هێڵی بەستنەوەی كارەبای عێراق لەگەڵ ئوردن دەكەوێتە كار
  2024-03-29       293       

زیاد عەلی فازڵ، وەزیری كارەبای عێراق، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، سبەی شەممە، هێڵی بەستنەوەی كارەبای عێراق لەگەڵ ئوردن بەڕەسمی دەخرێتە كار.

ئاوێنە: زیاد عەلی، لە راگەیەندراوێكدا خستنەكاری ئەو هێڵەی بە "چنینەوەی بەری رەنج و هەوڵەكان" ناوبردوەو راشیگەیاندوە، یەكەم بەری ئەم پڕۆژەیەش دابینكردنی كارەبایە بۆ قەزای "روتبە" لە پارێزگای ئەنبار كە بەقسەی ئەو ماوەی 10 ساڵەو لەدوای هاتنی هێزەكانی داعشەوە، خەڵكی ئەو ناوچەیە بێبەشن لە كارەبای نیشتمانی.

ئاماژەی بەوەشداوە هێڵی بەستنەوەی كارەبای عێراق و ئوردن، 330 كیلۆمەتری لەنێو خاكی عێراق و 6 كیلۆمەتری لەنێو خاكی ئوردنداو بەتوانای 132 كەی ڤییەو لە قۆناغی یەكەمدا بڕی 40 مێگاوات كارەبا لەڕێگەی ئەو هێڵەوە دابین دەكرێت و لە قۆناغی دوەمدا دەگاتە 150 مێگاوات ئەوەش لەدوای تەواوكردنی هێڵەكە تاوەكو دەگاتە وێستگەی 400 كەی ڤی شارۆچكەی قائیم و لەداهاتوشدا بەرهەمەكەی دەگاتە 500 مێگاوات بۆ دابینكردنی كارەبای بەشێكی زۆری پارێزگای ئەنبار.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×