گێرتروود بێڵ: ئەو کوردانەی دێنەلام هه‌ر یه‌كه‌یان به ئه‌ندازه‌ى ڕقى له شه‌یتان ڕقیه له‌ویتر، كه‌واته ئیتر چۆن ده‌توانین ده‌وڵه‌تێكی كوردی دامه‌زرێنین؟!
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق
٨ی تشرینى یه‌كه‌می 1922
... ڕاوێژێكی تر له‌گه‌ڵ مه‌لیك سه‌رله‌نوێ هاتنی مێجه‌ر نۆئێڵ بوو له سلێمانییه‌وه و ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد كه بارودۆخ له‌وێ له‌ده‌ستمان ده‌رچووه. چونکە شێخ مه‌حموود ده‌یه‌وێت ببێته مه‌لیك له كوردستانێكی یه‌كگرتوودا، ئه‌گه‌ر ئه‌م كوردستانه به مه‌لیكی بوونی ڕازی بێت یان نه. به‌ڕێكه‌وتیش زانیمان كه‌وا به‌شێكی گه‌وره‌ی ڕهعییهتهكهی داهاتووی به هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌ویان نه‌ده‌ویست.
دوێنێ مێجه‌ر نۆئێڵ نانی نیوه‌ڕۆی له‌گه‌ڵم خوارد و پاشان به شه‌ودا گه‌ڕایه‌وه بۆ سلێمانی. ئه‌م ئه‌فسه‌ره باسی بارودۆخێكی زۆر مه‌ترسیداری بۆكردم كه هه‌موو شه‌وێك سه‌ركێشانه ژیانی ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه. ئه‌و له ژووره‌كه‌ی مندا ده‌هات و ده‌چوو و دیمه‌نی وای باس ده‌كرد كه جێی باوه‌ڕ نه‌بوو و نه‌ده‌چووه ئه‌قڵه‌وه. هه‌ڵچوونی خه‌ڵك هه‌موویان به دڵـگهرمییهكی نیشتمانپه‌روه‌رانه‌وه بۆ پێشوازی كردنی جه‌رده و ڕێگرێكی نه‌زان و نه‌خوێنده‌وار كه شێخ مه‌حمووده و له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا ئاڵاى نیشتمانیى ده‌شه‌كایه‌وه و سروودى نه‌ته‌وه‌یى و نیشتمانى دنیاى پڕكردبوو. لێره‌دا مێجه‌ر نۆئێڵ مه‌دالیایه‌كى نیوهمانگى ئاڵتوونى له گیرفان ده‌رهێنا و وتى "ئه‌مه‌ش باجى كوردییه و له بازاڕ دروستیان كردووه و ئه‌م دانه‌یه‌شیان داوه به من بۆ پارێزگارى". ئه‌و به ئۆتۆمبێل له نزیكى سه‌د یارده‌وه به لاى ئه‌و سه‌رۆك هۆزه‌دا گوزه‌رى كردووه كه دوو كاپتنه‌كه‌ى ئێمه‌ى كوشت و ئێستا ناحه‌ز و ڕكابه‌رى سه‌رسه‌ختى شێخ مه‌حمووده. من باوه‌ڕم نییە ئه‌م مه‌دالیا ئاڵتوونه یارمه‌تیى بدایه و بیپاراستایه ئه‌گه‌ر بهاتایه و كه‌ریمى فه‌تاح به‌گ له‌سه‌رپێ بوایه، چونکە ئه‌م له نیوه‌شه‌ودا به‌وێدا تێپه‌ڕیوه. دواجار ئه‌و خه‌ڵكه مه‌زبه‌ته‌یه‌كیان به مێجه‌ر نۆئێڵدا ناردووه بۆ خاوه‌ن شكۆ (كۆمیسیاری باڵا) و تێیدا داواكارن و دهستهودامێنمان بوون كه‌وا پارێزگاری‌یان لێبكه‌ین و هه‌موو خه‌رج و مه‌سره‌فێكیشیان دابین بكه‌ین و له هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌وان به كه‌یف و خوایشتی خۆیان هێزه‌كانی ئیمپراتۆری به‌كاربێنن و پاره‌ش به‌فیڕۆ بده‌ن. به‌ڵێ ئه‌وان ده‌وڵه‌تى كوردی‌یان ده‌وێ و ده‌خوازن به‌ریتانیا پارێزگاری‌یان لێبكات به‌ڵام ماندێتیش (ئینتیداب - و) ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه. عه‌بدولكه‌ریمى قادركه‌ره‌م كه یه‌كێك بوو له خزمه‌كانى شێخ مه‌حموود و ناوبژیى نێوانمانى ده‌كرد، پرسیبووى "باشه ماندێت چییه؟"، كاتێ كه مێجه‌ر نۆئێڵ بۆى باس كردبوو ئه‌میش هاوارى كردبوو و گوتبووى "خۆ ڕێك ئه‌وه‌یه كه ئێمه ده‌مانه‌وێت، به‌ڵام وشه‌ى ماندێت ڕه‌تده‌كرێته‌وه چوونکە ناوبانگێكى باشى نییە لاى خه‌ڵك". تۆ بیهێنه به‌رچاوى خۆت ئه‌م تێكه‌ڵ و پێكهڵییهى چوارده خاڵه كه‌وا كۆمه‌ڵه‌ى گه‌لان ده‌ریكردووه بۆ دوورترین قوژبنى دنیا و ئه‌م دڕنده‌یى و كێوى خانه‌یه (دیارە مەبەست چواردە خاڵەکەی ویڵسنی سەرۆکی ئەمریکا بووە نەک کۆمەڵەی گەلان یان عصبة الأمم - و). دواتر ئه‌ویش گه‌ڕایه‌وه بۆ لایان و له‌گه‌ڵ كۆپییه‌كی لائیحه‌ی په‌یماننامه‌ی له‌گه‌ڵ عێراق بردبوو بۆ ئه‌وه‌ی پێیان بڵێ ئه‌مه ئه‌و شته‌یه كه ده‌كرێ پێتان ببه‌خشین و ده‌توانن وه‌ریبگرن یان بیده‌نه دواوه و ده‌ترسم ئه‌مه نائومێدمان بكات.
مێجه‌ر نۆئێڵ له‌و جۆره كه‌سانه‌یه كه‌وا ده‌ست و پێوه‌ندی ناوخۆی هه‌یه و دڵسۆزترین خه‌ڵكن بۆی و له‌پێناویدا خۆیان به‌خت ده‌كه‌ن. ئه‌و كه‌سانه ته‌واوی واته‌وات و دهنگوباسی بازاڕی سلێمانیی بۆ دێنن و هه‌ر له ڕێگەی ئه‌وانیشه‌وه ئه‌و ده‌نگۆیانه بڵاو ده‌كاته‌وه كه خۆی مه‌به‌ستێتی خه‌ڵك باوه‌ڕی پێبكه‌ن. بۆ نموونه، ئه‌وه‌ی پێگه‌یشتووه‌ته‌وه كه سلێمانی پیرۆزبایی له خۆی ده‌كات كه‌وا پیاوێكی ئینگلیزی وه‌ك ئه‌وی تێدایه، چوونکە ئه‌گه‌ر كار ئاڵۆزیی تێكه‌وت و ئێمه بیرمان له‌وه كرده‌وه شاره‌كه بۆردمان بكه‌ین ئه‌وه ده‌توانن ئه‌و به بارمته بگرن. له‌به‌ر ئه‌وه له ناو خه‌ڵكدا وای بڵاوكردووه‌ته‌وه گوایە سازشی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی خاوه‌ن شكۆی به‌ریتانیادا كردووه كه‌وا ئه‌گه‌ر شتێكی ناله‌بار ڕوویدا له دۆخه‌كه‌دا با پشتگوێی بخه‌ن و بایه‌خی پێنه‌ده‌ن به‌ڵام ئه‌گه‌ر گیانی له‌ده‌ستدا ئه‌وه ده‌بێ بڕی ده هه‌زار پاوه‌ن بده‌نه كه‌سوكاری. به‌م ڕەنگە خه‌ڵكه‌كه وازیان هێنا له‌وه‌ی به بارمته بیگرن و بیكه‌نه قه‌ڵغانی پارێزگاری له بۆردمان كردن.
٢٤ى تشرینى یه‌كه‌مى 1922
... یه‌كشه‌ممه وه‌ك هه‌فتانه خووم پێوه گرتووه پێش قاوه‌ڵتیی به‌یانی و پێش ئه‌وه‌ی بچمه سه‌ر ده‌وامه‌كه‌م كه له زستاندا كاتژمێر هه‌شت و نیو ده‌ست پێده‌كات، به ئه‌سپسواری پیاسه‌یه‌كم كرد. پێداچوونهوهیهكم نووسیوه بۆ كتێبه تازه‌كه‌ی دوكتۆر ویگرام "كوردستان لانكه‌ی مرۆڤایه‌تی". دوێنێ له ماڵه‌كه‌ی من ئاهه‌نگێكی نانخواردنی ئێواره‌مان ساز كرد به ئاماده‌بوونی مسته‌ر داڤیدسن، كاپتن كڵه‌یتن، مسته‌ر كۆرنوالیس و خۆم. داماوه مسته‌ر كۆرنوالیس تووشی نه‌خۆشییه‌كی سه‌ختی له‌رزوتا بوو و ماوه‌ی دوو هه‌فته له جێگه‌دا خستی.
