ئا: کۆراڵ نوری
ساڵی ٢٠١٦ بە خاڵی وەرچەرخان لەسروشتی پاساوگەرایی گوتاری سیاسی تورکیا، ھەروەھا سەبارەت بەپڕۆگرامی رادیکاڵانەی سەکردایەتی پارتی دادو گەشەپێدان دادەنرێت. بۆیە ھەر ئۆپۆزسیۆنێک دژی پارتی دەسەڵاتدار دەرکەوێت بەپاساوی جۆراوجۆر تۆمەتبار دەکرێت. لە پێش ھەموشیانەوە، پاساوی پەیوەندی بەپارتی کرێکارانی کوردستانەوە، یاخود بونی پەیوەندی لەگەڵ گروپی فەتحوڵا گولەن. تا ئەو ئاستەی ھەر رەخنەیەک لەسیاسەتی سەرۆک کۆمار یەکسان بێت بەڕەخنەگرتن لەخودی سەرۆک، کە ئەمەش رەخنەگر روبەروی چەند ساڵێک زیندانیکردن دەکاتەوە. ھاوکات ئەو گۆڕانکاریەی ئەردۆگان ساڵی ٢٠١٧ لەدەستوردا کردی، وایکرد زۆربەی دەسەڵاتەکان لەدەستیخۆیدا کۆبکاتەوە، لەئەنجامدا لەسەدا ٩٥% دەزگاکانی میدیا کەوتە ژێر ھەژمونی حکومەتەوە. بەپێی ئەم پێدراوانە، ئازادی رادەربڕین لەتورکیا وەک تاوانی سیاسی لێھات. بەپێی راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی بواری میدیاش تورکیا وەک زیندانییەکی گەورە بۆ رۆژنامەنوسان وەسفکرا.
یەکێک لەبەناوبانگترین کەیسەکانی پێشێلکردنی ئازادی رادەربڕینو رۆژنامەگەری لەتورکیا، کەیسی "جان دوندار" سەرنوسەری پێشوی رۆژنامەی جمھوریەتە. لەگەشتی ٤٤ ساڵەی کاری رۆژنامەگەرییدا جان دوندار ھاوچەرخی چەندین روداوی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتیو رۆشنبیری تورکیا بوو. لەلایەن دادگای تورکیاوە بەسوکایەتی کردنی سەرۆک کۆمارو دامەزراوەکانی دەوڵەتو گەلی تورکیا تۆمەتبارکرا، ئەمەش دوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتێکی بنکۆڵکاری سەبارەت بەبارزگانی چەک لەنێوان دەزگای ھەواڵگری تورکیا (میت)و گروپە تیرۆستەکانی سوریا. دوندار بۆ ماوەی سێ مانگ زیندانی کرا، دواتر بە کەفالەت ئازاد کراو لەھەوڵێکی تیرۆرستی لەبەردەم دادگا رزگاری بوو، بۆیە بەناچاری لەساڵی ٢٠١٦ھەڵات بۆ ئەڵمانیاو تا ئێستا لەوێ دەژی. لەسەر راپۆرتە بنکۆڵکاریەکەی ٣ ساڵ لەمەوبەر بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ رێکخراوێکی تیرۆرستی بەغیابی حوکمی ٢٧ ساڵو نیو زیندانی بەسەردا سەپێنرا.
بۆ گفتوگۆ لەبارەی ئازادی رادەڕبرینو میدیای ئازاد لە تورکیا، ھەروەھا تیشک خستنە سەر دۆخی کورد لەباکوری کوردستان ئەم دیدارەمان لەگەڵ رۆژنامەنوس، نوسەر، سیناریستو دەرھێنەری فلمی دۆکیومینتاری جان دوندار ساز کرد، تاکو لەزمانی خۆیەوە باس لەسانسۆری دەسەڵات بەدرێژایی تەمەنی دەوڵەتی تورکیا بکات.
