سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت، سەدر ئامانجی هەیە بۆ شکاندنی گۆشەگیری سیاسی و دروستکردنی رەوتێکی نوێی سەدر کە خاوەنی ناونیشانی نیشتمانی بێت، هەروەها لە هەوڵدایە بەشێک لە چوارچێوەی هەماهەنگی رابکشێتە نێو رەوتی نیشتمانی شیعە.
ئاوێنە: عەلی فەتلاوی ئەندامی سەرکردایەتی لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، ئامانج لە بڕیارە نوێیەکانی سەدر بۆ شکاندنی گۆشەگیری سیاسەت و ناولێنانێکی نوێیە، بە دڵنیاییەوە ئامانجی دیکەشی هەیە کە سیستمێکی سیاسی نوێ بێتە رەوتی سەدرەوە کە خاوەن ناونیشانێکی نیشتمانی بێت، ماوەی چەندین ساڵە سەدر کار لەسەر ئەو پرسە دەکات.
عەلی فەتلاوی ئاماژەی بەوەشکرد، سەدر مەبەستییەتی رەوتە نوێیەکەی بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی کە خاوەن ناونیشانی سەربەخۆن لەخۆبگرێت، ئامانج لەمەش دورخستنەوەی ناوی (ال صدر)ە لە نەرێنییەکانی کاروباری سیاسی.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بە وتەی چاودێرانی سیاسی موقتەدا سەدر ئامادەکاری بۆ گەڕانەوە دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی لە رۆژی رابردو بە شێوەیەکی لە ناکاو ناوی رەوتی سەدری گۆڕی بۆ (رەوتی نیشتمانی شیعە).