ڕۆژنامەیەكی سعودی: شیعەكان سودمەندی یەكەمن لە ململانێی سوننەكان لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان
  2024-03-10       544       


ڕۆژنامەیەكی سعودی ڕایدەگەیەنێت،"سودمەندی یەكەمی ململانێی سوننەكان لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق،شیعەكانن". 
 
رۆژنامەی ( الشرق الاوسط)ێ سعودی بڵاویكردووەتەوە،"لە هەولێكدا بۆ كۆكردنەوەی لایەنە سوننیەكان و رێككەوتنیان لەسەر كاندید بۆ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق, سودانی لەگەڵ سەركردەی حزبە سوننیەكان كۆبووەتەوە, بەڵام كۆبونەوەكە شكستی هێناوە لە گەیشتن بە رێككەوتن".
 
ئاماژە بەوەشدراوە،"بەهۆی ئەو دابەشبوونە روونەی دوای كۆبونەوەكە سەریهەڵداوە, لەئێستادا تۆپەكە لە گۆڕەپانی چوارچێوەی هەماهەنگییە, بۆ سەرخستنی هەر كاندیدێكی سوننەكان بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق, ئەوەش دوای ئەوەی سەركردە سوننیەكان پێشنازەكەی سودانیان رەتكردەوە, بە راگەیاندنی ناوی كاندیدێك و دەستەبەرداربوون لە پرسی زۆرینە و كەمینە".
 
بە وتەی سەركردەیەكی سوننی دیار, رێككەوتن هەیە لەسەر پێویستی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان بە زووترین كات, بەر لەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری خۆی بدات لەبارەی ئەو دانیشتنەی هەڵبژاردنی سەرۆكی تیادا بەڕێوەچوو, بەتایبەت كە كێبڕكێیەكە لەنێوان سالم عیساوی و مەحمود مەشهەدانیدا كورت دەبێتەوە".
 
بەگوێرەی ئاماژەكان, عیساوی زۆرترین چانسی هەیە بۆ بردنەوەی پۆستەكە, ئەوەش پرسێكە حەلبوسی تێبینی هەیە لەسەری, بەهۆی بوونی ناكۆكی شەخسی, سەرەڕای ئەوەی هەردووكیان خەڵكی قەزای فەللوجەی سەربە پارێزگای ئەنبارن.
 
بۆ ئەوەی ئەمە روونەدات, حەلبوسی هەوڵی رازیكردنی عەممار حەكیم و هادی عامری داوە, پاشان پەنای بردووەتەبەر سەركردە سیاسیەكانی تر, بە سەركردەكانی كوردیشەوە, بۆ سەرخستنی هەر كاندیدێك پێشكەشی بكات, بەڵام دوای هەمواركردنی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران.
 
لێكۆڵەر سەیف سەعدی دەڵێت،"دەستپێشخەرییەكەی سودانی هیچ تازەی پێنەكراوە, چونكە ناكۆكی سوننەكان قووڵە و ململانێی لەسەر سەركردایەتیكردن, ئەو دۆخە دوای مانگی رەمەزانیش بەردەوام دەبێت".
 
هەندێك لایەنی سوننی, هەوڵی هێشتنەوەی موحسین مەندەلاوی دەدەن لە شوێنی سەرۆك تاكۆتایی ئەم خولە, ئەوەش هاوتەریبی خواستی رانەگەیەندراوی چوارچێوەی هەماهەنگیە, هەندێك لایەنی تریش, هەوڵی یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە دەدەن, بۆ هەڵبژاردنی كەسێك كە ملكەچی سیاسەتی شیعەكان بێت.
 
لە ڕاپۆرتی ڕۆژنامە سعوودییەكەدا هاتووە،"سوودمەندی یەكەم لەو پرسە سیاسیەكانی شیعەن, چونكە ماڵی سوننە سەرقاڵی یەكلاكردنەوەی سەرۆكی پەرلەمانن لەسەر حسابی جێبەجێكردنی كارنامەی رێككەوتنی سیاسی, لە نمونەی یاسای لێبوردنی گشتی, قەرەبوكردنەوە و یاسای دادگای فیدراڵی و یاسای ئەنجومەنی یەكگرتوو, هەڵبژاردنی پێشوەخت و بردنە دەرەوەی سوپاو حەشدی شەعبی بۆ دەرەوەی شارەكان.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×