قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لە پەیامێکدا رایگەیاند، هیچ بیانییەك لە هەردوو فڕۆکەخانەی سلێمانی و عەربەت بوونی نییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لە پەیامێکدا لە پێگەی X رایگەیاند:" دوای سەردانیکردنی لیژنەی تایبەتمەند بە هەردوو فڕۆكەخانەی سلێمانی و عەربەت، كە بە فەرمانی سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی پێكهێنراوە، پشتڕاستی دەکەینەوە هیچ بیانییەك سەربازی یان مەدەنی لەو دوو فڕۆكەخانەیەدا بوونی نییە".
باسی لەوەش کردووە:" هەردوو فڕۆكەخانەكە لەژێر سەرپەرەشتی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی فیدراڵدان، دامەزراوە فیدراڵییەكان و دامەزراوەكانی هەرێم بەشێوەیەكی یاسایی و ئسوڵی لە دوو فڕۆکەخانەکەدا ئامادەی تەواویان هەیە".
ئەمڕۆ قاسم ئەعرەجی لە سلێمانی بوو، کە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبووەوە و پێکەوە گفتوگۆیان سەبارەت بە چەند تەوەرێک کرد.