وەزیری ناوخۆی عێراق: لە 1ی نیسانەوە كار بە ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامە ناكرێت
  2024-03-30       339       

عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، تا ئێستا كارتی نیشتمانی بۆ زیاتر لە 36 ملیۆن هاوڵاتی دەرهێنراوەو لە 1ی نیسانی ئەمساڵیشەوە كار بە بەڵگەنامە كۆنەكان كە ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامەن، ناكرێت. دەشڵێت، لە داهاتودا كارتی نیشتمانی لەبری كارتی دەنگدان بەكاردەهێنرێت.

ئاوێنە: عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لە وتەیەكدا لە كۆنفرانسێكی تایبەت بە وەزارەتەكەیدا رایگەیاند، تا ئێستا كارتی نیشتمانی بۆ 36 ملیۆن و 751 هەزارو 362 هاوڵاتی لەسەرتاسەری عێراق دەرهێنراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە رۆژی دوشەممە 1ی نیسانی 2024ەوە وەك قۆناغی یەكەم لەنێوخۆی عێراق كاركردن بە بەڵگەنامە كۆنەكان(ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامە) رادەگیرێت.

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە دەستیان كردوە بە قۆناغی دوەمی پڕۆژەی دەرهێنانی كارتی نیشتمانی كە خۆی لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكەدا دەبینێتەوە لە باڵیۆزخانەكانی عێراق لە وڵاتان ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری ناوخۆی عێراق وتی، هەروەها قۆناغی دوەم بە ئەلیكترۆنیكردنی زانیارییەكانی نیشتەجێبون لەڕێگەی كارتی نیشتمانییەوە لەخۆدەگرێت.

لە كۆتایی قسەكانیشیدا وەزیری ناوخۆ وتی، لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەستمان كردوە بە هەماهەنگی بۆ ئەوەی لەبری كارتی دەنگدان، پشت بە كارتی نیشتمانی ببەسترێت لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكاندا.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×