مەشعان جبوری: سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی هەڕەشەیەکی لێکردم و جێبەجێشیکرد
  2024-03-20       715       

مەشعان جبوری کەسایەتیی دیاری سونەکانی عێراق بۆ یەکەم ئاشکرایكرد، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق هەڕەشەی لێسەندنەوەی پەرلەمانتاری لێکردوە، ده‌شڵێت:"دادوەر عمێری پێی وتم ئەگەر لەهاوپەیمانیی سێقۆڵیی ڕەوتی سەدر، پارتی دیموکراتی کوردستان‌و هاوپەیمانی سیادە نەکشێمەوە، لەپەرلەمانتاری دورمدەخاتەوەو كردیشى".

لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی کەناڵێکی عێراقی، لەوەڵامی پرسیاری پێشکەشکاری بەرنامەکە دەربارەی ئەوەی کێ پەیامی بۆت ناردو هەڕەشەی لێسەندنەوەی ئەندامێتى پەرلەمانی لێكردى، مەشعان جبوری وتی:"سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی، دادوەر جاسم عمێری بوو بەر لەوەی ئەندامێتیم لەپەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە".

هه‌ر له‌و دیداره‌ ته‌له‌فزیۆنیه‌دا مه‌شعان جبورى ڕایگه‌یاند، "ئەمە یەکەمجارە ئاشکرایدەکەم، سەرۆکی دادگا پێی وتم دژی دەوڵەتی عێراق چویتە نێو هاوپەیمانێتییەک‌و ئەو هاوپەیمانیە دەبێتە کودەتایەک بەسەر سیستەمی سیاسیی عێراق، ئەگەر نەکشێیتەوە ئەوا ئەندامییەتیت لەپەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە".

   هەروەها لەتۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەپەیامێکدا مەشعان جبوری ئاماژەیداوە بەپرسیاری پێشکەشکارەکە، نوسیویەتی:"وەڵامدانەوەکەم ڕاشکاوو ڕاستگۆیانە بوو، ئومێدەوارم هیچ کەسێک ئیستیفزازم نەکات، چونکە ئەگەر بیدرکێنم چی ڕویداوە، دۆخێک دروستدەبێت، لێکەوتەکانی پێشبینی ناکرێت، بۆیه‌ هەوڵدەدەم نهێنییەکان لەدڵمدا بهێڵمەوە".

لەئایاری ساڵی 2022، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بەتۆمەتی ساختەکردنی بڕوانامەی خوێندن، ئەندامێتیی مەشعان جبوری لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق هەڵوەشاندەوە.

کچەکەی مه‌شعان جبورى لەناو جەرگەی هەولێری پایتەخت پەنجا هەزار مەتر زەوی بە دیاری پێدراوەو بەهای زەویەکەش سیی ملیۆن دۆلارە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×