندییەکان (لانیکەم لە هەندێ حاڵەتدا) مایەی داخ و ناڕەحەتییە بەڵام ناکرێ  بە جینۆساید وەسف بکرێت.

ئەم وتارە بەو گریمانەیە دەست پێدەکات کەوا پرسی جینۆساید لە مێژووی هندییە ئەمریکییەکاندا هێجگار ئاڵۆزە و بە ڕادەیەکە ناتوانرێت بە وەڵامێکی سادەی بەڵێ و نەخێر وەڵام بدرێتەوە، چونکە لە کۆتاییدا مێژووی پەیوەندیدار مێژوویەکی دوور و درێژە (زیاد لە پێنجسەد ساڵە) و دەیان نەتەوە و گەلی  ڕەسەن و زۆرێک لە ئیمپراتۆرییەتە ئەوروپی و نیۆ - ئەوروپی و دەوڵەت نەتەوەی گەورە دەگرێتەوە. لەکاتێکدا کەوا مەسەلەیەکی نابەجێیە ئەم مێژووە لە یەک کاتیگۆریدا کورت بگرێتەوە، بە جینۆسایدیشەوە، شیاوترە وا چاوەڕێ بکرێت کە جینۆساید بەشێک بووە لەم مێژووە. کەوابوو بەم پێوەرە وتارەکە داوا لە خوێنەران دەکات بەرهەڵستیی ئەو ئاڕاستەیە بکەن کە بەدوای چارەسەرێکی خێرا یان ئاسانەوەن بۆ پرسی جینۆساید لە مێژووی هندییە ئەمریکییەکاندا و بپەرژێنە سەر دۆزینەوەیەکی کراوە. پرسەکە وەڵامدانەوەیەکی کۆتایی نییە بەڵام ڕوونکردنەوەیەکی کێشەکانە.

جینۆساید زیاد لە چەندین مشتومڕ هەڵدەگرێت و بەزۆریش لەسەر پێناسەکانی چڕدەبێتەوە و بە هۆی ئەم ڕاستییەوە، خوێنەران چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە وتارێک لەسەر جینۆساید بێت بە مشتومڕی پێناسەی جیاوازی زاراوەکە دەست پێبکات (لەگەڵ زاراوە پەیوەندیدارەکانی وەک پاکتاوکردنی ڕەگەزی و جینۆسایدی کولتووری) و پاشان بگوێزێتەوە یان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر یەک پێناسەی زاڵ و متمانەپێکراو یان پێشنیازکردنی پێناسەیەکی نوێ. بەهەرحاڵ ئەم مامەڵەیە ڕەنگە دژ بەو ئامانجەی من کار بکات کە خۆی لە ئاسانکردنی دۆزینەوەیەکی کراوەی پرسەکەدا دەبینێتەوە و بەم پێیە گفتوگۆ فەرمییەکەی پێناسەکان دوادەخرێت بۆ بەشی مێژوویی لە کۆتایی ئەم وتارەدا، هەرچەندە لەگەڵ ڕەوتی پەرەسەندنی وتارەکەدا بە شێوەیەکی دەوری دەوەستین بۆ تێڕوانین لە چۆنێتیی ڕەچاوکردن یان نەکردنی ئەو ڕووداو یان قۆناخە تایبەتییانەی کە بە جینۆساید دادەنرێن بەپێی ئەو پێناسانەی کەوا پەیڕەوی کراون یان دەکرێ پەیڕەوی بکرێن لەسەری. وەک دواتر ڕووندەبێتەوە، مشتومڕ لەبارەی ئەوەی کە حاڵەت و قۆناخی دیاریکراو دەکرێت بە جینۆساید لەقەڵەم بدرێت و بەعادەت لەسەر ئەم پرسانە چڕدەبێتەوە وەک: نیاز و مەبەستەکانی مێژوویی بکەرەکان (لە نێویاندا حکوومەتەکانیش بەڵام نەک بە حەسری) بۆ مەودای ڕاگواستنی گرووپە تایبەت و دەسنیشانکراوەکان و هۆکاری ڕاگواستنیان.

 

پەتا و درمەکانی خاکی پاکیزە و دەست لێنەدراو و دەرپەڕاندنی دانیشتووانی ڕەسەن

بەزۆری مشتومڕ لەسەر جینۆساید لە هەردوو ئەمریکادا بە ساتەوەختی پەیوەندیی بەرایی نێوان ئەوروپییەکان و دانیشتووانی ڕەسەن دەست   پێدەکات و جەخت لەسەر کاریگەریی کارەساتباری نەخۆشییە ئەوروپییەکان دەکاتەوە (بەتایبەتی ئاوڵە و سوورێژە) کەوا هندییەکان بەرگریی بەدەستهاتوویان نەبوو لەدژی. تاوەکوو ساڵانی ١٩٦٠کان، زانا و توێژەران مەزەندەی ئەو زیانە گیانییە قورسەیان لا نەبوو کە لە ئەنجامی "درم و پەتای خاکی دەست لێنەدراوەوە" سەرچاوەی گرتبوو، وەک ئەڵفرید کرۆسبی ناوی لێنابوو، لەبەر ئەوە زۆر لە قەبارەی دانیشتووانی نیوەگۆی ڕۆژئاوایان کەمکردبووەوە لەپێش کۆڵۆمبسدا و خەمڵاندنی ستانداردیان بە هەشت ملیۆن دانابوو بۆ تەواوی ئەو نیوەگۆیەی   زەوی و ملیۆنێکیش بۆ باکووری ڕیۆ گراند. بەڵام لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا هێنری دۆبینسی زانای مرۆڤناسی (ئەنسرۆپۆڵۆجیست) بەپێی ڕەچاوکردنی نەخۆشییەکە مەزەندەیەکی زۆر بەرزتری هێنایە کایەوە و ٧٥ ملیۆنی بۆ نیوەگۆ دانا و ١٠ - ١٢ ملیۆنی بۆ باکووری مەکسیک. هەرچەندە مەزەندەکانی دۆبینس بەگەرمی مشتومڕی لەسەر دەکرا و تەنانەت داکۆکیکاران لە ژمارەی زۆر لەوە کەمتریش ددانیان بە کاریگەریی درم و پەتا وێرانکەرەکاندا دەنا.١

داکۆکیکاران لە هەڵوێستی "بەڵێ، ئەوە جینۆساید بوو" قایل بوون بە مەزەندەی بەرزی دانیشتووان لەپێش کۆڵۆمبسدا و بەو پێیەش ژمارەیەکی هێجگار بەرز لە بەرانبەر دابەزینی ژمارەی بەرایی دانیشتوواندا. خۆ ئەگەر ٧٥ ملیۆن کەس لە ساڵی ١٤٩١دا لە نیوەگۆی ڕۆژاوادا ژیابێتن و مردنیش بە نەخۆشیی درم٧٠ و ٨٠ یان تەنانەت ٩٠ لەسەد بووبێت (کە هەندێ جار حاڵەتەکە وابوو)، ئەوە ژمارەی (٥٠ - ٦٠ ملیۆن) هێجگار گەورەیە و ناچارمان دەکات وەک جینۆساید پێی لێبنێین ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ ژمارەی ئەو حاڵەتانەی جینۆسایدی سەدەی بیستەمدا.٢

بەهەرحاڵ، ئەوە مەسەلەیەکی دژوارە بۆ جەختکردن لەسەر ژمارەیەکی هێجگار گەورە لەپێناوی ڕاگواستنی بەرایی دانیشتوواندا و دەکرێ دەرفەت بڕەخسێنێت بۆ هەڵوێستێکی دژ و پێچەوانە. هەڵبەت ئەو ئەوروپییانەی هۆکاری ئەم نەخۆشییانەیان لەگەڵ خۆ هێنا بۆ نیوەگۆی ڕۆژئاوا ئەوەیان بە مەبەستی کوشتنی دانیشتووانی ڕەسەن نەکردووە و بەو پێیەش کە نیاز و مەبەست بەگوێرەی زۆرێک لە پێناسەکان پێوەری یەکلاکەرەوەیە بۆ جینۆساید، ئەوە دەکرێ ژمارەیەکی گەورە بەکاربێنیت بۆ پشتیوانی کردن لە هەڵوێستی "نەخێر ئەوە جینۆساید نەبووە"، لەسەر بنەمای ئەوەی کە زۆربەی زۆری مردنەکان ناشایستە بوون.٣ بۆ بەرهەڵستی کردنی ئەم هەڵوێستە، هەندێک لە نووسەران نموونەی چەند ئەوروپییەکیان هێناوەتەوە کە بە ئەقەست هندییەکانیان تووشی نەخۆشی کردووە (کە بەعادەت لە ڕێگەی بەتانیی پیسکراو بە میکرۆبی ئاوڵەوە)  و بە شێوەیەکی نموونەیی (ئایدیاڵ) مشتومڕیان دەکرد.٤ بەڵام بەڵگەکان ڕێکخرابوون  و تا ئێستا شکستی هێناوە لە خستنەلاوەی کۆدەنگیی توێژەران کەوا هۆکاری بەئەنقەستی نەخۆشییەکە دەگمەن بووە. کەواتە، تا ئەو سنوورەی کە پرسی جینۆساید و مێژووی هندییە ئەمریکییەکان تێیدا بە شێوەیەکی گەورە بەند دەبێت بە مەسەلەی قەبارە و نیازی ڕاگواستنی دانیشتووان بە هۆی نەخۆشییەوە، ئەوە هەڵوێستی "نەخێر جینۆساید نەبووە" بە متمانەدار دەمێنێتەوە.  

بەهەرحاڵ، هۆکارێکی بەجێ هەیە بۆ تەحەدا کردنی ئەو گریمانەیەی کەوا مەودا و مەبەستی راگواستنی سەرەتایی دانیشتووان بە هۆی نەخۆشییەوە مەسەلەیەکی تەواو گرنگە بۆ پرسی جینۆساید و مێژووی هندییە ئەمریکییەکان. با لەپێناوی ئارگومێنتدا ئەو گریمانەیە بکەین کەوا ڕەفتاری ئەوروپی و ئەمریکییەکان لە بەرانبەر هندییەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ئەمریکا لە ماوەی سەدەی هەژدەدا (بە ماوەیەکی دوورودرێژ لە پاش دەرکەوتنی یەکەم درم و پەتاکان) هەمیشە جینۆساید بووە بەگوێرەی موحافزەکارترین پێناسە بۆ بەسەرکەوتوویی جێبەجێ کردنی نیازی کۆمەڵگەیی یان حکوومیی کوشتنی فیزیکی یان جستەیی تەواوی هندییەکان. بە مامەڵەیەکی بیرکارییانە کە زۆربەی کۆی مردنەکان بدرێتە پاڵ نەخۆشی ڕەنگە ئارگومێنت بێت دژ بە لەقەڵەمدانی دوا قۆناخی ڕاگواستن وەک جینۆساید، بەڵام بۆچی پێویستە ژمارەی هندییەکان لەو ناوچانەدا کە لە کاتێکی پێشتردا بە هۆی نەخۆشییەوە مردبوون هیچ کاریگەرییەکی نەبووبێت لەسەر هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە ئاخۆ لەناوبردنی ئەوانەی کە  لە دەست نەخۆشی دەرباز بووبوون و مابوونەوە بە جینۆساید دادەنرێت یان نە؟ ئەوجا ژمارەی ئەو دەربازبووانەی دەستی نەخۆشی کە دواتر لەناوبران نوێنەرایەتیی ١٠ یان ٣٠ یان ٥٠ لە سەدی دانیشتووانی پێش کۆڵۆمبس بکەن ئەوە هیچ بایەخێکی نییە.

 سەبارەت بە مشتومڕی جینۆساید، ئەوە مەسەلەکە پەیوەندیی نییە بە کاریگەریی درم و پەتا سەرەتاییەکانەوە بە ئەندازەی ئەوەی پەیوەندیی هەیە بە کاریگەریی ئەو ڕێکارە ڕاستەوخۆیانەوە کە ئەوروپاییەکان و ئەمریکاییە ئەوروپییەکان گرتبوویانە بەر لە بەرانبەر هندییەکاندا لە ڕێگای جەنگەکانی داگیرکاری و بەکۆیلەکردن و تاڵان و برۆ و ڕاگواستن و وێرانکردنی کەرەستە و سەرچاوە ماددییەکانەوە. لەم دۆخ و سیاقەدا، نەخۆشییش پەیوەندیدارە وەک بەشێک لە هەڵسەنگاندنی دەرەنجام و لێکەوتەکانی ڕەفتاری داگیرکەرە کۆڵۆنیاڵەکان. بۆ نموونە، دەکرێ جەنگ ببێتە هۆکاری ئاوارەبوون و هەژاری و فشاری کۆمەڵایەتی و بەو پێیەش بەرکەوتنی زیاتری هۆکاری نەخۆشییەکان. لەڕاستیشدا، فرەجار نەخۆشییە درمییەکان لە ساتەوەختی پەیوەندی و تێکەڵیی سەرەتاییەوە دەرنەدەکەوتن بەڵکوو لە قۆناخێکی دواتردا دەردەکەوتن کاتێ کە پرۆسەکانی کۆڵۆنیزەکردن یەکبینە بەڕێوەدەچوون.

 

نەخۆشی و هێزە وێرانکەرەکانی تر

بۆ ئەوەی ئەم سەرنج و تێبینییانە زیاتر کۆنکریتی بن، با بڕوانینە ئەوەی کە چی ڕوویداوە لەو شوێنەی کە بۆ یەکەمجار کۆڵۆمبس تێیدا لەنگەری گرتووە لە ناوچەی دەریای کاریبیدا. بەپێی ئەو گێڕانەوە باوەی کەوا ئەوروپییەکان لەگەڵ خۆیاندا میکرۆبی کوشندەیان هێناوە، ڕەنگە مایەی سەرسوڕمان بێت کەوا یەکەم گەشتی دەریایی کۆڵۆمبس نەبووەتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشییە درمییەکان بۆ هندییەکانی کاریبی، بەڵکوو بە سرووشتی خۆی، ئەو دەستە و تاقمە ئەوروپییانەی کە بەر هندییەکان دەکەوتن هەموو کات ئەو خەڵکانەیان تێدا نەبووە کە نەخۆش بووبێتن یان هەڵگری میکرۆبی درم و پەتای جۆراوجۆر بووبێتن. بەڵام دۆخەکە لە گەشتی دووەمی کۆڵۆمبسدا (١٤٩٣ - ١٤٩٦) جیاواز بوو. لەم گەشتەدا، لە پاش لەنگەرگرتن هەندێ کەس لە دەستەی کەشتییەکە نەخۆش کەوتن و لەوانەیە تووشی ئەنفلۆنزا بووبێتن و خەڵکە ڕەسەنەکەی هیسپانیۆلا و کووبا و جامایکا لێیانەوە گرتوویانە. پێدەچێت توندی و سەختیی پەتاکە پەیوەست بووبێت بە بەرنەکەوتنی پێشتری هندییەکان بۆ هۆکاری ئەم نەخۆشییە دیاریکراوانە، ئەگەرچی ناکرێ پەتاکە لە هێزە وێرانکەرەکانی تر جیابکرێتەوە. ئامانجی ئەم نێردەیە کوشتنی هندییەکان نەبووە، بەڵام لەکاتێکدا سەرکردە و پیاوانی نێردەکە لە هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجە سەرەکییەکەیاندا بوون - کە ئەویش بەدەستهێنانی زێڕ بووە - ڕێکوڕەوان ئەوەیان کردووە. بۆ بەدەستهێنانی زێڕ، ئیسپانییەکان پێویستیان بە ناسینی هندییەکان و کار و پیشەیان بووە و لەو سۆنگەیەوە کردوونیان بە کۆیلە و پەنایان بردووەتە بەر توندوتیژی بۆ دابینکردنی خەڵکە ڕەسەنەکە و کۆت و پێوەند کردنیان. هەندێ لە گێڕانەوەکان وەک ئەوەی بارتۆلۆمێ دی لاس کاساس کە لەو ئیسپانییانە بوو گرەوی ئەوەیان کردبوو کە "هەر کەسێک پیاویک بکات بە دوو کەرتەوە، یان بە پێداکێشانێک سەری لە لاشەی جیابکاتەوە یان منداڵانی کۆرپە لەسەر سینگ و مەمکی دایکیان هەڵپڕووکێنن و بیانکێشن بەسەر بەرددا و لەتوپەتیان بکەن"، کە ئەمەش بەڵگەیە بۆ ئەقڵییەتی جینۆسایدی، هەرچەندە ئەم باس و گێڕانەوانە ئاماژەی زیمنین بەوەی کە ئەم کارانە بەتایبەتی ڕەفتار و بەرهەمی کەسانی خراپەکار بوون و پەیوەندییان نەبووە بە نیاز و مەبەستی نێردەکەوە. بەڵام لەڕاستیدا، سەرکردەکانی نێردەکە وایان بە لاوە باش بووە کە توندوتیژی کارێکی پێویست بووە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان. بۆ خولقاندن و بەردەوامی پێدانی کۆیلەکردن و دامرکاندنەوەی یاخیبوونە ڕاستەقینە و خەیاڵییەکان، ئیسپانییەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک کەوتنە شێواندن و کوشتن و بەرپاکردنی جەنگ دژ بە دانیشتووانی ڕەسەن. ئامانج ئەوە نەبوو کە هەموو هندییەک بکوژرێن (چونکە هەندێکیان بۆ کارکردن پێویست بوو) بەڵکوو مەبەست تۆقاندن و ناچارکردنیان بوو بە ملکەچی. ئەتککردنی نامووسیش، کە ڕوون و ئاشکرا باو بووە، نەک هەر ئەوە بووە بە سادەیی نەخۆشییەکانی تاک یان بەکۆمەڵ دەربخات، بەڵکوو وەک ئامرازێکی تیرۆر و تۆقاندن بەکاردەهات. کەوابوو توندوتیژی توخمێکی سەرەکی بوو لە کۆڵۆنیالیزمی ئیسپانیدا لە ناوچەی دەریای کاریبیدا، ئەگەرچی مردنی ژمارەیەکی زۆر زیاتری هندییەکان بە هۆی نەخۆشی و بەدخۆراکی و برسێتییەوە بووە.٥

