پەرلەمان داوای ناردنی خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ لە حكومەت دەكات
  2024-03-07       331       

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، داوا لە حكومەت دەكەین، بە زووترین كات خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ پەرلەمان بنێرێت، بۆ ئەوەی بتوانین دەنگی لەسەر بدەین، دەشڵێت: دۆخی دارایی حكومەت زۆر باشە و هیچ نیگەرانییەك لە بارەی دۆخی مووچەوە نییە.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە بارەی ناردنی خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ پەرلەمان و دۆخی دارایی حكومەت بۆ میدیا عەرەبییەكان دەدوێت.

جەمال كۆچەر، بە ڕۆژنامەی “سەباح”ی ڕاگەیاند، داوا لە حكومەت دەكەین، بە زووترین كات خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ پەرلەمان بنێرێت، بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدەین.

ئاماژەی بەوەشكرد، دۆخی دارایی حكومەتی عێراق زۆر باشە و هیچ ئاستەنگێك بۆ ڕێگرییكردن لە دابەشكردنی مووچە نییە، چونكە عێراق لە ڕۆژانی سەختی وەك بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هێرشی داعش توانیوێتی مووچەی فەرمانبەران مسۆگەر بكات.

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە حكومەت زوو خشتەكانی بودجەی ٢٠٢٤ بنێرێت، لەبەرئەوەی پاداشت و پلە بەرزكردنەوەی وەستاندبوو، دەبێت پەرلەمان ئەمانە هەمووی ڕێك بخاتەوە و دەنگی لە سەر بدات، دواتر دووبارە بینێرێتەوە بۆ حكومەت بە مەبەستی جێبەجێكردنی.

لە كۆتایدا وتی: لیژنەی دارایی نازانێت كەی حكومەت خشتەكان دەنێرێت، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە ئەم مانگە بینێرێت، ئەم مانگەش بۆ حكومەت چارەنووسسازە، چونكە ئەویش پێویستی بەو خشتەیە هەیە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×