ڕۆژێكیان له‌م هه‌فته‌یه‌دا خێزانه‌كه‌ی ساڵح به‌گ سه‌ردانێكی كردم بۆ چای خواردنه‌وه و دوو كوڕی بچووكی خۆی له‌گه‌ڵدا بوو، له كاتێكدا كه منداڵان له باخچه‌كه‌دا یارییان له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵ و باڵداره ماڵییه‌كاندا ده‌كرد وه‌ك (سه‌گ و سوێسكه و قاز و كۆتره‌كان) و ئه‌ویش چیرۆك و به‌سه‌رهاتی سه‌یری ژیانی خۆیی بۆ ده‌گێڕامه‌وه و له نێو ئه‌و به سه‌رهاتانه‌دا (1) له ته‌مه‌نی حه‌ڤده ساڵیدا له ئه‌سته‌مبووڵ له‌لایه‌ن كۆمیته‌ی ئیتیحاد و ته‌ره‌قییه‌وه ده‌گیرێت و ده‌خرێته زیندانه‌وه، له‌به‌ر دابه‌شكردنی ڕۆژنامه‌ی "مهشرووتیەت"، كه ڕۆژنامه‌یه‌كی لیبراڵ بووه و شه‌ریف پاشای باوكی له پاریس ده‌ریده‌كرد. پاشان له‌لایه‌ن سه‌عید حه‌لیم پاشای خاڵۆیه‌وه ڕزگار ده‌كرێت و به هۆى پۆسته‌ی "ئۆریانت ئێكسپرێسهوه" ده‌نێردرێته پاریس بۆ لای باوكی. (2) له ساڵی 1913دا له ئەپارتمانەكهیاندا له پاریس به‌ره‌نگاری كابرایه‌كی زل و كه‌ته‌ی ئه‌لبانی بوونه‌ته‌وه كه له‌لایه‌ن ئیتیحاد و ته‌ره‌قییه‌وه بۆ كوشتنی شه‌ریف پاشا ناردوویانه و پاشان چۆن بینیوێتی ئه‌لبانییه‌كه له‌لایه‌ن ساڵح به‌گی ئامۆزا و مێردیه‌وه كوژراوه. ئه‌م خانمه له سه‌رى دایكیه‌وه نه‌وه‌ی محه‌مه‌د عه‌لیی میسره و هه‌موو ئه‌م چه‌رمه‌سه‌ری و به‌سه‌رهاته‌ی ژیانی به شتێكی ئاسایی ده‌زانێ و ژنێكی تا بڵێى جوانه و خوێندنی باڵای ته‌واو كردووه و له پاش ڕووخانی ئیتیحاد و ته‌ره‌قی بووه به ناسیۆنالیستێكی توركی په‌ڕگر. به‌ڵام من به شه‌خسی باوه‌ڕ ناكه‌م توركیا هیچ ده‌رفه‌ت و ئاسۆیه‌كی هه‌بێت و مسته‌فا كه‌مال، ئه‌و سه‌ربازه‌ی به‌خت بووه به یاوه‌ری، پێده‌چێت وه‌ك دكتاتۆرێكی سه‌ربازی سه‌ربكه‌وێت و سه‌رپێ بكه‌وێت له‌گه‌ڵ ده‌سته و تاقمێكی خۆی له ئه‌فسه‌رانی برسی و دڕنده.
دوێنێ نانی شێوانم له‌گه‌ڵ مسته‌ر كۆرنوالیس و خانه‌واده‌ی ساڵح به‌گدا خوارد.
... له‌ملاشه‌وه ده‌بێ ئه‌وه بڵێم من باوه‌ڕ به چیرۆكه‌كه‌ی دۆمنوڵ ناكه‌م كه‌وا دڵنیایی دراوه‌ته فه‌ره‌نسا گوایه ئێمه مووسڵ ده‌گێڕینه‌وه بۆ توركه‌كان و هه‌موو به‌ڵـگه‌كان كه ئێمه هه‌مانه (ئێمه‌ش له ناوخۆداین) به‌ڵـگه و سه‌لماندنی پێچه‌وانه‌ن، له ماوه‌ی مانگی ڕابوردوودا، به هۆى كاری چالاكی فڕۆكه‌وه، ناوچه كوردییه سنوورییه‌كانمان له توركه‌كان پاككرده‌وه و له مه‌لیكه‌وه بۆ خواره‌وه هه‌موو ده‌زانین و له وڵاتیش (واته به‌ریتانیا - و) هه‌ر ده‌زانن كه‌وا ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی نایه‌ته بوون به بێ ناوچه‌كانی باكوور. به‌غداش زۆر له نزیكه‌وه پشتی به مووسڵ به‌ستووه و بێ مووسڵ په‌یماننامه‌كه بێ‌نرخ ده‌بێت. با ئه‌وه‌ش بزانین كه ڕاده‌ستكردنی هه‌ر شوێنێك به تورك به واتای كوشتاری به‌كۆمه‌ڵ دێت بۆ كۆمه‌ڵـگه‌ی كریستیان و ئاخۆ له‌بیرته كه به گونده‌كانی كریستیاندا گوزه‌رمان كرد له ڕێگەماندا به‌ره‌و هه‌ولێر و دواى له‌ناوبردنی ئاسوورییه گه‌ڕاوه‌كانی بۆ وڵاتی خۆیان (بڕوانه پێداچوونه‌وه‌كه‌ی سه‌رده‌م) كه ئه‌م شتانه ده‌بێته بێڕێزی پێكردنی هه‌تاهه‌تاییمان له ئاسیادا. عیسمه‌ت پاشا دڵنیاكردنهوهیهكی تایبه‌تی داوینه‌تێ (كه ئه‌مه‌یان ئه‌وپه‌ڕی نهێنییه) گوایە كه‌مالییه‌كان به‌نیاز نین داوای گێڕانه‌وه‌ی خاكی عێراق بكه‌ن و پێموایه زانیارییه‌كانی من له هى دۆمنوڵ باشتره.
كاپتن كڵه‌یتن و نووری پاشا و من له نانخواردنی نیوه‌ڕۆ له ماڵه‌كه‌مدا پێشنیازێكی پرشنگدارمان گه‌ڵاڵه كرد كه‌وا پێویسته ڕێگە به عێراق بدرێ نوێنه‌ری خۆی بنێرێته كۆنگره‌ی ئاشتی (كه ئه‌مه‌ش ئه‌وپه‌ڕی نهێنییه) و هه‌ر ئه‌م دواینیوهڕۆیهش پێشنیازمان كرد بۆ مه‌لیك و له‌خۆشیاندا ڕاچڵه‌كی و داواكارییه‌كه به شێوه‌یه‌كی ڕەسمی ڕه‌وانه‌ی وڵات كرا و (واته به‌ریتانیا - و) ئه‌گه‌ر ئه‌مه ڕەزامهندیی له سه‌ر درا ئه‌وه یه‌كێتیی خاكى عێراق ده‌پارێزن.
ئێستا وا په‌یماننامه‌كه مۆركرا و مه‌لیك چووه‌ته ده‌ره‌وه بۆ داكۆكی كردن له هه‌ر دێڕێكی له‌به‌رانبه‌ر ساده‌ترین ده‌م هه‌ڵهێنانه‌وه بۆ ڕه‌خنه لێگرتنی. جاڕدانی له‌لایه‌ن خۆیه‌وه و برووسکەكهی بۆ مه‌لیك جۆرج به وردی حاڵه‌تی دەروونیی ئه‌و ده‌رده‌بڕێت. ئیراده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن ده‌ركرا و تۆمار كردنی ده‌نگده‌ران ده‌ستی پێكردووه له‌م هه‌فته‌یه‌دا و نزیكه‌ی شه‌ش هه‌فته ده‌خایه‌نێت و مه‌لیك بڕیاریداوه و سووره له سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌نجومه‌نێكی نوێنه‌رانی وا هه‌ڵده‌بژێرێت كه ڕەزامهندیی له سه‌ر په‌یماننامه‌كه ده‌ربڕێت و پێموایه جێبه‌جێ ده‌بێت.
١ی تشرینى دووه‌می 1922
... هێشتا هه‌ر ئه‌و ئۆپرا گاڵته‌جاڕییه به‌رده‌وامه له كاركردن له سلێمانیدا، كه شێخ مه‌حموود نمایشی ده‌كات، به‌ڵام به‌ڵـگه‌كان وا ده‌گه‌یه‌نن كه له‌وانه‌یه به‌م زوانه بكشێنه‌وه. به‌م دواییه شێخ مه‌حموود وه‌زاره‌تێكی دامه‌زراندووه كه له نۆ وه‌زیر و فه‌رمانده‌یه‌كی گشتی و پشكنه‌رێكی گشتی بۆ كوردستان پێكدێت. سه‌رنجم دا كه وه‌زاره‌تی داد هێشتا پڕ نه‌كراوه‌ته‌وه و ئه‌وان هه‌موو ئه‌و چوار لاك و نیو ڕوپیه‌یان خه‌رج كردووه كه له گه‌نجینه‌دا به‌جێمانهێشت (ئەو دەمە یەک لاک یان لاخ سەد هەزار ڕوپێ بووە - و) و كه‌س نییە ته‌نانه‌ت خه‌ونیش به كۆكردنه‌وه‌ی باجه‌وه ببینێت!
له‌و ماوه‌یه‌دا سمكۆ بۆ لای ئێمه هه‌ڵات له‌گه‌ڵ سه‌ید ته‌های پاشكۆیدا، پاش شه‌ڕ و شۆڕێكی خوێناوی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا کە به ناوی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌وه بەرپابوو و ئێرانییه‌كان شكستیان پێهێنا و ئه‌میش خۆی گه‌یانده لاى ئێمه بۆ هه‌ولێر. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سمكۆ کێشە و ئاڵۆزییه‌كی دیپلۆماتیك و په‌یوه‌ندیى نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌رپا ده‌كردین بۆیه پێیڕاگه‌یه‌نرا كه له ئێستادا نه‌یه‌ته ناو هه‌ولێره‌وه و له دووریی چه‌ند میلێك له‌وێ بمێنێته‌وه. به‌ڵام ئه‌مان ئاماده‌ن دژ به توركه‌كان بجه‌نگن له‌سه‌ر سنوورمان - چوونکە وه‌ك ئه‌وان ده‌ڵێن گوایه توركه‌كان ده‌سدرێژییان كردووه‌ته سه‌ر ئازادیی كوردستانی سه‌ربه‌خۆ! پێموانییە سمكۆ به چاوی سۆز و پشتگیرییه‌وه بڕوانێته داخوازییه‌كانی شێخ مه‌حموود و ئه‌گه‌ر لێبگه‌ڕێین كاره‌كان ڕێگەی خۆیان بگرن ئه‌وه ڕەنگە چه‌قۆیه‌ك یان دوان ڕێگەی خۆیان بدۆزنه‌وه بۆی و من به هێمنی و به وردی ده‌ڕوانمه ئه‌م ئه‌گه‌ره.
