شەوی ڕابردوو لایەنە سیاسییەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ تاوتوێكردنی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەیەكیان لە ماڵی حەیدەر عەبادی ئەنجامدا، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی كۆتاییهێنان بە ئەركەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق كرا.
میدیا عێراقییەكان لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی شەوی ڕابردووی لایەنە سیاسییەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.
میدیا عێراقییەكان بڵاویان كردەوە، شەوی ڕابردوو سەركردەی لایەنەكانی چوارچێوە هەماهەنگی لە ماڵی حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی سەركەوتن كۆبوونەوە، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دانانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان و پشتگیریكردنی كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە.
ئاماژە بەوەشكراوە، لە كۆبوونەوەكەدا دوایین ئەنجامی دانوستانەكانی نێوان بەغدا و واشنتۆن سەبارەت بە كۆتاییهێنان بە ئەركەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراقەوە تاوتوێ كرا.
ڕۆژی ٣ی ئە مانگە لە شاری بەغدا، جگە لە حزبی تەقەدوم، تەواوی هێز و لایەنە سووننەكانی عێراق، لە ماڵی ئەحمەد عەبدوڵا جبووری ناسراو بە ئەبو مازن، بۆ دەستنیشان كردنی كاندیدێك وەك جێگرەوەی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوە و ڕایانگەیاند، كاندیدیان بۆ ئەو پۆستە سالم عیساوییە.
دوای تەواو بوونی كۆبوونەوەی لایەنە سوونەكان، حزبی تەقەدوومی حەلبووسی بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە، گفتوگۆ و ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی لایەنە سووننەكانی ڕەتكردەوە، دەڵێن، ئەو لایەنانە نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەی سووننە ناكەن.
ڕۆژی ١٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی هێنان بە ئەندامێتی هەر یەكە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو كێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی ڕابردوو لە نێوانیان ڕوویاندا.