بۆچی دەسەڵات لەبەریتانیا جەنگی دژی کرێکارانی کۆچبەرو پەنابەران ڕاگەیاندوە؟
  2023-12-25       1974       

وەرگێڕانی لەئینگلیزییەوە: توانا محەمەد نوری


حیزبی موحافزین دەیەوێت ژمارەی ئەو کرێکارە کۆچبەرانەی دێنە بەریتانیا کەم بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر بەوەش خاوەنکارەکان دڵتەنگ بکات. لەهەوڵێکی بێ هیوا بۆ گەڕان بەدوای دەنگدا، حکومەت تەبایی نێو خەڵکیان تێکداوەو خۆراک بەڕاستڕەوە توندڕەوەکان دەدەن و توندوتیژی دژی ڕەشپێستەکان و کۆچبەران و موسڵمانان زیاد دەکەن.


دەسەڵات پلانێکی گڵاوی هەیە بۆ پتەوکردنی ڕەگەزپەرستی دژی پەنابەران ئەویش لەڕێگەی پلانی بەدناوی دیپۆرتکردن بۆ ڕواندا. دەیانەوێت بە درۆ و چەواشەکردنی خەڵک، کرێکارانی کۆچبەر و پەنابەران وەک هۆکاری کەمی مووچە و خزمەتگوزارییە گشتییە ڕزیوەکان بکەنە ئامانج. پلانەکانیان تەنانەت حیزبی موحافزینی دابەشکردووە و بەشێک لە خاوەنکارە گەورەکانیشی تووڕە کردووە.

بەهۆی سیاسەتی کۆچبەرییەوە ریشی سوناک لە چاڵێکدا، کە خۆی هەڵیکەندوە، گیربووە و ئێستاش دەیەوێ قووڵتر چاڵەکە هەڵبکەنێت. لەبەر ئەوەی ڕاستگۆ نییە سەبارەت بە پێویستی کرێکاری کۆچبەر، حکومەت دەبێت هێرش بکات و توند دەربکەوێت.

هەمیشە لە سەرمایەداریدا هەڵوێستێکی دوولایەنە هەیە بەرامبەر بە کرێکارانی کۆچبەر.  خاوەنکارەکان و ئەو سیاسەتمەدارانەی کە پشتگیری هاتنی کرێکارانی کوچبەر دەکەن، دەیانەوێت لێهاتوویی و ئارەقە و وزەی کۆچبەران بکەنە سووتەمەنی ئامێری قازانج، بەڵام ڕەگەزپەرستیش بەکاردەهێنن بۆ دابەشکردنی کرێکاران و دژایەتی ئەو دەوڵەمەندانەی دژایەتی هێنانی کرێکارانی کۆچبەر دەکەن. هەندێک جار ئەو دوو توخمە بەریەکدەکەون. زۆربەی سەرمایەدارە گەورەکان دژی برێگزیت بوون. بەڵام هەندێکیان بۆ ئەوەی یارمەتی موحافزین بدەن لە هەڵبژاردنی ٢٠١٩ سەربکەون، پشتگیری موحافزینیان لە وەشانێکی تایبەتی کرد، هێرشیان کردە سەر کۆچبەران و بە شێوەیەکی شەڕانگێزانە خۆیان وەک هاوڕێی چینی کرێکاری "ڕەسەن" نیشان دا.

بۆریس جۆنسۆن کە هەموو سیاسەتەکەی بەرگریکردن بوو لە خەڵکی دەوڵەمەند، کاتێک هەندێک لە خاوەنکاران گلەیی ئەوەیان کرد کە ئەمە دژی بەرژەوەندییەکانیانە، وتی "ئێوە گێلن".

ئێستا پرۆسەیەکی هاوشێوە بەڕێوەیە. حیزبی موحافزین دەیەوێت ڕێوشوێنی توندتر دژی کۆچبەران بگرێتەبەر و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هیچ شتێک لە کۆچبەران گرنگتر نییە بۆ دەنگدەران.

پڕوپاگەندەی بێوچانی سیاسەتمەداران سەبارەت بە کۆچبەران کاریگەری لەسەر ڕای گشتی هەبووە.  لە ڕاپرسییەکی  YouGovدا لەسەر ئەوەی ئایا گەورەترین کێشە چییە کە ڕووبەڕووی بەریتانیا بۆتەوە: ئابووری - قەیرانی تێچووی ژیان - لە سەرەوە بوو بە ڕێژەی لە سەدا ٣٠.  بەڵام مەسەلەی کۆچبەری لە پلەی دووەمدا بوو بەڕێژەی لەسەدا ٢٠.  هەروەها لەنێو ئەوانەی لە ساڵی ٢٠١٩دا دەنگیان بە پارتی موحافزین داوە، بەڕوونی کۆچبەر پرسی سەرەکییە. دوو لەسەر سێیان بە یەکێک لە گرنگترین نیگەرانییەکانیان هەڵیانبژاردوە، لەسەدا ٣٨یان وتوویانە کە گرنگترین بابەتە.  لەنێو ئەوانەی بیر لەوە دەکەنەوە کە دەنگ بە موحافزین نەدەن و دەنگ بە پارتی چاکسازی ڕەگەزپەرست، پاشماوەی حیزبی یوکپی پێشوو، بدەن، لەسەدا ٩٠ دەڵێن کۆچبەر پرسێکی سەرەکییە.

