چیرۆکی : نەوزاد بەندی
وەک ئەوەی بواری نەبێ قژی دابێنێ ، سەرنجێکی سەعاتەکەی دا و .. بەخۆی ووت : کات بەشم ناکات ..
ئەو کە زیاد لە ڕادەی پێویست پیاو چاک بوو ، کاتێ لە سوپەر مارکێتەکە پارچەیەک هۆتدۆگی کڕی ، بە کاشێرییەکەی ووت : ( چی بکەم ؟ بۆ پشیلەکانی گەڕەک ئەیکڕم ..واتا پشیلە بێ ساحێبەکان ، ناکرێ خۆمان تێر بین و ئەوان برسی ! )
کاشێرییەکە تاقەتی گوێلێگرتن و دەستخۆشی و ئافەرینی نەبوو ، لە ژێر چاویلکەکەیەوە ووتی : ( 1250 دینار )
ئەو بە کەمچیکڵدانییەوە ، ووتی : بۆچی ؟ خۆ بە 1000 دینار بوو ؟!
ــ وا دیارە ئاگات لە دۆلار نییە ، چۆن فڕیوە ..
ئەو کە پیاوچاکیی لێ ئەتکا ، بە کاشێرییەکەی ووت : بۆ من هیچی تێ ناچێ و تەنانەت ماڵ و مناڵیشم برسی نابن ئەگەر ئەم هۆتدۆگە بگەڕێنمەوە بۆ ناو بەفرگرەکەتان ، بەڵام لایەنی مرۆڤایەتی و ئاینییم ئازارم ئەدەن ..ڕێگریم لێ ئەکەن ..ناکرێ خۆم لەماڵەوە دوو سێ جۆر خواردن بخۆم کەچی پشیلەکانی گەڕەک ـــ
کاشێرییەکە پێی بڕی : بەڕێزەکەم ! نرخەکەی بەو جۆرەیە ، ئیتر ئەیدەی بە پشیلە یان ئەیدەی بە مشک ، ئەوە ئارەزووی خۆتە ، من کێشەی سوور بوونەوەی گەدەم هەیە و ئازارم هەیە ، تکایه خۆت یەکلایی بکەرەوە ..زۆر دەنگم دەرمەهێنە ..
ئەو پیاوێکی نمرە یەک بوو ، بەوپەڕیی لەخۆبوردنەوە 1500 دیناری دەرهێنا و .. ووتی : کێشەم نییە ، ئەگەر ووردەیشت لەلا نییە ، 250 دینارەکەیشم ناوێ !
ــ لا حەولە وە لاقوەتە ئیلا بیلا .. براکەم ها ئەوە 250 دینارەکەت ..ئەمە لە نانەواخانەی سەر سوچەکەیش کە نانی جۆ و گەنمیش شەشی بە هەزار بوو باس ئەکرا .. لای کۆکتێل فرۆشەکەیش .. لای ئەو پیاوەی کە هەموو شتێکی ئەکڕی ؛ ئاردی بایعی ..ماتۆڕی سووتاو .. قەنەفە .. پاسکیل ..
لە گەڕەکدا زۆر بە بڕوا و خۆنەویستی و ئەو جۆرە شتانەوە ئەڕۆیشت .. پشیلەکان کە ئەیانبینی ، بە ڕاکردن بەرەو لای ئەهاتن .. ئەم ماراسۆنی پشیلەیە ، هەستی شانازیی ئەگەیاندە لووتکە ...دڵنیا بوو ئێستا خوا تەماشای ئەکا و کەیفی بەو دڵ و دەروونە پڕ لە بەزەییەی دێ ، بە فریشتەکان ئەڵێ ئادەی بۆی دروستکەن کۆشک وسەرا ، خەدەم و حەشەم ..بادە و شیر و شەرابی هەزار ڕەنگ و هەزار تام ..لە پلەی ئەولیا و شت داینێن .. خۆی دەهاتە بەرچاو لە شێوەی ئەولیادا ، باڵایەکی بەرز ، کەوا و سەڵتەیەکی سپی ، ڕیشێکی درێژی وەک ئاوریشم ، ڕەشی قەترانیی ..دوو برۆی وەک کەوان ، دووچاوی وەک ژێر پیاڵە ، تەوێڵێکی گەش و ڕوناک ، بەو دیمەنە موچڕکە بە گیانیا ئەهات ، جۆرە شەرمێکیش دایدەگرت ..
