موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر ناوی رەوتەكەی بۆ "رەوتی نیشتمانی شیعی" دەگۆڕێت و سەركردەیەكی ئەو رەوتەش دەڵێت، گەڕانەوەی سەدر بۆ پڕۆسەی سیاسی زۆر نزیكەو چاوی لەوەیە لە رێگەی ئەم ناونانە نوێیەوە لە رەوتەكەی زۆرینەی جەماوەری پێكهاتەی شیعە لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە.
ئاوێنە: سەركردەیەكی ئەو رەوتە بەبێ ئەوەی ناوی ئاشكرابكرێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە یەكێك لە میدیا عێراقییەكانی راگەیاندوە، راگەیاندنی گۆڕینی نای رەوتی سەدر بۆ "رەوتی نیشتمانی شیعی" بەشێكە لە جوڵەكانی گەڕانەوەی نزیكە سەدر بۆ سەر شانۆی سیاسی و ئەمەش شتێكی زۆر نزیكە.
بەپێی قسەی ئەو سەركردەیە، سەدر دەیەوێت بنكەیەكی جەماوەریی فراوانتر لەڕێگەی ئەو رەوتە نوێیەوە دروست بكات بەتایبەت كاتێك لەدوای كشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسی زانیویەتی لە دەرەوەی بنكە جەماوەرییەكەی سەدر خەڵكانێك بونەتە هەواداری.
جەختیشی كردۆتەوە كە سەدر لەڕێگەی ئەم ناونانە نوێیەوە دەیەوێت لەڕوی سیاسی و جەماوەرییەوە زۆرینەی پێكهاتەی شیعی پێكبهێنێت و رەوتە نوێیەكە رەنگە چەند لایەنێكی شیعی لە دەرەوەی رەوتی سەدر لەخۆبگرێت.