ئێستا وه‌فدێكی كورد به‌ڕێوه‌یه بۆ گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به كێشه‌ی كورد له‌گه‌ڵ خاوه‌ن فه‌خامه‌ت كۆمیسیاری باڵا و خاوه‌ن شكۆ جه‌لاله‌تی مه‌لیك (واتە پێرسی کۆکسی مەندووبی سامی و شا فەیسەڵی یەکەم - و). شه‌مه‌نده‌فه‌ر وه‌فده‌كه‌ی به‌جێهێشتووه وه‌ك زۆر جار ڕووده‌دات، به‌ڵام ڕەنگە سبه‌ینێ بگەن. بێگومان ئه‌گه‌ر توركه‌كان نه‌بن ئه‌وه مه‌سه‌له‌ى كورد شتێك نییە له نوكته‌یه‌كى گه‌وره به‌ولاوه و ئێمه بۆردمانى خه‌ستى توركه‌كانمان كردووه، به‌ڵام ئه‌وان له باكوور كۆبوونه‌ته‌وه و بۆیه پێموایه ساڵ زۆر درەنگە بۆ جموجووڵێكى ڕاسته‌قینه و كرده‌یى له چیاكاندا.
٢ی تشرینى دووه‌مى 1922
… وه‌فده كوردییه‌كه گه‌یشت و له چوارده كه‌س پێكهاتوون له‌گه‌ڵ یاوه‌رانیان و هه‌موویان چه‌كدارن. ئه‌مانه له ئوتێلێكی بچووك دابه‌زیون پاش ئه‌وه‌ی میوانه‌كانی تریان ده‌ركردووه و پاشان خاوه‌نی ئۆتێله‌كه‌ش له‌ترسا ڕایكردووه و له ژێرزه‌مینه‌كه‌دا خۆی شاردووه‌ته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مێجه‌ر نۆئێڵ ده‌ڵێ كه‌وا ڕا و بۆچوونی به‌جێیان پێیه و ئێواره ڕوونی ده‌كه‌نه‌وه بۆ سێر پێرسى.
١٠ى تشرینى دووه‌مى 1922
... ڕۆژی 6ی ئه‌م مانگه له‌گه‌ڵ كاپتن فڵاكسمان چووینه خواره‌وه بۆ سه‌رای و سه‌ردانی ڕه‌شید به‌گی موتهسهڕیفمان كرد، كه دۆستی منیشه و یه‌كێكه له‌و كۆمه‌ڵه عه‌ره‌به گه‌نجانه‌ی هه‌ست ده‌كه‌ن كه‌نار خراون له‌و كاته‌وه كه سێر پێرسى له مانگی ئابه‌وه كرده‌وه چالاكه‌كانی چێكردووه و زۆر به تایبه‌تیش و بێ لێبواردن پیاوماقووڵان لێره میانڕه‌ون و به گشتی سیاسه‌ته‌كانیان به‌دڵ نییە. ئه‌و هه‌رگیز نكووڵیی نه‌كردووه له پشتگیری كردنی په‌یماننامه‌كه به‌وپه‌ڕی دڵـگهرمییهوه، سه‌رباری فه‌رمانه‌كانی مه‌لیك و به هه‌ندێ دوور و درێژی باسی ئه‌وه‌ی بۆكردم كه چۆن ناسیۆنالیسته عەرەبەكان (بۆ نموونه پهڕگرهكانیان) هه‌ندێ به‌ڵـگه‌یان ده‌ویست بۆ پیشاندانی ئه‌وه‌ی كه به ڕاستی حكوومه‌تێكی عه‌ره‌بیی سه‌ربه‌خۆ له گۆڕێدایه. ئه‌و هیچ بهڵـگهیهكى تایبه‌ت نه‌كرد به‌و مه‌سه‌له‌یه به‌ڵام من وایبۆچووم ئه‌و مه‌به‌ستی یان گۆڕینێك بوو له كابینه‌ی وه‌زاریدا یان گێڕانه‌وه‌ى دوورخراوه‌كان بوو، كه ئه‌مه‌ی دواییان مه‌حاڵه و هه‌روه‌ها ناڕه‌زایی له سه‌ر ئه‌وه ده‌رده‌برێ كه ناتوانێ به‌ره‌نگاریی واته‌واتی توركیا بێته‌وه. له‌ولاشه‌وه میانڕه‌وه‌كان به ڕابه‌رایه‌تیی قازیی دۆستی من پێده‌چوو زیاد له ئامادەبن بۆ گێڕانه‌وه‌ی په‌یماننامه‌كه و دژ وه‌ستانه‌وه‌ی خۆیان بۆ توركه‌كان ڕاده‌گه‌یه‌نن ئه‌گه‌ر هه‌ر دڵنیاییه‌ك وه‌ربگرن كه ئێمه نامانه‌وێ ئه‌وان به‌جێبێڵین بۆ كه‌مالییه‌كان. هه‌رچۆنێك بێت ڕه‌شید به‌گ زۆر سه‌رقاڵ بوو به‌و هه‌واڵه‌ی له زاخۆوه گه‌یشتبوو، كه ده‌كه‌وێته ئه‌وپه‌ڕی سنووری باكووره‌وه و ڕۆژی پێشتر قایمقام گه‌لێ برووسکەی مه‌ترسیداری ناردبوو كه‌وا هێرشێكی تورك و خێڵه‌كان له ئان و ساتدایه و ئه‌گه‌ر ده‌سبه‌جێ سه‌رباز نه‌نێرن ئه‌وه تكا ده‌كات ده‌ست له كاركێشانه‌وه‌ی قبووڵ بكرێت. ئێمه زۆر هه‌ستمان به نیگه‌رانی نه‌كرد چوونکە ده‌مانزانی كه‌وا كۆڵۆنێڵ دۆبنی پشكنه‌ری گشتیی نوێى لێڤی دوێنێ ئێواره گه‌یشتووه‌ته زاخۆ و ئه‌گه‌ر هه‌ر شتێكى مه‌ترسیدار له‌ئارادا بێت ئه‌وه برووسکەمان بۆ ده‌نێرێت. هه‌رچۆنێك بێت مێجه‌ر موڕه‌ی، مێجه‌ر ویڵسن، كاپتن سڵه‌یته‌ر و من بڕیارماندا یه‌كه‌ی زرێپۆشمان و چه‌ند هێزێكی تر بنێرین بۆ پشتیوانی كردنی قایمقام.
١٩ى تشرینى دووه‌مى 1922
... له 7ی ئه‌م مانگه‌دا گه‌شته‌كه‌مان ده‌ست پێكرد (له زاخۆ - و)، من و مێجه‌ر ویڵسن و مێجه‌ر موڕه‌ی له ئۆتۆمبێلێكدا بووین و كاپتن سڵەیتهر شۆفێریی ده‌كرد، زه‌یاش به جانتا و كهلوپهلهكانمانهوه شوێنمان كه‌وتبوو. بێگومان ڕۆژێكی خۆش بوو، تاقمه‌كه‌ی ئێمه‌ش ئاسووده بووین. له پاش یه‌ك دوو كاتژمێر گه‌یشتینه كۆڵۆنێڵ دۆبن، مسته‌ر ڕێنتن، كۆڵۆنێڵ بێنتینگ و پاسه‌وانێك و ڕێپیشانده‌رێك. بۆ بێبه‌ختی كۆڵۆنێڵ دۆبن هه‌واڵێكی ناخۆشی پێ‌بوو كه شه‌ڕ وه‌ستاوه و توركه‌كان بڕیاریانداوه كه‌وا خێڵه‌كان له هه‌ر كاتێكدا بێت هێرش بكه‌ن و دڵنیابوو كه‌وا هۆزه‌كان دوودڵن و بێ فشاری زۆر ناجووڵێن. به‌م ڕەنگە ئێمه به‌رده‌وام بووین له ڕۆیشتن و گه‌یشتینه ڕێگای زاخۆ كه‌وا من به سواریی ئه‌سپ ساڵی 1909 پێیدا تێپه‌ڕیوم كه زنجیره‌یه‌كی دوور و درێژ گرد و شاخ بوو لای ڕاستمانه‌وه دوای ئه‌وه كوت‌وپڕ پێچده‌كاته‌وه بۆ دۆڵی زاخۆ. یاڵه‌كان به ده‌وه‌نی به‌ڕوو داپۆشرابوون و له كۆتایی دۆڵه‌كه‌وه چه‌می خابوور به‌رچاو ده‌كه‌وت و له پشتیه‌وه لووتكه و به‌رزاییه‌كانی چیاكانی كورد چاو ده‌كران. لێره دانیشتین و نانی نیوه‌ڕۆمان خوارد و تاقمێك پۆلیس كه قایمقام ناردبوونی بۆ چاودێریی كردنی دۆڵ و ڕاڕه‌وی زاخۆ له كاتی گه‌شته‌كه‌ماندا ئاگاداری‌یان ده‌كردین. كه‌مێك ئهوخوارتریش قایمقام خۆی و داود به‌گ و عەبدوڵڵا ئاغای سه‌رۆكی هۆزێكی كوردی ئه‌و ناوچه‌یه له‌گه‌ڵ یاوه‌رێكی به‌هێزی چاودێرییان ده‌كردین. من له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رۆك هۆزه له به‌غدا ئاشناییم په‌یدا كردبوو ئه‌و كاته‌ی كه هاتبوو بۆ رێوڕه‌سمی تاج له‌سه‌رنان.
