عێراق کێشەى نەختینەیی هەیە و بەو هۆیەشەوە کێشە بۆ دابەشکردنى مووچە دروست دەبێت
  2024-02-29       290       

نەبیل جەبار ، شارەزای کاروباری دارایی، وردەکاریی قەیرانی "نەختینەیی"ەى ئاشکرا کرد، کە عێراق پێیدا تێدەپەڕێت و بووەتەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنى مووچەی فەرمانبەران.

نەبیل جەبار لە لێدوانێکى بۆ بەغداد یەوم دەڵێت: قەیرانی ڕاستەقینە لە نەختینەیی هەیە، وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕێگەی بانکی ناوەندیی عێراقەوە پارە بۆ دابەشکردنى مووچە دەهێنێت، بانکەکەش ئەو پارەیە بە ئەنجامدانی حەواڵە (فرۆشتنی دۆلار) پەیدا دەکات.

ئەو دەشڵێت: بانکی ناوەندیی عێراق رێژەیەکى سنووردارى هەیە بۆ گواستنەوە و فرۆشتنی دۆلار بەهۆی سانسۆری ئەمریکییەوە، کە بانکەکە ڕۆژانە نزیکەی (200) ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت، ئەم پرۆسەیەش لە مانگێکدا بۆ ماوەی نزیکەی ( تەنها 22) ڕۆژ بەردەوامە، واتە مانگانە بە نزیکەی (4) ملیار دۆلار دەفرۆشێت، بەمەش کورتهێنان لە پارەى نەختینەیی دروست دەبێت، کە عێراق بۆ دابەشکردنى مووچە (5) ترلیۆن دیناری پێویستە و ساڵانەش (65) ترلیۆن دیناری عێراقییە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "بە پێچەوانەوە بودجەی عێراق لە (200) ترلیۆن دینار تێدەپەڕێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش قەیرانێک لە پرسی نەختینەیی هەیە، هەروەها دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا هەر بەو هۆیەوەیە.

ڕۆژی 25ی شوبات، وەزارەتی دارایی نەبوونی نەختینەیی پێویستى بۆ دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتی ڕەتکردەوە و رایگەیاند هیچ کێشەیەکیان لەو پرسەدا نییە.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×