هەستی ئەکرد کەسێکی زۆر تایبەتە ، کە خەمی هەموو بێ زمانەکانی هەڵگرتووە ، بەڵام کاتێ لەبەردەرگای خۆیان ، هۆتدۆگەکانی بۆ پشیلەکان دادەنا ، ست سەلمای دراوسێیان ، دەنگی لێ بەرزبۆوە :
ــ جەمشیرە فەنی بەندەی خوا ، وەڵاهی ژیانمان نەماوە لەدەست ئەم پشیلانە ، هەموو ناو باخ و ئینجانەکانمان پیسایی پشیلە دایپۆشیون ، ڕۆح و گیانمان هاتە دەرەوە ..!
وەک شاعیرێک کە بەو پەڕی ڕۆمانسیەت و بڕوا بەخۆ بوونەوە لە نێوان دوو کۆپلەدا ، تەماشایەکی جەماوەرەکەی ئەکات ، بەو جۆرە تەماشایەکی ست سەلمای کرد و ..وەڵامی دایەوە :
ـــ سەلما خانم ، ئەوە چ پەیوەندیی به منەوە هەیە ؟
ـــ ئێ تۆ خواردنی تایبەتیان بۆ دادەنێی ، پشیلەی کۆڵانەکانی تریش دێن بۆ ئێرە .. ئێ دوای ئەوەی تۆ تێریان ئەکەی ، دێن لای ئێمە دەست بە ئاو ئەگەیەنن !
لە پڕ پێکەنینێک قوڕگی گرت ، خەریک بوو بخنکێ ، کەوتە کۆکە ، بە پشتا کەوت ، پشیلەکان ترسان ، پەرت و بڵاو و دابەش بوون ..
خێزانی بە پەلە پەرداخێ ئاوی فریا خست ، ئەو کاتە ست سەلما چووبووە ژوورێ و لەبەر خۆیەوە دۆعای لێئەکرد : ڕەببی خنکابێ ..ڕەببی تاسابێ ..!!
خێزانەکەی ، بە شانازییەوە بۆ مێردەکەی ئەڕوانی ، ناوی لێ نا بوو ماندێلا .. هەندێ جاریش بە نێڵسۆن بانگی ئەکرد ..
ئەمیش ناوی تێرێزای بۆ ئەو هەڵبژاردبوو .. دوو کەسی زۆر گرنگ بوون بۆ جیهانی گیانداران و پەلەوەر و دار و درەخت ...دایکە تێرێزا و نێڵسۆن ماندێلا ...
پاشماوەی برنج و نانەڕەقەی سفرەکەیان نەدەکردە ناو تەنەکەی خۆڵ ، لە بەردەرگا ئەیانتەکاند ، بۆ ئەوەی مریشک و کوکوختی و چۆلەکە و کۆترە باریکە لێی بخۆن ..هەرچی ئێسقانی مەڕ و مریشک و بزن و قاز و قەلە ، چاک چاک ئەیانکڕاندنەوە ، جا ئێسقانەکانیان له پێش ماڵەکەیان بڵاو ئەکردەوە ، ئەی چۆن بڵاوی نەکەنەوە ؟ تۆ بڵێی هەروا بە ئاسانی پشیلە و سەگی بەرەڵڵایان لە یاد بچێ ؟ نەخێر ..هەزار جار نەخێر ..
ست سەلما لووتی زۆر هەستەوەر بوو ، بۆی دەرکەوت کۆڵانەکەیان بۆگەنی کردووە و ناکرێ لەوە زیاتر بوار بەو دوو شێتە بدرێ کۆڵانەکەیان بشێوێنن ..
بە مەسنجەر نامەیەکی بۆ گوڵبەن خانی ژنی سەعدونی خەیات نارد ، نامەکە زۆر درێژ بوو ئەمە بەشێکێتی : ( کێشەی دراوسێیەتی ئەوەیە ، ئەگەر دانەیەکیان بۆگەن بێ ،ئەبێ ئەوانی تریش پڕ لووتەکانیان بکەن لە بۆگەناو ، چونکە پێکەوەن ..
جەمشیری بەندەی خوا و ژنەکەی ناخۆشیان کردووە ، کۆڵانیان پڕ کردووە لە سەگ وپشیلەی بەرەڵڵا ..پاشماوەی خواردنی ترشاویش لەولاوە ڕاوەستێ ..وام لێهاتووە هەفتەی دوو ڕۆژ لە ماڵ ئەمێنینەوە ، لە ماڵی باوکم و براکانم دامانکوتیوە ، ئێ ئەوەیش ڕاست نییە ، بە تایبەت ئێمە بەرەو مۆدێرنی و ئەوروپایی ئەڕۆین ، مەعقول نییە لە ماڵە برا و خوشک دایکوتی ... )
گوڵبەنخانی ژنی سەعدونی خەیات هیچ لەو نامەیەی ست سەلما تێ نەگەیشتبوو ، هەر بۆیە نوسیبووی : ( pardon ) ئەم پاڕدۆنە لە ئەستانبوڵ فێر بوو بوو ..