زاخۆ ده‌كه‌وێته دوورگه‌یه‌كه‌وه كه به لقێكی ڕووباری خابوور ده‌وردراوه و ئێمه وه‌ستابووین و ده‌مه‌ته‌قێمان ده‌كرد له سه‌ر دیواری قه‌ڵا كۆنه‌كه‌ی ده‌ڕوانێته سه‌ر ڕووباره‌كه‌دا و دواتر له‌گه‌ڵ مێجه‌ر ویڵسن چووین بۆ بینینی ئه‌و پرده هه‌ڵواسراوه‌ی كه دروستی كردبوو.
دواجار له‌گه‌ڵ قایمقام ڕۆیشتین بۆ چای خواردنه‌وه و له‌وێ سه‌رۆك شاره‌وانی بردینییە لای ئاغایه‌كی خه‌ڵكی شڕنا‌خ و تاقمێك سه‌رۆك هۆز كه له‌و شاخه به‌رزانه‌ی ئه‌ودیوی خابووره‌وه هاتبوون كه‌وا توركه‌كان لێیه‌وه سه‌ره‌وكاریی جموجووڵ ده‌كه‌ن دژ به عێراق. ئاغاكه ژنبرای سه‌رۆك شاره‌وانی بوو و من خۆشمده‌ویست و ئه‌ویش ته‌ماشای ناوچه‌وانی ده‌كردیت و به توندی ده‌ستی ده‌گوشیت له ته‌وقه‌كردندا. چیرۆكی ئه‌م پیاوه به‌م جۆره بوو: توركه‌كان به هه‌موو شێوه‌یه‌ك فشاریان خستبووه سه‌ر كه‌وا له پێش كۆنگره‌ی لوزاندا هێرش بكاته سه‌ر زاخۆ. ئاغاكانی شڕناخیش به‌رهه‌ڵستیی ئه‌وه‌یان ده‌كرد چوونکە خه‌ڵكی زاخۆ دۆست و خزمیان بوون و حه‌زیان نه‌ده‌كرد زیانیان پێبگه‌یه‌نن. به‌ڵام توركه‌كان ڕازی نه‌بوون و پێیانگوتن ئێوه ده‌بێ یه‌كه‌مجار بڕۆن و دڵنیابن ئێمه‌ش به دواتاندا دێین، تۆ ته‌ماشای ئه‌م گه‌مه‌یه بكه. جووله‌كه ده‌بێ وا بنوێنێت كه‌وا پرۆتێست و ناڕه‌زاییه دژ به زوڵم و سته‌می بهریتانییەكان. ئه‌ی توركه‌كان چیبكه‌ن؟ ئه‌وانیش په‌یڕه‌ویی داب و نه‌ریتی سه‌رده‌میانه ده‌كه‌ن و ده‌كه‌ونه كاره‌كه‌وه بۆ "گێڕانه‌وه‌ی ئاسایش و ئارامی". من سێر پێرسیم ئاگادار كرده‌وه ئێمه نابێ ڕێگە به فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌ی توركه‌كان بدەین كه بۆ قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان پیلان بگێڕن و ده‌ردی په‌نده‌كه ده‌ڵێ "سه‌ری بۆ من و كلكی بۆ تۆ" ئه‌وان گره‌و ببه‌نه‌وه و پێویستیشه په‌یامێك بده‌ینه خالید ئاغا و خزمه‌كانی شڕناخی و ڕوونی بكه‌ینه‌وه كه‌وا ئێمه نامانه‌وێت به هیچ جۆرێ ئازاریان بده‌ین ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئازاری زاخۆ نه‌ده‌ن. به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌شیان پێڕابگه‌یه‌نین كه ئه‌گه‌ر هاتن ئه‌وه باشترین به‌خێرهاتنی ئێمه به شێوه‌یه‌ك ده‌بێت هه‌رگیز نه‌یانبینیبێت. هەڵبەت ناوبانگی تۆپه‌كانی ئێمه‌یان بیستووه و هێزی لێڤی ئاماده‌یه و ئه‌و فڕۆكانه‌ش كه پشتیوانی‌یان ده‌كه‌ن به‌شی ئه‌وه ده‌كه‌ن به‌ری تیشكی ڕۆژیان لێ‌بگرن. بۆ نزیكی خۆرئاوا گه‌یشتینه سه‌ربازگه‌ی لێڤی كه ده‌كه‌وته لاپاڵی چیاكانه‌وه و ئاڵای به‌ریتانیای به سه‌ره‌وه ده‌شه‌كایه‌وه. لێڤییهكان هێزێكی ئیمپراتۆرین و بریتین له 350 ئاسووری و زۆر له‌وه ده‌چێ تۆ له باقووبه كاتى خۆى ئه‌مانه‌ت بینیبێت (واته باوكی - و) و ئێمه له كوشتن ڕزگارمان كردن و ئێستا پاسه‌وانیی له دوا پێگه‌ی دووری ئێمه ده‌كه‌ن. پاشان هه‌ر كه چووینه سه‌ربازگه‌كه‌وه ئه‌وان به ڕێزه‌وه هاتن بۆ سڵاو لێكردنمان، به جلی خاكی و شۆرته‌وه كه جوانترین لاقی خه‌ڵكی شاخاوی ده‌رده‌خست، به شه‌بقه‌ی پانوپۆڕ و په‌ڕی سپی یان جه‌رگیی پێوه و ئه‌وان بۆ هه‌موو دنیا وه‌ك گورگه‌ی قه‌باره گه‌وره ده‌رده‌كه‌وتن (سیك و گورگه دوو گرووپى ئیتنیكیی هندى و نیپاڵین و كاتی خۆی له سوپای به‌ریتانیدا ڕۆڵی به‌رچاویان بووه - وه‌رگێڕ)، هەڵبەت ئه‌مانه له شه‌ڕ و نه‌به‌ردیدا قه‌ت قه‌ت پله نزم و ئایه‌خ نه‌بوون و ئه‌وان ژن و منداڵه‌كانیان له‌گه‌ڵ خۆیان بوون و هه‌موو له زنج و كۆڵیتی باش دروستكراودا ده‌ژیان و هه‌ر چوار خێزان و له خانووچكهیهكدا. ئه‌وان گوێی ناده‌نێ و خواردنیان باشتره له‌وه‌ی كه له نێو چیا سهختهكانیاندا گوزه‌رانیان ده‌كرد و منداڵه‌كانیشیان ده‌ڕۆن بۆ قوتابخانه و فێری ئینگلیزی ده‌بن. پیاوه‌كانیان تفه‌نگی چاكیان پێیه و مه‌شقیان پێكراوه بۆ شه‌ڕكردنی تورك و كورد، ئه‌گه‌ر پێویست بكات و ئه‌مان زیاد له هه‌ر خه‌ڵقنده‌یه‌كی بنیاده‌م گه‌وره‌ترین مه‌راقیان شه‌ڕكردنه.
پاشان ئێمه به‌په‌له چووینه سه‌ر ئه‌و لووتكهیهی ئاڵاكه‌ی لێ چهسپكرابوو بۆ ته‌ماشا كردنی خۆرئاوا بوون. له‌وێ، له دامێنی دۆڵی خابووره‌وه و له‌و شوێنه‌دا كه ئاوی خازری تێده‌ڕژێت، توانیمان ئاخر بنكه‌ی پۆلیسی خۆمان ببینین و له‌وبه‌ری خازره‌وه یه‌كه‌م خانووی پاسه‌وانیی توركیا ببینین و زۆر لێكترهوه نزیكبووین.
... له گه‌ڕانه‌وه‌ماندا به لای گوندی دهۆكدا پێچمانكردهوه (ئەو دەمە دهۆک قەزا و شارۆچکەیەکی بچووک بووە - و) و له شیوه‌كه‌دا ڕەتڵێكی ئاسووریمان بینی له ئامێدییه‌وه ده‌هات و به لاپاڵی چیاكاندا داده‌گه‌ڕا. ئه‌مانه له ئۆپه‌راسیۆنی تهمێكردنی هێرشێكی ئه‌و كوردانه‌وه ئاڵابوون كه‌وا به فیت و ته‌گبیری توركه‌كان ئه‌نجامیاندابوو و كوشتنی چه‌ند گوندنشینێكی كریستیانی لێكه‌وتبووه‌وه.
ئێمه ڕەتڵێكی لێڤیمان كردبووه سه‌ریان و پیاوانی عه‌شیره‌ته دۆسته‌كانمان كۆكردبووه‌وه، له ئاسووری و له كورد و ئاگریان به‌ردابووه گونده‌كانی هێرشبه‌ران كه له ناو دووكه‌ڵدا نوقم بووبوون.
له دهۆك سه‌ردانی قایمقامه كورده بهتهمهنهكهمان كرد كه پیاوێكی به‌ڕێز بوو و ده‌موچاوی ده‌تگوت هی جووتیارێكی یۆركشایهره، هه‌روه‌ها چووینه لاى كاپتن ئه‌لبانیی یاریده‌ده‌ری ڕاوێژكار و پاشان چووینه سه‌ر كانیاوێك له دامێنی زنجیره چیاكه‌ی دهۆكه‌وه و له‌وێ له‌گه‌ڵ مێجه‌ر ویڵسندا به چیا و ده‌وه‌نه بهڕووهكاندا هه‌ڵكشاین تا گه‌یشتینه شوێنه‌واری نەخشە هەڵکۆڵراوە ئاشوورییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆیه‌م (ڕیلیف) و له‌وێ له‌و پاشا و خواوه‌ندانه ورد ده‌بووینه‌وه كه به شێوه‌یه‌كی سه‌یر سواری ئه‌و ئاژه‌ڵه كێوییانه بووبوون و یه‌ك به‌دوای یه‌كدا ڕێچكه‌یان به‌ستبوو. پاشان له چیاكه داگه‌ڕاین و نانی نیوه‌ڕۆمان خوارد و پێش ئه‌وه‌ی تاریك دابێت گه‌یشتینه‌وه مووسڵ.