- پاش روداوەکانی پارکی غەزی لەئیستەنبول ساڵی ٢٠١٣ ئازادی رۆژنامەگەری لەتورکیا توشی شکستێکی گەورە بەسەرھات، بەپێی راپۆرتێکی ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ بۆ ساڵی ٢٠١٧ میدیا تورکیا رۆژبەڕۆژ کەوتە ژێر رکێفی یەک دەسەڵاتەو، ئەمەش دوای داخستنی ١٨٠ دەزگای راگەیاندنو لەدەستدانی ٢٥٠٠ رۆژنامەنوس بۆ کارەکانیان، ئەمە جگە لەلادانی کۆمەڵێک دادوەر لەدامەزراوەی دادوەریو ئەفسەری پلە بەرز کە دژ بەسیاسەتەکانی پارتی دادو گەشەپێدان بوون سەبارەت بەدەستوەردان لەشەڕی سوریا. ھاوکات ئەو گۆڕانکاریە لەدەستور ساڵی ٢٠١٧، وایکرد ئەردۆگان یەکەم سەرۆک بێت پاش ئەتاتورک بۆ ماوەیەکی درێژ حوکم بکات، ئەو گۆڕانکاریانە بوو بەھۆکاری کۆنترۆڵی دەسەڵاتی دادوەریو یاسادانان لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێکارەوە. ئایا ئەمە بەواتای ئەوەیە تورکیا چووە قۆناغی سەرۆکێکی دیکتاتۆرەوە؟
+ لەراستیدا نەخێر، چونکە ھێشتا لەتورکیا زۆر خەڵکی ئۆپۆزسیۆن ماوە، بۆیە ناتوانم بڵێم دەوڵەتێکی دیکتاتۆرە، بەڵام بەئاڕاستەی حوکمی سوڵتانیدا دەڕوات، رەنگە پارتی دەسەڵاتدار ئارەزوی فراونکردنی دەسەڵاتی بەسەر جیھانی ئیسلامیدا بکات. بینیمان لەھەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانە، نیوەی دەنگدەران دژی پارتی فەرمانڕەوا دەنگیاندا. ئەمەش ئاماژەیەکی ئاشکرایە بۆ بونی ئۆپۆزسیۆنێکی گەورە لەدژی، دواجاریش ئەو ئۆپۆزسیۆنە سنوری بۆ دادەنێت.
سەبارەت بەکاری راگەیاندن لە تورکیاو بەپێی ئەزمونی ٤٤ ساڵەی کارکردنم، پێتدەڵێم: میدیای تورکی ھیچ ڕۆژێک دیموکراسی نەبوەو بەدرێژایی دەیەکانی ڕابردوو ھەستمان بەئازادی ڕادەربرین نەکردوە، بۆیە بەگەیشتنی پارتی دادو گەشەپێدان بەدەسەڵات زۆر شت نەگۆڕا، بەڵام فشارەکان زۆرتر بوون لەسەرمان. دەبێت بزانین تورکیا ھیچ رۆژێک بەھەشت نەبوە بۆ رۆژنامەنوسان، لەبەرامبەریشدا ئەو دۆزەخە نەبوە وەکو ئێستا دەیبینین. ئێمە بەدۆخێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕین، لەبەدبەختیش فشارە زۆرەکانی سەر میدیا بوە ھۆی ملکەچبونی زۆر دەزگای راگەیاندن بۆ دەسەڵاتی حکومەتی پارتی دادو گەشەپێدان. لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێ کەناڵی ئازاو رۆژنامەنوسی بوێر بێلایەنانە لەخەمی گواستنەوەی زانیاریو راستیەکانن بۆ خەڵک. لەدۆخێکی سەختدا کاردەکەن بۆ پاراستنی ئەو پەراوێزە ئازادیەی رادەربرین ئەگەرچی بەئاگان لەمەترسیەکانی کارەکەیان. ھەروەھا چەندین رۆژنامەنوسیش لەزینداننو ھەندێکیشیان لەمەنفاوە کاری خۆیان دەکەن.
بەڵێ پێموایە کاری سەربەخۆیانەی میدیا لەتورکیا ئاڵەنگاریەکی گەورەیە دژ بەدەسەڵاتو پڕ مەترسیە. زۆر لەھاوپیشەکانمان روبەروی کێشە دەبنەوەو بەبچوکترین ھۆکار دەخرێنە زیندان، بۆیە کاری ئێمەیە ئەوانەی لەدەرەوەی وڵات دەژین رۆڵی زیاتر ببینینو لەڕێگەی ئەو دەزگا میدیایەی لەبەردەستمانە لەئەڵمانیا ھەوڵ بدەین بگەینە خەڵک لەناو تورکیا.