بێجگە لە بەڵگەگەلێکی کەم لە سەر ژمارەی کوژراوان لە ساڵانی بەرایی داگیرکاریی ئیسپانی شتێکی ئەوتۆ لەبەر دەستدا نییە. بەڵام ڕوون و ئاشکرایە کەوا لەگەڵ بەرفراوانبوونی پرۆژەی کۆڵۆنیالیزمی ئیسپانی لە سەرەتاکانی سەدەی شانزەهەمدا، ئاسەوارە وێرانکەرەکانی هەڵکشان. توندوتیژیی بەردەوام بوو وەک یەکێک لە هۆکارەکان (لە ساڵی ١٥٠٢دا، نیکۆڵاس دی ئۆفاندۆی حوکمڕانی هیسپانیۆلای ئیسپانی نزیکەی ٦٠٠ - ٧٠٠ هندیی سەربڕی لە ناوچەی خێڵنشینی هیگوی، کە وەک ناڕەزایی دەربڕین لە بەکارهێنانی ئیسپانییەکان بۆ سەگی دڕی پەلاماردەر یاخی بووبوون)، لە پاڵ بەدخۆراکی و نەخۆشیدا (وەک دیزانتری و تیفۆس و تاد.) لە ژێر بارودۆخی کاری زۆرەملێ و بێگاری و پشێویی ئابووریدا. پاشان پەتایەکی تر، کە ئاوڵە بوو، لە ساڵانی ١٥١٨ - ١٥١٩دا لە دوورگەکانی ئەو ناوەدا بڵاوبووەوە. بەهەرحاڵ، تا ئەم ماوەیە، ژمارەی دانیشتووە ڕەسەنەکانی دوورگە سەرەکییەکان بە شێوەیەکی گەورە دابەزیبوو. لە هیسپانیۆلادا، تەنها ٢٠ - ٣٠ هەزار کەسی گەورەی خێڵی تاینۆ لە ژیاندا مابوونەوە و ئەم ژمارەیە زۆر لە ژمارەی دانیشتووانی پێش کۆڵۆمبس کەمتر بوو کە لانی کەم دەگەیشتە چەندسەد هەزارێک و هەندێ مەزەندەش دەیگەیاندە هەشت ملیۆن. لەم حاڵەتەدا، ئاوڵە کە بە زۆری وەک وێرانکەرێکی سەرەکی دەرکەوتبوو، کارەساتێکی ترسناکی لەگەڵ خۆی هێنا. بە هاتنی ساڵی ١٥٤٢، ژمارەی دانیشتووانی ڕەسەن لە هیسپانیۆلا گەیشتبووە تەنها دوو هەزار کەس. وا ئێستا ئەفریقییە بەکۆیلەکراوەکان سەرچاوەی سەرەکیی کرێکارین٦ و تەنها ڕێژەیەکی کەمی هندییەکانی کاریبی مردبوون بە هۆی درم و پەتاکانی خاکی دەست لێنەدراو بە مانای باوی ئەو پەتایانەی گەیشتبوون لە پێش یان ساتەوەختی گەیشتنی بەراییان، هەرچەندە بە بێگومان نەخۆشییەکە، کە گەورەترین بکوژ و هۆکار بوو بۆ ئەو دۆخەی ئیسپانییەکان خولقاندبوویان لە سەردەمی کۆڵۆنیزەکردنی دوورگەکاندا. ڕەنگە هەندێ لە شیکاران لێکدانەوەیەکی توند بکەن بۆ نیاز و مەبەستەکان و ئەنجامگیریی ئەوە بکەن کە ئیسپانییەکان جینۆسایدیان بەرپا نەکردووە، چونکە هیچ پلانێکی فەرمییان دانەناوە بۆ لەناوبردنی تەواوی هندییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، شیکارانی تر تێبینیی ئەوە دەکەن کەوا زۆربەی زۆری هندییەکانی کە لەو پەنجا ساڵەدا مردبوون، بە هۆی ئەو بارودۆخەوە بووە کە ئیسپانییەکان دروستیان کردبوو لە کاتی هەوڵدانیاندا بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دەبێ ئەمە بە جینۆساید دابنرێت لە سایەی ڕاڤەکردنێکی شلوشاودا بۆ نیاز و مەبەست.

هاوکاتیی نەخۆشییەکە و تێکەڵبوونی لەگەڵ هێزەکانی تری وێرانکاریدا لە ناوچەیەکەوە دەگۆڕێت بۆ ناوچەیەکی تر لە ناو هەردوو ئەمریکادا. لەوەی کە دواتر بوو بە باشووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وەک مێژوونووس پۆل کێلتۆن دەریدەخات، ئەوە نێردەی دۆزینەوەی پۆنس دی لیۆن لە ساڵی ١٥١٣ و نێردەکانی دۆزینەوەی دواتری ئیسپانی نەخۆشیی نوێیان نەهێناوەتە ناوچەکەوە، سەرەڕای ئەو ئاژاوە و پشێوییانەی کە لەم نێردانە دەکەوتنەوە بارودۆخی بڵاوبوونەوەی هۆکاری ئەو نەخۆشییانەیان دەڕەخساند کە بە واقیع هەبوون وەک سووزەنەک و یاو syphilis and yaws. بەڵام نەخۆشیی کوشندەی ئاوڵەی کلاسیکی دەرنەکەوتبوو لە کۆتاییەکانی سەدەی حەڤدەدا نەبێت. کاتێکیش ئەوە ڕوویدا، بڵاوبوونەوەی بەتوندی پەیوەست بوو بەو پرۆژە کۆڵۆنیاڵییە بەریتانییەوە کە خۆی لە سوود وەرگرتن لە ڕەفتاری دانیشتووانە ڕەسەنەکەدا دەبینییەوە بۆ ئەوەی لە دیلەکان بازاڕی بازرگانیی کۆیلە دروست بکەن لە دەرەوەی وڵاتی هندییەکان  و بۆ کاڵا ئەوروپییەکان  (پیشەسازان و    مەی و جل و پۆشاک) تێیاندا. هەڵبەت بازاڕی کۆیلە ڕاستەوخۆ ڕۆڵی لە بازرگانیی کۆیلەدا بینی بۆ چۆڵکردنی زۆرێک لە کۆمەڵگە هندییەکان، بەڵام لێکەوتەی زۆر زیانبەخشتر خولقاندنی بارودۆخی گونجاو بوو بۆ گواستنەوەی نەخۆشییە درمییەکان. کاتێ کە لە ساڵی ١٦٩٦دا، نەخۆشیی ئاوڵە بەخێرایی بڵاوبووەوە لە ڕێگەی ئەو تۆڕی پەیوەندییانەوە کە توندوتیژی و چەوساندنەوە و بێبەشبوون دروستیانکردبوو، ئەمە وێرانبوون و تێکشکاندنی کۆمەڵگە هندییەکانی لێکەوتەوە لە هەردوو ویلایەتەکەی کارۆلایناوە بۆ ڕۆخی کەنداو (مەبەست کەنداوی مەکسیکە - وەرگێڕ) و لە سەرووی ڕووباری میسیسیپییەوە تا دەگاتە ئیلینۆی. ئێستا تەنها لە دوای دووسەد ساڵی یەکەم گەیشتنی ئەوروپی بۆ باشووری ڕۆژهەڵات، دانیشتووانی ڕەسەن دابەزینێکی کارەساتباریان بەخۆیانەوە بینیوە لە ژمارەدا کە بەعادەت پەیوەستە بە پەتا و درمەکانی پەیوەندییە بەراییەکانەوە.  وەک چۆن لە ناوچەی دەریای کاریبیدا ڕوویدا کاتێ کە نەخۆشیی ئاوڵە بڵاو بووەوە، ئەوش دەرەنجامی هەوڵی ئابووریی ئەوروپییەکان بوو.٧

 لە یەکێک لەو دوا ناوچانەی کەوا زەرەرمەندی داگیرکاریی ئەوروپییەکان بوون، باکووری ڕۆژاوای ئۆقیانووسی پاسیفیک بوو، کە چیرۆک و بەسەرهاتەکەی نزیکبوو لە چیرۆکی ئاسایی درمە وێرانکەرەکانی پەیوەندییە بەراییەکان. ئەوروپییەکان دەستیان نەکردبوو بە دۆزینەوەی ئەو شوێنانەی کە ئێستا پێیان دەوترێ  ئۆریگۆن و واشنتن و کۆڵۆمبیای بەریتانی تاوەکوو تێپەڕینی نزیکەی سێسەد ساڵ بەسەر گەیشتنی کۆڵۆمبسدا. لە ناوچەکەدا بۆ یەکەمجار ئاوڵە لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٧٧٠کاندا دەرکەوت، کە ڕەنگە لە ڕێگەی ئەو نێردە ئیسپانییانەوە گوێزرابێتەوە کە دابەزیبوونە سەر درێژایی کەنار دەریا. لە ماوەی پەنجا ساڵی دواتردا، پەتای ئاوڵە بەردەوام بوو لە وێرانکردن و لەناوبردنی کۆمەڵگە ڕەسەنەکاندا، هەرچەندە بەپێچەوانەی چاوەڕوانیی هێڵی دابەزین لە ژمارەی دانیشتوواندا، هندییەکانی باکووری ڕۆژاوای وڵات توانیبوویان بەشێکی گەورەی زیانەکانی دوای پەیوەندییان بگێڕنەوە و کات و زەمانێکی باشیان هەبوو لە ناو ئەو درم و پەتایانەدا بێنەوە سەرخۆ و بە تێپەڕینی کات درمەکان کەمتر توند و کاریگەر بوون چونکە خەڵکە دەربازبووەکە تا ئاست و مەودایەکی باش بەرگریی لەشیان زیادی کرد دژ بە نەخۆشییەکان.٨ لە ماوەی ئەم دەیانەدا، هندییەکانی ئەم ناوچەیە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەر هێزە وێرانکەرەکانی تر نەکەوتن و پرۆژەی سەرەکیی کۆڵۆنیالیزمی ئەوروپی لە باکووری ڕۆژاوا بازرگانیی کەوڵ و فەروو بوو. ئاڵوگۆڕ کردنی کەوڵ بە کاڵا و شمەکە ئەوروپییەکان جار جارە دەبووە هۆی شەڕ و ناکۆکی و هەندێ جاریش توند. بە تێپەڕینی کاتیش ئەم بازرگانییە هانی بەکارهێنانی مەی و سۆزانێتی و لەناوبردنی نێچیری کێویی دەدا و هەموو ئەم فاکتەر و هێزانە زیانیان بە تەندروستی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگەی هندییەکان دەگەیاند. لەگەڵ ئەوەشدا، بە بەراورد لەگەڵ زۆرێک لە دەزگا و دامەزراوە کۆڵۆنیاڵییەکانی تردا، بازرگانیی کەوڵ بە ڕێژەیەک باش بوو و لێکەوتە و دەرەنجامی ئەرێنی کورتمەودای هەبوو بۆ تاکەکان و ئەو کۆمەڵگایانەی لە دۆخێکدا بوون کە بتوانن خۆشگوزەرانیی ماددییان باشتر     بکەن و ئامانجە ستراتیجییەکانیان پێشبخەن.

بەهەرحاڵ، لە ساڵانی ١٨٣٠کاندا مەلاریا - کە نەخۆشییەکی نوێ بوو - بە شێوەیەکی چەندبارە دای لە خێڵەکانی شینووک و کالاپویا بە درێژایی هەردوو ڕووباری کۆڵۆمبیا و ویلامیتی خواروو. بە پێی ڕۆبەرت بۆیدی زانای ئەنسرۆپۆڵۆجیا (مرۆڤناسی)، لە نێوان ساڵانی ١٨٣٠ و ١٨٤١دا، ژمارەی دانیشتووانی ڕەسەن لەم ناوچەیەدا بە ڕێژەی ٩٠% دابەزی. بەپێچەوانەی پەتای ئاوڵەی ساڵی ١٦٩٦ لە باشووری ڕۆژهەڵات پەتای مەلاریا لە ساڵانی ١٨٣٠کاندا لە باکووری ڕۆژئاوا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەسترابوو بە کۆڵۆنیالیزمەوە. بە سرووشتی حاڵ، ئەوروپییەکان نەخۆشیی مەلاریایان لەگەڵ خۆیان هێنابوو (پێدەچێت لە ڕێگەی تۆڕەکانی بازرگانییەوە لە ئۆقیانووسی پاسیفیکدا بووبێت)، بەڵام نەخۆشییەکە لە ژینگەیەکدا بڵاوبووەوە کە پرۆژە کۆڵۆنیاڵییەکانی ئەوروپی نەیاندەتوانی چیتر پەکی بخەن.٩ بەم پێیە ئەم پەتایە، زیاتر لە چەندین پەتای تر، لەگەڵ چیرۆکی ستانداری وێرانکارییەکی مەودا فراواندا بگونجێت، کە ئەویش پاتای خاکی دەست لێنەدراوی بێمەبەست بوو. بەهەرحاڵ، وەک پێشتر باسی لێوە کراوە لەوانەیە ئەم هەرەسهێنانەی "بێمەبەستی" دانیشتووان پەیوەندیی نەبێت بە هەڵسەنگاندنی جینۆسایدەوە. پرسیاری یەکلاکەرەوە ئەوەیە کە دواتر چی ڕوویدا. هەڵبەت تەنها شتێک کە ڕوویدا ئەوەیە کەوا دانیشتووانی ڕەسەن نەگەڕانەوە سەر داروباری خۆیان، یان بە بارێکی تردا بیڵێین، هەرگیز ڕێگەیان پێنەدرا بێنەوە سەر خۆیان. هۆکاریش هاتنە پێشەوەی قۆناخێکی نوێ بوو لە کۆڵۆنیزە کردنی ناوچەکەدا و ئەویش هاتنی مسیۆنێرەکان و نیشتەجێ یان موستەوتینە ئەمریکییەکان بوو بە نیاز و مەبەستی سەرلەنوێ پێکهێنان و داڕشتنەوەی وڵاتی هندییەکان بە دید و وێناکردنی خۆیان. هەرچەندە مسیۆنێرەکان (مژدەدەرەکان) پێشنیازی چوونە سەر ئایینی کریستانیان خستە بەردەمیان، وەک چۆن مێژوونووس گرەی والی چەند و چوونی لەسەر دەکات، ئەوان لە کۆڵۆنیزە کردندا پەرەسەندنێکی پێشکەوتوویان بینی  کە ڕەنگە بواری ڕزگاربوونی ژمارەیەکی کەمی تاکی هندییەکان بڕەخسێنێت بەڵام لەوانەبوو بە پێچەوانەی ئەوەوە سەر بکێشێتەوە بۆ داماڵینیان لە ماڵ و مڵکیان و بەگشتی لەناوبردنیان. ئەوجا هەر بە گەیشتنی نیشتەجێکان (موستەوتینەکان، settlers)، هندییەکانیان ناچار کرد دەسبەرداری زەویوزاریان ببن و بە زۆرییش خاک و زەویی دانیشتووانی ڕەسەنیان داگیر کرد پێش مۆرکردنی ڕێککەوتن و پەیماننامەکان، کە لە دواییدا داماڵینی مڵکییەتیان بەیاسایی کرد. هەندێ جاریش هندییەکان دانوستانکاری پەیماننامەکانیان ناچار دەکرد دەسبەرداری هەندێ شت ببن و ئەمانیش جۆرە ئیمتیازێکی تایبەتیان بەدەست دەهێنا، بەڵام ئەمە وا ناگەیەنێت کە هندییەکان "خۆبەخشانە" وازیان لە زەوییەکانیان هێنابێت. لەجیاتیی ئەوە ڕاستییە مەیدانییەکان خۆیان لە داگیرکردنی زۆرەملێدا دەبینییەوە، بێجگە لە بێبەشبوونی سەختی ماددی و هەڕەشەکردن بە توندوتیژی و پەنابردنە بەر ئەو هەڕەشانە بە کردەیی، هۆکاری بەهێزیان پێکدەهێنا بۆ ناچارکردن. توندوتیژی بە شێوەیەکی تایبەتی ڕوون بوو لە باشووری ڕۆژاوای ئۆریگۆن لە سەرەتای ساڵانی ١٨٥٠کاندا کاتێ کە نیشتەجێ دڵگەرمەکانی بەدەستهێنانی زێڕ جەنگی لەناوبردنیان دژ بە هندییەکان دەستپێکرد و ئەمەش حاڵەتێکی ڕوونە بۆ نیاز و مەبەستی جینۆساید. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ هەندێک، تەنانەت ئەم حاڵەتەش ڕەنگە نەتوانرێت وا پۆلێن بکرێت کە جینۆسایدە، چونکە حکوومەتی فیدراڵی سزای ڕاستەوخۆی نەسەپاندبوو بەسەر کردار و ڕەفتاری موستەوتینەکاندا (ئەگەرچی زەمانەتی فراوانخوازیی کردبوو لە ناوچەکەدا). لە هەمان دەیەدا، نیشتەجێکانی ناوچەی پوگێت ساوند بەرەو جەنگ چوون بۆ ملکەچ پێکردنی بزووتنەوەی بەرگریی ڕەسەنەکان بە سەرکردایەتیی ڕابەرەکەیان نیسکواڵی لێسکی. لەم دۆخەدا، جەنگ هەڵنەکشاوە بۆ لەناوبردنی تەواو، چون ژمارەیەکی کەمی ڕێژەیی نیشتەجێکان ئەو مەیل و هێزەی نەبووە بۆ لەناوبردنی هندییەکان.١٠

 

نیوئینگلاند و جەنگی پێکۆت

ئەگەر مشتومڕ لەبارەی جینۆسایدەوە لە هەردوو ئەمریکادا لە سەرەتاوە ئاڕاستەی نیوەگۆی ڕۆژئاوا بکرێت و هەندێ بایەخ بداتە ئیمپریالیزمی ئیسپانی لە ناوچەی کاریبی و ئەمریکای ناوەڕاستدا، ئەوە بەعادەت چاو دەبڕێتە باکوور بۆ نیشتەجێکانی کۆڵۆنیالیزمی ئینگلیزی لە ڤەرجینیا و نیوئینگلاند. کردەوە و ڕەفتاری زیارەتکەران و پیوریتانەکان لە بەرانبەر هندییەکاندا، بەتایبەتی وا دەبینرێت کە پێکهاتەیی و رەمزییە بۆ مێژووی دواتری کۆڵۆنیاڵی و نیشتمانیی دواتری ویلایەتە یەکگرتووەکان.