بۆ سبه‌ینێ 10ی نۆڤه‌مبه‌ر، هه‌ینی بوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌یرم كرد موته‌سه‌ڕیف له فهرمانگهكهیدایه (خانووه‌كه‌ی مسته‌ر ناڵده‌ر) و كه‌مێك لای دانیشتین و دواتر له‌گه‌ڵ مێجه‌ر ماكڵین له ڕووباره‌كه په‌ڕینه‌وه و به نێو گرد و ته‌پۆڵكه شوێنه‌وارییه‌كانی نه‌ینه‌وادا ده‌سووڕاینه‌وه. بۆ دواینیوه‌ڕۆ موته‌سه‌ڕیف كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هێجگار گه‌وره‌ی ساز كرد بۆ من و مێجه‌ر موڕه‌ی و له‌وێ چاومان كه‌وت به هه‌موو پیاوماقووڵانی مووسڵ. ئه‌و ئێواره‌یه له‌گه‌ڵ مێجه‌ر ماكڵین و مێجه‌ر موڕه‌ی و كۆڵۆنێڵ بێنینك شیومان كرد و ئاهه‌نگێكی تابڵێی خۆش بوو.
ڕۆژی شه‌ممه بۆ به‌دواداچوونی به‌رنامه و پلانه‌كه‌م چوومه ده‌ره‌وه‌ی شار و ته‌واوی ڕۆژه‌كه‌م له‌گه‌ڵ مێجه‌ر ویڵسن به‌سه‌ربرد له دێهاتی نێوان مووسڵ و زابدا (زێی بادینان - و) و ویڵسن ڕێگاوبان و پرده‌كانی ده‌پشكنی. بۆ ئێواره‌ش موته‌سه‌ڕیف بانگهێشتێكی نانخواردنی سازكردبوو كه تێیدا چاومان به كاربه‌ده‌ستانی ناوخۆ كه‌وت و كارێكی زۆر باش بوو.
مووسڵ به شێوه‌یه‌كی سرووشتی له ژێر كاریگه‌ریی بارودۆخی توركیادایه و ئه‌و دەنگۆ و واتهواتانهی كه ئێمه دهیگێڕینه دواوه بۆ توركه‌كان شڵه‌ژان و پشێویی زۆر دروست ده‌كات و كه‌س ناوێرێ خۆی پابه‌ند بكات به هیچ دید و بۆچوونێكه‌وه. له ناوجه‌رگه‌ی ئه‌م هه‌موو به‌ند و باوانه‌دا قازیی خۆڕاگره و پیاوماقووڵانی سه‌ر به ئه‌میش خۆ ده‌پارێزن له‌م هه‌موو قسه و باسه بێسه‌روبه‌ره.
بۆ ڕۆژی 12ی مانگ به ئوتۆمبێل له‌گه‌ڵ مێجه‌ر ویڵسن ڕۆیشتین بۆ هه‌ولێر و له سه‌ر زێ نانی نیوه‌ڕۆمان خوارد. نازانم ئاخۆ ئه‌و هه‌موو گرد و یاڵه گه‌ورانه‌ت بیر ماوه له نێوان ڕووباره‌كه و هه‌ولێردا. لای یه‌كێك له‌و گرده گه‌ورانه‌دا وه‌ستاین و له جۆگهئاوێك په‌ڕینه‌وه و به‌ره‌و سه‌ر گرده‌كه هه‌ڵكشاین. به نەریت عه‌ره‌به‌كان له سه‌ر به‌رزایی مردوویان ناشتووه و کێلی هه‌ر گۆڕێك له خشتێكی ئاشووری دیاریكراوه و به‌م ڕەنگە ته‌ماشامان ده‌كرد و یه‌كێكمان له باری درێژیی بینی به نه‌خشی ئاشووری هه‌ڵكۆڵرابوو، دیاربوو كێلی گۆڕی پاشایه‌كه و من سه‌رنجم ده‌دا كه مێجه‌ر ویڵسن هه‌میشه تێبینیی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه خشته ئاشوورییه‌كان هه‌ر به‌و قهبارهیهن و خەڵکیان تێدا نێژراوه، ئه‌وجا گۆڕه‌كه‌مان هه‌ڵكۆڵی و كێل و نه‌خشه‌كه‌مان برده خواره‌وه و دڵنیا بووین له‌وه‌ی هی پیاوه.
به‌یانیی ڕۆژی دواترم لای ئه‌حمه‌د ئه‌فه‌ندیی موته‌سه‌ڕیفى هه‌ولێر به‌سه‌ربرد و قسه‌م بۆ ده‌كرد و له‌وێش چاوم به هه‌ندێ پیاوماقووڵ كه‌وت كه هاتبوون بۆ سه‌ردانم. ئه‌حمه‌د ئه‌فه‌ندی یه‌كێكه له پیاوه پایه‌به‌رز و هه‌ڵكه‌وتووه‌كانی ئه‌م وڵاته و توركمانێكی هه‌ولێرییه و له سەرەتاوه به دڵسۆزیی له‌گه‌ڵ ئێمه كاری كردووه و ئه‌گه‌ر توركه‌كان بێنه‌وه ده‌بێ ئه‌و وڵات به‌جێبێڵێت. ئه‌م پیاوه خوێنده‌وارێكی باشه‌و ڕۆشنبیرێكی ته‌واوه و كه قسه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌كات واده‌زانین یه‌كێكه له خۆمان. بێجگه له‌وه ناوچه‌كه له قولهمشتیدایه و هه‌ر كاتێ مه‌سه‌له‌ی تورك ڕوون و یه‌كلا بووه‌وه ئه‌و ده‌توانێ به‌ره‌و كه‌ناری ئارام و سه‌لامه‌تی ڕێنمایی بكات. حاڵی حازر ڕووداوی به‌رچاو په‌یدابوونی سمكۆ و سه‌ید ته‌هایه و سمكۆ سه‌رۆكێكی خێڵه‌كیی كورده كه بۆ سه‌ربه‌خۆیی كورد شه‌ڕی له‌گه‌ڵ ئێران و توركدا كردووە و تیایدا سهرنهكهوتووە، سه‌ید ته‌هاش پاشكۆیه‌تی و كاریگه‌رییه‌كی شه‌خسیی گه‌وره‌ی هه‌یه له ڕەواندزدا، كه له ئێستادا توركی تێدایه. ئه‌وان له سنووره‌وه هه‌ڵاتوون بۆ لای ئێمه و ئاماده‌ن تورك له ڕەواندز ده‌رپه‌ڕێنن، ئه‌و كاته‌ش ئه‌گه‌رى ئه‌وه هه‌یه سه‌ید ته‌ها به حوكمدار بمێنێته‌وه و سمكۆش كاتی خۆی ته‌رخان بكات بۆ ئاشتبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كان و بگه‌ڕێته‌وه بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆی. زۆر باشه ڕەواندز له ناو سنووری عێراقدا بێت و مه‌لیك فره خۆشحاڵ بوو به‌م پێشنیازه. سه‌ید ته‌ها له به‌غدا بوو كاتێ كه من چووبوومه هه‌ولێر و خه‌ریكه ده‌سته و تاقمێكی كورد پێكه‌وه‌ده‌نێ و تۆپ و چه‌كیش له سوپای عه‌ره‌بی دابین ده‌كات و پشتیوانیی فڕۆكه‌ش له‌لایه‌ن ئێمه‌وه، به‌ڵام من زۆر به‌گومانم له‌وه‌ی هیچی پێبكرێت و به‌ڵێنی خۆی بباته سه‌ر.
ئه‌حمه‌د ئه‌فه‌ندى ئامۆزاى مه‌لا ئه‌فه‌ندییه و نازانم ئاخۆ ئه‌و پیره‌مێرده پاك و پوخته‌ت بیره كه له ده‌ره‌وه‌ی شار ده‌ژی؟ (مەبەست گوندی باداوەی نزیک هەلێری ئەو سەردەمەیە کە مەلا ئەفەندیی لێ دەژیا - و). ئه‌و دواینیوه‌ڕۆیه ئێمه هه‌موو چووینه سه‌ردانی بۆ ئه‌وه‌ی چایه‌كی له‌گه‌ڵ بخۆینه‌وه و ئه‌میش وه‌ك ئامۆزاكه‌ی كۆڵه‌كه‌یه‌كی چون پۆڵا به‌هێزه و پیاوێكی ڕاست و دۆغرییه. بۆ ڕۆژی دواتر، واته چوارده‌ی مانگ له‌گه‌ڵ مێجه‌ر ویڵسن به ئۆتۆمبێل چووین بۆ كه‌ركووك و له‌وێ لای مسته‌ر ئەدمۆنز مامه‌وه كه‌وا جێگری مێجه‌ر مارشاڵی ڕاوێژكاره و ئه‌میان له ئێستادا گه‌ڕاوه‌ته‌وه پاش ئه‌وه‌ی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی ڕژێنى لاملى (گلاندی ده‌ره‌قی) كردبوو له به‌غدا و له خوا به‌زیاد بێت چاكبووه‌ته‌وه. مسته‌ر ئەدمۆنز و مێجه‌ر نۆئێڵ ده‌بوو یاوه‌ریی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی سه‌ید ته‌ها بكه‌ن. ئه‌گه‌ر بیرت بێ ماڵه‌كه‌ی مسته‌ر ئه‌دمۆنز له كه‌ركووك هه‌مان ماڵه كه تۆی تێدابوویت. سه‌رۆك شاره‌وانی و موته‌سه‌ڕیف دوو براده‌ری نزیكمن و یه‌كه‌م ئێواره‌ی گه‌یشتنم سه‌ریان لێدام و بۆ ڕۆژی دواتر منیش چوومه سه‌ردانیان بێجگه له‌وانیش سه‌ردانی سه‌رۆك ئه‌سقوفی كلدانهكان و گه‌وره مورشیدی ئاینیی ئیسلام، محه‌مه‌د عه‌لیی تاڵه‌بانیم كرد كه سه‌رۆكی ته‌كێی قادرییه (زیاتر بە تەکیی تاڵەبانی بەناوبانگە - و). لێره‌ش ڕێك هه‌مان چیرۆكی هه‌ولێره له ڕووی نه‌هێشتنی گومانی تورك و ئه‌ودوای واته‌وات و مه‌سه‌له‌كانی تر. محه‌مه‌د ئه‌فه‌ندیی سه‌رۆكی شاره‌وانی به‌نیازه ناوچه‌كه به‌ته‌واوی تێكه‌ڵ به عێراق بكات و سه‌باره‌ت به پێكهێنانی به‌شێك وه‌ك كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ هیچ گوێیه‌كی لێناگرن.