- ئایا لەتورکیا رێکخراوی داکۆکیکار لەرۆژنامەنوسان بونی نیە؟
+ بەڵێ ھەیە، زۆر دەستپیشخەری ھەیە، وەک پەیامنێرانی بێسنور، ئەمنستی ئینتەرناشناڵو یەکێتی رۆژنامەنوسان..ھتد. ھەمویان رێکخراوی جیھانی سەربەخۆن، ھەر ئەمانەش وادەکەن سەبارەت بەداھاتوی تورکیا گەشبین بم.
- بەگشتی دۆخی سیاسی تورکیا لەسەر گوتاری راسیستانە بونیادنراوە، لەھەڵبژاردنی ئەمدوایانەی سەرۆکایەتی کۆماردا، لەبەرنامەی کاندیدەکاندا گوتاری ڕقو کینە بەئاشکرا دیاربوو، تەنانەت یەکەم ڕستە ئەردۆگان پاش بردنەوەی، ئەوەبوو کە سەرکەوتنی بەسەر پشتیوانانی قەندیلدا بەدەستھێنا، چۆن دەتوانین باس لەسیستمێکی دیموکراتی لەوڵاتێکدا بکەین کە جگە لەگوتاری ناسیونالستیی ڕادیکاڵانە ھیچ جۆرە گوتارێکی دیکە بەرھەم ناھێنێت؟
+ جارێکی دیکە دەیڵێمەوە، بەداخەوە تەنھا ئەردۆگان نیە کە گوتاری رقو کینە بڵاودەکاتەوە لەتورکیا، بەدرێژایی سەد ساڵی رابردوو چەندین بزاڤی رادیکاڵانەی ناسیۆنالیستانەو تەنانەت راسیستانەمان بینی، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین بڵێن ئەمرۆ دۆخەکە لەدەیەکانی پێشوتر باشترە، بەتایبەت گەر بەراوردێکی خێرا بکەین، دەبینین ئەمڕۆ کورد خاوەن خەباتێکی سیاسی نەتەوەیی رێکخراوەو لەپەرلەمان نوێنەرایەتیەکی گەورەی ھەیە.
- بەڵام لەبەرامبەریشدا لەلایەن ئەردۆگانەوە روبەروی ستەم دەبنەوە بەھۆی مەسەلەی نەتەوەییەوە ھەر لەکوشتنو زیندانیکردنو راگواستن؟
+ ئەی پێتوانیە ئەو دۆخە بەدرێژایی سیو چلو پەنجاکان تا دەگاتە ھەشتاکانی سەدەی رابردوو ھەر بەوجۆرە بووە، واتە کێشەکە وەکو خۆیەتیو نەگۆڕا. بەنمونە لەماوەی ساڵانی دەسەڵاتداری سەربازی لەتورکیا لەنێوان شەستەکان بۆ نەوەدەکان سوپا ھەستا بەڕوخاندنی گوندە کوردنشینەکانو چەندین کاری ئەشکەنجەدا دژی کورد لەدیاربەکر " ئامەد"، ھەروەھا ھەستا بەتەقاندنەوەی بنکەی رۆژنامەیەکی کوردی لەئیستەنبول، من لەو مێژوەوە ھاتوم بۆیە دەڵێم دۆخی سیاسی بەگشتی نەگۆڕاوە، بەڵام لەگەڵ ھاتنی ئەردۆگان وەک سەرکردەیەکی ناسیۆنالستو توندڕەو بەشدار بوو لەزۆربونی ستەم دژی کورد، لەبەرامبەردا ھەر خودی ئەردۆگان خۆی پێش زیاتر لەدەیەیەک دەستپێشخەر بوو لەپرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان.