لە ساڵی ١٦١٦دا، ڕاستەوخۆ لەپێش گەیشتنی حاجییەکان(زیارەتکاران Pilgrims) پەتایەک (کە بە شێوەیەکی جۆراوجۆر وەک تیفۆس و تای زەرد و نەخۆشیی بریمیات پێناسە دەکرێت) لە نیوئینگلاند و کۆمەڵگەکانی کەناری هندیی داوە و ماوەی سێ سال بەردەوام بووە. مەزەندەکانی ئێستا ئیشارەت بەوە دەکەن کە پەتاکە نزیکەی ٩٠%ی دانیشتووانی ڕەسەنی کوشتووە لە ناوچەی کەنداوی ماساچۆسێتس. کاتێ کە حاجییەکان لە ساڵی ١٦٢٠دا،  ئاماژە و بەڵگەی کۆچی بەکۆمەڵی دانیشتووانیان بینی و گێڕایانەوە بۆ "خواست و بەزەیی خودا ... بەڵکوو شوێنێکمان بۆ دابنێت لەوێ". پەتایەکی تر - کە ئەمجارە سوورێژە بوو - لە ساڵی ١٦٣٣ - ١٦٣٤دا بڵاوبووەوە.١١ مشتومڕەکان لەبارەی جینۆسایدەوە لە نیوئینگلاند کەمتر بایەخیان بەم پەتایانە داوە وەک لەوەی داویانە بە جەنگی پێکۆت لە ساڵی ١٦٣٧دا کاتێ کە سەرکردە پیوریتانییەکان بواریان بە کردەوەیەکی سەربازی دا بۆ سزادانی پێکۆتەکان لەبەر ئەوەی بازرگانانی ئینگلیزیان کوشتبوو. هێزێکی کۆڵۆنیاڵی، بە پشتیوانیی هاوپەیمانانی هەردوو خێڵی ڕەسەنی ناراگانسێت و موهێگان ئاگریان بەردایە گوندێک لەسەر ڕووباری میستیک کەوا چەندسەد کەسێکی پێکۆتی تێدا دەژیا و زۆربەی ئەوانەیان کوشت کە هەوڵی هەڵاتنیان دا. کۆڵۆنیاڵەکان کەوتنە ڕاوەدوونانی دەربازبووەکانی پێکۆت و هەندێکیان کوشتن و هەندێکیشیان وەک کۆیلە فرۆشتن و پاشان پەیماننامەیەکیان سەپاند کەوا نەتەوەی پێکۆتی هەڵوەشاندەوە.١٢

ئەو توێژەرانەی باوەڕیان وایە کار و کردەوە کۆڵۆنیاڵییەکانی دژی پێکۆت جینۆساید نەبووە داکۆکی لەسەر ئەوە دەکەن کەوا هێرشەکانی پێکۆت مەترسییەکی ڕاستەقینە بوون بۆ سەر کۆڵۆنیاڵەکان و لەبەر ئەوە کردەوەکانیان بەرگریی لەخۆکردن بووە. بۆیە کردەوەکانی کۆڵۆنیالەکان لە ڕووباری میستیک خۆڕسکانە بووە و بەکۆیلەکردنی کۆڵۆنیاڵەکان بۆ هەندێک لە خێڵ یان گەلی ڕەسەنی پێکۆت بەڵگەیە کەوا نیازی کوشتنی هەموویان نەبووە، وەک لەو هاوپەیمانییەکەیاندا لەگەڵ ناراگانسێت و مۆهێگاندا دەردەکەوێت. ئەوانەی کە داکۆکی لە جەنگی پێکۆت دەکەن بەو پێیەی کە حاڵەتێکە لە جینۆساید وەڵامیان ئەوەیە کەوا هۆکاری کۆتایی جەنگ فراوانخوازیی کۆڵۆنیاڵی بووە و هەرچەندە کۆڵۆنیاڵەکان ڕەنگە خۆیان لە بەر مەترسیی ڕاستەقینەدا بینیبێت، بەڵام لە ڕووی بابەتییەوە ئەمە ڕاست نەبووە و لە دواجاردا بەشێک بووە لە دید و تێروانینێکی جیهانی کە گریمانەی باڵادەستیی کولتوورییان دەکات بەسەر هندییە کێوییەکاندا و ئەگەرچی شۆڤێنییەتی کولتووریی کۆڵۆنیالیستەکان بەزەروورەت جینۆساید نەبووە دەرهەق بە تەواوی هندییەکان و تەنها لە حاڵەتی ئەو هندییانەی دژ بە بەرژەوەندیی کۆڵۆنیاڵی ڕەفتاریان دەکرد (وەک پێکۆت) ئەوە دەکرا سەر بکێشێتەوە بۆ ئەقڵییەتی جینۆساید و ئەگەرچی کۆڵۆنیاڵەکان تەواوی پێکۆتەکانیان نەکوشت، بەڵام کوشتنی ژمارەیەکی زۆریان، بەوانەشەوە کە شەڕکەر نەبوون و جاڕدانی یاساییان بۆ لەناوبردنی نیشتمانی دەکاتە جینۆساید بەپێی زۆرێک لە پێناسەکان.١٣

ئەم مشتومڕە تا ڕادەیەک دووبارەبوونەوەی ئارگومێنت و پاساوە کۆنەکان لەخۆدەگرێت لەبارەی ئەوەی کە ئاخۆ کردەوەی کۆڵۆنیاڵەکان ڕەوا بووە یان جێی داخ. بەڵام لە کۆتاییدا، بێنەوبەرە لەبارەی جینۆساید و جەنگی پێکۆتەوە پشت بە پێناسەکان دەبەستێ. بەپێی پیناسەی بەرتەسکی جینۆساید کە پێویستی بە نیازی لەناوبردنی جەستەیی هەموو تاکێکە لە گرووپێکی ئیتنیکی یان ڕەگەزی (تەنانەت ئەگەر ئەو گرووپە پەیوەندیدارە تەنها پێکۆت   بگرێتەوە و وا لێکنادرێتەوە کە ئەوە تەواوی هندییەکانە)، ئەوە جەنگی پێکۆت بەتەنها مەبەست ناپێکێت. بەهەرحاڵ، ئەگەر پێناسەکە سووک بکرێت بۆ ئەوەی حاڵەتەکانی نیاز و مەبەستی تێکشکاندنی گرووپێک بگرێتەوە لە ڕێگەی لەناوبردنی فیزیکییەوە بۆ بەشێکی گەورەی ژمارەکانی، ئەوە ئەگەر هەیە شتێکی وا ڕووبدات، لەبەر بوونی بەڵگەی زۆری کردەوەی کۆمەڵکوژی لەپێش کوشتارەکەی ڕووباری میستیکدا. سەبارەت بەو کۆمەڵە پێناسانەی کە لەبەردەستدان بۆ جینۆساید و هەندێکیان کاریگەریی هەڵدەسەنگێنن نەک      نیاز و مەبەست و هەندێکیشیان تەنها پێویستیان بە تێکشکاندنی کولتوورییە، ئەوە ئەم پێناسەیە هێشتا هەر تا سنوورێک موحافزەکارە چونکە زەروورەتی نیازی کۆمەڵکوژیی لەخۆگرتووە.

سەبارەت بەوانەی ڕەخنە لە پیوریتانییەکان دەگرن (مەزهەبێکی کریستیانی پرۆتستانتیی توندە کە ئایدیای کۆمەڵایەتی و سیاسی و مۆراڵی و لاهووتی تێکەڵ دەکات - وەرگێڕ)، ئەوە جەنگی پێکۆت بە گوناهێکی سەرکیی نیشتمانیی    دادەنێن و بەو پێیە ئاشکرایە کەوا دەبێتە چەقی مشتومڕێکی توند لەبارەی جینۆسایدەوە. بەهەرحاڵ، ئەو بڕیارەی کە پێیگەیشتوون سەبارەت بە خودی ئەم پرسە، ڕەنگە سوودێکی سنوورداری زیاتری نەبێت لە چارەسەر کردنی مەسەلەی بەرفراوانتری جینۆساید لە مێژووی ئەمریکادا. هەڵبەت ئەو پێناسەیەی کە بۆ هەڵسەنگاندنی جەنگی پێکۆت هەڵبژێردراوە دەکرێ ڕەچاوی ئەو بۆچوونانەش بکات کە پەیوەستن بە حاڵەتەکانی تری توندوتیژیی گشتگیرەوە، بەڵام هەر پێویست بەوە دەکات کە شێوازەکانی توندوتیژی بە تێپەڕینی کات دیاری بکرێت و بخرێتە چوارچێوەی دۆخ و سیاقێکی بەرفراوانتری ئایدیۆلۆجی و سیاسەت و کردارە ئەمریکییە ئەوروپییەکانەوە و بەستنەوەیان بە هێزەکانی تری وێرانکارییەوە. لەکۆتاییدا، دەبێ مەسەلەکە ئەم مێژووە ئاڵۆزانە ڕەچاو بکات کە بە لایکەمەوە ماوەی سێ سەدە دەگرێتەوە. خۆ ئەگەر وا دابنرێت کە جەنگی پێکۆت جینۆسایدە، ڕەنگە ئەوە حاڵەتیکی نەشاز بێت ئەگەر جەنگ وا پۆلێن بکرێت کە جینۆساید نییە و ئەوەش هەر بە ڕاست و دروستی دەمێنێتەوە کەوا کردەوەکانی دواتری کۆڵۆنیاڵەکان جینۆسایدئامێز بوون.

 

ویلایەتە یەکگرتووەکان و پرسی جینۆساید١٥

مشتومڕەکان لەبارەی جینۆسایدەوە لە مێژووی ئەمریکادا بەگشتی ڕۆشنایی دەخاتە سەر هەندێ لەو ڕووداوانەی تر کە لە پێش ساڵی ١٧٧٦دا ڕوویانداوە، وەک جەنگی شا فیلیپ (١٦٧٥ - ١٦٧٨) و هەوڵەکانی جەنەراڵی بەریتانی جێفری ئەمهێرست بۆ دابەشکردنی کەرەستە و شمەکی ئاوڵاوی بەسەر هندییە یاخییەکانی ڕۆژئاوای پەنسلڤانیادا ساڵی ١٧٦٣ و کوشتارەکەی پاکستۆن بۆیس دژ بە گەلی ڕەسەنی کۆنستۆگای ئاشتیخواز لە هەمان ساڵدا. بەڵام بەگشتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم ڕووداوانەدا دەسپێکێکە بۆ تێڕوانینێکی گشتگیرتری جینۆسایدلە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.

ئەو نووسەرانەی کەوا ئەمریکا و هاووڵاتییەکانی تۆمەتبار دەکەن بە ئەنجامدانی جینۆساید دابەزینی ژمارەی دانیشتووان بە هۆی نەخۆشییەوە وەک بەڵگە دەهێننەوە و هەندێ جار ئیددیعای ئەوە دەکەن کە بەنقەست ئەو کارە کراوە. تۆمەتی زۆر باو ئەوەیە کە سوپا یان بازرگانانی کەوڵ و فەرو پەتووی هەڵگری میکرۆبی ئاوڵەیان بەسەر هندییەکانی بەشی سەرەوەی ڕووباری میسووریدا دابەشکردووە لە ساڵی ١٨٣٧دا١٦ و هەرچەندە توێژەران بە شێوەیەکی گشتی بەو بەڵگانە قایل بوون کە نیازێک بووە بۆ بەرپاکردنی جەنگیکی بایۆلۆجی لە حاڵەتی ئەمهێرستدا، بەڵام ئەوەیان قبووڵ نەبوو لە حاڵەتی تەشەنە کردنی ئاوڵە لە میسووریی سەرەوەدا. لەگەڵ ئەوەشدا بەگشتی، ئەو پاساوانەی پشتیوانیی لە جینۆساید دەکەن زیاتر مەیلیان بەلای کوشتار و ڕاگواستنی زۆرەملێوەیە وەک لەوەی قورسایی بخەنە سەر نەخۆشییەکە. بەپێچەوانەی ئەو مشتومڕەی لەبارەی جەنگی پێکۆتەوە بەڕێوەدەچێت و ڕکابەرەکان هەڵوێستی ڕوونیان تێدا وەرگرتووە، بەدەمەوەهاتنی ورد بۆ هەر خاڵێک بەجیا نەبوو  بۆ ئەو ئارگومێنتانەی گوایە ویلایەتە یەکگرتووەکان تاوانی جینۆسایدی بەرپاکردووە بەشێوەیەکی سیستماتیک. ئەمەش بە هۆی کۆدەنگییەوە نەبووە لە پشت هەڵوێستی "لایەنگری بۆ جینۆساید". لەڕاستیدا، هەرچەندە ژمارەیەکی کەم لە توێژەرانی بواری مێژووی هندییە ئەمریکییەکان و مێژووی ڕۆژاوایی ئەمریکا مامەڵەیەکی سیستماتیکیان لەگەڵ مەسەلەی جینۆسایددا کردووە، بەڵام سەبارەت بە زۆرێک لە توێژەران و ڕەنگە زۆربەی زۆریشیان بێت لەم بوارەدا، ئەوە تۆمەتبار کردنی گشتگیر بە جینۆساید پێدەچێت هێجگار پەڕگرانە بێت. لەوانەیە هەندێک باس لە حاڵەت و ڕووداوی دیاریکراو بکەن، وەک کوشتارەکەی ساند کریک لە ساڵی ١٨٦٤دا یان توندوتیژیی مەودا فراوانی نیشتەجێکان settlers  دژ بە هندییەکان لە هەڵپە و تاومای گەڕان بەدوای زێڕدا لە کالیفۆرنیا، کە ئەوە جینۆسایدە، بەڵام سیاسەتەکانی ئەمریکا و کردار و ڕەفتاری نیشتەجێکان بەردەوام بەم ڕەنگە نابینرێن. پێدەچێت هەندێکی تر بەرهەڵستیی ئەو ئارگومێنتانە بکەن کە پشتگیریی بەرپابوونی جینۆسایدێکی سنووردار دەکەن لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، بە هێنانەوەی بەڵگەی پێناسەکانی جینۆساید کە وا دیارە پێویستیان بە سیاسەتێکی حکوومەتی فیدراڵییە بۆ تێکشکاندنی فیزیکیی هەموو (یان زۆربەی) هندییەکان و سەرنجدانی ئەوەی کە سیاسەتە فیدراڵییەکان ئامانجیان ڕێگرتن بووە لە پاکتاوی جەستەیی یان فیزیکی لە ڕێگەی هاندانی تواندنەوە و ئاسیمیلەکردنەوە assimilation. ڕەنگە هەندێ لە توێژەران پێشنیازی پاکتاوی ئیتنیکیی بکەن وەک ئەڵتەرناتیڤێکی گونجاو بۆ جینۆساید.١٧ لەوانەشە ئەوانیتر تواندنەوە و ئاسیمیلەکردن بە شێوەیەک لە شێوەکانی جینۆسایدی کولتووری دابنێن بەڵام پێداگرن لەسەر جیاکردنەوەی بەهێزی ئەم سیاسەتە و لەناوبردنی فیزیکی یان جەستەیی.

مەسەلەیەکی ڕاست و دروستە کەوا سیاسەت داڕێژان لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا بە ڕێکی گوزارشیان لە پەسەندکردنی ئاسیمیلە کردووە، ئەگەرچی ئەمە ڕەتکردنەوەی لەناوبردنی فیزیکی یان جەستەیی ناگەیەنێت لە هەموو بارودۆخێکدا. بۆ تێگەیشتنی تەواو لە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرانبەر بە هندییەکان، گرنگ درک کردنە بەوەی کە ئەم سیاسەتە لەسەر پابەندبوونی سەرەکیی گەل - نەتەوە (یان ئوممە) بە فراوانخوازیی هەرێمایەتی ڕاوەستابوو. ئەم پابەندبوونەش تەنها لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی کۆششی تاکەکانی نیشتەجێ و نێوەندگیر و دەڵاڵەکانەوە بۆ بەدەستهێنانی سامان سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکوو لە گریمانەی بنەڕەتیی فەلسەفەی سیاسیی ئەمریکییە کۆمارییەکانیشەوە سەرچاوەی گرتووە کەوا ئازادی پشتی بە خاوەندارێتیی مەودا فراوانی مڵکییەتی تایبەت بەستووە. بۆ بنیاتنانی ئەوەی کە تۆماس جێفەرسن بە "ئیمپراتۆرییەتی ئازادی" باسی دەکات، مەسەلەکە وای پێویست دەکرد زەویوزاری هندییەکان وەدەستبهێنرێت. ئاخۆ ئەم کارە چۆن بکرێت؟ سیاسەت داڕێژان وێنای سیناریۆیەکی ئایدیاڵیان کردبوو کەوا هندییەکان بە خوایشتی خۆیان ئیمزا لەسەر پەماننامەکانی دەستبەرداربوون لە خاک و زەویی خۆیان بکەن لەبەرانبەر هاوکاری کردنیان بۆ بەشارستانی بوون. بەڵام ئەی ئەگەر هندییەکان ڕەتیانکردەوە دەستبەرداری خاک و زەوییەکانیان ببن چی بکەن؟ ئەی ئاخۆ چی بکەن ئەگەر "دیاریی" شارستانییەتیان ڕەتکردەوە؟ لەو قۆناخەدا، سیاسەت داڕێژانی ئەمریکی بەردەوام باسی ئەوەیان دەکرد کە هندییەکان دەبێ ملکەچی جەنگ ببن، نەک ئەو جەنگە سنووردارەی کەوا تیۆریستە یاساییە ئەوروپییەکان ڕێککەوتنیان لەسەر کردووە و لە نێوان   میللەت و وڵاتە شارستانییەکاندا قبووڵکراوە، بەڵکوو جەنگی لەناوبردن دەبێت. لە سالی ١٧٩٠دا، هێنری نۆکسی وەزیری جەنگی ئەمریکا مۆڵەتی بەم چەشنە جەنگە دا کاتێ کە فەرمانی بە سوپای ئەمریکا دا کەوا "ئەگەر بکرێت، لە ڕەگ و ڕیشە دەریابێنن" و مەبەستی ئەو کۆنفیدراڵییەتە هندییە بوو کە مەڵبەندەکەی لە ئۆهایۆ بوو و داواکارییەکەی ئەمریکای ڕەتکردبووەوە بە دەستبەرداربوون لە خاک و زەوی. لە بەرەوڕووبوونەوەی بەرهەڵستکارییەکی هاوشێوە لە پاش حەڤدە سال، سەرۆک جێفەرسن پەیامێکی نارد بۆ ئەو هندییانەی کە لە نزیکی دێترۆیت بوون بەم مانایەی کەوا "ئەگەر ناچار ببین پاچ و تەور دژ بە هەر خێڵێک هەڵبگرین، هەرگیز وازناهێنین تا بەتەواوی ئەو خێڵە لەناودەبەین، یان دەریاندەکەین بۆ پشت ڕووباری مسیسیپی" و ئەوەشی خستەسەر کەوا ئەگەر هندییەکان چوون بۆ جەنگ "ئەوە هەندێکمان لێدەکوژن، بەڵام ئێمە  لێناگەڕێین و هەر هەموویان لەناودەبەین". کەوابوو، جەنگی جینۆسایدئامێز تەنها بژاردەیەک نەبوو، بەڵکوو مەسەلەیەکی پێویست بوو لە حاڵەتی بەرگری کردنی گەلە ڕەسەنەکاندا.١٨

