وەک هەڵوێستێک بەرامبەر بڕیارێکی سەرۆککۆمار، کلدانەکان بڕیاریان داوە هیچ ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی جەژنی قیامە نەکەن و جەژن نەگێڕن.
کەنیسەی کلدانەکان لە عێراق ڕایگەیاند: "کاردیناڵ لویس ڕافایێل ساکۆ، پاتریاریکی کلدانەکان لە عێراق و جیهان، کە ماوەی شەش مانگە لە بارەگا سەرەکییەکەی لە بەغدا دوورە، بەهۆی بڕیارێکی سەرۆککۆماری عێراق کە هیچ پاساوێکی یاسایی نەبوو تەنیا بۆ ڕازیکردنی لایەنێکی دیاریکراو بوو، بڕیاردرا لە جەژنی قیامە هیچ ڕێوڕەسمێک نەکرێت."
ئاماژە بەوەشدراوە، پاتریارک کەسی نەکوشتووە، سامانی گشتی نەدزیوە و میلیشیای لە دەرەوەی یاسای بۆ ململانێی تائیفی دروست نەکردووە، بەپێچەوانەوە هەمیشە داکۆکیکار بووە لە مافی هاووڵاتیان و پردی پەیوەندی و سەقامگیری بووە لەنێوان پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەکانی عێراق.
لە ڕێککەوتی 03-07- 2023 سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بە مەرسوومی ژمارە 31 بڕیاری کشانەوەی مەرسومی ژمارە 147ـی ساڵی 2013 بڵاوکردووەتەوە، کە بەپێی مەرسوومەکە، پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان، بە کاردیناڵ لویس ساکۆ درابوو.