- راستە ئەو دەستپێشخەربوو لەئەنجامدانی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان کە بەشکست کۆتاییھات، چونکە ھەستا بەدەستگیرکردنی سەرکردە سیاسیەکانی کوردو نوێنەرانیان لەپەرلەمان، ھەروەھا چەندین چالاکوانو رۆژنامەنوسی کورد لەزیندانن، ئەوەتا ھێشتا سەلاحەدین دیمیرتاش لەزیندانە، ھێشتا ناوچەکوردیەکان لەباکوری کوردستان روبەروی گرتنو راگواستنو روخانی گوندەکانیان دەبنەوە؟
+ راستە سەڵاحەدین دیمرتاش لەزیندانە، بەڵام گەڕان بەدوای چارەسەری سیاسی مەسەلەی کورد لەتورکیا پێنج دەیەی خایاند، دەزانم ئەمە سەختە ھەروەھا ئاڵۆزە، وەک ھەر شوێنێکی دیکەی ئەم جیھانە، بڕوانە کۆلۆمبیا. مەبەستم ئەوەیە ئەم ململانێیە قوڵەو ڕەگو ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ چەند دەیەیکی دورودرێژ، بۆیە دۆزینەوەی چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە ئاسان نیە. ھاوکات پرۆسەی ئاشتی یەکەم ھەوڵ بوو لەمێژوی سیاسی تورکیادا، بۆ یەکەم جار دەزگای ھەواڵگری تورکیا (میت) دانوستاندنی راستەوخۆی لەگەڵ سەرکردەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کرد، ئەو پڕۆژەیەکی گەورە بوو، بەڵام لەبەرامبەردا سەڵاحدین دیمیرتاشیان خستە زیندان. پرسەکە لێرەدا کۆتایی نەھاتوەو کۆتایی نایەت، خەباتی کورد سەرباری بونی دیمیرتاشو چەندین سەرکردەی سیاسی دیکە لەزیندان، بەردەوامە. بۆیە تا ئێمە زیاتر ھەوڵەکانمان بۆ خەبات لەدژی ستەمکاریی سوڵتانیی ئەردوگان یەکبخەین، ئەوا ئەو ناتوانێت کۆنترۆڵی تورکیا بکات. من رەشبین نیم، گەشبینم چونکە ئاسانە بڵێین دۆخەکە لەخراپەوە بۆ خراپتر دەڕواتو ھەمو شتێک نەگەتیڤە، بەڵام من گەشبینم دەبێت ھەمومان لەڕێگەی خەباتی دیموکراسیەوە تورکیا لەستەم بپارێزین.
- لەکودەتاکەی ٢٠١٦ راپۆرتە نێودەوڵەتیەکان وەسفی تورکیا دەکەن وەک زیندانیەکی گەورە بۆ رۆژنامەنوسان لەجیھاندا، بەڵام کاتێک رۆژنامەنوسەکە کورد بێت، ھەمیشە تۆمەتەکەی پێشوەختە ئامادەیە، ئەویش بونی پەیوەندی بەرێکخراوێکی تیرۆرستیەوە، بۆیە پرۆسەی داکۆکیکردن لەو رۆژنامەنوسانە وەک تێوەگلان لەتاوان وایە، میدیا چۆن دەتوانێت کاریگەری ھەبێت لەسەر سیاسەتی ستەمکارانەی تورکیا لەسایەی دەوڵەتێکی دابەشبوو بەسەر دامەزراوەی ئاشکراو دیارو دامەزراوەی شاراوەو قوڵ؟
+ منیش تۆمەتی پەیوەندی بەڕێکخراوێکی تیرۆرستیەوە درایە پاڵم، ئەگەرچی من کورد نیم، لیستێکی دورودرێژ ھەیە کە دەسەڵاتی تورکی بەتیرۆرست ناویان دەبات لەنێویاندا کوردو چەپو عەلەویەکانیو گویلەنیەکانی تێدایە، بەڵام من لەگەڵ بوچونەکەی تۆدام بەڵێ رۆژنامەنوسێک بیت لەناوچە کوردیەکان دۆخەکە سەختترەو خراپترە.
