عێراق لە ڕیزی 10 وڵاتی “مەترسیدارترینە” بۆ ئافرەتان و دووەم وڵاتە کە ئافرەتان کەمترین بەشداریکردنیان لە کاردا هەیە.
ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی، لە جیهاندا ڕۆژی جەژنی ئافرەتانە، 8ی ئاداری هەموو ساڵێک، ئاهەنگی ئەم بۆنەیە دوای بەستنی یەکەمین کۆنفرانسی یەکێتیی ژنانی دیموکراتی نێودەوڵەتی لە پاریس لە ساڵی 1945 دەگێڕدرێت، لەم رۆژەدا ڕوانگە نێودەوڵەتییەکان سەرنجیان لەسەر ڕادەی پێشکەوتنەکانە، یان دابەزینێک کە ژنان و ئافرەتان لە جیهاندا دووچاری دەبن، بەتایبەت لە هەندێک وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، كە بەردەوام دابەزین لە مافەكانی ئافرەتاندا بەدی دەكرێت.
بەپێی بەدواداچوونێكی (ئەلسومەرییە نیوز) بە پشتبەستن بە راپۆرتی رێکخراوە گرنگەکانی دنیا، بۆ دیاریکردنی دۆخی ئافرەتان لە عێراق، بەتایبەتی پێوەرەکانی ئەمنی و ئاسایش بۆ ژنان، هەروەها ڕێژەی بەشداریکردنی ژنان لە هێزی کار لە عێراق بەبەراورد بە پیاوان، دەركەتووە، عێراق لە ڕیزبەندی ”سەلامەتی و ئاسایشی ژنان“دا، لە کۆی 177 وڵات لە جیهاندا لە ڕیزی 10 وڵاتی مەترسیدارترینە بۆ ژنان.
بەپێی پۆلێنکردنی پەیمانگای ئافرەتان، ئاشتی و ئاسایش بۆ ساڵی (2023- 2024)، 10 سەلامەتتریین وڵات بۆ ژنان لە پێشەنگدا، دانیمارک بە نمرەی 0.923، لە ریزبەندی یەكەم و لەدوای ئەویش سویسرا، سوید، فینلاند، لۆکسمبۆرگ، ئایسلەندا، نەرویج، نەمسا، هۆڵەندا و نیوزلەندا دێن.
سەبارەت بە 10 وڵاتی کۆتایی ئەم پێوەرە، کە لەڕووی ئاسایش و سەلامەتی بۆ ژنان بە خراپترین وڵات دادەنرێن، ئەفغانستان بە نمرەی 0.286 خراپترینە و لەدوای ئەویش یەمەن، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، كۆماری کۆنگۆ، باشووری سوودان، بوروندی، سووریا، ئێسواتینی، سۆماڵ، عێراق بە 0.424 خاڵ لەم ریزبەندە خراپەدایە.
سەبارەت بە ڕێژەی بەشداری لە هێزی کاریشدا، عێراق بە دووەم نزمترین وڵات دێت لە ڕێژەی بەشداریکردنی ژنان لە هێزی کاردا، بە بەراورد بە پیاوان و گەیشتووەتە 15.4%، دوای یەمەن، کە بە ڕێژەی 8.8% لە پلەی یەکەمدا هاتووە.