جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ناوەڕاستی ئەم مانگە لینکی دامەزراندن بۆ سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی عێراق کارا دەکرێت كە سێ یەكەمەكانی ناوچە جێناكۆكەكانیش مافی دامەزراندنیان دەبێت.
ئاوێنە: نەھلە ئەفەندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی راگەیاند: ناوەڕاستی مانگی ئادار لینکی دامەزراندن بۆ سێ یەکەمەکانی عێراق دەکرێتەوەو قوتابیانی دەرچوی زانکۆ و پەیمانگاکان دەتوانن بە مەبەستی دامەزراندنیان خۆیان تۆمار بکەن.
وتوشیەتی، دامەزراندنەکە دەرچوانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، ھەروەھا پرۆسەی دامەزراندنەکە ھەڵگرانی بڕوانامەی ماستەریش دەگرێتەوە.
نەھلە ئەفەندی وتیشی: داوا لە سێ یەکەمەکانی سنوری ماددەی 140ی دەستوری عێراق دەکەین خۆیان تۆمار بکەن، مافی دامەزراندنیان ھەیە لەسەر میلاکی حکومەتی عێراق، ئەوەش دوای ھەوڵێکی زۆری ئێمە بۆ ئەوەی دەرچوانی ئەو ناوچانە ئەگەر لە زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێمی کوردستانیش دەرچوبن مافی دامەزراندنیان ھەیە.