- پێتوانیە رۆژنامەنوسی کورد زیاتر روبەروی ستەم دەبێتەوە لەبەر ئەوەی لەنەتەوەی کوردە؟
+ لەڕاستیدا نازانم، ھیچ ژمارەیەکی وردم لانیە سەبارەت بەناسنامەی ئەو رۆژنامەنوسە کوردانەی لەزینداندان، دەزانم لەئێستادا لەنیوان ١٥-١٩ رۆژنامەنوس لەزیندانەکانی تورکیان، بەڵام نازانم چەندیان سەر بەنەتەوەی کوردن. زانیاریم ھەیە کە ١٥٠ رۆژنامەنوس پێش پێنج ساڵ دەستگیرکرانو ناشزانم چیان بەسەرھات. بەڵام رۆژنامەنوس لەناوچە کوردیەکان لەگەڵ بونی دەسەڵاتێکی ستەمکار کارێکی زۆر مەترسیدارە، بۆیە من بەردەوام پەیوەندیم ھەیە لەگەڵ ھاوکارانم لەرۆژنامەنوسە کوردەکانو ھەماھەنگین بەیەکەوە لەکەناڵەکانی تیڤیو رادیۆ کاردەکەین.
شایەنی باسە ژمارەی رۆژنامەنوسە زیندانیکراوەکان لەماوەی ئەم پێنج ساڵەی دواییدا کەمی کردوە، ئەمەش لەبەرئەوە نیە کە تورکیا پەراوێزێکی لەدیموکراسی رەخساندوە، یان لەبەر باشتر بونی دۆخی کاری رۆژنامەنوسی، بەڵکو لەبەر زۆربونی سەرکوتکردنو چاودێریکردن. زۆری سانسۆر بوەتە ھۆی دروستبونی جۆرێک لە سانسۆری خودی لەلای رۆژنامەنوس، لە کاتی نوسینی راپۆرتێک یان وتارێک، بۆ ئەوەی ریسک بە ئازادییەوە نەکات، زۆربونی سەرکوتکاری بوەتە ھۆکار بۆ سنورداربونی رەخنە، بۆیە ئیستا رۆژنامەنوس ئەو کارانە ناکات کە دەزانێت دەیگەیەنێت بە زیندان یاخود مەنفا. بۆیە زانیاری دروست بۆ خەڵک بەردەست نیە، لێرەدا رۆڵی ئێمە دێتەکایەوە زانیاریە راستەکان بخەینە بەردەم خەڵک بۆ دروستکردنی ڕوانگەی سیاسیان.
- بۆچی ھەندێجار تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کێشەی شەخسیت لەگەڵ ئەرۆدگان ھەیە، بەتایبەتی لەپرسی بەقاچاخبردنی چەک لەلایەن میتی تورکیە بۆ گروپە توندرەوەکان لەسوریا، ھەروەھا تۆمەتبارکردنت بەلایەنگری گویلەن؟
+ ئەوە کەیسێکی ئاڵۆزە، پێموابێ ئەوە شەخسی نیە، بەڵام ئەردۆگان ھەستیارە بەرامبەر ھەر شتێک پەیوەندی بەمیتەوە ھەبێت، ئەو ستۆریەی بڵاوم کردەوە سەبارەت بەپڕچەککردنی گروپە تیرۆرستیەکانی سوریا لەلایەن حکومەتی تورکیاوە، ئەمە نھێنیەکی کەسی ئەرۆدگان بوو.
ئەردۆگان سەرپەرشتی بازرگانی چەکی دەکرد، ئەگەری زیاتر ئەوەیە، ئەو قازانجی زۆری پارەی لەم بازگانیە کردبێت، ئێمە بەبەڵگەوە گرتەیەکی ڤیدیۆمان لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە، ئەوەی ئێمە کردمان ئەگەری ئەوەی ھەبوو ئەردۆگان ڕوبەڕوی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بکاتەوە لەبەرئەوەی ئەو کارەی ئەو کردی بەتاوانی نێودەوڵەتی ئەژمار دەکرێت، بۆیە ئەردۆگان لەبڵاوبونەوەی بەڵگەکان شێت بوو. ھەرکەسێک باسی میتی تورکی بکات دەخرێتە زیندانەوە، زۆر رۆژنامەنوسیش کە راپۆرتیان لەبارەی میت کردوە لەزیندانن، ئەمانە تەنھا رۆژنامەنوسی کورد نین بەڵکو رۆژنامەنوسی دیکەشن.
