جارێکى دیکە هاكان فیدان سەردانی عێراق دەكات
  2024-03-13       309       

بڕیارە سبەینێ وەزیری دەرەوەی  توركیا سەردانی بەغدای پایتەختى عێراق بکات، چەندین دیدار لەبارەى ئامادەكاریەکان بۆ سەردانەكەی ئەردۆغان، كە بریارە لە كۆتایی مانگی نیسان بێتە عێراق، ئەمەش لەكاتێكدایە،  توركیا ماوەی چەندین ساڵە پشكی ئاوی عێراقی کەمکردووەتەوە و سنوورەكان بۆردوومان دەكات.

ئاوێنە: میدیا عێراقییەكان لە بارەی وادەی سەردانی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ بەغدای پایتەختى عێراق زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.

كەناڵی “بەغداد یوم” بڵاوی كردەوە، سبەینێ هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا بە سەردانێكی فەرمی دەگاتە بەغدای پایتەختى عێراق.

دەشڵێن، لەکاتى گەیشتنى بە عێراق هاکان فیدان چەندین دیدار لەگەڵ بەرپرسانى بەغدا لەبارەى ئامادەكاریەکان بۆ سەردانەكەی ئەردۆغان، كە بریارە لە كۆتایی مانگی نیسان بێتە عێراق ئەنجام دەدات.

پێشتریش ئەحمەد یەڵدز، جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاندبوو، ئەردۆغان بەنیازە پێش كۆتایی مانگی نیسانى داهاتوو سەردانی عێراق بكات.

سەرچاوە میدیاییەكان پێشتر باسیان لەوە كردبوو، گفتووگۆی چڕ لە نێوان عێراق و توركیادا هەیە بە مەبەستى گفتوگۆو كردن لەسەر چەندین دۆسێیە دیارترینیان دۆسێیەی ئاو و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×