ڕۆژی پانزه‌ی نۆڤه‌مبه‌ر، له قه‌ره‌خانه‌وه (جه‌له‌ولا - و) سواری قه‌تار بووم و ڕۆژی 16ی مانگ بێ هیچ ڕووداوێك گه‌یشتمه به‌غدا، ئه‌وه نه‌بێت كه قه‌تاره‌كه نزیكه‌ی شه‌ش كاتژمێر دواكه‌وت و خۆت ده‌زانی ڕێگهوبانهكانمان چۆنن. هه‌ر كه گه‌یشتمه‌وه كه‌وتم به سه‌ر قه‌یرانی سیاسیی وڵات‌دا و نه‌قیب ده‌ستی له كار كێشابووه‌وه.
٥ی كانوونی دووه‌می 1923
... ئه‌م ئێواره‌یه ئاهه‌نگێكی نانخواردنى خۆشمان سازكرد و مسته‌ر ئەدمۆنزیشم له‌گه‌ڵ خۆم بردبوو، كه له كه‌ركووكه‌وه هاتبوو و گفتوگۆیه‌كی به‌سوودمان له سه‌ر بارودۆخی كوردستان كرد. كورده‌كان به درێژایی سنووری ڕۆژهه‌ڵات، ئێستا له‌و قه‌ناعه‌ته‌دان كه‌وا توركه‌كان هیچ سوودێكیان نابێ بۆیان و له‌ڕاستیدا توركه‌كان گوتوویانه كه‌وا بیر له سه‌ربه‌خۆیی كورده‌كان ناكه‌نه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه تاقمه‌كه‌ی كه مه‌یلیان به لای بهریتانییەكانهوهیه فشاریان هێناوه بۆ شێخ مه‌حموود بۆ ئه‌وه‌ی په‌ته‌كه توند بکاتەوە (هەڵبەت له جه‌ژنی له‌دایكبوونی عیسادا برووسکەیهكم له شێخ مه‌حمووده‌وه پێگه‌یشت به ئیمزای مه‌لیكی كوردستان - مه‌حموود) كه شتێكی نابه‌جێ و قێزه‌ون بوو. فه‌یسه‌ڵ گوتبووی كه‌وا حكوومه‌تی عێراق پشتیوانی له بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی حكوومه‌تێكی كوردی ده‌كات ئەگەر ئۆتۆنۆمیی هه‌بێت له چوارچێوه‌ی عێراقدا، به مه‌رجێك ئه‌م داڕشتن و رێكخستنه كارگێڕییه جیابوونه‌وه‌ی لیوا كوردییه‌كان له‌خۆ نه‌گرێت له ڕووی سیاسی و ئابوورییه‌وه. به‌م ڕەنگە كاڵیدۆسكۆپی كوردی شێوازێكی ئه‌رێنی زیاتری به‌خۆوه بینی به شێوه‌یه‌كی كاتی. ئه‌مه‌ش ته‌رتیبێكی گونجاوه چوونکە "كۆنگره‌ی لۆزان" ئه‌گه‌ر شكستی هێنا، چوونکە ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه شكست بێنێت، ئه‌وده‌م به‌دڵنیاییه‌وه ده‌بێ چاوه‌ڕێی ئه‌وه بن كه له باكووره‌وه هێرشێك ده‌كرێته سه‌رمان، كه‌وا له ئێستادا توركه‌كان سه‌رباز و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی ئاماده ده‌كه‌ن و ئێمه‌ش ئه‌گه‌ر وه‌ك ئه‌وانمان كرد كاتێكی زۆرمان ده‌وێ.
شته‌كان به ته‌ڵخى دێنه به‌رچاو، وا پێده‌چێت كه‌وا فه‌ره‌نسییه‌كان، به نه‌عله‌ت بن، به‌ره‌و ڕێككه‌وتن بڕۆن له‌گه‌ڵ توركه‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ى گرفتێكى گه‌وره بۆ ئێمه دروست بكه‌ن كه‌وا نه‌توانین پشتگیریى له داواكارییه سامناكهكانیان بكه‌ین له باره‌ى ئه‌ڵمانیاوه.
٣٠ى كانوونى دووه‌مى 1923
... هه‌واڵی گه‌یشتنی چوار به‌تالیۆنی توركی له جه‌زیره‌ی ئیبن عومه‌ری نزیك سنووره‌كانمان، ڕۆژی 21ی مانگ گه‌یشت و ئه‌وه چه‌ند مانگێكه چاوه‌ڕوانی زیاد كردنی هێز ده‌كرێت و هه‌موو نه‌خشه و پلانه‌كانی به‌رگری، ئه‌گه‌ر بتوانین ناوی به‌رگریی لێبنێین، ئاماده‌ن. سه‌رله‌به‌یانیی ڕۆژی سێشه‌ممه چووم بۆ بۆ نمایشێكی هێزه‌كانی به‌ریتانیا كه‌وا ڕۆژی پێنجشه‌ممه ده‌ڕوات بۆ مووسڵ. وه‌ك چۆنایه‌تی دیمه‌نێكی زۆر دڵخۆشكه‌ره ئه‌گه‌ر بێت و چه‌ندایه‌تی و ژماره‌ی چوار هێنده بكرێته‌وه و من و سێر هێنری هه‌ردوكمان ڕامان وابوو. ئێمه هه‌رچیمان هه‌بوو ڕەوانەی سه‌ره‌وه‌مان كرد، سوپای عیراق هێڵه‌كانی په‌یوه‌ندیی گرته‌ده‌ست و هێزی جه‌ندرمه‌ی غه‌یره نیزام ڕێكده‌خات له نێوان فورات و دیجله‌دا، به سه‌رپه‌رشتیی ئه‌فسه‌ره عه‌ره‌به‌كان بۆ پشتیوانی كردنی هێزی سواره‌ی عێراق كه ئه‌وانیش به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا ڕۆیشتوون. ئه‌گه‌ر توركه‌كان له‌شكرێك یان دوانى تر نه‌نێرنه خواره‌وه ئه‌وه زۆر باشه بۆ ئێمه ده‌نا بەپێچهوانهوه ده‌بێت. بێجگه له هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌ی عیسمه‌ت پاشا ئه‌وان حه‌ز به هێرشبردن ناكه‌ن و بۆچوونی ئه‌وان ئه‌وه‌یه كه له پێشدا هۆزه ناوخۆییه‌كان بنێرن و ئه‌مانیش لای خۆیانه‌وه ئه‌وپه‌ڕی دوودڵن كه‌وا فشار بكه‌ن. ڕۆژی یه‌كشه‌ممه 28ی مانگ زه‌ید ڕۆیشت بۆ مووسڵ و كاپتن كڵهیتنیشی له‌گه‌ڵه و بڕیاری ته‌واویشی لایه و ئه‌و بێجگه له‌وه‌ی كه‌وا كوڕێكی ئازیز و ڕەفتار جوانه دڵسۆزییه‌كی كوێرانەشی هه‌یه بۆ مه‌لیكی برای. ئه‌مرۆ خاوه‌ن شكۆ مه‌لیك بانگی كردم چایه‌كی له‌گه‌ڵ بخۆمه‌وه و هه‌رچه‌نده زۆر ڕووخۆش و به گفت‌ولفت بوو به‌ڵام به سروشتی نیگه‌ران بوو له‌وه‌ی ئایا پاش هه‌موو شتێك ئێمه خۆمان ئاماده كردووه بۆ به‌رگری كردن له وڵات یان مه‌سه‌له‌كه به‌جێبێڵین بۆ ئه‌م. ئه‌و پێی‌گوتم ئه‌گه‌ر پێویست بكات ڕاپرسی قبووڵ ده‌كات به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ش بگرێته‌وه كه به زۆرینه عه‌ره‌بنشینن و ئێستا له ده‌ستی توركدان، وه‌ك نسێبین و ماردین و له هه‌ردوو لاوه هێزه چه‌كداره‌كان بكشێنه‌وه و هێزێكی بێلایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی ڕاپرسییه‌كه بكات. به‌ڵام داوامان لێده‌كات كه‌وا ده‌ستیشی واڵا بكه‌ین به‌وه‌ی ده‌ستبه‌رداری ماندێت بین و پێگه‌ی خۆمان به‌ته‌نها بخه‌ینه سه‌ر په‌یماننامه‌كه. ئه‌وجا ئه‌گه‌ر ئه‌م پێشنیازه قبووڵ نه‌كرا و ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی به‌ریتانیا له مووسڵ كه‌وتنه مه‌ترسییه‌وه (له تۆی ناشارمه‌وه و به ڕای من ڕه‌نگه هه‌روا بێت) و یان ئێمه پاشه‌كشه‌مان كرد و عه‌ره‌به‌كانمان به‌جێهێشت به‌ته‌نها به‌رگریی له خۆیان بكه‌ن، ئه‌و خۆی ده‌چێته سنوور و له دوا هه‌ڵوێستدا گیانی خۆی به‌خت ده‌كات و منیش به ڕۆحی خۆم هیچ شتێك له‌وه باشترم ناوێ كه له‌گه‌ڵیدا بڕۆم. ئه‌ی ئاخۆ له‌وه زیاتر چیبكه‌م؟ ئه‌وه حه‌وت ساڵه له‌م ئه‌ركه‌دام بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی عه‌ره‌بی و ئه‌گه‌ر شكستمان هێنا ئه‌وه كه‌مێك شین و شه‌پۆڕه بۆ من به شه‌خسی و ڕەنگە نه‌وه‌كانی داهاتوو تێیدا سه‌ركه‌وتووبن و باوه‌ڕیشم وایه هه‌ر سه‌رده‌كه‌ون. به‌هه‌رحاڵ، با ڕوو وه‌رچه‌رخێنین له چه‌شنی ئه‌م ئه‌گه‌ره ناخۆشانه، وه‌ك لۆرد به‌لفۆر ساڵی 1919 له ساته‌وه‌ختێكدا گوتی و ئێستا بووه به وته‌یه‌كی به‌ناوبانگ.