 

جەنگی 1776  - 1815

لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هندییەکان بەردەوام  ئەو داواکارییەیان ڕەتدەکردەوە کە دەستبەرداری زەوییەکانیان ببن و لەبەر ئەوەی ئەمریکییەکانیش بڕیاریان دابوو هەرچۆنێک بووە دەست بەسەر ئەو زەوییانەدا بگرن، بۆیە ویلایەتە یەکگرتووەکان جەنگێکی بەردەوامی هەڵگیرساندبوو دژ بە هندییەکان. ڕاستییەکەی ئەمریکا لەوەتەی دروستبووە شەڕی هندییەکان     دەکات و لە قۆناخەکانی بەرایی جەنگی شۆڕشگێڕیدا زۆربەی گەلە هندییەکان، تا ڕادەیەکی زۆر، بوون بە هاوپەیمانی بەریتانیای مەزن چونکە وایاندەبینی کە ئەم دەوڵەتەی نیشتەجێ نوێیەکان (ئیستیتانی) بەرجەستەی هەڕەشە و مەترسییەکی بێ پێشینەیە بۆ خاک و زەوییەکانی ئەمان. لە ساڵی ١٧٧٩دا ویلایەتە یەکگرتووەکان جاڕی جەنگی دا دژ بە خێڵی هۆدێنۆسۆنی (ئیرۆکوا) Haudenosaunee بە مەبەستی سزادانیان لەسەر ئەو هێرش و پەلامارانەیان کە بۆ شکاندنی نیشتەجێبووە کۆڵۆنیاڵەکان ئەنجامیان دابوو. ئامانجەکەش بە پێی گوزارشی جۆرج واشنتن "تێکشکاندنی گشتگیر و وێرانکردنی نیشتەجێکانیان" بوو. کاتێ کە سوپای کیشوەر هەڵیکوتایە سەریان، خێڵی هۆدێنسۆنی بڕیاریاندا سەرچڵی نەکەن و گیانی خۆیان بپارێزن و لەجیاتیی بەرگریکردن لە گوند و شارەکانیان بڕیاری چۆڵکردنیان دا. ئەمەش ڕێگەی بۆ هێزەکانی ئەمریکا خۆشکرد کە ماڵ و خانووبەرە و بەروبوومیان بسووتێنن و وەک ئۆڵد سمۆکی سەرۆکیان دواتر ڕوونیکردەوە "ڕاستە ئێمە وڵاتەکەمان لەدەستدا، بەڵام ئەوە لەپێناوی سەلامەتیی ژن و منداڵەکانماندا بوو".١٩ بەم پێیە دووسەد کەس لە خێڵی هۆدێنسۆنی کوژران (کە بەشێکیان ژن و منداڵ بوون)، هەرچەندە ژمارەی ئەوانەی کە بە هۆی نەخۆشییەوە مردن گەیشتە نزیکەی هەزار کەس (کە لە پلەی یەکەمدا سکچوون و ئاوڵە بوو)، بێجگە لەبرسا مردن لە خێوەتگەی ئاوارەییدا. لە نێو دانیشتوواندا کە ژمارەیان دەگەیشتە نۆ هەزار کەس، لەوانەیە ژمارەی خەڵکە لەناوچووەکە لەئەنجامی سەرجەمی هۆکارەکانەوە گەیشتبیتە ١٥%. خۆ ئەگەر خێڵی هۆدێنسۆنی بڕیاری بەرگرییان بدایە بەدڵنیاییەوە ژمارەکە لەوە زیاتر دەبوو.

 زۆرێک لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژ بە هندییەکان دینامیکییەتی هاوشێوەیان هەبوو و لە هەندێ حاڵەتدا هندییەکان دەیانتوانی سوود لە شارەزایی خۆیان بۆ ناوچەکانیان و لاوازیی هێزەکانی ئەمریکا ببینن و سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنن کە دەنگی دەدایەوە. لە ساڵی ١٧٩١دا، هێزێکی خێڵە هندییەکانی مەیامی و شاونی و کیکاپووس و ویز و دێلاوێر و پۆتاواتۆمی و هیتر هێرشێکی لەناکاویان کردە سەر لەشکرکێشییەکی داگیرکەری ئەمریکی و شەشسەد سەربازیان لێکوشتن (کە زیاتر بوو لە دوو هێندەی کوژراوانی شەڕی لیتڵ بیگهۆرنی بەناوبانگ). بەڵام گەلێ جار ئارەزووی سەرکێشیی ئەوەیان نەدەکرد کە زیانی قورسیان لێبکەوێت (چونکە بە شێوەیەکی تایبەتی بایەخیان بە پاراستنی ژن و منداڵ دەدا) و لەبەر ئەوە بەگشتی گوند و شارەکانی خۆیان چۆڵ دەکرد و دەیانزانی کە دەسووتێنرێن. بەو ڕەنگە لە کۆتایی ساڵانی ١٧٧٠کانەوە تا ساڵی ١٨١٥، هێزەکانی ئەمریکا (بە میلیشیاکانی ویلایەتەکانیشەوە) سەدان گوند و شارۆچکەی هندییەکانیان سووتاند لە  نیویۆرک و ڕۆژاوای پەنسلڤانیا و ئۆهایۆ و ئیندیانا و ئیلینۆی و تەنەسی و ڕۆژاوای ڤەرجینیا و کارۆلاینای ڕۆژاوا و جۆرجیا و ئەلەباما و ڕۆژاوای فلۆریدا.  لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، سیستەمی کۆکردنەوەی هەواڵگریی هندییەکان هۆشدارییان دەدا بە نزیکبوونەوەی هێرشەکان و بەو پێیە هێزەکانی ئەمریکا دەچوونە سەر گوند و شاری تا ڕادەیەک چۆڵکراو کەوا زۆربەی دانیشتووانیان تێدا نەمابوو.  بەڵام هەندێ جار هێزەکانی ئەمریکا لەناکاو هێرشیان دەکرد و لەو کاتەدا کەمتر خۆیان پێدەگیرا و بەتوندی دەستیان دەوەشاند. بۆ نموونە لە هێرشێکیاندا بۆ سەر شارۆچکەی ئۆیاتینۆنی هندی لەسەر ڕووباری واباش لە ویلایەتی ئیندیانا لە ساڵی ١٧٩١دا، یەکێک لە میلیشیاکان تەقەی لە پێنج بەلەمی هندییەکان کرد لەو کاتەدا کە هەوڵی هەڵاتنیان دەدا. ڕاپۆرتی فەرمی باس لەوە دەکات کەوا پیاوانی میلیشیاکان "تەواوی ئەو 'کێوییانەیان' کوشت کە ترنجابوونە ناو پێنج بەلەمەوە"، بێ ئەوەی ڕەگەز و تەمەنی ئەو هندییانە باس بکات، کە بەدڵنیاییەوە زۆرێک لەوانە خەڵکی شەڕکەر نەبوون. لە حاڵەتێکی تردا ساڵی ١٧٨٢، میلیشیای پەنسلڤانیا لەناکاو هەڵیانکوتایە سەر نزیکەی سەد هندیی مەسیحی لە گنادێنهوتن لە ڕۆژهەڵاتی ئۆهایۆ. لە نموونەیەکی ترسناکدا کەوا زانای کۆمەڵناسی (سۆسیۆلۆجیست) مایکڵ مان بە "دیوی تاریکی دیموکراسی" وەسفی دەکات، پیاوانی میلیشیاکان دەنگیان لەسەر ئەوە دا کە ئاخۆ دیلەکانیان بکوژن یان نە. کاتێ کە دەنگەکان جیاکرانەوە زۆرینە لەگەڵ کوشتنیاندا بوو و دەسبەجێ میلیشیاکان کەوتنە سەربڕینی ژن و منداڵ و پیاوەکان وەک یەک.٢٠   

ڕیزپەڕی ئەم شێوازە گشتییەی خۆلادانی هندییەکان لە مەترسیی تووشی زیانی گەورە نەبوون لە ئەلەباما بوو، کە تێیدا خێڵی کریکی ڕێد ستیک (واتە دار یان کوتەک سوور - وەرگێڕ) لە سەرەتای ساڵانی ١٨١٠کاندا کۆبوونەوە و کەوتنە جموجووڵ دژ بە فراوانخوازیی ئەمریکا و ئەو کریکانەی کە هاوکاریان بوون. کاتێ کە هێزەکانی ئەمریکا لەدژیان جووڵا، ڕێد ستیک چەندین جار دەستیان دایە بەرگریکردن لە گوندەکانیان و ئەو سەنگەر و قایمکارییانەی تازە دروستیان کردبوو، هەروەها هێرشیان دەکردە سەر ئەمریکییەکان هەر کاتێ دەرفەتیان بۆ بڕەخسایە. بە درێژایی چەندین مانگ دەستە و تاقمی ڕێد ستیک زیانی قورسیان بەردەکەوت و ئەم زیانە لە ساڵی ١٨١٤دا گەیشتە لووتکە وەختێ کە بە لای کەمەوە هەشتسەد کەسیان لێکوژرا، کاتێ کە ئەندرو جاکسۆن، بەپێی دەربڕینی خۆی "بڕیاری لەناوبردنیانی دا" و سەنگەر و قایمکارییەکانیانی لە هۆرسشوو بێند Horseshoe Bend (واتە چەمینەوەی ناڵەئەسپ - و) لەسەر ڕووباری تالاپووسا تێکشکاند. ئەم ڕووداوە، کە بەعادەت ناوی شەڕ یا نەبەردی لێدەنێن، هەندێ خاسییەتی قەتڵوعامی تێدایە. ئەگەرچی زۆربەی کوژراوەکانی ڕێد ستیک جەنگاوەر بوون، چونکە لە نێوان دووسەد بۆ سێسەدیان لێکوژرا کاتێ کە هەوڵیاندا بە مەلەکردن لە ڕووباری تالاپووسا بپەڕنەوە. ڕاپۆرتە فەرمییەکان نەیانتوانی بیانناسنەوە و هیچ شتێکیان بۆ ڕوون نەبووەوە ئەوە نەبێت کە "ڕووبارەکە بە خوێن سوور بووە"، بەڵام گومانی تێدا نییە کەوا زۆرێکیان ژن و منداڵ بوون.٢١  

بە هەڵسەنگاندنی ماوەی نێوان ساڵی 1776 تا ساڵی 1815، ڕوونە کەوا ویلایەتە یەکگرتووەکان هەرگیز نیازی نەبووە تەواوی هندییەکانی ئەو خاک و ناوچانە بکوژێت کە داوای دەکردن و ڕاوەدووی دەنان. ئەگەر ئەوە پێوەری جینۆساید بووبێت ئەوە ئەم زاراوەیە نایگرێتەوە. بەرپرسە ئەمریکییە بەردەوام ئامادەییان دەردەبڕی بۆ بەکار‌هێنانی ئەوپەڕی توندوتیژی دژ بە  گەل و خێڵە هندییەکان، کە وایان لەقەڵەم دەدان دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ڕەفتار دەکەن (هەڵبەت ئەم بەرژەوەندییانەی بە ڕەوا دەزانی). زۆربەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کوشتاری بەکۆمەڵیان لێ نەکەوتەوە، بەڵام ئەمە کاری خۆڕاگری نەبوو بە ئەندازەی سنوورداریی هێز و توانای ئەمریکا لەلایەکەوە و توانای ناوخۆیی بەهێزی ڕەسەنەکان لە لایەکی ترەوە. وەک پرەنسیپێکی گشتی، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژ بە کۆمەڵگە هندییەکان توانایەکی ڕەگ داکوتاوی توندوتیژیی فراوانی لەگەڵ خۆ هەڵگرتبوو دژ بە جەنگاوەران و غەیرە جەنگاوەران، یان بە زمانی باوی ئەو سەردەمە، قڕکردن و لەناوبردن. فرەجار ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان قەتڵوعامی لێ نەدەکەوتەوە کە هەندێ جار بە هۆی لاوازی (وەک بەشنەکردنی ئازووقە و زەخیرە و لاوازیی هەواڵگری و شکستهێنان لە دۆزینەوەی خێڵەکان) و گەلێ جاریش بە هۆی توانای هندییەکانەوە بۆ خۆلادان لە کوشتار، کە هەندێ جار لە ڕێگەی شەڕکردنەوە و هەندێ جاریش لە ڕێگەی تەفرەدان و خۆدزینەوەوە بوو لە هێزەکانی ئەمریکا. بە تێپەڕینی کات، ئەوەی وایکرد ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا کارا و کاریگەر بێت بیبەزەیی و دڵڕەقییەکەی بوو. هەندێ جار هندییەکان بەریان بە هێرشێک دەگرت بۆ سەر وڵاتەکەیان و ئەگەر ئەوە مەحاڵ بوایە گوند و شارەکانیان چۆڵ دەکرد و دواتر لەوێ یان لە شوێنی تر دروستیان دەکردەوە. ئەوجا لەبەر ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان ژمارەیەکی زۆر و ڕوو لە هەڵکشانی دانیشتووانی هەبوو، لەگەڵ توانایەکی بەرزی جۆشدانی لاوان بەشێوەیەکی بەردەوام بۆ شەڕکردن و پابەندبوونێکی چەسپاو بە پەلکوتان و فراوانخوازی و وڵات توانای هەبوو جەنگێکی بێکۆتایی بەڕێوەببات. لە بەردەم ئەگەری تەواو ڕاستەقینەی ئەوەی کەوا دواجار میللەتەکەیان بەتەواوی تێکدەشکێت، لەکۆتاییدا سەرکردەکانی بەرگریی هیندی ڕەزامەندییان لەسەر پەیماننامەکانی ئەمریکی دەربری کە داواکارییان دەستبەردار بوونی خاک و زەوییەکان بوو. هەڕەشەکردن بە جینۆساید، بەم مانا زۆر بەهێزەی زاراوەکە، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی بینی لە بواردان بە ویلایەتە یەکگرتووەکان کەوا ئامانجە بنەڕەتییەکەی بەدیبێنێت لە دەستبەسەرداگرتنی خاک و زەویی هندییەکاندا.

 

ڕاگواستن، 1815 - 1840

لە پاش ساڵی ١٨١٥، ویلایەتە یەکگرتووەکان هەوڵ و کۆششی خۆی چڕکردەوە بۆ کشان و بەرفراوانبوون. بۆ ئەو کارەش سیاسەتی مۆرکی دامەزراوەیی فەرمیی پیادەکرد لە ڕێگەی یاسای ساڵی ١٨٣٠ ڕاگواستنی هندییەکانەوە، کە بەپێی ئەو یاسایە تەواوی ئەو هندییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری مسیسیپیدا دەژیان دەبوو بگوێزرێنەوە خاک و ناوچەی هندییەکان Indian Territory (کە دەیکردە هەردوو ویلایەتی کەنساس و ئۆکڵاهۆمای ئەمڕۆ). بەپێی ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، پرۆسەی ڕاگواستن و دوورخستنەوەی هندییەکان زۆر وێرانکەرتر بوو لە ماوەکانی پێش جەنگ. با لێرەدا تێفکرێین لە گەورەترین سێ گەل یان میللەتی هندی کە دەکەوتنە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری مسیسیپی و ئەوانیش بریتی بوون لە چۆکتاو و کریک و چیرۆکی، کە ژمارەی دانیشتووانی هەر یەکەیان نزیکەی ٢٠ هەزار کەس بووە، لە کاتی پرۆسەی ڕاگواستندا لە ساڵانی ١٨٣٠کاندا و تێیدا نزیکەی دوو هەزار چۆکتاو، چوار هەزار و پێنجسەد کریک و پێنج هەزار چێرۆکی لەناوچوون، کە زۆربەیان بە هۆکاری تێکەڵ بەیەکتری وەک نەخۆشی و برسێتی و بەر سەرما و گەرما کەوتن و نائومێدییەوە بووە. چەند سەدێکیان لە کاتی پرۆسەی ڕاگواستن بەرەو ڕۆژاوا گیانیان لەدەستدا، هەرچەندە مێتافۆری "کاروانی فرمێسک" ئەو ڕاستییە تەمومژ دەکات کەوا زۆربەی مردنەکان لە کەمپەکانی بەندکردندا ڕوویانداوە لە کاتی چاوەڕوانیی گواستنەوە بەرەو   ڕۆژاوا و لە یەکەم ساڵەکانی دوای ڕاگواستندا.  ژمارەی گیان سپاردنی هەر سێ گەلە ڕەسەنەکە - کە لە سەدا بیست نزیک دەبێتەوە - هاوتایە بە ٦٠ ملیۆنی دانیشتووانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئێستادا. هەروەها ئەو نەتەوە ڕەسەنە بچووکانەی کە دەکەوتنە باکووری ویلایەتی ئۆهایۆ تووشی زیانی گەورە هاتوون  لە ماوەی ڕاگواستنەکەدا. چل و سێ کەسی سەر بە گەلی پۆتاواتۆمی کوشتنیان ڕاگەیەنراوە لە کۆمەڵێکدا کە لە هەشتسەد کەس پێکهاتبوو لە کاتی گەشتیاندا لە ئیندیاناوە بۆ کەنساس، لەکاتێکدا کە شەست کەسی سەر بە گەلی ویاندۆت، کە زۆریان منداڵی بچووک بوون، لە کۆمەڵێکدا کە لە حەوتسەد کەس پێکهاتبوو، بە هۆی نەخۆشییەوە مردن لە پاش ماوەیەکی کەم لە گەیشتنیاندا بۆ ڕۆژاوا.