پارتی موحافزین درۆ دروستدەکات و لەهەموو هەلێک کەڵک وەردەگرێ بۆ ئەوەی بنکەی دەنگدانیان بەیەکەوە ڕابگرن. ئەگەر خەڵک کۆچبەران تاوانبار بکەن، ئەوە بەو مانایەیە کە تاوانبارانی ڕاستەقینە لەبەر چاوی خەڵک ون کراون.

کرێکارانی کۆچبەر تا چەند گرنگن؟

کرێکارانی کۆچبەر بۆ کۆمەڵگا زۆر گرنگن و سوودی بۆ هەمووان لە بەریتانیادا هەیە. هەندێ کەرت بەبێ ئەو کرێکارانە و ئەو کارانەی کە ئەنجامی دەدەن ناتوانن بەردەوام بن و دەڕووخێن. کرێکارانی کۆچبەر لەسەدا ٢٨ی هێزی کاری کەرتی میوانداری و زیاتر لە چارەکێکی کرێکارانی گواستنەوە پێکدەهێنن.

زۆرجار ئەو کرێکارانەی کە دێن بۆ بەریتانیا بە زوویی دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان ئەمەش لەوانەیە لەبەر ئەوە بێت کە کار و ژیان بەو شێوەیە خۆش نین کە چاوەڕوانیان دەکرد یان بەهۆی ئەزموونی ڕەگەزپەرستییەوە، جگە لەوەش، گرانی خانووبەرە لەگەڵ ئارەزووی گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان ڕەنگە هۆکار بێت. ئەو سیستمەی لەلایەک پێشوازی لە کرێکاران دەکات لە لایەکی دیکەوە بەرپەرچیان دەداتەوە.  تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢، تەنیا یەک لەسەر سێی ئەو هاووڵاتیانەی کە لە ساڵی ٢٠١٧دا ڤیزەی کارکردنیان وەرگرتووە، هێشتا مۆڵەتیان هەبووە لە بەریتانیا بن.

لە سەرەتای ساڵی ڕابردوو، پارتی موحافزین ڕێگایەکی نوێیان بۆ کۆچبەران کردەوە. لەبەر ئەوەی هەلی کارێکی زۆر هەبوو؛ پلانی ڤیزەی کارمەندی تەندروستییان فراوانتر کرد بۆ ئەوەی کارمەندانی چاودێریش (care) بگرێتەوە.

ئەوان هیوایان بە هێزی کارێکی هەرزان و نەرم و نیان دەخواست بۆ پڕکردنەوەی پۆستی چۆڵ. لە ئینگلتەرا ١٥٢ هەزار پۆستی بەتاڵی کرێکاری چاودێری و لە NHS ١٢١ هەزار پۆستی بەتاڵ هەیە. ڤیزەی وابەستە بە کار مانەوەیان ڕێکدەخات، بۆیە لەوانەیە کارەکەت لەدەست بدەیت ئەگەر داوای زیادکرنی مووچە یان مەرجی کارکردنی باشتر بکەیت و ڕەنگە بگاتە دیپۆرتکردنەوەش. ئەگەر داواکاری بۆ کار کەم ببێتەوە، ئەوە حکومەت ڤیزەی کرێکارانی کۆچبەر نوێ ناکاتەوە. ئێستا خاوەنکارەکان گلەیی ئەوە دەکەن کە قەیرانی گەورەی کارمەندانی میوانداری و چاودێری کۆمەڵایەتی لە ئارادایە.

ئایا خەڵکی بەریتانیا تەمەڵن و ناتوانن هەندێ کار ئەنجام بدەن؟

درۆیەک کە لەلایەن ڕاستە ڕەگەزپەرستەکانەوە دەوترێت ئەوەیە کە کۆچبەران هەلی کار لە خەڵکی بەریتانیا دەدزن. بیرۆکەیەکی دیکە کە باسدەکرێت ئەوەیە کە خەڵکی بەریتانیا تەمەڵ و بێباکن و ناتوانن ئەو کارانە بکەن کە کرێکارانی کۆچبەر دێن بۆ ئەنجامدانی.

زۆربەی کرێکاران کارەکانیان "هەڵنابژێرن". ئەوان دەبێت لەو شوێنەی کە دەتوانن کار بکەن، زۆرجار لە بارودۆخێکدا کە ڕقیان لێیەتی و بۆ مووچەیەکیش کە زۆر بە بەزەحمەت پێی دەژین. هۆکاری ڕەتکردنەوەی ئەو کارانە زۆرە،گەورەترینیان مووچەی کەم.

