بەڕێووەبەری هەواڵگری زیقار كوژرا
  2024-03-04       306       

وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوی كردەوە، شەوى ڕابردوو لە ڕووداوێكی تەقەكردندا بەڕێووەبەری هەواڵگری پارێزگای زیقار و سێ كەسی دیكەش كوژران و شەش كەسی دیكە بریندار بوون، دەشڵێن، هێزێكی زۆریش ڕەوانەی زیقار كراون.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە بارەی شەڕی نێوان دوو هۆزى سنووری پارێزگای زیقار و كوژرانی فەرماندەیەكی ئەمنی ناوچەكە ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

 لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، شەوی ڕابردوو بەهۆی شەڕی نێوان دوو هۆزەوە لە شارۆچكەی ئیسڵاحی سەر بە پارێزگای زیقار، عەمید عەزیز شەلال جەهل بەڕێووەبەری هەواڵگری زیقار كوژرا، ئەو ئەفسەرە لە كاتی ئەركەكەیدا بۆ ڕاگرتن و كۆتاییهێنان بە ناكۆكیەكی نێوان ئەو دوو هۆزە چوەتە شوێنى ڕووداوەکە.

ئاماژە بەوەشكراوە، جگە لەو بەرپرسە ئەمنیە سێ كارمەندی دیکەى هێزە ئەمنییەكان كوژراون و شەش كەسیش بریندار بوون.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ئێستادا تەواوی شارۆچكەی ئیسڵاح گەمارۆدراوە بە مەبەستى دەستگیركردنی تاوانباران و هێزێكی زۆریش ڕەوانەی ناوچەکە كراوە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیارێكی دەركرد، بۆ وەرگرتنەوە و كڕینەوەی چەكی هاوڵاتییان، بەڵام تا ئێستا بەشێكی زۆری هاوڵاتییان و هۆزە عەرەبەكانی ناوەڕاست و یاشورى عێراق چەكی سووك و مامناوەندیان لایە، ئەمەش مەترسیی ڕوودانی کارى تاوانکارى زیاد کردووە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×