محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، كەمێك پێش ئێستا سەرۆكایەتی كۆبوونەوەیەكی تایبەتی سەبارەت بە هەمواری بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2024 كرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" سودانی لە كۆبوونەوەیەكی تایبەتی ئەمڕۆدا گفتوگۆیەكی كراوەی لەسەر یاسای هەمواری بودجە و بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2024 ئەنجامدا".
ئاماژەی بەوەشكردووە:" لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك وەزیران پێشینەیكارەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ خەرجكردن و پاڵپشتی خزمەتگوزاری، پڕۆژە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان و پڕۆژە ستراتیژییەكان دووپاتكردەوە".
سودانی لە كۆبوونەوەكەدا ئاشكرای كردووە:" پێویستی گرنگی بەو پڕۆژانە بدرێت كە لە كۆتاییەوە نزیكن، هەروەها ئەو پڕۆژانەی كە ئابووری بەهێز دەكەن و ژێرخانی ئابووری بەرەوپێشتر دەبەن دەبێت گرنگی زیاتریان پێبدرێن، ئەمە جگە لەو پڕۆژانەشی كە زۆرترین ژمارەی هەلی كار دەڕەخسێنن".