وەزیری کشتوکاڵی عێراق: ئاستی ئاوی بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان لە رابردو باشترە
  2024-03-10       317       

وەزیری کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بەهۆی شەپۆلەکانی باران بارینەوە، رێژەی یەدەگی ئاوی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو زیادکردوە، ئاستی ئاوی بەنداوی موسڵ حەوت مەتر بەرزبوەتەوە، هەروەها ئاستی ئاوی بەنداوەکانی حەمرین، دوکان و دەربەندیخاننیش لە دۆخێکی باشتردان.

عەون زیاب وەزیری کشتوکاڵی عێراق بە رۆژنامە "الصباح"ی راگەیاند، ئەو شەپۆلی باران بارینانەی رویان لە عێراق کرد لەم دواییانەدا، بە شێویەکی بەرچاو هاوکاربوە لە پتەوکردنی یەدەگی ئاوی وڵاتەکە، بە تایبەتی بەنداوی موسڵ کە ئاستی ئاوەکەی حەوت مەتر بەرزبوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەنداوی موسڵ بوەتە بناغەی زیندوکردنەوەی روباری دیجلە لە ماوەی وەرزی هاوین، جگە لەوەش یەدەگی ئاوی بەندەواکانی دورکا، دەربەندیخان و حەمرینیش مەزنە.

ئەوەشی خستەڕو، یەکێک لەو رێکارە گرنگانەی وەزارەتی کشتوکاڵ گرتویەتییە بەر، ئاڕاستەکردنی ئاوی بارانە بۆ زۆنگاوەکان تا دوبارە زیندوبکرێنەوە، کە بەهۆی شەپۆلی گەرما و وشکەساڵییەوە کاریگەری نەرێنیان لەسەر دروستبوە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×