هەڵبەت دۆخی خورۆشاوی زیاتر ده‌گاته ئۆفیسه‌كه‌ی من و خه‌ڵك لێره و له‌وێ زانیاریی وا ده‌گه‌یه‌نن له‌باره‌ى ئه‌و نامه و نووسراوانه‌وه كه له نێوان توركه‌كان یا بریكاره موجته‌هیده‌كان و كه‌مالییه‌كان و به‌لشه‌فیكه‌كاندا دێن و ده‌چن سه‌باره‌ت به فەتواكان و وڕێنه و شتی پڕوپووچی هاوشێوه كه په‌یوه‌ندییان به فه‌رمانگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی تاوانه‌وه هه‌یه.
١ی ئازاری 1923
... له‌م ڕۆژانه‌دا له ڕه‌یسز (مەیدانی کێبڕکێی ئەسپ - و) چاوم به مه‌لیك و زه‌ید كه‌وت و زه‌ید كه تازه له مووسڵ گه‌ڕاوه‌ته‌وه كارێكى زۆر باشى له‌وێ كردووه و به‌تایبه‌تى هه‌موو كورده‌كانى سنوور كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ هاتبوونه لاى و دڵسۆزیى خۆیان دووپات كردبووه‌وه. ڕاستییەكهى ئه‌وه‌یه كه حكوومه‌تى عه‌ره‌بى شكۆى له‌ده‌ستداوه و والییه توركه‌كه پیاوێكى زۆر بهشكۆتر و گه‌وره‌تر بوو له موته‌سه‌ڕیفى ئێستاى حكوومه‌ت. ئاماده‌بوونى شازاده‌یه‌ك له بنه‌ماڵه‌ى شاهانه كارێكى زۆر باش بوو بۆ گێڕانه‌وه‌ى هاوتایى و بێجگه له‌وه‌ش ناردنى هێزى زیاتر بوو به مایه‌ى دروستكردنى متمانه. پێموایه ئه‌گه‌ر واز له زه‌ید بێنن ئه‌وه له‌گه‌ڵ كورده‌كانی باكوور ده‌گه‌نه ڕێكخستنێكی دڵخۆشكه‌ر و ئێمه به ڕوونی له‌وه تێناگه‌ین، به‌ڵام باوه‌ڕیان وا ده‌بێ كه ئه‌وه زۆر ڕوونه و جێی ڕەزامهندییه. ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی ئێمه ده‌یكه‌ین ئه‌وه‌یه كه پێ داده‌گرین له سه‌ر ئه‌وه‌ی داوایان لێده‌كه‌ین (واته له عێراقییه‌كان) كاره‌كان وا ڕێكبخه‌ن به‌و شێوه‌یه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێ و ئه‌مه‌ش به هیچ جۆرێ گونجاو نییە بۆ ئه‌وان. كه‌واته ئه‌گه‌ر ناوچه‌كانى ده‌وروپشتى مووسڵ و هه‌ولێرى لابێت ئه‌وه پێمباشه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سلێمانیشدا بكات، كه‌وا دۆخه‌كه‌ى له بارى ئێستادا زۆر خراپ بووه. شێخ مه‌حموود په‌یوه‌ندییه‌كى نزیكى له‌گه‌ڵ توركه‌كاندا هه‌یه و له ئێستادا خه‌ریكه هۆزه‌كان كۆده‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى په‌لامارى كه‌ركووك بده‌ن. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه ژماره‌یه‌كی زۆری خزم و شوێنكه‌وتووانی له هۆزه‌كان له دژی وه‌ستاونه‌ته‌وه. ئه‌و دوا ئاگاداریى بۆ نێردراوه و ئه‌مڕۆ ماوه‌كه‌ى ته‌واو ده‌بێت و ترسم له‌وه هه‌یه ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت ڕادەستی پیاوماقووڵان و ئه‌شرافی ناوخۆیی نه‌كات و شاری سلێمانی چۆڵ نه‌كات وه‌ك فه‌رمانى پێ كراوه كه ده‌بێ جێبه‌جێى بكات، ئه‌وه ناچار ده‌بین بۆردمانی بكه‌ین. هەڵبەت جه‌نگی ئاسمانى زۆر بێبه‌زه‌یى و دڵڕه‌قانه‌یه، به‌ڵام كاتێ هێزى زه‌مینیت تا سه‌ر ئێسقان كه‌م بووبێته‌وه ئه‌ى ئیتر چیبكه‌یت؟
١٢ى ئازارى 1923
... تازه له دانیشتنێكی چای خواردنه‌وه له‌گه‌ڵ مه‌لیك له باخچه‌كه‌یدا هاتمه‌وه كه تێیدا نزیكه‌ی دوو كاتژمێر گفتوگۆمان كرد و شته‌كان پێده‌چێت هیوابه‌خش بن. وا دیاره توركه‌كان ئاشتییان ده‌وێت و ئێمه‌ش شێخ مه‌حموودمان وه‌ده‌رنا. هه‌روه‌ها خۆشبه‌ختانه جانتای نامه‌ی فه‌رمانده توركه‌كه‌ی ڕەواندزمان گرتووه كه ناردوویه‌تی بۆ باره‌گای ئه‌ركان له جه‌زیره‌ی ئیبن عومه‌ر له سه‌ر ڕووباری دیجله، ڕێك ئه‌ودیوی سنوورمان و چه‌ند نامه‌یه‌كی تێدا بووه کە له‌لایه‌ن شێخ مه‌حمووده‌وه نێردراوە و یه‌كه‌میان ته‌نها دوای مانگێك له گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سلێمانی نووسرابوو، كه به سوێنده‌وه به‌ڵێن ده‌دات تا مردن له خزمه‌تی توركه‌كاندا ده‌بێت و ئه‌وانی تریشی باس له ئاماده‌كردن و سازدانی هێرشێك ده‌كات بۆ سه‌ر كه‌ركووك، كه‌واته ئێمه هه‌ر له بێشكه‌دا كۆرپه‌كه‌مان خنكاند. شته‌كه‌ی تر ئه‌وه‌یە كه چۆن كه‌سێك له شوێن ئه‌م شه‌ڕخوازه دابنێین. مه‌لیك و وه‌زیره‌كانی به‌رنامه و پلانی خۆیان هه‌یه و به هێزی دووباره‌بوونه‌وه ئه‌وان ناتوانن ئاژاوه‌یه‌كی خراپتر به‌رپا بكه‌ن له‌وه‌ی ئێمه ده‌یكه‌ین. پێموایه ده‌سه‌ڵاتدارانم قه‌ناعه‌ت پێكردووه كه به‌ختی خۆیان تاقی بكه‌نه‌وه و ئه‌مه‌ش گه‌مه‌یه‌كه له ساڵی ڕابوردووه‌وه من كاری بۆ ده‌كه‌م و پێمخۆشه و ئه‌مه هه‌مووی به‌ته‌واوی تایبه‌ته و هه‌رگیز ئاشكرا ناكرێت.
١٢ی نیسانی 1923
... ئه‌م به‌یانییه گفتوگۆیه‌كی زۆر خۆشم هه‌بوو له‌گه‌ڵ پیاوێكی ئاینیی كوردستاندا كه ناوی شێخ حه‌سه‌ن بوو. ئه‌م پیاوه بۆ ڕا و بۆچوون گۆڕینه‌وه له سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كورد هاتبوو. هه‌رچه‌نده ڕەنگە مه‌سه‌له‌كه مایه‌ی پێكه‌نین بێت كه‌وا به‌م ساده‌ییه بیبیستی به‌ڵام باوه‌ڕم وایه ئه‌گه‌ر ڕێگەمان بده‌ن و لێمانگه‌ڕێن ئه‌وا من و مه‌لیك و ئه‌م پیاوه ده‌كرێ كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكه‌ین له‌گه‌ڵ سێر هێنری و مسته‌ر كۆرنواڵیس بۆ ڕاوێژ پێكردنیان و ده‌توانین به شێوه‌یه‌ك چاره‌سه‌ری بكه‌ین كه به دڵی هه‌موو لایه‌ك بێت.
له هه‌مان كاتیش‌دا مه‌لیك هه‌وڵى ده‌دا په‌یوه‌ندیی به زانا شیعه‌كانه‌وه بكات (ئه‌مه‌یان زۆر نهێنییه)، به شێوه‌یه‌كی هه‌ڵه و به پێچه‌وانه‌ی ڕاوێژی باشترین دۆسته‌كانی به سه‌رۆك وهزیرانهكهشیهوه. ئه‌وان یارییه‌كه‌یان باشتر و تۆكمه‌تر كرد و سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ فەتوایهك به مزگه‌وتی كازمێندا هه‌ڵواسرابوو كه‌وا به‌رگریی له عێراق دژ به تورك حه‌رام ده‌كات و به‌یانیی زوو كۆپییه‌كیان له‌م فەتوایه بۆهێنام و كێشه‌كه ئێستا ئه‌وه‌یه كه‌وا حكوومه‌تی عێراق ده‌بێ چی بكات. مسته‌ر كۆرنواڵیس وایده‌بینێ كه پێویسته ئه‌و موجته‌هیدانه‌ی ئیمزایان له سه‌ر فەتواكه كردووه ده‌ربكرێن بۆ ئێران - چوونکە ئه‌وانه هه‌ر هه‌موویان ڕه‌عییه‌تی ئێرانن، به‌ڵام بڕیارێكی مه‌ترسیداره و خۆزگه مه‌لیك لێگه‌ڕایه و ده‌ستی تێنهخستایه. به نزیكبوونه‌وه‌ی ڕەمەزان و ئه‌و ورووژاندنه ئاینییه‌ی به‌رپای ده‌كات پێده‌چێت ڕۆژانی داهاتوو مه‌ترسیدار بێت.