سەبارەت بەوەی ئەم مەسەلەیە چ پەیوەندی بە فەتحوڵا گویلەنەوە ھەیە، خۆت دەزانیت گویلەنو ئەردۆگان بۆ چەندین ساڵ لەیەک بەرەدا بوون، دواتر جیابونەوەو کەوتنە تۆمەتبارکردنی یەکتر، لەوکاتەوە ئەردۆگان ھەڵمەتی ستەمکارانەی دژی کورد، چەپەکانو گویلەنیەکانو تەنانەت دژی دیموکراسی دەستپێکرد، ئێمە وەکو کاری ھەمیشەییمان دژی ھەردوولا بوین، لێرە ئەردۆگان پێیوابوو ئەوی ئێمە لەڕۆژنامەی جمھوریەت کردمان بەبڵاوکردنەوەی ئەو بەڵگانەی پڕچەککردنی تیرۆرستان لەسوریا، کارێکی رێکخراوبوو لەلایەن رەوتی گویلەنیەکانەوە، ھەروەھا منیشی تۆمەتبار کرد بەوەی سەر بەگویلەنم، ئەمەش مایەی گاڵتەجاریە، ئەمە ھەموو چیرۆکەکەیە.
- لە کاتی دادگایکردنت لەسەر کەیسی پڕچەکردنی میتی تورکی بۆ گروپە چەکدارەکان لەسوریا لەحەوشەی دادگا تەقەت لێکرا، بەڵام خۆشبەختانە رزگارت بوو، پاش دوو ھەفتە تۆمەتبارەکە ئازادکرا، ئایا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت دادگا لەتورکیا بەسیاسی کراوە؟
+ بێگومان سیستەمی دادوەری لەتورکیا بەسیاسی کراوە، ئەوە جۆرێکە لەجۆرەکانی سیستەمی حیزبی تاکڕەو، کە ھەموو دامەزراوەکان پاشکۆی ئەون ھەر لەپۆلیس، سوپا، ھەواڵگریو دادوەری. ھەموو دامەزراوەکان لەژێر کۆنترۆڵی حیزبدایە، ھیچ سیستمی دادوەری سەربەخۆ بونی نیە، دادوەرەکان چاوەڕوانی واژۆی ئەردۆگانن تا کەسێک لەزیندان ئازاد بکەن یاخود کەسێک دەستگیر بکەن، بۆیە کەس نەماوە باوەڕی بەسیستمی دادوەری تورکیا ھەبێت. پێش پێنج ساڵ تا رادەیەک دۆخەکە جیاواز بوو، بەڵام مەخابن دەسەڵاتی ئەرۆگان گەیشتە سیستمی دادوەری ئەمەش کارێکی زۆر مەترسیدارە لەبەرئەوەی چۆن دەتوانیت بەرگری لەخۆت بکەیت لەدادگا بەبێ بونی سیستمێکی دادوەریی سەربەخۆ.
- ئایا رۆڵی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی چیە؟ ئایا ئەوانیش ھێزی خۆیان لەدەستداوە؟
+ بەڵێ، ئەوانیش بون بەقەوارەی لاواز، پێویستە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی زیاتر دینامیکی بێت، بەڵام کێشەکە ئەمڕۆ لەوەدایە خۆپیشاندان دەبێتە ھۆی زیندانیکردنی ھەزاران چالاکوان، کەسیش نازانێت چۆنو کەی لەزیندان ئازاد دەکرێت لەبەرئەوەی پۆلیس کار بۆ حیزبی دەسەڵاتدار دەکات، دادگاکان سەربەخۆ نین خەڵکیش ئەو راستیە دەزانێت بۆیە خۆیان دەپارێزن لەخۆپیشاندان. پێموایە پێویستە حیزبە بەھێزەکان ھەماھەنگبن لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ پاراستنی خەڵک، دەنا کاری تاکەکەسی ھیچ ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێت.
