نیویۆرك تایمز: تەقاندنەوەی بۆرییە غازییەكانی ئێران كاری ئیسرائیل بوە
  2024-02-17       871       

رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لەزاری دو بەرپرسی رۆژئاوایی و شارەزایەكی سەربازیی سەربە سوپای پاسدارانەوە بڵاویكردۆتەوە، تەقاندنەوەی دو بۆری سەرەكی گواستنەوەی غاز لە ئێران لە چەند رۆژی رابردودا، كاری ئیسرائیل بوە.

ئاوێنە: نیویۆرك تایمز لە راپۆرتێكدا بڵاویكردۆتەوە كە تەقاندنەوەی دو بۆری سەرەكی گواستنەوەی غازی ئێران لە چەند خاڵێك و لە پارێزگاكانی فارس و چهارمەحال و بەختیاری لە رۆژی چوارشەممەی رابردو و هەروەها تەقینەوەكەی نێو كارگەیەكی ماددە كیمیاییەكان لە نزیك تاران لە رۆژی پێنجشەممەی رابردو، كاری ئیسرائیل بوە.

رۆژنامەكە لە زاری چەند بەرپرسێكی ئێرانییەوە بڵاویشیكردۆتەوە كە ئەو تەقینەوانە بونەتە هۆی دروستكردنی كێشە بۆ گەیاندنی غاز بە چەندین باڵەخانەی حكومی و ماڵانی هاوڵاتیان و چەند كارگەیەكی سەرەكی، لانیكەم لە پێنج پارێزگای ئێران.

رۆژی چوارشەممەی رابردو، میدیا ئێرانییەكان بڵاویانكردەوە كە تەقینەوە لە هێڵی بۆری غاز لە پارێزگای چهارمەحال و بەختیاری رویداوە.

هەروەها جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، هەر چوارشەممە، چەند تەقینەوەیەك لە تۆڕی بۆری گواستنەوەی غاز لە سێ ناوچەی پارێزگای فاس رویانداوە.

وەزیری نەوتی ئێران لەبارەی ئەو روداوانە، دوێنێ هەینی وتی، "بەرنامەی دوژمن ئەوەبو كە لە وەرزی زستاندا گەیاندنی غاز بە چەند شارێكی گەورەو چەند پارێزگایەكی ئێران، بەتەواوەتی پەك بخات." بەبێ ئەوەی راستەوخۆ ئیسرائیل یان گروپێكی دیكە تۆمەتبار بكات.

رۆژی پێنجشەممەش وێنەو ڤیدیۆی تەقینەوەیەك لەنێو كارگەیەكی بەرهەمهێنانی ماددە كیمیاییەكان لە شاری قودسی نزیك لە تاران بڵاوكرایەوە. نیویۆرك تایمز لە زاری دو بەرپرسی رۆژئاواییەوە نوسیویەتی، ئەوەش هەر هێرشی ئیسرائیل بوە.

بەڵام وەحید گلیكانی، قائیمقامی شاری قودس، بە ئاماژەدان بەوەی كە هۆكاری تەقینەوەكە "ئەمنی نەبوە"، وتویەتی"روداوەكە بەهۆی ئاگركەوتنەوە بوە لە كۆگا كیمیاییەكانی كۆمپانیایەكی تایبەتی بەرهەمهێنانی ماددە كیمیاییەكان."

دو بەرپرسە رۆژئاواییەكەو شارەزایەكی سەربازیی سەربە سوپای پاسداران بە نیویۆرك تایمزیان وتوە، ئەم هێرشانەی ئیسرائیل پێویستیان بە ناسانێكی قوڵی ژێرخانی ئێران و هەماهەنگی ورد بوە، بەتایبەت كاتێك دو بۆری گواستنەوەی غاز لە چەندین خاڵ هاوكات كراونەتە ئامانج.

وەزیری نەوتی ئێران وتویەتی، تیمە تەكنیكییەكان زیانەكانیان چاك كردۆتەوەو دۆخەكە ئاسایی بۆتەوە.

شارەزا سەربازییەكەی سوپای پاسداران بە نیویۆرك تایمزی وتوە، حكومەتی ئێران بەهۆی ئاڵۆزی و رەهەندە جیاجیاكانی ئەو هێرشانەوە پێی وایە كە ئیسرائیل لە پشت هێرشەكانەوە بوە.

یەكێك لە بەرپرسە رۆژئاواییەكان كە بۆ رۆژنامەكە قسەی كردوە، هێرشەكانی بە "هێرشێكی گەورەی رەمزی كە چاككردنەوەیان بۆ ئێران كارێكی ئاسان بوە" ناوبردوەو وتوشیەتی، بەڵام هێرشەكە لەگەڵ تەشەنەسەندنی شەڕ لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زیادبونی گرژییەكانی نێوان ئێران و "دوژمنەكانی" بەتایبەت ئیسرائیل و ئەمریكا، هەڵگری هۆشدارییەكی رون بوە بۆ ئێران كە ئیسرائیل دەتوانێت چ جۆرە زیانێكی پێ بگەیەنێت.

رۆژنامەكە بە ئاماژەدان بە هێرشەكانی ئەم ساڵانەی دوایی ئیسرائیل دژ دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەكانی ئێران و تەنانەت كوشتنی زانایانی ئێرانی، نوسیویەتی"بەوتەی بەرپرسان و شرۆڤەكاران، تەقاندنەوەی بەشێك لە ژێرخانی وزەی ئێران... بەواتای توندبون و فراوانبونی بەرچاو جەنگێكی شاراوەیەو بەرەیەكی نوێش دەكاتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×