موقتەدا سەدر لەبڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردن پاشگەزدەبێتەوە
  2024-03-19       462       

لەژێر ناونیشانی "موقتەدا سەدر لەڕوی دەرونییەوە شوێنکەوتوانی خۆی ئامادەدەکات بۆ پاشگەزبونەوە لەبڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردن"، ڕۆژنامەی عەرەبی لەندەنی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوەو ئاماژەی بەوەکردوە، سەدر لەبەیاننامەیەکدا کە لەلایەن نوسینگەکەیەوە دەرچوەو بەناوی خۆیەوە واژۆی لەسەرکردوە، ستایشی جەماوەری بزوتنەوەکەی کردووە بۆ یەکگرتویی‌و گوێڕایەڵی ئەوان بۆی، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە سەدر لەڕێگەی دەستخۆشیکردن لەشوێنکەوتوانی بەبێ بۆنەیەکی ڕون، خۆی ئامادەیان دەکات بۆ دەرکردنی بڕیارێکی نوێ‌و پاشگەزبونەوە لەبڕیارێکی پێشوی.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، سەرچاوە سیاسییەکان ڕەتیان نەکردۆتەوە کە ڕێبەری ڕەوتی سەدر لەپرۆسەی ئامادەکردنی دەرونی هەوادارانیدایە بۆ ئەوەی واز لەبڕیارەکەی پێشوی خۆی بهێنێت بۆ دورکەوتنەوە لەکاری سیاسیی‌و بایکۆتی هەڵبژاردن، بڕیارێک کە بەدڵی زۆرێک لەپەیڕەوانی سەدر نەبوەو زیانەکانی ڕەوتی سەدریان بینیوە بەهۆی دابەزینی پێگەی ڕەوتەکە لەپارێزگاکان‌و سەرکەوتنی دیارترین نەیارانی سیاسیی ئەو لەپۆستی حکومەتە خۆجێیەکاندا.

سەرچاوەکان بەڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندوە، سەدر کە گرەوی لەسەر ڕێگریکردن لەپرۆسەی سیاسیی لەڕێگه‌ی بایکۆتکردنییەوە دەکرد، بۆی دەرکەوتوە کە پرۆسەکە بەردەوامەو لەسەر ئەو پەکینەکەوتوە، هەرچەندە ڕەوتەکە بەهۆی لایەنگرییە جەماوەییە گەورەکەیەوە خاوەن قورساییەکی زۆریشە.

یەکێک لەو سەرچاوانە بەڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندوە، سەدر چیتر ئامادەنییە زیانەکانی قوڵتر بکاتەوە بەبایکۆتی هەڵبژاردنی یاسادانان کە بڕیارە ساڵی داهاتوو ئەنجامبدرێت، هەندێک لایەنی سیاسیش کار بۆ پێشخستنی وادەی ئەو هەڵبژاردنە دەکەن، بەتایبەتی کە بینیویەتی چۆن نەیارەکانی لەدوای هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو سەرکەوتوبون.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، نوری مالیکی یەکەم کەس بوە ئەگەری گەڕانەوەی سەرۆکی ڕەوتی سەدری لەبڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی ڕاگەیاند، باسی لەمەیلەکانی ڕەوتی سەدری کرد بۆ بەشداریکردن لەهەڵبژاردنی داهاتودا، جا لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت یان پێشبخرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، سەدرییەکان زۆرترین داواکارییان هەیە هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×