- نوسەری بەناوبانگی تورک ئیسماعیل بێشکچی لەیەکێک لەدیدارەکانیدا ھەروەھا رۆماننوس ئەسڵی ئەردۆغان دەڵێن: ڕەق بەشێک بوو لەپرۆسەی پەروەردە لەتورکیا چ لەخوێندنگە یان لەڕێگەی سرودە نیشتمانیە راسیستەکانەوە، ھاوکات نوسەری زیندانیکراو ئەحمەد ئاڵتان دەڵێت: بۆ دەرچون لەبازنەی ڕەق پێویستە کلتوری سیاسی تورکیا دوبارە بنیاتبنرێتەوە، بەڵام ئەوەی دەبینرێت بڵاوبونەوەی پۆپۆلیستیە لەتورکیا. ئایا پیتوایە کلتورو راگەیاندنی سەربەخۆ بتوانێت بەرگری بکاتو ئەڵتەرناتیڤی سیاسی بەرھەمبھێنێت بۆ دەرچونی تورکیا لەگێژاوی توندوتیژی مێژویی کەڵەکەبوو؟
+ بەڵێ پێموایە، ئەگەرچی تورکیای ئەمڕۆ یەک کەسو یەک پارتی سیاسی حوکمی دەکات، ئەردۆگان ئارەزوو دەکات ببێتە سوڵتانی سەرانسەری وڵات، بۆ ئەم مەبەستەش ھەمو پارتەکانی دیکەی بچوککردەوە، ئایا دەکرێت رێگەی پێبدەین ئەوەی دەیەوێت بیکات؟ بێگومان نەخێر، بەڵام تەنھا ئەردۆگان بەمجۆرە بیرناکاتەوە. کۆماری تورکیا لەسەر ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالستی توندڕەو دامەزراوە، پێش سەد ساڵ دەستورێک دانرا نەتەوەی تورک پلە بەرز ڕادەگرێتو نەفرەت لەکورد دەکات.. ھتد.
ئێمە باس لەکێشەیەکی ھەڵپەسێردراوی تەمەن سەد ساڵە دەکەین، بۆیە گەر لەدەستوردا چەسپابێت گەلی تورکیا تەنھا تورکەو کورد ھیچ بونێکی نیە، ئەوا سیستمی خوێندن ئەو قەناعەتە دەچەسپێنێت، ھەمان شتیشە بۆ فەرھەنگی میللی. بۆیە گەر ھاتوو بەکسێکت وت: کورد ھاوبەشە لەم وڵاتەدا، لە وەڵامدا دەڵێت: نەخیر ئێمە ھەمومان تورکین. ئەم کێشەیە زۆر ئاڵۆزەو بەتەنھا پەیوەست نیە بە سیستمی خوێندن یان بەتەنھا بە سیستمی سیاسیو فەرھەنگەوە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە ھەمووی. بۆیە ئێمە پێویستمان بە شۆرشێکی فەرھەنگی رۆشنبیری ھەیە کە بەوردی رونیبکاتەوە ئەوانەی لە تورکیا دەژین نەتەوەی جیاوازن. لە رێگەی بەشۆرشکردنی فەرھەنگو خوێندنەوە دەتوانین دوبارە ئەم وڵاتە لەسەر بنەمایەکی رێکوراست دابرێژینەوە، ئەگەرچی واقیع پێمان دەڵێت سەختە....
بیرمە لەھەشتاکانی سەدەی بیستەمدا زۆر سەخت بوو لەتورکیا بڵێت من کوردم، یاخود بە زمانی دایک قسەت بکردایە، تەنانەت گوێت لە گۆرانی کوردی بگرتایە، بەڵام ئەمرۆکە شارەوانی کوردیمان ھەیە، حیزبو نوێنەری کوردمان ھەیە لە پەرلەمان بۆیە گەر بەراوردێک بکەین لەگەڵ ھەشتاکاندا ئێستا تا رادەیەک باشترە.
پاش کۆتاییھاتنی قۆناغی ئەرۆدۆگان خەڵکی تورکیا لەوە تیدەگات کە فرە فەرھەنگ سەرچاوەی ھێزە نەک خالی لاواز ، سوپاسی خوا دەکەین کە ئێمە کورد، عەلەوی، ئەرمەنو جولەکەمان ھەیە، کە دامەزرێنەری فرەیین لەوڵاتەکەماندا. ئەمانە جێگەی شانازین بۆ من، بەتێڕوانینی من، تاکە چارەسەرە ئەوەیە ئەم وڵاتە بەھاوبەشی لەگەڵ کوردو لەسایەی سسیستمێکی دیموکراسیدا دوبارە بنیادبنێینەوە.
سەرچاوە: https://asostudies.com/node/٣٦٢