ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران: عێراق لەڕیزی ئەو وڵاتانەیە کە لەمەودای سەلامەتدان لەڕووی دانەوەی قەرزەکانەوە
  2024-04-05       189       

مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران، هۆکارەکانی کەمکردنەوەی تەرخانکردنی دارایی ساڵانەی بۆ دانەوەی قەرزە دەرەکییەکان ئاشکراکرد، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "عێراق لەڕیزی ئەو وڵاتانەیە کە لەمەودای سەلامەتدان لەڕووی دانەوەی قەرزەکانەوە".

ئه‌و ڕاوێژكاره‌ى سودانى ده‌ڵێت:"به‌گوێره‌ى پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لەحسابکردنی توانای ئابووریی نیشتمانیی بۆ هەڵگرتنی بارگرانی قەرزی دەرەکیی، عێراق لە ڕیزی ئەو گروپە وڵاتانەیە کە لە مەودای سەلامەتدان لە ڕووی ستانداردی جیهانیی بۆ ڕێژەی پشکی قەرزی دەرەکیی، بەوپێیەی  بەپێی خەمڵاندنەکان تێکرای قەرزەکانی لەسەدا 20 کۆی گشتیی بەرهەمی ناوخۆیی تێناپەڕێیت، لە کاتێکدا پێوەرە جیهانییەکەی ڕێژەی قەرز بەرامبەر بە بەرهەمی ناوخۆیی ڕێگە بە تا لەسەدا 60 دەدات".

ڕوونیشیکردەوە، “بە لەبەرچاوگرتنی ڕێکوپێکی عێراق لە دانەوەی قەرزە دەرەکییەکانی کە ساڵانە دەبێ بیدات، کە تەنیا نزیکەی 20 ملیار دۆلاری ماوە، تەرخانکردنی ساڵانە بۆ دانەوەی قەرزە دەرەکییەکان لە ڕێگەی تەرخانکردنی بودجەی گشتی فیدراڵیەوە دەستیکردووە بە نیشاندانی دابەزینێکی ڕوون و رەنگدانەوەی هەبووە لە کەمبوونەوەی بڕی ئەو قەرزە دەرەکییانەی کە دەبێ بدرێنەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم بابەتە ڕەنگدانەوەی متمانەی بەرزی عێراقە لە دانەوەی قەرزەکانی بەقەرزدەرە دەرەکییەکانی و پابەندبوونی بە گەڕاندنەوەی قەرزەکانی لە دوای ڕێککەوتنی یانەی پاریسەوە لە ساڵی 2004 تائێستا".

ئاماژەی بەوەشکرد، "رێککەوتنی یانەی پاریس لە ساڵی 2004 زیاتر لە 100 ملیار دۆلاری قەرزەکانی عێراقی پێش ساڵی 1990 رەشکردەوە، دوای ئەوەی عێراق داشکاندنی لەسەر قەرزەکانی لەو کاتەدا بەدەستهێنا کە لەسەدا 80 ی قەرزەکانی ئەوکاتە زیاتر بوو،  ئێستاش تەنیا بڕێکی کەم لەو قەرزانە ماونەتەوە، ئەوەشی کە ماوەتەوە خشتەی بۆ دانراوە و ساڵانە بەپێی میکانیزمێکی ژمێریاری ورد و ڕێکوپێک لە لایەن دارایی گشتیی و بانکی ناوەندی عێراقەوە خەرج دەکرێت".

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×