سەلما خان نەیزانی پاڕدۆن چییە ، هەستی کرد گاڵتەی پێکردووە ، بۆیە یەک لایەنانە پەیوەندیی لەگەڵ گوڵبەنخانی ژنی سەعدونی خەیات بڕی ، تەنانەت بڕیاری دا لە جەژنیشا نە خۆی ، نە ڕەشیداغای خۆشخۆری مێردی نەچنە ماڵی ..
هەڵبەت کەش و هەوای زستان لەناکاو گۆڕانکاریی تێ ئەکەوێ ، نزمە پاڵەپەستۆیەک لە سیبیریاوە ووڵات و شارەکەی جەمشیری بەندەی خوا یان نێڵسۆن ماندێلای گرتەوە و ..پلەکانی گەرما بۆ خوار سفر دابەزین ..
لەگەڵ تێرێزای هاوسەریدا زۆر خەمیان بۆ پشیلە و سەگە بەرەڵاکان ئەخوارد ..خەمیان بۆ کۆتر و زیکزیکە و مێروولە و مارمێلکە و هەموو ڕۆح لەبەرێک ئەخوارد ، بەڵام سەرماکە هی ئەوە نەبوو بڕۆنە بەردەرگا و پاشماوەی خواردن بۆ ئەو بوونەوەرانەی خوا فڕێ بدەن .. هەڵبەت لەسەر بەرماڵ بە دوور و درێژیی داوایان لە خوا ئەکرد ، لەلایەک لە کەمتەرخەمی ئەمان ببوورێ و ..لەلایەکی تریشەوە بێت بە هانای گیاندار و دار و درەخت و تەنانەت بەکتریا و ڤایرۆسەکانیشەوە ..
کوڕەکەیان کە تازە لە زیندان ئازاد کرابوو ، لەو نزایانە بێزار بوو ، قاچێکی کوتا بە زەمینەکەدا و بە ناڕەزاییەوە وتی : ( خوا خۆی ئاگای لە بوونەوەرەکانێتی ، پێویست ناکا ئێوە بیری بخەنەوە ! )
ماندێلا و تێرێزا ، هیچ وەڵامێکیان نەدایەوە ، چونکە دوو جار هەوڵی خۆکوشتنی دابوو ، جارێکیش لە تورکیا سنوور داش کرابوو ، تەنها دوو سێ نمرە ، ڤۆلیۆمی دەنگی نزاکانیان دابەزاند ، هەتا کۆڕشی جەمشیری بەندەی خوا گوێی لێ نەبێ ..
ئەو بەیانییە، لوورە لووری ڕەشەبا لە خەوی هەستاند ، باران و بەفر و ڕەشەبا پێکەوە ، وایان لە جەمشیر کرد هەرچی جلی هەبوو لەبەری بکا ، دوو فانیلە ، سێ بلوس ، دوو چاکەت ، هێلەکێک ، دوو ملپێچ ، پاڵتۆیەک .. کڵاوێکی خوری و شەپقەیەکی چەرم بەسەریدا .. لەگەڵ گوێچکەوانێک .. دوو گۆرەی و دوو تراکسود لە ژێر پانتۆڵە قەیفە قاوەییەکەی..
کە تێرێزا له ڕێڕەوەکەدا ، لە دواوە بانگی کرد ، لەژێر کەڵەکەی جلدا نەیتوانی ئاوڕ بداتەوە ، ناچار سێ خاڵییەکی بۆ کرد و به گۆشەی 180 پێچی کردەوە ، کەچی تێرێزا هیچ پەیامێکی پێ نەبوو بۆی ، تەنها حەزی ئەکرد بانگی بکا ..زۆر جاری تریش به بێ ئیش بانگی کرد بوو ..
