وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، عێراق لێخۆشبوونێكی نوێی پێدراوە بۆ كڕینی كارەبا لە ئێران بە مەبەستی پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی كارەبا بۆ هاوڵاتییانی، ئەمەش لە چوارچێوەی زنجیرەیە لێخۆشبوونە، كە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە دەستی پێكردووە.
ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بارەی ڕێگەدان بە عێراق بۆ كڕینی كارەبا لە ئێران، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا.
ماتیۆ میلەر ڕایگەیاند، بۆ جاری ٢١مین لێخۆشبوونێكی نوێی بە عێراق دراوە بۆ كڕینی كارەبا لە ئێران بە مەبەستی پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی هاوڵاتییان، دەشڵێت: ئەو لێخۆشبوونە لە كۆتایی ئەم مانگەدا كۆتایی دێت، مێژووی ئەم لێخۆشبوونانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٨ بەپێی یاسای ئیدارە پێشوو.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو پارەیەی عێراق بۆ كڕینی كارەبا بە ئێرانی دەدات، ڕێگەی پێنادرێت ڕاستەوخۆ بچێتە ناو ئێرانەوە، ئەو پارەیە لە هەژماری بانكیدا دەهێڵرێتەوە و تەنها دەتوانرێت لە مامەڵەی كڕینی خۆراك، دەرمان، ئامێرە پزیشكییەكان و بەرهەمە كشتوكاڵییەكان بەكاری بهێنرێت.
باسی لەوەشكرد، بەشێك لە ئامانجی ئەمریكا دوورخستنەوەی عێراقە، لە پشتبەستن بە ئێران بۆ دابینكردنی كارەبا، چونكە ئەوە ئەو لێخۆشبوونانە دەیكەن كاتییە، هەروەها عێراق لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە پێشكەوتنی ڕاستەقینەی لە ڕێگەی گەیشتن بە توانای كارەبا بەدەستهێناوە.
جەختی لەوەشكردەوە، لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا هاوردەكردنی كارەبای ئێرانی زیاتر لە نیوەی كەمكراوەتەوە، هەروەها بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لە عێراق دوو هێندە زیادكردووە، ئێمەش بەردەوام دەبین بۆ كاركردن لەگەڵیان و پشتگیریكردنی هەوڵەكانیان بۆ سەربەخۆبوون لە بواری وزەدا.