نوری مالیكی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراقى دیاری كرد
  2024-03-07       331       

سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، هەوڵی جددی بۆ كۆتاییهێنان بە دۆسێیەی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق هەیە، دەشڵێت: هەركەسێك لە قۆناغی یەكەمدا كاندید كرابوو، دەتوانرێت لە خولی دووەمدا لە دانیشتنەكانی ڕۆژی شەممە یان دووشەممەی داهاتوو دووبارە كاندید بكرێتەوە.

نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە بارەی یەكلاكردنەوەی دۆسێیەی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق و كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و یاسای هەڵبژاردنەكان، بۆ میدیای فەرمی عێراق دەدوێت.

نوری مالیكی ڕایگەیاند، هەوڵی جددی بۆ كۆتاییهێنان بە دۆسێیەی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق هەیە، چوارچێوەی هەماهەنگی هێزە سوننەكانی ئاگادار كردووەتەوە لە پێویستی ڕێككەوتن لەسەر یەك كاندید، بەڵام كەسانێك هەیە، دەیانەوێت لە دەرەوەی ئەنبار كەسێك كاندید بكەن، بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەركەسێك لە قۆناغی یەكەمدا كاندید كرابوو، دەتوانرێت لە خولی دووەمدا لە دانیشتنەكانی ڕۆژی شەممە یان دووشەممەی داهاتوو دووبارە كاندید بكرێتەوە، دەشڵێت: چوارچێوەی هەماهەنگی هیچ پێشنیارێکى بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان نەخستووەتەڕوو، بەڵام تەنها بیرۆكە هەیە، هەرچەندە زۆرینەى لایەنەكان سیستەمی فرە بازنەییان پێ باشترین بژاردەیە.

مالیكی باسی لەوەشكرد، چوارچێوەی هەماهەنگی پابەندە بە حكومەتی ئێستا و كۆبوونەوەی بەردەوامی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران هەیە، هەروەها جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی ئارامی و وەستاندنی هێرشەكانی دژی ئەمریكییەكان كردەوە، بە مەبەستی ئەوەی دەرفەت بدرێت بە حكومەت گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن ئەنجام بدات، بۆ دانانی خشتەیەكى كاتی بۆ كشانەوەی هیزەكانی ئەمریكا.

ڕۆژی ١٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، دادگای فیدراڵی عێراق، بڕیاری كۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەكە لە محەمەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش ڕاستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو كێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی ڕابردوو لە نێوانیان ڕوویاندا.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×