سێ لایەنی سوننە لەسەر كاندیدێك بۆ پۆست سەرۆكی پەرلەمان رێككەوتن
  2024-03-09       623       
وێنەی سالم عیساوی، ئەو پەرلەمانتارەی كە سێ لایەنە سوننەیەكە وەك كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان لەسەری رێككەوتون

درەنگانی شەوی رابردو سێ لایەنی سوننە لەسەر كاندیدكردنی پەرلەمانتار سالم عیساوی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رێككەوتن.

ئاوێنە: بەپێی میدیا عێراقییەكان، هەر سێ لایەنی هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆكایەتی موسەنا سامەڕائی، سیادە بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر و حەسمی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی سابت عەباسی لە نوسراوێكدا كە ئاڕاستەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكانیان كردوە، جەختیان لەوە كردۆتەوە كە رێككەوتن لەسەر كاندیدكردنی سالم عیساوی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق.

لە نوسراوەكەیاندا سەرۆكانی ئەو سێ لایەنەی سوننە داوایان كردوە پەلە بكرێت لە دیاریكردنی رۆژی دانیشتنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ بۆ پەرلەمان.

ئەو سێ لایەنە لە نوسراوەكەیاندا پشتیوانی چوارچێوەی هەماهەنگییان بۆ كاندیدەكەیان بە تەواوكردنی ئیستحقاقە دەستورییەكان ناوبردوە.

لە مانگی تشرینی دوەمی ساڵی رابردودا، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق كۆتایی بە ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پەرلەمان هێناو ئەوەش لەسەر بنەمای سكاڵایەك كە لەلایەن لەیس دلێمی لەدژی تۆماركرابو تێیدا حەلبوسی تۆمەتبار كردبو بەوەی دەستلەكاركێشانەوەی ئەوی لە پەرلەمان، ساختەكردوە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×