کە چووە هەیوانەکەوە ، هێرشی ڕەشەبا و بەفر و باران پاڵیان پێوە نا بۆ ژوورەوە ، بەڵام ئەم کۆڵی نەدا ، سەنگەری چۆڵ نەکرد ، به بیر و باوەڕێکی پتەوەوە دڕی به زریانەکە دا ..بەرەو سندوقی پێڵاوەکان ملی نا ، کردیەوە ، پشیلەیەک لەناو خانەی خوارەوە پاڵکەوتبوو ، چاوەکانی ئەبریسکانەوە ، جوڵەی لە خۆی بڕیبوو ، ئەمیش هەستێکی شانازیی زۆر گەورە لەناخیدا سەری کرد ، خەریک بوو لەو هەستەدا نوقووم ئەبوو ، بە هێواشیی بە پشیلەکەی ووت : بنوو ..بنوو .. بۆ خۆت بحەوێرەوە ، شانست هەبوو هاتیتە ناو سندوقی بەبەزەییترین خانەوادەی هەموو جیهان .. بە درێژایی هەموو چاخ و سەردەمەکان ، ماڵێکی وا میهرەبان نەبووە و نییە و نابێ .. بنوو ئازیزم ..!!
جا وەک سەرکردەیەک کە سەرجەم جەنگەکانی سەرکەوتوو بووبێ و لە دەروازەی شارەوە بەرەو پێشوازیی میللەتەکەی هەنگاو بنێ ، ئا بەو جۆرە لە پلیکانەکان هاتە خوارەوە ، سەرسمێکی دا ، خۆی بە دەسکی دەرگاکە گرتەوە ....
نیوەڕۆ ، بەفر و بارانەکەی خستبوو ، بەڵام ڕەشەباکە بەهێزتر بوو ، لە فەرمانگە هاتەوە ، پێڵاوەکانی خستە ناو سندوقی پێڵاو ، تەماشای کرد پشیلەکە هەر لە شوێنی خۆیدایە .. نوشتایەوە و بۆی ڕوانی ، بۆی دەرکەوت گیانی تێدا نەماوە ...ڕەق بۆتەوە .. هەوڵی داوە لە ژێر پێڵاوەکاندا گەرمیی و هەلێکی تر بۆ ژیان بدۆزێتەوە ، نەیدۆزیوەتەوە .. خۆی خشاندووە لە پێڵاوەکان ، مووی سک و ملی بە پێڵاوەکانەوە نوسا بوون ...
گریانێک قوڕگی گرت .. تۆ بڕوانە ، لەو هەموو کۆشک و باڵەخانە چۆڵەی ئەم ووڵاتە ، لە کاتێکدا گیانداران لە سەرماندا ڕەق ئەبنەوە .. نابێ لەو شەوە ساردانەدا دەرگا لە گیانداران بکەیتەوە ، نەک ماڵەکەت گڵاو بێ ..نەک پێت بڵێن شێت ..ئەمە چ بار و دۆخێکە ؟ لە کاتێکدا ئەم خۆی ، چەندین ژووری هەیە ، هیچ ئیشی پێیان نییە و ئاژەڵدۆستیشە ، نەئەکرا ئەم پشیلەیه بۆ ماوەی شەوێک لە یەکێک لەو ژوورانەدا میونداریی لێ بکرایه ؟؟
تێرێزا لە دەنگی گریانی ماندێلا هاتە هەیوانەکە : ( ئۆی ! نێڵسۆنی ئازیز .. بەسە بەس .. دڵت بەرەگە ناگرێ .. تکایە ! وا دیارە ئەو پشیلەیە خۆی لە بنەڕەتدا نەخۆش بووە یان کێ ناڵێ دەر و دراوسێ ژەهرخواردیان نەکردبێ ؟! ..)
کاتێکیش لەو بار و دۆخە سارد و سڕەدا ، بە ئەرکی مرۆڤایەتیی خۆیان هەستان و .. پشیلەکەیان خستە نایلۆنێک و لە قەراغی گەڕەکەکەیان ، لای تەنەکەی خۆڵێکدا دایاننا ، هەستی ئاژەڵدۆستیی ومرۆڤایەتیی لە ناخیاندا گەیشتە چڵەپۆپە .. ئەمانە ئیتر تا مانگێکی تر بۆ خزم و دۆست و تەنانەت نەناسیاوەکانیشیان باسی ئەوەیان ئەکرد چۆن چۆنی لەو ڕۆژە ساردەدا ، لەناو نایلۆنێکی تایبەتدا ، پشیلەکەیان پێچاوەتەوە و ..چەند بە سۆز و بەزەییەوە لای تەنەکەی خۆڵەکەوە ، فڕێیان داوە . ...هەروەها ئەمە لە نانەواخانەی سەر سوچەکەیش کە نانی جۆ و گەنمیش شەشی بە هەزار بوو ، باس ئەکرێ .. لای کۆکتێل فرۆشەکەیش .. لای ئەو پیاوەی کە هەموو شتێکی ئەکڕی ؛ ئاردی بایعی ..ماتۆڕی سووتاو .. قەنەفە .. پاسکیل