بۆ زەمانەتی ملکەچکردنی هندییەکان بۆ ڕاگواستن، حکوومەتی فیدراڵی پشتی بە هەڕەشە بەستبوو. یەکەم کێشانەوەی پارێزگاریی فیدراڵی و بەو پێیە وا لە هندییەکان دەکات ملکەچی سیستەمە یاساییەکانی ویلایەتەکان ببن کە بە هۆیانەوە دەکرا بەر پێشێلکاریی نیشتەجێ مستەوتینەکان بکەون و لەکۆتاییدا دەست بەسەر موڵک و ماڵیاندا بگرن. هەروەها بەرپرسە ئەمریکییەکان بە شێوەیەکی ڕۆتینی بە هندییەکانیان ڕاگەیاندووە کە حکوومەت زەبروزەنگ بەکاردێنێت ئەگەر کۆچکردن ڕەتبکەنەوە. ئەمەش هەڕەشەیەک بوو کە مێژووی پێشتری جەنگی ‌هێنایە پێشەوە. کاتێکیش کە هندییەکان ڕەتیانکردەوە، بەرپرسەکان خاوەنی قسەی خۆیان بوون و ڕێگەیان بە جەنگ دا دژ بە هەردوو گەلی سیوکس و فۆکس لە شەڕی بلاک هۆکدا (١٨٣٢) و سێمینۆڵ لە شەڕی دووەمی سێمینۆڵدا (١٨٣٦ - ١٨٤٢). لە حاڵەتی یەکەمدا، دەرفەت بۆ سوپای ئەمریکا ڕەخسا کە توندوتیژیی بێ قەید و شەرت بەکاربێنێ کاتێ کەوا هێزەکان، بە هاوکاریی هۆ چانک، بەریان بە کۆمەڵێکی بلاک هۆک گرت لە کاتی هەوڵدانیاندا بۆ پەڕینەوە لە ڕووباری مسیسیپی لە باشووری ویسکنسنەوە. ئەمریکییەکان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی کەوتنە دەسڕێژی تەقەکردن و کوژرانی زیاد لە دووسەد هندیی لێکەوتەوە، کە خەڵکی شەڕنەکەریشیان تێدابوو. لە فلۆریدا، کە تۆپۆگرافی و کەشوهەوا نەگونجاو بوون بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، سوپا تووشی ئاستەنگی گەورەتر بووەوە لە دۆزینەوەی نیشتەجێکانی خێڵی سێمینۆڵدا، لەوەگەڕێ کە لە ناکاو هەڵبکوتێتە سەریان، لەبەر ئەوە پەنای بردووەتە بەر تەکتیکی وەک دەستبەسەر کردنی سێمینۆڵەکان لە کاتی دانوستانی ئاشتیدا و ناردنیان بۆ زیندان. ئەگەرچی لە ماوەی جەنگی دووەمی سێمینۆڵدا کوشتاری گەورە ڕووینەداوە، بەڵام ئەفسەرانی سوپا زۆر جار داوای لەناوبردنی سێمینۆڵیان کردووە و بەو پێیە بەرپا نەبوونی کوشتار بە هۆکاری ڕەفتارەوە نەبووە بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دەرفەت. وەک هندییەکانی تر کە لە بارودۆخی هاوشێوەدا دەژیان، سیمینۆڵەکانیش گەلێ جار توانیبوویان خۆ لە هێزەکانی ئەمریکا بدزنەوە و هەندێ جاریش زیانیان پێبگەیەنن.

توێژەران کەوتنە ئاماژەدان بەوەی کە ڕاگواستن و دوورخستنەوەی هندییەکان پاکتاوی ڕەگەزییە و ئەمەش زاراوەیەکە پێدەچێت شیاوییەکەی مشتومڕ قبووڵ نەکات.٢٢ بەڵام ئاخۆ ئەوە جینۆساید بووە؟ ڕەنگە یەک لە وەڵامەکان ئەوە بێت کەوا چونکە ویلایەتە یەکگرتووەکان نیازی کوشتنی هندییەکانی نەبووە  و (ڕاگواستنی وەک ئەڵتەرناتیڤێکی مرۆڤانە هێناوەتە کایەوە بۆ بنەبڕکردن) و لەبەر ئەوەی کەوا ئەو مردنانەی لە ڕاگواستنەکە کەوتووەتەوە بەس نییە بۆ بە جینۆساید دانانی و ئەنجامێکی بێمەبەست بووە کە بارودۆخێکی چاوەڕوان نەکراوی وەک (کەشی خراپ و درم و پەتای چاوەڕوان نەکراو) دروستیان کردووە، بۆیە پێوەری سەلماندنی جینۆسایدی بەسەردا جێبەجێ نابێت. لەوانەیە وەڵامەکەی تر  ئەوە بێت کەوا هەرچەندە مەبەست لە ڕاگویزان کوشتن نەبووە، بەڵام بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە ئەم کاریگەرییەی هەبووە ئەوە جینۆسایدێکی سنووردار پێکدێنێت، بەتایبەتی کەوا بەرپرسەکانی حکوومەت هۆکاری تەواویان هەبووە بۆ زانینی ئەوەی کە ناچارکردنی دەیان هەزار کەس بە جێهێشتنی       ماڵ و حاڵیان لەوانەیە سەر بکێشێتەوە بۆ زیانی گەورە. هەڵبەت گیان لەدەستدان بە تێپەڕینی کات زیاتر ڕوونبووەوە و پرۆسەی کرداریی ڕاگواستن ڕێک و ڕەوان ئەم کاریگەرییەی هەبوو. بە کەمترین خەمڵ و هەڵسەنگاندن، دەکرێ بڵێین کەوا جینۆساید ئامادە بووە لە پرۆسەی ڕاگواستن و دوورخستنەوەدا، بەو مانایەی کە جێبەجێ کردنی سیاسەت پشتی بە هەڕەشەکانی حکوومەت بەستبوو لە ڕێگەی بەکارهێنانی توندوتیژیی ڕەهاوە بۆ مسۆگەر کردنی ملدان، هەرچەندە بەگشتی کاربەدەستان ناچاری بەکارهێنانی نەبوون.

 

هەڵپەی زێڕی كاليفۆرنيا Gold Rush California

هەڕەشەکردن بە توندوتیژیی گشتگیر و هەمەلایەن لە هەڵپەی زێڕی کالیفۆرنیادا بەئاسانی بەدیهات و تەنانەت لەم حاڵەتەدا وەک بژاردەی یەکەم نەخرایە ڕوو. لە ساڵی ١٨٥١دا، جۆن ماکدۆگاڵی حاکمی کالیفۆرنیا هۆشداریی دا بە هندییەکان کە ئەگەر مل نەدەن بە هەلومەرجەکانی ئەمریکا لە پەیماننامەکاندا، ئەوە کالیفۆرنیا "جەنگێک هەڵدەگیرسێنێت ..." کە بەزەروورەت دەبێتە هۆی لەناوبردنی زۆرێک لە خێڵەکان. لە سەردەمی ڕاگواستنەکانیشدا تا ڕادەیەک بەرپرسان هەمان شتیان دەوت. جیاوزییەکەی کالیفۆرنیا لەوەدا بوو کەوا نیشتەجێکان و بەرپرسە کاربەدەستەکان زۆر خێراتر بوون لە سەپاندنی سزای توندوتیژیی بەکۆمەڵدا و ئەمەش بە ڕادەیەک دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی  کە پاڵنەری قڕکردن بەهێزتر بوو و بە ڕادەیەکیش لەبەر ئەوەی نیشتەجێکان فشاریان لە هندییەکانی کالیفۆرنیا دەکرد بۆ نواندنی کردەوەگەلێک کە هانی زیاتری ئەم پاڵنانەی دەدا. لە ساڵانی ١٨٥٠کاندا، نیشتەجێکان هندییەکانی کالیفۆرنیایان دەکردە کۆیلە (بەتایبەتی منداڵان) و زەوییەکانیان زەوتدەکردن و میلیشیایان دروستکردبوو بۆ ڕاوەدوونانیان. لە باکووری کالیفۆرنیا، یووکییە برسییەکان کە بە هۆکاری چالاکیی نیشتەجێکانەوە بێبەشکرابوون لە ڕاوکردن، دەستیانکرد بە کوشتنی ئاژەڵ و ماڵاتی نیشتەجێکان. جارێکیان خاوەن کێڵگەیەک کە بیست بەرازی فەوتابوو چووبوە مەزرایەکی یووکیی ڕانشێریای نزیک لە خۆیان و دەسبەجێ لەگەڵ هاوڕێکانیدا سێ کەسیان کوشتبوو و پێنجی تریشیان بە دیل گرتبوو کە پاش "دادگایی کردنێک" لەسێدارەیان دابوون. ئەم ڕەفتار و کردەوانە بوون بە هۆی ئەوەی کەوا یووکییەکان پەلاماری نیشتەجێکان بدەن و ئەمەش بە ڕۆڵی خۆی وایکرد کە توندوتیژیی نیشتەجێکان زیاد بکات. لە ساڵی ١٨٥٩دا، پیاوانی میلیشیاکان کە خۆیان ناونابوو "پاسەوانانی ڕووباری مارماسی"، هەروا بە هەوەسی کەیف و ڕابواردن کەوتنە کوشتنی هندییەکان و ژمارەیەکی زۆریان کردنە ئامانج بێ گوێدانە ڕەگەز و تەمەن، کە تێکڕا چەند سەد کەسێک دەبوون. هەرجەندە بەرپرسانی ویلایەتی کالیفۆرنیا دەیانویست خۆیان بەدوور بگرن لە پاسەوانانی ڕووباری مارماسی، وەک مێژوونووس بنیامین مادلەی دەریدەخات، بەڵام جۆن ب. ویلەری حاکمی کالیفۆرنیا ئاگاداری چالاکی و جموجووڵی ئەم میلیشیایە بوو و بەفەرمیی پشتیوانیی لێدەکردن. بێجگە لەوەش، ئەنجومەنی یاسادانانی ویلایەت و کۆنگرێسی ئەمریکی پارەیان تەرخانکردبوو بۆ پاڵپشتیی ئەم کەمپەینە و کەمپەینەکانی تری میلیشیاکان و لە هەندێ حاڵەتیشدا بە ئاگاداربوون لە کار و کردەوەی میلیشیاکان.٢٣

دەستبەسەرداگرتنی ئەمریکا بۆ کالیفۆرنیا بوو بە هۆکاری دابەزینی ژمارەی دانیشتووانی ڕەسەن بە شێوەیەکی زۆر توندتر لە هەر کاتێک و هەر شوێنێکی تر لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا. لە ساڵی ١٨٤٨دا، ژمارەی هندییەکانی دانیشتووی کالیفۆرنیا بە ئەگەرێکی زۆرەوە ١٥٠ هەزار کەس دەبوو. بۆ ساڵی ١٨٦٠، ژمارەکە تەنها ٣٠ هەزار بوو.  هەڵبەت کوشتنی ڕاستەوخۆ فاکتەرێکی گرنگ بوو و لەوانەیە زۆربەی مردنەکانی هەندێ خێڵی وەک یووکی و یانا بەوە لێکبدریتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ژمارەیەکی گەورەتر لە خەڵک بە هۆی نەخۆشی و بەدخۆراکییەوە مردوون و ئەوجا بە هۆی کاری زۆرەملێ و لەدەستدانی زەویوزار و لەناوبردنی نێچیری ڕاو و کوشتن و بەزۆر هێشتنەوە لە مۆڵگەکانی پارێزگاریدا   reservation بووە.٢٤ پێدەچێت لەم ماوەیەدا بوونی بەردەوامی نەخۆشیی جۆراوجۆر زیاتر لە دەرکەوتنی کوتوپڕی یەک پەتا بووبێتنە هۆی وێرانکردنی کۆمەڵگە هندییەکان، چونکە ئەم کۆمەڵگایانە نەیانتوانیوە دووبارە دۆخی دانیشتووانیان بنیات بنێنەوە (وەک چۆن هەندێ جار لە پاش یەک پەتا دەیانتوانی ئەوە بکەن). هەرچەندە نیشتەجێکان و فەرمانبەرانی گشتیی هەڵبژێردراو پلانی کۆکردنەوەی هۆکاری نەخۆشییەکانیان نەدۆزیبووەوە بۆ ئەوەی بیانکەنە جەستەی هندییەکانەوە، بەڵام وەسفی ئەو مردنانەی لە سەردەمی هەڵپە و تاومای گەڕان بەدوای زێڕدا لە کالیفۆرنیا کەوا بێمەبەست بووە پێدەچێت لە ڕووی یاساییەوە زۆر خۆی نەگرێت چونکە ئەم نەخۆشییە    ڕوون و ئاشکرا پەیوەست بووە بە پرۆژەیەکی کۆڵۆنیاڵییەوە و بووە بە هۆی کارلێککردنی بەردەوامی هێزە وێرانکەرە جۆراوجۆرەکان بە درێژایی ساڵانێکی زۆر.

بە هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی هندی لە کالیفۆرنیا بە شێوەیەکی توند و لەبەر ئەوەی کە ستەمکردن و زەبروزەنگی توند بەشێکی دانەبڕاو بووە لەم پرۆسەیە، بۆیە گەلێ لە زانا و توێژەران پێیان وانییە کە جینۆساید لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ئەنجام درابێت و بە لایانەوە ئەوەی کە لە کالیفۆرنیادا ڕوویداوە مەسەلەیەکی ڕیزپەڕە و شیاوی گشتاندن نییە.٢٥بەهەرحاڵ، تەنانەت لەم حاڵەتەشدا جۆرە ناکۆکییەک هەیە. یەک لەو ئارگومێنتانە ئەوەیە کەوا جینۆساید بەسەریدا ناسەپێت چونکە نەخۆشیی هۆکاری بنەڕەتیی بووە لە کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی هندییەکانی کالیفۆرنیا. هۆکارێکی تریش ئەوەیە کە توندوتیژیی بەکۆمەڵ بە پلەی یەکەم لەلایەن نیشتەجێکانەوە ئەنجامدراوە و حکوومەتی ویلایەت و حکوومەتە فیدراڵییەکان سیاسەتێکی کوشتنیان دانەڕشتووە بۆ کوشتنی جەستەیی تەواوی هندییەکان.٢٦ وەک چۆن مەسەلەکە لەگەڵ هەڵوێستەکانی تردایە، جیاوازیی بیروڕا پشت بە جیاوازیی پێناسەکان دەبەستێت. بەگوێرەی پێناسەیەکی توند و وشک نیاز و مەبەستی حکوومەتی فیدراڵی یان حکوومەتی ویلایەت بۆ کوشتنی تەواوی هندییەکانی کالیفۆرنیا و ئەوەی کەوا تێیدا زۆربەی مردنەکان لە کوشتنی ڕاستەوخۆوە سەرچاوەیان گرتووە، پێناچێت جینۆساید مایەی جێبەجێکردن بووبێت. بەپێی پێناسەیەکی کەمتر توند، ئەگەرچی تا ڕادەیەک هێشتا هەر موحافزەکارە و تەنها پێویستی بە نیازی نیشتەجێکانە بۆ تێکشکاندنی بەشێکی زۆر لە هندییەکانی کالیفۆرنیا لە ڕێگەی بەکارهێنانی کۆمەڵێکی جۆراوجۆری هۆکار لە داماڵینی موڵکییەتەوە بۆ کوشتنی سیستماتیک، وا دیارە جینۆساید گونجاو بێت، بەتایبەتی کەوا ئەنجامی دیمۆگرافی لە کالیفۆرنیادا تا پەڕی ئەوپەڕ کارەستبار بووە. لەسۆنگەی ئەو ڕاستییەوە کە حکوومەتی ویلایەت هانی نیشتەجێبوونی دوژمنکارانەی دەدا و مافی هندییەکانی پێشێل کردبوو لە مەسەلەی زەویدا و پشتیوانیی لە میلیشیاکانی ڕاوکردنی هندییەکان دەکرد، مەسەلەکەی تەواو بەهێز کردبوو. هەڵبەت ڕۆڵی حکوومەتی فیدراڵییش ئاڵۆزتر بوو، چونکە لە لایەکەوە بەرپرسە فیدراڵییەکان، بە ستافی سەربازی یان سوپاشەوە، هەندێ جار کارێکیان دەکرد بۆ پاراستنی زەویوزاری هندییەکان و ڕێگرتن لەو زەبروزەنگە توندەی کە نیشتەجێکان پیادەیان دەکرد. لەلایەکی تریشەوە، ساڵی ١٨٥٠ سوپا بەشداریی کرد لە کوشتارێکی سزائامێزدا کاتێ کە زیاتر لە شەست کەسی خێڵی ڕەسەنی پۆمۆی سەربڕی لە کوشتاری دوورگەی خوێناویدا. کۆنگرێس شکستی هێنا لە ڕەزامەندیی دەربڕین لەسەر پەیماننامەکان کەوا ئەگەری ئەوەی لێدەکرا هندییەکان بپارێزێت و بەربەستێک دابنێت دژ بە کار و کردەوەی وێرانکەری نیشتەجێکان (موستەوتینەکان)، هەروەها کۆنگرێس کەوتە پارەدار کردنی میلیشیاکانیش.

