هەریەکە لە وڵاتانی عێراق و قەتەر ، 25 ملیۆن دۆلار هاوکاریی دەبەخشنە ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەھاناوەچوون و کاروباری پەنابەرانی فەڵەستین.
بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی فەرمی قەتەر (QNA)، نوێنەری هەمیشەیی ئەو وڵاتە لە نەتەوە یەکگرتووەکان عەلا ئەحمەد سەیف ئال سانی لە بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی کۆسپەکانی بەردەم ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەھاناوەچوون و کاروباری پەنابەرانی فەڵەستین قسەی بۆ میدیاکاران کرد.
ئال سانی وێڕای ئیدانەکردنی هەوڵەکان کە مەبەست لێی بەرتەسککردنەوەی کار و چالاکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاوارە فەڵەستینییەکانە و بەداخبوونی خۆی لەو دۆخە، جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی 25 ملیۆن دۆلار هاوکاریی پێشکەش بە UNRWA دەکات.
لە پاڵ قەتەر، هەروەها عێراقیش ئامادەیی وڵاتەکی بۆ پێشکەشکردنی 25 ملیۆن دۆلار هاوکاری بۆ ئەو ئاژانسەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان نیشان دا.
وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حوسێن لە میانی وتارێکی خۆیدا لە 161مین دانیشتنی وەزیرانی دەرەوەی کۆمکاری عەرەبی ڕایگەیاند، UNRWA تووشی هێرشێکی بەرفراوان و بەهێز بووەتەوە.
فوئاد حوسێن جەختیشی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی 25 ملیۆن دۆلار هاوکاریی پێشکەش بە ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەھاناوەچوون و کاروباری پەنابەرانی فەڵەستین دەکات و داواشی کرد وڵاتانی دیکە بە هەمان شێوە یارمەتی ئاژانسەکە بدەن بۆ بەردەوامیدان بە خزمەتگوزارییەکانی.