... توركه‌كانمان له سنووره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتمان ده‌ركرد و به‌ته‌ماین وا له عه‌ره‌به‌كان بكه‌ین له‌وێ ته‌رتیباتی پێویستی خۆیان له‌گه‌ڵ كورده‌كان بكه‌ن و ئه‌گه‌ر ئه‌وه به‌دیهات ئه‌وا له ڕاستیدا بۆ یه‌ك جاریش بێت چاكه‌ی ئه‌وه بۆ خۆم ده‌گێڕمه‌وه. ئێستا وا دێته بهرباى گوێمان كه بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كاریگه‌ریی په‌یماننامه‌كه بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ كارا ده‌كات و ئه‌وه‌ی ناسروشتییه ئه‌زموونی دامه‌زراندنی شتێك بكه‌ین كه‌وا به‌ند بێت به بوون و مانه‌وه‌مان له‌وێ به زه‌بری هێز. ئه‌مه و بێجگه له‌وه‌ش ئێمه شتێكمان نییە له سه‌ری پێكبێین له‌گه‌ڵ سه‌رۆكه دڕنده‌كانی كورددا و ئه‌و بابه‌ته‌ش كه له ده‌ستماندایه، وه‌ك جه‌عفه‌ر عه‌سكه‌ری ده‌ڵێ "بابه‌تێكی نه‌فره‌تییه" چونکە ئه‌وان هه‌موو پیاوی ئاینیی نیمچه خوێنده‌وار و نیمچه برسی و دڕنده‌ن و هه‌ر یه‌كه‌یان به ئه‌ندازه‌ى ڕقى له شه‌یتان ڕقیه له‌ویتر، كه‌واته ئیتر چۆن ده‌توانین ده‌وڵه‌تێكی كوردی دامه‌زرێنین؟!
٩ى مایسى 1923
... هه‌فته‌ی ڕابردوو تێكڕا پڕ له ورووژان و مشت‌ومڕ بوو، له‌وانه كێشه‌یه‌كی گه‌رمی پڕ له بێنه‌وبه‌ره وه‌ك چۆن ده‌زگاكانی حكوومه‌ت له ڕەواندز دامه‌زرێنین كه تازه گرتوومانه‌ته‌وه. سێر هێنری و فه‌رمانده‌ى هێزى ئاسمانى دید و بۆچوونیان یه‌كه و به‌ڵام مێجه‌ر بۆردیللۆن، حكوومه‌تی عێراق، مسته‌ر كۆرنوالیس و من به‌توندی ئه‌ویتر په‌سه‌ند ده‌كه‌ین. دواجار له یه‌كشه‌ممه‌ی 30 نیساندا سێر هێنرى مێجه‌ر بۆردیللۆن و مسته‌ر كۆرنوالیسى به فڕۆكه نارد بۆ گه‌ڵاڵه‌كردنی ڕا و بۆچوون له سه‌ر زه‌وی و ڕاپۆرت و ڕاوێژكاری له سه‌ر به‌رنامه و پلانێك ده‌سته‌به‌ر بكات. ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌وان سه‌فه‌ریان كرد بایهكى توند هه‌ڵیكردبوو، هەڵبەت فڕینیش به سه‌ر چیا كوردییه‌كاندا و به هۆی له كاركه‌وتنی ئامێری بێته‌له‌وه زۆر ترسناكه و ئێمه تا سێشه‌ممه هه‌واڵی گهیشتنیانمان نه‌زانی. من زۆر نیگه‌ران بووم و له‌وه‌ش زیاتر كه زانیم ڕەواندز بێته‌لی كردووه بۆ كه‌ركووك بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداریان بكه‌نه‌وه كه نه‌یه‌ن بۆ ڕەواندز له‌به‌ر ناله‌باریى كه‌ش و هه‌وا. پاشان زنجیره‌یه‌ك پێشهات ڕوویاندا و ئه‌وان هاتن بۆ ڕاوێژ كردن و وه‌رگرتنى بیروڕا و ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراق و مسته‌ر كۆرنوالیس و منه‌وه له‌ئه‌ستۆ گیرابوو به‌ڵام مێجه‌ر بۆردیللۆن له دژی وه‌ستایه‌وه. ڕۆژی دووشه‌ممه‌ش هه‌موو به‌رنامه‌كه‌یان به ورد و درشتی نارده‌وه به‌ڵام فڕۆكه‌كه ڕێگەی ونكردبوو و ئێمه‌ش تا ڕۆژی چوارشه‌ممه هیچ نامه‌یه‌كمان پێنه‌گه‌یشت و دواجار نه‌ك نامه‌كانی دووشه‌ممه بەڵکوو هه‌ندێكی تریان سێشه‌ممه نارد. هه‌رچۆنێك بێت به مانه‌وه و به هه‌ندێ برووسکەوه توانیمان زۆر به ئاسانی حوكم له سه‌ر ئه‌وه بده‌ین كه ڕاوێژیان تێدا كرد و پاشان ئاخۆ باوه‌ڕی پێده‌كه‌یت و سێر هێنرى ڕای وایه ئه‌وان هه‌ڵه‌ن و ڕاوێژیان به كه‌س نه‌كردووه بەڵکوو كاندیدی خۆیان ناردووه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك قایمقام دابمه‌زرێت، كه‌وا كه‌سێكی ڕووخۆشه به ناوی سه‌ید ته‌ها و هه‌موو خه‌ڵكی ناوچه‌كه له‌دژی ئه‌وه‌ن! من ماوه‌ی كاتژمێرێك قسه‌م بۆ كرد و هه‌موو به‌ڵـگه و پاساوێكم دایه به‌ڵام بێئه‌نجام بوو. پاشان ڕۆیشتم بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و نامه‌كه‌ی مسته‌ر كۆرنوالیسم بۆ خوێندنه‌وه كه ناردبووی. دواینیوه‌ڕۆ كۆنفرانسێك ده‌به‌سترێ و من ده‌یانبینم یان ته‌له‌فۆنیان بۆ ده‌كه‌م له باره‌ی نامه تایبهتیهكهوه كه ئه‌و به‌یانییە به فڕۆكه له مسته‌ر كۆرنوالیسهوه پێمگه‌یشتووه و بێگومان سێر هێنریشم لێ ئاگادار كردووه‌ته‌وه. به‌شداربووانی كۆنفرانسه‌كه هه‌موو قه‌ناعه‌تیان به‌وه بوو كه مێجه‌ر بۆردیللۆن و مسته‌ر كۆرنوالیس ڕاستن. من خۆم نه‌ڕۆیشتم بۆ كۆنفرانسه‌كه و تا كاتژمێر پێنج له ئۆفیس مامه‌وه، پاشان كه كۆنفرانسه‌كه ته‌واو بوو هه‌موو هاتن بۆ لام و هه‌موویان، به دوو وه‌زیره عهرهبهكهشهوه زۆر په‌ست بوون و خۆشم ده‌زانم كه هه‌ردوو هاوكاره‌كه‌م له ڕەواندز زۆر بێزار و بێتاقه‌تن و ئاگاداریان كردم كه شه‌ممه ده‌گه‌ڕێنه‌وه.
له پاش گه‌ڕانه‌وه‌یان له كاتێكدا مێجه‌ر بۆردیللۆن چوو بۆ لای سێر هێنرى من له‌گه‌ڵ مسته‌ر كۆرنوالیس نانی نیوه‌ڕۆم خوارد و ته‌واوی چیرۆكه‌كه‌ی بۆ گێڕامه‌وه هه‌ردوكیان تووشی نیشتنه‌وه‌ی ناچاری بوون و هه‌ر یه‌كه فڕۆكه‌یه‌كیان پێبووه. مێجه‌ر بۆردیللۆن پێنج میل له دووریی كه‌ركووك نیشتووه‌ته‌وه و به پێیان ڕۆیشتووه به‌ڵام مسته‌ر كۆرنوالیس له دووریی بیست میل نیشتووه‌ته‌وه و شه‌وی له ژێر فڕۆكه‌كه‌دا به‌سه‌ربردووه.
به‌هه‌رحاڵ، ئه‌وه كۆتایی هه‌ڵچوونه‌كان بوو به‌ڵام هه‌ردوكیان به ته‌واوی بێز له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌م ڕاوهبهرازهیان پێكراوه وه‌ك په‌نده‌كه ده‌ڵێ. من باوه‌ڕ ناكه‌م سه‌ید ته‌ها به‌رده‌وام بێت و ئه‌وه‌ش زۆر گرنگ نییە چوونکە خه‌ڵكه‌كه هه‌ر خۆیان ده‌ریده‌كه‌ن و ئێمه‌ش باده‌ده‌ینه‌وه سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی تر، به‌ڵام له خوت و خۆڕایی دوو مانگی ئێمه به‌فیڕۆ چوو له‌گه‌ڵ خه‌م و ئازارێكی باش‌دا كه ده‌بوو خۆمانی لێ بپارێزین.
١٦ى ته‌مووزى 1923
... بۆ دواجار وا خه‌ریكین سلێمانی ده‌گرینه‌وه و دوو فه‌وجی هێزی سواره‌ی عێراق، كه به زۆری كوردن به ڕێگەوهن به‌ره‌و ئه‌وێ و ڕا و بۆچوونی زێڕینی فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانییان به‌ده‌ستهێناوه. ئێمه ڕێ له ئۆپۆزسیۆن ناگرین له هه‌ر چه‌شنێك بن و خه‌ڵك لێره نه‌خۆشی دوو ساڵی پاشاگه‌ردانی و به‌ره‌ڵایی بنده‌ستی شێخ مه‌حموودن و به‌په‌رۆشن بێنه ژێر ڕکێفی ئیداره‌یه‌كی باش و لێوه‌شاوه‌وه. كارێكی زۆر دڵخۆشكه‌ره كه وا هێزی سواره‌ی عێراق وا به چاكی ئه‌ركی خۆیان ئه‌نجام بده‌ن و ئه‌مه كاری خۆیانه له‌ئه‌ستۆیان گرتووه و ده‌بێ هه‌ر واشبێت.