 

جەنگی هندییەکان

بە سروشتی حاڵ، مشتومڕ کردن لەبارەی جینۆسایدەوە پێویستە لەکۆتاییدا ڕەچاوی ئەوە بکات کە پێی دەگوترێت جەنگی هندییەکان. ئەم زاراوەیەش بەکارهێنانێکی باوی هەبوو بۆ لەشکرکێشییەکانی سوپای ئەمریکا بە مەبەستی ملپێکەچکردنی گەلە هندییەکان لە ڕۆژاوای ئەمریکادا لە سەرەتای ساڵانی ١٨٦٠کانەوە. لە مێژوویەکی کۆنتردا، ڕووداوە سەرەکییەکانی ئەم مێژووە وا دەگێڕرایەوە کە شەڕ و نەبەردی بن. بەڵام ئێستا وا باوە کە توێژەران وەک کوشتار یان قەتڵوعام ئاماژە بۆ ئەم ڕووداوانە بکەن. ئەمەش بە شێوەیەکی تایبەتی بەسەر ئەو کوشتارەدا دەسەپێت کەوا میلیشیایەکی هەرێمایەتیی لە کۆلۆرادۆ دژ بە شاینەکان بەرپای کرد لە ساند کریک (١٨٦٤) و کوشتاری سوپا دژ بە شۆشۆنەکان لە بیر ڕیڤەر (ڕووباری ورچ - و) (١٨٦٣) بلاکفیتەکان (پێ ڕەشەکان - و) لە سەر ڕووباری ماریاس (١٨٧٠) و لاکۆتاکان لە وۆندد نی (ئەژنۆی بریندار - و)  (١٨٩٠). هەندێ لە توێژەران کەوتنە ئاماژەدان بەم ڕووداوانە وەک "کوشتاری جینۆسایدئامێز" و وا پێناسە دەکرا کە لەناوبردنی بەشێک بێت لە کۆمەڵێکی گەورەتر و هەندێ جاریش بۆ تەمێکردنی کۆمەڵە گەورەترەکە ئەنجام دەدرا.٢٧

وەک ئەوەی لە قۆناخەکانی پێشتری ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دەیانکرد، لەپاش جەنگی ناوخۆ، بەرپرسە فیدراڵییەکان ئەوەیان دەردەبڕی کە وایان پێ  پەسەندتر و باشترە هندییەکان دەستبەرداری زەوییەکانیان ببن لەبەرانبەر هاوکاری و یارمەتیدانیان بۆ ئاسیمیلەبوون لەکۆتاییدا. سیاسەت داڕێژان ئاسیمیلە کردنیان وەک گونجاوترین ئەڵتەرناتیڤی قڕکردن و لەناوبردنی فیزیکی هێنایە کایەوە و بەم ڕێگەیە هۆکارێکیان بۆ مێژوونووسانی دواتر ڕەخساند کە پاکانە بۆ نیاز و مەبەستەکانی جینۆساید بکەن. بەڵام ئاخۆ مەسەلەکە چۆن دەکەوتەوە ئەگەر هندییەکان دەست و دیارییەکەی شارستانیی ڕۆژاوایان ڕەتبکردایەتەوە؟ یان چۆن دەبوو ئەگەر هێرشیان بکردایەتە سەر ئەو نیشتەجێیانەی دەستدرێژییان کردبووە سەر زەوییەکانیان و زیانیان بە   داهات و سەرچاوەکانیان گەیاندبوو؟ لەم حاڵەتەدا، هەردوک کاربەدەستانی سڤیل و سەربازی وەک یەک کۆک دەبوون لەسەر ئەوەی کەوا جەنگێکی دوژمنکارانەی ڕەوا لەگەڵ هندییەکاندا بکرێت.

ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژ بە هندییەکان بە ئامانجی کوشتنی هەموو کەسێک نەبوون کە بێتە ڕێیان، ئەگەرچی ئەوان بەنیازی بەرپاکردنی کاری توندوتیژیی مەودا فراوان و کارەساتاوی بوون بۆ دەستەبەر کردنی ملکەچی. ئەوجا لەبەر ئەوەی ئەم ئۆپەراسیۆنانە دەیانخواست بەعادەت کۆمەڵگەکان بەئامانج بگرن نەک سوپاکان، بۆیە بە سرووشتی خۆیان ئەگەری بەرپاکردنی کوشتاریان هەبووە. لە زۆر حاڵەتدا، هێزەکانی ئەمریکا نەیانتوانیوە ئامانجەکانیان بەدیبێنن و ئەوەش تا ڕادەیەکی گەورە دەگەڕێتەوە بۆ توانا ناوخۆییەکان، چونکە هێزە هندییە شەڕکەرەکان زیرەکی و وریاییەکی بەرزیان هەبوو و لە هەندێ حاڵەتدا، کە ناودارترینیان لە لیتڵ بیگ هۆرن بوو (١٨٧٦)، کە تێیدا توانییان زیانی زۆر قورس لە داگیرکەران بدەن. لێرە هندییەکان پشتیان بە سیستەمەکانی کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری بەستبوو بۆ ڕێگرتن لە هێرش و پەلامری کوتوپڕی و ڕێوشوێنی کارکردن بۆ کشانەوە و پاراستنی کەسانی شەڕنەکەر. ئەوان بەم ڕێگەیە خۆیان لە ئەگەری زۆر کوشتار لادەدا. بەڵام لە هەندێ حاڵەتدا، هێزەکانی ئەمریکا دەیانتوانی هێرشی لەناکاو دەستەبەر بکەن یان کەلێن لە بەرگریی هندییەکاندا دروست بکەن و کاتێ ئەوەیان بکردایە، زۆر کەم خۆیان پێدەگیرا و ژن و منداڵ و پیریان وەک یەک دەکوشت. لە هەندێ حاڵەتدا، هێزەکان یان پیاوانی میلیشیای هندییەکان کە بە کردار بەشدار نەدەبوون لە بەرگری یان هێرشکردندا، وەک ئەوەی لە کوشتارەکانی ساندکریک و ماریاسدا ڕوویاندا، ئەمەش مەیلێکی لا دروستکردن کە هەموو هندییەکان بە شایستەی قڕکردن دابنێن. هەروەها ئەفسەرانی سوپاش هەندێ جار گوزارشیان لە هەستی جینۆسایدی دەکرد و بەناوبانگترینیان دەستەواژەکەی فیڵ شێریدانە کە دەیگوت "ئەو هندییە باشانەی کە من لە ژیاندا بینیومن ئەوانەن کە مردوون".٢٨ هەرچەندە مێژوونووسان گەلێ جار وا مامەڵەیان لەگەڵ ئەم چەشنە ڕاگەیاندنانەدا کردووە وەک گوزارشی دابڕاو، بەڵام گوتارێکی لەناوبردنیان تێدا دۆزیوەتەوە کە بەردەوام ئەمسەر و ئەوسەری کردووە لە نێوان نیشتەجێکان و ستافی سەربازی و سەرکردە سیاسییەکاندا و بە شێوەیەکی دەوری چالاک بووەتەوە لەو شتەدا کە دەکرێ بە "ساتەوەختەکانی جینۆساید" وەسفی بکەین.٢٩

بە سرووشتی حاڵ، توندوتیژی تاکە هێزی وێرانکەر نەبووە کە دژ بە کۆمەڵگە هندییەکان کار بکات لە ڕۆژاوا. کۆڵۆنیزە کردنی ئەمریکی بۆ ڕۆژاوا بوو بە هۆی لەدەستدانی خاک و زەوییان و لەناوچوونی بیسۆن (گا یان گامێشی ئەمریکیی کێوی - و)  و نێچیرەکانی تر و بەرکەوتنی زیاتری نەخۆشی و مەیخواردنەوە. بۆ زۆرێک لە گەلە هندییەکانی ڕۆژاوا، زەرەر و زیانی دانیشتووان سەخت بوو. بۆ نموونە، ژمارەی دانیشتووانی ڕەسەنی کۆمانچ نزیکەی ٤٠ هەزار کەس بوو لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٧٠٠کاندا. لە ساڵانی ١٧٨٠کاندا، بۆ یەکەمجار ئاوڵەیان تێدا بڵاوبووەوە و بوو بە هۆی کەمبوونەوەی ژمارەیان بۆ ٢٠ - ٣٠ هەزار کەس و لە ساڵانی ١٨٤٠کاندا جێگیر بوو. بۆ ماوەی چەند دەیەیەکی دواتر، کۆمانچ بە شێوەیەکی چەندبارە تووشی درم و پەتا بوون، بەڵام بەگشتی بە هۆی بارودۆخی ئابووریی لەبارەوە توانییان دۆخی خۆیان ئاسایی بکەنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە سەروەختێکی نزیکەی ناوەڕاستی  ١٨٤٠کاندا و لەگەڵ دابەزینی ژمارەی بیسۆندا ئابووریی کۆمانچ تووشی داڕووخان بوو و لەگەڵیشیدا ژمارەی دانیشتووانیان هاتە کەمی و بۆ ساڵی ١٨٧٠ ژمارەی کۆمانچ هاتە سەر نێوان ٤ - ٥ هەزار کەس. دەکرێ بەشێک لەم دابەزینە بە جەنگ لێکبدەینەوە لەگەڵ میلیشیاکانی تەکساس و سوپای ئەمریکادا، هەرچەندە کۆمانچییەکان دیسان زیانیان لێکەوت لە جەنگیاندا لەگەڵ گەلە هندییەکانی تردا لە کاتی ڕکابەرییاندا لەسەر سەرچاوەکانی بژێوی کە تا دەهات ڕووی لە کەمی دەکرد. بەڵام هۆکارە سەرەکییەکانی دابەزینی ژمارەی دانیشتووان برسێتی و نەخۆشی بوو (کە بە هۆی بەدخۆراکییەوە لەگرێژەنە چووبوو). لە نێوان ساڵانی ١٨٧٠ و ١٨٧٥دا، ژمارەی دانیشتووانی کۆمانچ لەوە زیاتر دابەزی بۆ تەنها ١٥٠٠ کەس. لەم ساڵانەدا سوپا ئۆپەراسیۆنێکی ئەنجامدا دژی کۆمانچ بۆ ئەوەی ناچاری جێگیریان بکات لە مۆڵگەیەکی پارێزگاریی (محمیة) ڕۆژئاوای ئۆکڵاهۆما و ئەمەش بوو بە هۆی لەدەستدانی ژمارەیەکی چەند سەد کەسییان. تا ئاستێکی دوور، ژمارەیەکی گەورەی گیان لەدەستدان لەم ماوەیەدا بەستراوە بە بێبەشبوونی ماددی و فشاری کۆمەڵایەتییەوە.٣٠

مامەڵەیەکی بیرکارییانە بۆ پرسی جینۆساید لە کەیسی کۆمانچدا ڕەنگە هانی گەیشتن بدات بە ئەنجامگیرییەکی وا کە ویلایەتە یەکگرتووەکان جینۆسایدی بەرپا نەکردووە دژ بە کۆمانچ چونکە بەشێکی گەورەی کەمبوونەوە درێژخایەنەکە لە چل هەزارەوە بۆ هەزار و پێنجسەد پێش ئەوەی ڕێکارەکانی نێشتەجێبووەکان settlers یان حکوومەتی ئەمریکی کاریگەرییەکی گەورەی ڕاستەوخۆیان هەبووێت لەسەر کۆمانچ. بەهەرحاڵ، بەپێی ئەم لۆجیکە بێت، ڕوودانی جینۆساید مەحاڵە پاش گەیشتن بە ئاستێکی دیاریکراوی چۆڵکردنی دانیشتووان، بە چاوپۆشی لەوەی کە چی ڕوویداوە لە پاش ئەو خاڵە (تەنانەت ئەگەر مەسەلەکە گرتنی هەموو ئەندامانی ئەو کۆمەڵە بەسەرکەوتوویی لەخۆبگرێت و هەموویان لەسێدارە بدرێن) - کە ئەمەش بۆچوونێکی بێمانایە. مەسەلە زیاتر لۆجیکییەکە ئەوەیە کە مامەڵە یان بۆچوونە بیرکارییە سەپێنراوەکە بەسەر دوا قۆناخی کۆچکردنی دانیشتووانی کۆمانچە (١٨٧٠ - ١٨٧٤) ڕەنگە مشتومڕ دژ بە جینۆساید بکات چونکە زۆربەی گیان لەدەستدانەکان لە ئەنجامی کوشتنی ڕاستەوخۆوە نەبووە. لەم قۆناخەدا، بەرەوڕووی ئەو کێشە ناسراوە دەبینەوە کە خۆی لە دیاریکردنی ئەوەدا دەدۆزێتەوە ئاخۆ حاڵەتەکانی کەوا چەندین هێزی وێرانکردنی زۆر و یەکتربڕی بەستراو بە کاری کۆڵۆنیاڵییەوە بە جینۆساید دادەنرێت یان نە. هەندێ لە توێژەرانی وەک جاکی تۆمسن ڕاند، کە لە نووسینەکانیدا مشتومڕ لەسەر خێلی کیۆوا دەکات کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستی داوەتە "هێرشێکی جینۆساید بۆ سەر دامەزراوە و کولتوور و ئابوورییەکانی گەلانی ڕەسەن"، ئەوە دەڵێن بەڵێ، سەرباری هەستم بەوەی کە زۆربەی پسپۆڕانی کە لە بواری مێژووی هندییەکانی ڕۆژئاوادا کار دەکەن  لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا پێدەچێت ناکۆک بن لەگەڵ یەکتر.٣١

لە پشتی ئەمەوە پرسیارێکی گەورە هەیە لەبارەی ئەوەی کە تا چ مەودایەک دەکرێ ڕەفتاری ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ماوەی جەنگی هندییەکاندا بەردەوام جینۆساید بووبێت، یان بەشێکی جینۆساید بووبێت، یان بەدەگمەن جینۆساید بووبێت، یان هەرگیز جینۆساید نەبووبێت. وەک ئەوەی لە گەلێ   کات و شوێنی تری هەردوو ئەمریکادا هەیە، ئەمە پرسیارێکی قورسە و بەندە بە هەڵسەنگاندنێکی وردی مێژووی زۆرێک لە گەلە هندییەکان. ئەم مێژووانە بە شێوەیەکی بەرچاو جیاوازن. هەندێ لە گەلە هندییەکانی ڕۆژاوای (ئەمریکا)، وەک پۆنکا، بڕیاریان دا بەرهەڵستیی فراوانخوازیی ئەمریکی   نەکەن و تووشی مامەڵەی توندوتیژ نەبوون، هەرچەندە دواتر سەربەخۆیی ئابووری و سیاسییان لەدەستدا و تووشی ڕاگواستن و بەندکردن بوون و ئەم پرۆسانەش سەریانکێشایەوە بۆ زیانێکی گەورە لە ژمارەی دانیشتوواندا. هەڵبەت شیکردنەوەی ئەم مێژووە فرە و جۆراوجۆرانە پێویستیان بەوەیە کە ئەم جیاوازییە ڕاستەقینانە رەچاو بکەین، بەڵام بێ پشتگوێخستنی سیاقی هاوبەشی کۆڵۆنیالیزمی نیشتەجێبوون.

 

مۆڵگەکانی پارێزگاری (محمیات، Reservations) و سەدەی بیستەم

لە دوادوایی سەدەی نۆزدەدا گەلە هندییەکان چیتر پەیڕەویی سیاسەتی بەرگریی سەربازییان نەدەکرد و لەبریی ئەوە هەوڵی خۆگونجاندنیان دەدا لەگەڵ ئالینگارییەکانی ژیان لە ژێر دەسەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا لە ناو مۆڵگەکانی پارێزگاریدا. بەرپرسە مەدەنییەکان بۆ سەلماندنی توانا و دەسەڵاتیان بەسەر هندییەکاندا لەم مۆڵگانەدا، هێزەکانی پۆلیسی ناوخۆیان پەرەپێدا و پشتیان بە بوونی هێزەکان دەبەست لە بنکە سەربازییەکانی ڕۆژاوادا. بە شێوەیەکی ئاساییگرتن و هەڕەشەکردن بە توندوتیژی بەس بوو بۆ کاربەدەستان کە لانی کەمی کۆنترۆڵ کردن دابین ببێت. بەهەرحاڵ، لە ساڵانی ١٨٨٠کاندا هندییەکانی دەیان مۆڵگەی پارێزگاری بەشدار بوون لە جووڵانەوەیەکی سیاسیدا لەسەر بنەمایەکی ئایینی کە بە سەمای ڕۆحەکان Ghost Dance ناسرابوو. سەماکارە ڕۆحەکان بەهیوابوون ئاڕاستەی کۆڵۆنیالیزم پێچەوانە بکەنەوە نەک لە ڕێگەی بەرگریی توندوتیژەوە بەڵکوو لە ڕێگەی ڕووداوێکی سامناکەوە کەوا هەموو یان زۆربەی ئەمریکییە ئەوروپییەکان تێکبشکێنێت لەو شوێنانەی کە تا ئەم دواییانە وڵاتی گەل و نەتەوەی هندی   بوون و ڕایانبماڵێت و شوێن و هەتەریان نەهێڵێت. بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوەی سەمای ڕۆحەکان، حکوومەتی فیدراڵی ڕێگەی بەکارهێنانی هێزی سەربازیی دا دژ بە خێڵی لاکۆتا و ئەمەش ڕێکارێک بوو کەوا سەریکێشایەوە بۆ کوشتارەکەی وۆندد نی (ئەژنۆی بریندار)، کە هەندێ جار بە ڕووداوی "کۆتایی" دادەنرێت لە زنجیرەی جەنگی هندییەکاندا، بەڵام بە شێوەیەکی گونجاوتر بڵێین نموونەیەکە بۆ سەرکوتکردنی توندی بزووتنەوەیەکی دژە کۆڵۆنیالیزم، کە سەمای ڕۆحەکان بوو.٣٢ بەدەر لەم ڕووداوە پڕ زەبروزەنگە و چەندین حاڵەتی توندوتیژیی بە مەودای بچووک لەلایەن نیشتەجێ داگیرکەرەکانەوە، هەژاری و نەخۆشی گەورەترین هەڕەشەی پێکدەهێنا بۆ هندییەکانی ناو مۆڵگەکانی پارێزگاری (محمیات) لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستدا. ئامار و زانیارییەکان لەبەردەستدا نین بۆ هەموو مۆڵگەکان، بەڵام ئەو زانیاریانەی هەن ئاماژە بەوە دەکەن کەوا زۆربەی گەلە هندییەکان ژمارەیەکی ترسناکی دانیشتووانیان لەدەستداوە لە دوادوایی سەدەی نۆزدەدا. بۆ نموونە، خێڵی کراو (قەلەڕەش - و) لە ساڵانی ١٨٦٠کاندا بوون بە هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک ستراتیجیکی خۆپاراستن و ئەگەرچی ئەوان تووشی توندوتیژیی ڕاستەوخۆ نەبوون بەڵام هێزەکانی تری کاولکاری کاری خۆیان تێکردن. لە ساڵانی ١٨٨٠کاندا، کراوەکان ناچار کران دەسبەرداری بەشێکی زۆری زەوییەکانیان ببن و بەربەست دانرا بۆ دەستڕاگەیشتنیان بە ڕاوکردن و سەرچاوەکانی تر، کەوا پێشتر سەربەخۆیی ئابووریی بۆ دەڕەخساندن. بەو پێیە ژمارەی خەڵکەکەیان، کە لە ٣ هەزار کەمتر نەبوو لە ساڵی ١٨٨٠دا، دابەزی بۆ ٢٥٠٠ لە ساڵی ١٨٨٧ و ١٩٠٠ لە ساڵی ١٩٠٣دا، کە ئەم دابەزینە لە یەک لەسەر سێ زیاترە لە ماوەی دوو دەیەدا. ئەگەری ئەوە هەیە کەوا لەدەستدانی ژمارەی دانیشتووانی کراو لە تێکڕا گەورەتر بووبێت هەرچەندە ئەم شێوازە بەئاستێک باو بوو کە ببێتە هۆی دابەزینێکی گشتی لە ژمارەی دانیشتووانی هندییەکان لە ئەمریکادا بۆ خاڵێکی نزم (کە بەزۆری وەک "نەدیرnadir " ئیشارەتی پێدەکرێت) کە نزیکەی ٢٥٠ هەزار کەس بووە لە ساڵی ١٩٠٠دا.٣٣ لەو دەمە بەدواوە، ژمارەی دانیشتووانی هندییە ئەمریکییەکان بە شێوەیەکی ڕوو لە هەڵکشان زیادی کرد. بێگومان ئەم ئاڕاستەیە پەیوەستە بە گۆڕانکاری لە پێداویستییەکانی کۆڵۆنیالیزمی نیشتەجێبووندا، بەڵام دیسانیش دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵ و کۆششی تاک و خێزان و گەلە ڕەسەنەکان لە سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەکانیاندا.٣٤ بەهەرحاڵ، سەرەڕای گەشەکردنی دیموگرافیی گشتی، بەڵام هێشتا لانی کەم ئەگەری ئەوە ماوە بۆ وەسفکردنی هەندێ ڕێکاری ئەمریکی بەرانبەر هندییەکان لە سەدەی بیستدا بەوەی کە وەک ڕێکاری جینۆسایدئامێز دابنرێت.

