پەرلەمانی عێراق كارنامەی كۆبوونەوەی ڕۆژی یەكشەممەی داهاتووی بڵاو كردەوە و بڕیارە تێیدا دەنگدان و خوێندنەوە بۆ چەند پرۆژە یاسایەك بكرێت، یەكێك لەوانەش، دەنگدانە بۆ هەمواری چوارەمی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی لە كەرتی تایبەت.
بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە بارەی كارنامەی كۆبوونەوەكەی یەكشەممەی داهاتووییان ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، یەكشەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە و تێیدا دەنگدان و خوێندنەوە بۆ چەند پرۆژە یاسایەك دەكات، یەكێك لەوانەش، خوێندنەوەی سێیەم بۆ هەمواری یاسایی قەدەغەكردنی بازرگانی كردن بە جەستەی مرۆڤەوە دەكرێت، كە لەلایەن لیژنەی تەندرووستییەوە ئامادە كراوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، هەر لە كۆبوونەوەكەی یەكشەممەی داهاتوودا پەرلەمانتاران دەنگ بە هەمواری یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی لە كەرتی تایبەت دەدەن، هەروەها خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەمواری یاسای پێكهێنانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكرێت، چەند پرۆژە یاسایەكی دیكەش خوێندنەوەی بۆ دەكرێت.
لە كۆتایی كارنامەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، بڕیارە كۆبوونەوەكە كاتژمێر ١ـی پاش نیوەڕۆ ئەنجام بدرێت.
جێگەی ئاماژەیە، زیاتر لە سێ مانگە پەرلەمانی عێراق بێ سەرۆكە و بە وەكالەت لەلایەن موحسین مەندەلاوییەوە بەڕێوە دەبرێت، تا ئێستا لایەنە سوننەكان نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن بۆ دیاریكردنی كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە.