سەرۆکی میت و وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی تورکیا گەیشتنە بەغداد
  2024-03-14       318       

كەمێك پێش ئێستا وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەرۆكایەتی شاندێكی وڵاتەکەى گەیشتە عێراق و لەلایەن وەزیری دەرەوەی عێراقەوە پێشوازی لێكرا و بڕیارە لەبارەى چەند پرسێکى تایبەت بە هەردوولا گفتووگۆ بکەن.

میدیا عێراقییەكان هەواڵی گەیشتنی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندێكی یاوەری بۆ بەغدا بڵاو دەكەنەوە.

میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردەوە، كەمێك پێش ئێستا هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەرۆكایەتی شاندێكی باڵاى وڵاتەکەى گەیشتە بەغدا و لەلایەن فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەى عێراقەوە پێشوازی لێكرا.

ئاماژە بەوەشكراوە، شاندەكەی تورکیا پێكهاتوون لە هاكان فیدان وەزیری دەرەوە، یاشار گولەر وەزیری بەرگری، ئیبراهیم كاڵن سەرۆكی دەزگای میتی توركیا.

سەردانیکردنى ئەو بەرپرسە باڵایانەى تورکیا، بۆ بەشداریکردنە لە لوتکەی ئەمنیی نێوان عێراق و تورکیا، کە فوئاد حسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق میوانداریى دەکات و لەشارى بەغداد بەڕێوەدەچێت.

پێشتریش وەزارەتى بەرگریی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردبوو، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆى شاندى تورکیا و عێراق باس لە هەماهەنگى سەربازیى و ئەمنیی هەردوولا دەکرێت، تەوەرێکى دیکەش بەرەوپێشبردنى هەماهەنگییەکانی هەردوولایە "بۆ رووبەڕووبونەوەى پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان".

باس لەوەشکرابوو، بابەتێکی دیکەی لوتکەکە گفتوگۆکردنە لەبارەی پاراستنى ئاسایشى سنوورەکانى نێوان هەردوو وڵات، هەروەها باسی بابەتی وزەش دەکرێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×