هەندێ لە نووسەران مشتومڕی ئەوە دەکەن کەوا سیاسەتەکانی حکوومەت بۆ ناچارکردنی هندییەکان بە ئاسیمیلە یان تواندنەوە دەچێتە خانەی "جینۆسایدی کولتووری" یان "ئیتنۆسایدەوە".٣٥ ئامانجی ڕوونی قوتابخانە ناوخۆییەکان boarding schools لە دەرەوەی مۆڵگەکان و لەو وشە بەدناوانەدا ڕوونکراوەتەوە کە ڕیچارد هێنری براتی دامەزرێنەری قوتابخانەی کارلایلی هندیی کردوویەتی - "هندی بکوژە و مرۆڤایەتی ڕزگار بکە"٣٦ - بەدڵنیاییەوە پشتگیریی لەم تێزە دەکات. هەروەها قوتابخانەکانی بەشە ناوخۆییەکان وا وەسفکراون کە دەزگا و دامەزراوەی ڕوون و ئاشکرای جینۆساید بن بەپێی بنەمای ئەوەی کە تێکرای گیان لەدەستدان (بە هۆی نەخۆشییەوە) لە ناو خوێندنگە ناوخۆییەکاندا هێجگار بەرز بووە و ئەم قوتابخانانە بەتەنها منداڵی گرووپە ڕەسەنەکانیان وەرگرتووە و بەم پێیە منداڵبوون و وەچەخستنەوە تێیاندا قەدەغە بووە.٣٧ لە کاتێکدا کەوا زۆربەی ئەو توێژەرانەی لێکۆڵینەوەیان لە قوتابخانە ناوخۆییەکاندا بە دام و دەزگای داپڵۆسینیان لەقەڵەم دەدەن و ئەگەری زیاتر ئەوەیە کە وەک جینۆسایدی کولتووری وەریبگرن وەک زاراوەیەکی گونجاو بۆ ئامانجەکانیان و زیاتر بایەخیان بە بەڵگەی دید و بۆچوونی قوتابیان و باوان و خێزانەکانیان دەدا لەبری ئەوەی بڵێن کەوا ئەم دامەزراوانە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان چێکراون کە جینۆسایدی فیزیکییە.٣٨ بە هەمان شێوە باس لە سیاسەتە فیدراڵییەکان و ڕێکارە کۆمەڵگەییەکانی تر دەکەن کەوا جینۆسایدئامێزن. ئەمانەش بە شێوەیەکی تایبەتی توندوتیژیی سێکسی دەگرنەوە دژ بە ژنانی گەلە ڕەسەنەکان و لەنێویشیاندا نەزۆککردنی زۆرەملێ لە ساڵانی ١٩٦٠کان و ١٩٧٠کاندا، بێجگە لە سەپاندنی "بڕی خوێن" وەک پێوەرێک بۆ ئەندامێتیی خێڵەکی، بە هۆی هاوسەرگیریی نێوان هندییەکان و غیرە هندییەکان بە پێی تێپەڕینی ڕۆژگار، بە شێوەیەکی حاشاهەڵنەگر مەسەلەی "لەناوبردنی ئاماری" بەدیدەهێنێت.٣٩

 

مشتومڕی ئەدەب

زاراوەی جینۆساید کە یاساناسی پۆڵەندی ڕافایڵ لێمکین لەو کتێبەیدا دایڕشتووە کە ساڵی ١٩٤٤ دەرچووە بە ناوی "حوکمی میحوەر لە ئەوروپای داگیرکراودا   Axis Rule in Occupied Europe". پێناسەکەی لێمکین تا ڕادەیەک بەرفراوان بوو:

جینۆساید بەزەروورەت تێکشکاندنی دەسبەجێی گەل - نەتەوە - ئوممەت ناگەیەنێت، ئەگەر لە ڕێگەی کۆمەڵکوژیی تەواوی تاکەکانی ئەو گەلەوە نەبێت. بەڵکوو مەبەست لێی ئاماژەیە بە نەخشە و پلانێکی ڕێکخراو لە کار و کردەوەی جۆراوجۆر بە ئامانجی تێکشکاندن و وێرانکردنی کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی ژیانی گرووپە نەتەوەیی/ نیشتمانییەکان، بە ئامانجی لەناوبردنی ئەو گرووپانە خۆیان. بێگومان ئامانجی ئەم پلانە هەڵوەشاندنەوەی دەزگا و دامەزراوە   سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری و   زمان و هەستی نەتەوەیی و ئایین و ئابووریی ئەو گرووپەیە و تێکشکاندنی    ئاسایش و ئازادی و تەندروستی و شکۆی شەخسی و تەنانەت ژیانی ئەو تاکانەش کە سەر بەو گرووپانەن.٤٠

 لێمکین ئەم زاراوەی بۆ کۆمەڵێ حاڵەت بەکارهێناوە و لەوانە زۆرێکیان پەیوەستن بە پرۆژەکانی کۆڵۆنیالیزمی ئەوروپییەوە لە ئەفریقا و ئوسترالیا و نیوزیلاند و هەردوو ئەمریکا. توێژینەوەیەکی نوێی دەستنووسێکی تەواونەکراوی مێژووی جیهانی بۆ جینۆساید، کە لێمکین لە دوادوایی ١٩٤٠کان و سەرەتای ١٩٥٠کاندا نووسیوێتی، تێڕوانینێکی ئاسۆ فراوان دەردەبڕێت بۆ ئەوەی کە لێمکین ناوی لێناوە "جینۆسایدی کۆڵۆنیالیزمی ئیسپانی". ئەو هەرگیز کاری نەکردووە لە سەر فەسڵێکی چاوەڕوانکراو لەبارەی "هندییەکانی ئەمریکای باکوور"ەوە، هەرچەندە سەرنج و تێبینییەکانی ئیشارەت بەوە دەدەن کەوا لێکۆڵینەوەی کردووە لەسەر ڕاگواستنی هندییەکان و پەیماننامەکان و هەڵپەی گەڕان بە دوای زێڕدا لە کالیفۆرنیا و جەنگی پێدەشتەکان.٤١

لە پاش داڕشتنی ئەم زاراوەیە، لێمکین بێوچان کەوتە کار بۆ قەناعەت هێنان بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەتاوان ناساندنی جینۆساید. ساڵی ١٩٤٨ نەتەوە یەکگرتووەکان "ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی تاوانی جینۆساید و سزادان لەسەری" گەڵاڵە کرد کە بە ڕێککەوتننامەی جینۆساید دەناسرێت و وای پێناسە دەکات کەوا هەر کردەوەیەک لەمانەی خوارەوە بەرپا بکرێت بە مەبەستی تێکشکاندنی، گشت یان بەشێکی، گرووپێکی نەتەوەیی یان ئیتنیکی یان ڕەگەزی یان ئایینی، بەم جۆرەی خوارەوە:

 

 (ئە) کوشتنی تاکەکانی گرووپەکە.

(بێ) هۆکاربوون بۆ زیان گەیاندنی جەستەیی یان ئەقڵیی مەترسیدار بە ئەندامانی گرووپەکە.

 (جیم) بەئەنقەست سەپاندنی بارودۆخی تایبەتیی ژیان بەسەر گرووپەکەدا بە مەبەستی تێکشکاندنی فیزیکیی گشت یان بەشێکی.

 (دال) سەپاندنی ئەو ڕێکارانەی ڕێگەی لەدایکبوون دەگرن لە ناو گرووپەکەدا.

 (هـێ) گواستنەوەی زۆرەملێی منداڵانی گرووپەکە بۆ ناو گرووپێکی تر.

لە زۆر ڕووەوە، پێناسەی ڕێککەوتننامەی جینۆسایدی نەتەوە یەکگرتووەکان گەلێ بەرفراوانە، چونکە هێزە جۆراوجۆرەکانی تێکشکاندنی تەواو یان بەشێکی گرووپەکە دەستنیشان دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا دەستنیشانکردنی "نیاز" هەندێ جار کاریگەرییەکی ڕێگریی هەیە، چ لە فیقهی یاسای نێودەوڵەتی یان لە مێژوودا، بەتایبەتی ئەگەر وا لێکدرایەوە کە بۆ بکەری دەوڵەت سنووردار بێت.

لەگەڵ پەرەسەندنی بواری لێکۆڵینەوەی جینۆساید لە ساڵانی ١٩٧٠کان و ١٩٨٠کاندا، توێژەران پێشنیازی چەندین پێناسەیان کردووە بۆ جینۆساید، کە هەندێکیان زاراوەکە بەربڵاو دەکات بۆ ئەوەی گرووپە سیاسییەکانیش     بگرێتەوە و هەندێک فۆکەسی گەورەتر دەخاتە سەر کوشتنی بەکۆمەڵ بەراورد بە ڕێککەوتنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەندێکیان بەلای کەمەوە جەخت لەسەر زیانی "گەورە و بنەڕەتیی" ژمارەی دانیشتووان دەکات، هەندێکیشیان پێوەرەکانی نیاز سووک دەکات بە داڕشتنی وەک "کاری بەردەوامی ئامانجدار" کە ڕەنگە لێکەوتەی "ناڕاستەوخۆی" ببێت.٤٢ بەم دواییەش زاناکانی جینۆساید کەوا کار لەسەر دانیشتووانی ڕەسەن دەکەن لە دۆخە کۆڵۆنیاڵییە نیشتەجێکاندا (بەتایبەتی لە ئوسترالیادا) چەندوچوون لەسەر ئاڵوگۆڕی "مەبەستدار" دەکەن لەگەڵ مامەڵەی "بونیادیدا" و پێشنیازی چەمکی وەک ئەو جینۆسایدەی "کۆمەڵگە سەرکردایەتیی دەکات" (لەجیاتیی "سەرکردایەتیی دەوڵەت") و "پەیوەندییەکانی جینۆساید" و "لۆجیکی ڕاگواستن" کە لە کۆڵۆنیالیزمی نیشتەجێدا ڕەگی داکوتاوە.٤٣

سەبارەت بە دانیشتووانی ڕەسەنی ئەمریکای باکوور، تا ناوەڕاستی ١٩٧٠کانیش زاراوەی جینۆسایدیان زۆر بۆ بەکار نەدەهات، ئەگەر هەر بە ڕەهایی بەکاریش بهاتایە. لە سەردەمی کلاسیکیی خەباتی نویی هندییەکاندا لە داگیرکردنی ئەلکاترازەوە ساڵی ١٩٦٩ تاوەکوو وۆندد نی (ئەژنۆی بریندار) ساڵی ١٩٧٣، چالاکوانان هەوڵی ڕۆشنبیر کردنی جەماوەری ئەمریکییەکانیان دەدا لەبارەی مێژووی سەرکوتکردنی بەردەوامی ئەمریکاوە، بەڵام ئەوان لە ڕێگەی سەرنجدانەوە بۆ کۆمەڵکوژی و پێشێلکردن و پابەند نەبوون بە پەیماننامەکانەوە ئەوەیان دەکرد و بەدەگمەن زمانی جینۆسایدیان بە بەڵگە دەهێنایەوە. دەکرێ بەکارهێنانی زوو بۆ جینۆساید لە "جاڕدانی بەردەوامیی سەربەخۆیی" ساڵی ١٩٧٤دا بدۆزینەوە کە ئەنجومەنی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی یەکەمی هندییەکان دەریکردووە و بێجگە لە بابەتەکانی سەروەری و پەیماننامە پێشێلکراوەکان، ئیشارەتی بەوەش کردووە کەوا "تەنها یەک ڕەنگی مرۆڤایەتی لە جیهاندا هەیە کەوا نوێنەرایەتییان لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا نییە و ئەویش بریتییە لە پیاوە سوورە ڕەسەنەکەی نیوەی ڕۆژاوای گۆی زەوی" و دەزانن کەوا ئەم غیابە "لە سیاسەتەکانی جینۆسایدەوە سەرچاوە دەگرێت کە هێزی کۆڵۆنیاڵی ویلایەتە یەکگرتووەکان پیادەی دەکات".٤٤ ماوەیەکی کورتی لەوەوپاش ژمارەیەکی کەمی توێژەران کەوتنە بەکارهێنانی ئەم زاراوەیە. جاک نۆرتن لە کتێبەکەیدا "کاتێ جیهانەکانمان گریان: جینۆساید لە باکووری ڕۆژاوای کالیفۆرنیادا When Our Worlds Cried: Genocide in Northwestern California"، کە ساڵی ١٩٧٩ بڵاوبووەوە، هەوڵی ڕیسواکردنی "ئەو جینۆسایدەی دا کە دژ بە دانیشتووانە ڕەسەنەکەی باکووری ڕۆژاوای کالیفۆرنیا بەرپاکرا" و ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کەوا زۆرێک لە خێڵەکان "وەک گەل و وەک کولتوور لەناوبران لە 'چارەسەری کۆتاداFinal Solution' بۆ 'کێشەی هندییەکان' ".٤٥

لە یادی پێنجسەد ساڵەی کۆڵۆمبسدا ئارگومێنتی پەرەسەندووتر دەرکەوتووە لەبارەی بڵاوبوونەوەی جینۆسایدەوە. لەوانە دوو کار یان کتێبیان بریتین لە: دێڤید ئی. ستانارد "هۆڵۆکۆستی ئەمریکی: داگیرکردنی جیهانی نوێ American Holocaust: The Conquest of the New World  "و وارد چەرچڵ "مەسەلەیەکی بچووکی جینۆساید: هۆڵۆکۆست و نکووڵی کردن لە هەردوو ئەمریکادا، لە ساڵی ١٤٩٢وە تا ئێستا A Little Matter of Genocide: Holocaust and Denial in the Americas, 1492 to the Present "، کە وەک بە ناونیشانەکانیاندا دیارە مشتومڕی کێشەکەیان لە ڕوانگەی بەرگریکردن لە پرەنسیپە مۆراڵییەکەوە کردووە بەبەراورد لەگەڵ هاوکووفی شیکاریی هۆڵۆکۆستدا و تا ئاستی تۆمەتبار کردنی ئەوانە ڕۆیشتوون کە ناکۆک بوون لەگەڵیان بەوەی کە نکووڵیی لێدەکەن. گەلێ جار مێژوونووسان ئەم کارانە و ئارگومێنتەکانیان لەبارەی بڵاوبوونەوەی جینۆسایدەوە پشتگوێ دەخەن و کاتێ کە دەچنە گفتوگۆوە لەگەڵیان لەو گریمانەوە دەست پێدەکەن کە ئارگومێنتەکانیان هێندە لاوازە کە تەنها چەند لاپەڕەیەک پێویستە بۆ ڕەتکردنەوەیان.٤٦

لەو دوو دەیەدا کە بەدوای یادی پێنجسەد ساڵەی کۆڵۆمبسدا هاتن، چەمکی جینۆساید تەنها کاریگەرییەکی کەمی هەبوو لە سەر نووسینی مێژووی هندییە ئەمریکییەکاندا. وەک بەڵگە لەسەر حاڵەتی جینۆساید لە کایەی ئەکادیمیی مێژووی هندییە ئەمریکییەکاندا، شیاوی باسە کەوا کتێبی جێمتمانەی "هاوەڵی بلاکوێڵ بۆ مێژووی هندییە ئەمریکییەکان Blackwell Companion to American Indian History "، کە بەرگە کتێبێکی قەبەیە و بیست و پێنج بەش لەخۆ دەگرێت، کەچی بەشێکی تێدا نییە لەسەر جینۆساید، تەنانەت نە کتێبەکەی ستانارد و نە کتێبەکانی چەرچڵ لە بیبلۆگرافیای کتێبەکەیدا نەبوون، کە ٤٨٧ دەروازەی تێدابوو و زەحمەتە بەوە تۆمەتباری بکەیت کەوا گشتگیر نییە.٤٧

تا ڕادەیەک، دەکرێ لێکدانەوەی غیابی ڕێژەیی جینۆساید لە زۆرێکی ئەو لێکۆڵینەوانەی لەبارەی مێژووی هندییە ئەمریکییەکانەوە لە دووتوێی ئەولەوییەتی ئەجێنداکانی تردا، بەتایبەتی ئەو بایەخەی بەزۆری گوزارشی لێوە دەکرێت بۆ گێڕانەوەی هێزی دانیشتووە ڕەسەنەکان دژ بە مێژووی پێشتر کەوا گریمانە هەیە و بەسانایی وەک قوربانی وێنایان دەکەن. لەڕاستیدا، هەندێ لە توێژەرانی گەلانی ڕەسەن هۆشداریی ئەوەیان داوە کە نووسینی مێژووەکانی گەلانی ڕەسەن بەپێی ئەوەی کە جینۆسایدە و سەرکێشیی دەکات بە پشتگیریی ئەو ئایدیۆلۆجییانەی زیانبەخشن بە هندییەکان بەوەی کە بەرەو داڕووخان و لەناوچوون دەرۆن.٤٨ لەگەڵ ئەوەشدا، بەڵگەکان ئاماژە بە زیادبوونی مامەڵە دەکەن لەگەڵ جینۆساید و مەسەلە پەیوەندیدارەکاندا لەلایەن توێژەرانی مێژووی هندییە ئەمریکییەکانەوە. یەکێک لە نیشانەکان ژمارەی ڕوو لە زیادی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە زاراوەی جینۆساید بەکاردێنن و لە زۆربەی جارەکاندا بە شێوەیەکی ڕاگوزەر وەک وەسفێک بۆ پاڵنەر یان کار و کاریگەرییە تایبەتەکان،٤٩ هەرچەندە هەندێ جاریش وەک کاتیگۆریی شیکارین.٥٠ بێجگە لەوەش، هەندێ لە پسپۆڕانی مێژووی هندییە ئەمریکییەکان لە بواری توێژینەوەکانی جینۆساید٥١ و توێژینەوەکانی کۆڵۆنیاڵیی   نیشتەجێکان و ئەمەی دواییشیان لەگەڵ هەندێ توێژینەوەی جینۆساید تێهەڵکێشە چونکە بایەخ بە ڕوونکردنەوەی داواکاریی کۆڵۆنیاڵیی نیشتەجێکان دەدات بۆ ئەوەی دانیشتووە ڕەسەنەکان "بخەنە لاوە" لە ڕێگەی ڕاگواستن یان ئاسیمیلە و تواندنەوە و یان لەناوبردنی فیزیکی.٥٢ لەهەمان کاتدا، توێژەرانی جینۆساید، کە زۆربەیان پسپۆڕ نین لە مێژووی هندییە ئەمریکییەکان، بە شێوەیەکی ڕوو لە زیاد ئاڕاستەیان بەرەو ئەمریکای باکوورە و خەریکی بەرفراوان کردنی جوغزی ئەو حاڵەتانەن کە لێکۆڵینەوە و بەراوردیان تێدا دەکرێت.٥٣ تێکڕا ئەم خاڵە هاوبەشانە ئاماژەن بۆ ئەگەری پیادەکردنی ڕێبازێکی نوێ لە پاش پێنجسەد ساڵەی مەسەلەی جینۆساید لە هەردوو ئەمریکادا. ئەرکی ئەم چەشنە ڕێبازە ئەوەیە کە ئەو پرسە بەجیددی وەربگیرێت بەڵام بێئەوەی پێویست بکات وەڵامێکی پێشتر دەسنیشانکراو بخرێتەڕوو ئایا لەسەر پرسیارە گشتییەکە بێت یان لەسەر چەندین حاڵەتی دیاریکراو بێت کە دەیانگرێتەوە. ئەم ڕێبازە مەسەلەی خەڵکی ڕەسەنیش ڕەچاو دەکات، لەنێویاندا بەرگری و ستراتیجەکانی تری مانەوە، وەک گۆڕاوێکی یەکلاکەرەوە.

