نه‌وتی سپی به‌ نیوه‌ی نرخه‌كه‌ی ده‌درێته‌ هاوڵاتیانی عێراق
  2024-03-06       314       

ده‌سته‌ی دابه‌شكردنی به‌غدای كۆمپانیای دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانی عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، به‌نیوه‌ی نرخی فه‌رمی به‌شه‌ نه‌وتی سپی ده‌ده‌نه‌ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی كه‌ له‌ڕێگه‌ی كارتی بانكیه‌وه‌ پاره‌ ده‌ده‌ن، ئه‌م هه‌له‌ش بۆ ماوه‌ی مانگێك به‌رده‌ست ده‌بێت.

محه‌مه‌د شبر به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌سته‌ی دابه‌شكردنی به‌غدای كۆمپانیای دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، كۆمپانیای كارتی زیره‌كی نێوده‌وڵه‌تی پاڵپشتیی له‌ هه‌ر هاوڵاتییه‌ك ده‌كات كه‌ پشكی خۆی له‌ نه‌وتی سپی له‌ ڕێگه‌ی كارتی ئه‌لیكترۆنی بانكی ڕافیده‌ینه‌وه‌ وه‌ربگرێت، به‌جۆرێك كه‌ نیوه‌ی به‌های به‌رهه‌مه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ وه‌رده‌گیرێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، هه‌ر هاوڵاتیه‌ك له‌ڕێگه‌ی كارتی ئه‌لیكترۆنیه‌وه‌ پاره‌ی به‌شه‌ نه‌وتی سپی مانگانه‌ی بدات، له‌به‌رامبه‌ر 100 لیتر نه‌وتی سپی حه‌وت هه‌زار و 500 دیناری لێوه‌رده‌گیرێت، له‌كاتێكدا پێشتر 15 هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرا.

ده‌سته‌ی دابه‌شكردنی به‌غدای كۆمپانیای به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیه‌كان داوای له‌ هاوڵاتیان كرد، په‌له‌ بكه‌ن له‌ به‌ده‌ستهێنانی كارتی پاره‌دانی بانكی و له‌ ڕێگه‌ی ئه‌پڵیكه‌یشنی خزمه‌تگوزارییه‌ بانكییه‌كانی (كی) ناو تۆمار بكه‌ن، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ دوا واده‌ بۆ به‌كارهێنانی كارتی بانكی 1ی (ئایار/5)ی 2024 ده‌بێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×