 

سەرچاوە:

 Genocide and American Indian History

Jeffrey Ostler

https://doi.org/10.1093/acrefore/9780199329175.013.3

Published online: 02 March 2015

Further Reading

 Churchill, Ward. A Little Matter of Genocide: Holocaust and Denial in the Americas. San Francisco: City Lights Books, 1997.

 Deloria, Philip J., and Neal Salisbury, eds. A Companion to American Indian History. Malden, MA: Blackwell, 2002.

 Jacoby, Karl. “‘The Broad Platform of Extermination’: Nature and Violence in the Nineteenth Century North American Borderlands.” Journal of Genocide Research 10 (June 2008): 249 – 267.

 Kiernan, Ben. Blood and Soil: A World History of Genocide and Extermination from Sparta to Darfur. New Haven, CT: Yale University Press, 2007.

 Mann, Michael. The Dark Side of Democracy: Explaining Ethnic Cleansing. Cambridge, UK: Cambridge University Press, 2005.

 Moses, A. Dirk, ed. Genocide and Settler Society: Frontier Violence and Stolen Indigenous Children in Australian History. New York: Berghahn, 2004.

 Power, Samantha. “A Problem from Hell”: America and the Age of Genocide. New York: Basic Books, 2002.

 Stannard, David. American Holocaust: The Conquest of the New World. New York: Oxford University Press, 1992.

 Thornton, Russell. American Indian Holocaust and Survival: A Population History since 1492. Norman: University of Oklahoma Press, 1987.

 Totten, Samuel, and Robert K Hitchcock, eds. Genocide of Indigenous Peoples. New Brunswick, NJ: Transaction, 2011.

 Wolfe, Patrick. “Settler Colonialism and the Elimination of the Native.” Journal of Genocide Research 8 (December 2006): 387 – 409.

Notes

 1. Russell Thornton, “Health, Disease, and Demography,” in Philip J. Deloria and Neal Salisbury, eds., A Companion to American Indian History (Malden, MA: Blackwell, 2002), pp. 68 – 70; Alfred Crosby, “VirginSoil Epidemics as a Factor in the Aboriginal Depopulation in America,” William and Mary Quarterly, 3d ser., 33 (April 1976): 289 –299; David P. Henige, Numbers from Nowhere: The American Indian Contact Population Debate (Norman: University of Oklahoma Press, 1998). David S. Jones, “Virgin Soils Revisited,” William and Mary Quarterly, 3d ser., 60 (October 2003): 703 –742, calls into question simplistic notions of “virgin soil epidemics” resulting from “no immunity” on the grounds of disease’s historical intersection with multiple factors and a growing awareness of the complexities of the human immune system.

 2. See, e. g., David E. Stannard, American Holocaust: The Conquest of the New World (New York: Oxford University Press, 1992). Stannard’s argument for genocide accepts high numbers for the preColumbian population, though he argues against the “inadvertency” of disease, instead emphasizing it as one of many intersecting factors related to European colonialism of the Western Hemisphere.

 3. See, e.g., Guenter Lewy, “Were American Indians the Victims of Genocide?” Commentary (September 2004): 55 – 63.

 4. Ward Churchill, A Little Matter of Genocide: Holocaust and Denial in the Americas (San Francisco: City Lights Books, 1997); Barbara Alice Mann, The Tainted Gift: The Disease Method of Frontier Expansion (Santa Barbara, CA: ABC CLIO, 2009).

 5. Kirkpatrick Sale, The Conquest of Paradise: Christopher Columbus and the Columbian Legacy (New York: Knopf, 1990), pp. 128 – 158 (Las Casas qtn., 157); Noble David Cook, Born to Die: Disease and New World Conquest, 1492 –1650 (Cambridge, UK: Cambridge University Press, 1998), pp. 26 – 39; Francisco Guerra, “The Earliest American Epidemic: The Influenza of 1493,” Social Science History 12 (1988): 305 – 325.

 6. Sale, Conquest of Paradise, pp. 158 – 162; Cook, Born to Die, pp. 23 – 24; Irving Rouse, The Tainos: Rise and Decline of the People Who Greeted Columbus (New Haven, CT: Yale University Press, 1992), pp. 150 – 158.

 7. Paul Kelton, Epidemics and Enslavement: Biological Catastrophe in the Native Southeast, 1492 –1715 (Lincoln: University of Nebraska Press, 2007).

 8. Robert Boyd, The Coming of the Spirit of Pestilence: Introduced Infectious Diseases and Population Decline among Northwest Coast Indians, 1774 – 1874 (Seattle: University of Washington Press, 1999), pp. 21 – 52.

 9. Ibid., pp. 84 – 109.

 10. Gray H. Whaley, Oregon and the Collapse of Illahee: U.S. Empire and the Transformation of an Indigenous World, 1792–1859 (Chapel Hill: University of North Carolina Press, 2010), pp. 99 – 205; Alexandra Harmon, Indians in the Making: Ethnic Relations and Indian Identities around Puget Sound (Berkeley: University of California Press, 1998), pp. 86 – 102.

 11. John S. Marr and John T. Cathey, “New Hypothesis for Cause of Epidemic among Native Americans, New England, 1616 – 1619,” Emerging Infectious Diseases 16 (February 2012): 281 –  286; David S. Jones, Rationalizing Epidemics: Meanings and Uses of American Indian Mortality since 1600 (Cambridge, MA: Harvard University Press, 2004), pp. 29 – 31; Russell Thornton, American Indian Holocaust and Survival: A Population History since 1492 (Norman: University of Oklahoma Press, 1987), p. 71 (qtn.).

 12. Alfred A. Cave, The Pequot War (Amherst: University of Massachusetts Press, 1996).

 13. Steven T. Katz, “The Pequot War Reconsidered,” New England Quarterly 64 (June 1991): 206 – 224; Michael Freeman, “Puritans and Pequots: The Question of Genocide,” New England Quarterly 68 (June 1995): 278 – 293.

 14. This debate is summarized in Cave, Pequot War, pp. 1 – 7.

 15. In the remainder of this essay I have provided citations for quotations and specific points, though I am otherwise drawing on my book in progress, The Destruction and Survival of American Indian Nations, 1750s –1900.

 16. Churchill, Little Matter of Genocide, pp. 154 – 156; Mann, Tainted Gift, pp. 1 – 18, 43 – 81.

 17. See, e.g., Gary Clayton Anderson, The Conquest of Texas: Ethnic Cleansing in the Promises Land, 1820 –1875 (Norman: University of Oklahoma Press, 2005).

 18. Secretary of War to Josiah Harmar, June 7, 1790, American State Papers: Indian Affairs, 2 vols. (Washington, DC: Gales and Seaton, 1832): 1:97; William Hull to Henry Dearborn, Nov. 1807, American State Papers: Indian Affairs, 1:745; Thomas Jefferson to Henry Dearborn, August 28, 1807, in Andrew A. Lipscomb, ed., The Writings of Thomas Jefferson, vol. 11 (Washington, DC: Thomas Jefferson Memorial Association, 1903 – 1904), p. 344.

 19. A. Tiffany Norton, History of Sullivan’s Campaign against the Iroquois (Lima, NY: A Tiffany Norton, 1879), p. 76; Daniel P. Barr, Unconquered: The Iroquois League at War in Colonial America (Westwood, CT: Praeger, 2006), p. 160.

 20. “Report of Brigadier General Scott,” June 28, 1791, American State Papers: Indian Affairs, 1:129 – 132; Michael Mann, The Dark Side of Democracy: Explaining Ethnic Cleansing (Cambridge, UK: Cambridge University Press, 2005).

 21. Andrew Jackson to Thomas Pinckney, March 28, 1814, in Harold D. Moser, ed., The Papers of Andrew Jackson, vol. 3 (Knoxville: University of Tennessee Press, 1991), pp. 52 – 53; H. S. Halbert and T. H. Ball, The Creek War of 1813 and 1814, edited and with an introduction by Frank L. Owsley Jr. (orig. pub., 1895; University: University of Alabama Press, 1969); pp. 276 – 277.

 22. See, e.g., Theda Purdue and Michael D. Green, The Cherokee Nation and the Trail of Tears (New York: Viking, 2007), p. 42.

 23. Albert L. Hurtado, Indian Survival on the California Frontier (New Haven, CT: Yale University Press, 1988), p. 136; Benjamin Madley, “California’s Yuki Indians: Defining Genocide in Native American History,” Western Historical Quarterly 39 (Autumn 2008): 303 – 332.

 24. Hurtado, Indian Survival, pp. 1, 144, 194, 212.

 25. Patricia Nelson Limerick, one of the major figures in western U.S. history, quoted in the New York Times, March 22, 1998: “‘I would never use the word genocide in the rest of the West, because you needed a state policy. But in California you had that. The Governor and the Legislature were determined to get the Indians out. There was not only brutality, but a formal, stated, workedout agenda.”

 26. See, e.g., Michael F. Magliari, review of Murder State: California’s Native American Genocide, by Brendan C. Lindsay, Pacific Historical Review 82 (August 2013): 448 – 449.

 27. Ben Kiernan, Blood and Soil: A World History of Genocide and Extermination from Sparta to Darfur (New Haven, CT: Yale University Press, 2007), p. 13.

 28. Paul Andrew Hutton, Phil Sheridan and His Army (Lincoln: University of Nebraska Press, 1985), p. 180.

 29. A. Dirk Moses, “An Antipodean Genocide? The Origins of the Genocidal Moment in the Colonization of Australia,” Journal of Genocide Research 2 (2000): 89 – 106.

 30. Pekka Hämäläinen, The Comanche Empire (New Haven, CT: Yale University Press, 2008), pp. 178 – 179, 339 – 340.

 31. Jacki Thompson Rand, Kiowa Humanity and the Invasion of the State (Lincoln: University of Nebraska Press), p. 124.

 32. Jeffrey Ostler, The Plains Sioux and U.S. Colonialism from Lewis and Clark to Wounded Knee (Cambridge, UK: Cambridge University Press, 2004).

 33. Frederick E. Hoxie, Parading through History: The Making of the Crow Nation in America, 1805 –1935 (Cambridge, UK: Cambridge University Press, 1995), pp. 130 –135; Thornton, American Indian Holocaust and Survival, p. 30.

 34. Nancy Shoemaker, American Indian Population Recovery in the Twentieth Century (Albuquerque: University of New Mexico Press, 1999).

 35. Bonnie Duran, Eduardo Duran, and Maria Yellow Horse Brave Heart, “Native Americans and the Trauma of History,” in Russell Thornton, ed., Studying Native America: Problems and Prospects (Madison: University of Wisconsin Press, 1998), pp. 63–64; David E. Wilkins, American Indian Politics and the American Political System (Lanham, MD: Rowman & Littlefield, 2002), p. 59.

 36. Isabel C. Barrows, ed., Proceedings of the National Conference of Charities and Correction at the Nineteenth Annual Session Held in Denver, Col., June 23 – 29, 1892 (Boston: George H. Ellis, 1892), p. 46.

 37. Ward Churchill, Kill the Indian, Save the Man: The Genocidal Impact of American Indian Residential Schools (San Francisco: City Lights, 2004).

 38. See, e.g., K. Tsianina Lomawaima, They Called It Prairie Light: The Story of Chilocco Indian School (Lincoln: University of Nebraska Press, 1994); Brenda J. Child, Boarding School Seasons: American Indian Families, 1900 – 1940 (Lincoln: University of Nebraska Press, 1998).

 39. Andrea Smith, Conquest: Sexual Violence and American Indian Genocide (Boston: South End Press, 2005); M. Annette Jaimes, “Federal Indian Identification Policy: A Usurpation of Indigenous Sovereignty in North America,” in M. Annette Jaimes, ed., The State of Native America: Genocide, Colonization, and Resistance (Boston: South End Press, 1992), p. 137.

 40. Raphael Lemkin, Axis Rule in Occupied Europe: Laws of Occupation, Analysis of Government, Proposals for Redress (Washington, DC: Carnegie Endowment for International Peace, 1944), p. 79. For Lemkin’s career, see Samantha Power, “A Problem from Hell”: America and the Age of Genocide (New York: Basic Books, 2002), pp. 17 –  78.

 41. Michael A. McDonnell and A. Dirk Moses, “Raphael Lemkin as Historian of Genocide in the Americas,” Journal of Genocide Research 7 (December 2005): 501 –  529.

42. For an overview of definitions, see Scott Straus, “Contested Meanings and Conflicted Imperatives: A Conceptual Analysis of Genocide,” Journal of Genocide Research 3 (November 2001): 349 –  375. Some scholars have begun to express impatience with the inability to arrive at a definition of genocide. Anton WeissWendt, “Problems in Comparative Genocide Scholarship,” in Dan Stone, ed., The Historiography of Genocide (New York: Palgrave Macmillan, 2010), p. 44, declares that the “debate about definitions is futile”; Paul Boghossian, “The Concept of Genocide,” Journal of Genocide Research 12 (March – June 2010): 69 –  80, argues that genocide is impossible to define and probably ought to be abandoned.

 43. A. Dirk Moses, “Genocide and Settler Society in Australian History,” in A. Dirk Moses, ed., Genocide and Settler Society: Frontier Violence and Stolen Indigenous Children in Australian History (New York: Berghahn, 2004), pp. 3 –  48; Tony Barta, “Relations of Genocide: Land and Lives in the Colonization of Australia,” in Isidor Wallimann and Michael N. Dobkowski, eds., Genocide and the Modern Age: Etiology and Case Studies of Mass Death (New York: Greenwood Press, 1987), pp. 237– 251; Patrick Wolfe, “Settler Colonialism and the Elimination of the Native,” Journal of Genocide Research 8 (December 2006): 387– 409.

 44. http://www.iitc.org/aboutiitc/the-declaration-of-continuing-independence-june-1974 (accessed 21 January 2014).

 45. Jack Norton, When Our Worlds Cried: Genocide in Northwestern California (San Francisco: Indian Historian Press, 1979), pp. x, 107.

 46. James Axtell, Beyond 1492: Encounters in Colonial North America (New York: Oxford University Press, 1992), pp. 261 – 263.

 47. Philip J. Deloria and Neal Salisbury, eds., Blackwell Companion to American Indian History (Malden, MA: Blackwell, 2002).

 48. William J. Bauer, Jr., We Were All like Migrant Workers Here: Work, Community, and Memory on California’s Round Valley Reservation, 1850 – 1941 (Chapel Hill: University of North Carolina Press, 2009), p. 9.

 49. Ned Blackhawk, Violence over The Land: Indians and Empires in the Early American West (Cambridge, MA: Harvard University Press, 2006), p. 75, writes of “genocidal ambitions”; Hämäläinen, Comanche Empire, p. 215, describes Texas’s war against the Comanches in the late 1830s as “genocidal.”

 50. Rand, Kiowa Humanity and the Invasion of the State, analyzes U.S. policies as consistently genocidal.

 51. Karl Jacoby, “‘The Broad Platform of Extermination’: Nature and Violence in the Nineteenth Century North American Borderlands,” Journal of Genocide Research 10 (June 2008): 249 –  267; Benjamin L. Madley, American Genocide: The California Indian Catastrophe, 1846  – 1873 (New Haven, CT: Yale University Press, forthcoming).

 52. Margaret D. Jacobs, White Mother to a Dark Race: Settler Colonialism, Maternalism, and the Removal of Indigenous Children in the American West and Australia, 1880 – 1940 (Lincoln: University of Nebraska Press, 2009); Lorenzo Veracini, “Introducing Settler Colonial Studies,” Settler Colonial Studies 1 (2011): 1 – 12.

 53. Kiernan, Blood and Soil; Mann, Dark Side of Democracy; Samuel Totten and Robert K Hitchcock, eds., Genocide of Indigenous Peoples (New Brunswick, NJ: Transaction, 2011).

سەرچاوە:  ئینتەرنێت –  ویکیپێدیا Wikipedia، ئۆنلاین لە ٢ی مارتی ٢٠١٥ بڵاوبووەتەوە

 

Published online: 02 March 2015

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×