ئەگەر تەمەنت ١٨ بۆ ٢٠ ساڵ بێت کەمترین مووچەی ئێستا ٧.٤٩ پاوەندە لە کاتژمێرێکدا. تێچووی هاتوچۆ بۆ کار و نەبوونی خانووبەرەی گونجاو و هیوای بەدەستهێنانی شتێکی باشتر وا دەکات خەڵک ئامادە نەبن بە زۆر بخرێنە ناو کاری خراپەوە. تەنانەت کەمترین مووچە بۆ کەسێکی سەروو ٢٣ ساڵان تەنها ١٠.٤٢ پاوەندە لە کاتژمێرێکدا. کارکردن بە واتای لەدەستدانی یارمەتییەکان دێت.  بەشێکی زۆری کۆچبەران گەنج و سەڵتن، ئەمەش بە باشی لەگەڵ خاوەنکاران دەگونجێت.

لەگەڵ کەمکردنەوەی ژمارەی کرێکارە کۆچبەرەکان، موحافزین لە هەمان کاتدا هێرش دەکاتە سەر یارمەتییەکانی حکومەت و ترساندن و هەراسانکردنی داواکارانی بیمەی بێکاری زیاتر دەکەن. هێرشەکانی دژ بە کەمئەندامان و ئەوانەی لەسەر بیمەی بێکارین لە بوجەی پایزی ئەم دواییەی وەزیری دارایی جێرێمی هانت پەیوەندی بە هێرش بۆ سەر کۆچبەرانەوە هەیە.. پلانەکە بریتییە لە پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکانەوە هەیە بۆ مەجبوورکردنی خەڵک بۆ کارێکی کەم مووچە. کۆچبەر بیت یا نەبیت.

ئایا سەرچاوەی پێویست هەیە؟

خۆراک و شوێنی نیشتەجێبوونی پێویست هەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی هەموو کەسێک لەسەر هەسارە دەتواێ پێویستیەکانی دابین ببێت. بەڵام سەرمایەداری پێشبڕکێ و قازانج دەخاتە سەروو بەرهەمهێنان و دابەشکردن.

بۆ نموونە ساڵانە نزیکەی چوار ملیار تۆن خۆراک لە جیهاندا بەرهەم دەهێنرێت. نزیکەی یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن لەو بڕە بەفیڕۆ دەچێت، لە کاتێکدا ٤٣ ملیۆن کەس مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە بکەونە برسێتیەوە. وە ئەوە بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان نییە کە دەبێتە هۆی کەمیی.

ئەو قەیرانانەی لەناو سیستەمەکەدا بنیات نراون، لە نابەرابەری و نایەکسانی ئابوورییەوە تا شەڕ و پەتا، کاریگەرییان لەسەر بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کاڵا و خۆراک و سووتەمەنی هەیە.

ئەو سیستمەی ئێمە لە ژێریدا دەژین زیادەڕەوییەک لە هەموو شتێکدا دروست دەکات. بۆ نمونە لە بەریتانیا تا مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە ئینگلتەرا ٦٧٦ هەزار و ٣٠٤ خانوبەرەی چۆڵ هەبووە، کە لە ساڵەکەدا بە ڕێژەی لەسەدا ٣.٦ زیادی کردووە. ئەمە هیچ مانایەکی نییە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی 1.2 ملیۆن کەس لە لیستی چاوەڕوانی خانووبەرەدا بوون.

لە مانگی یەکدا حکومەت، بە هۆی خراپی بیناوە، ١٤ هەزار و ١٠٠ خانووی حکومی لە ئینگلتەرا ڕووخاند. لیستی درێژخایەنی چاوەڕوانی خانووبەرە، کەمی بودجە بۆ قوتابخانەکان و داڕمانی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی کۆچبەر نییە.

پێویستە کرێکاران ئاهەنگی هاتنی کۆچبەران بگێڕن چونکە کۆچبەران هەمیشە لە توێژە خەباتگێڕ و داهێنەرەکانی چینی کرێکار بوون. بۆ نموونە کلینەرەکانی کۆلیجی ئابووری لەندەن (LSE) لەم دواییانەدا سەرکەوتنێکی بەرچاویان بەدەستهێنا کە سوودی بۆ کەسانی دیکە دەبێت.

زۆربەی کلینەرەکان کۆچبەرانی ئەمریکای لاتینن. دوای چەندین مانگرتن لەلایەن ئەندامانی سەندیکای UVW، بەڕێوەبەرانی LSE دانیان بە دوو ساڵ مووچەی پشوودا ناوە کە دەکاتە هەزاران پاوەند لەگەڵ ١٥٠ پاوەند بۆ هەموو کرێکارێک.

ئەو کرێکارانەی قەناعەتیان پێکراوە کە کرێکارانی کۆچبەران دوژمنن، لە خەبات دژی دوژمنی ڕاستەقینە – خاوەن بانکەکان، خاوەن کارگەکان و دەسەڵات دوور دەخرێنەوە.

لە هەموو شوێنێکی کارکردن لە بەریتانیادا هێڵێک لە نێوان لەدایکبووی بەریتانیا لەگەڵ باقی شوێنەکانی تر دەکێشرێت. کاتی خۆی کارل مارکس باسی ئەمەی کردوە، کاتێک کرێکارانی ئێرلەندی سەرچاوەی سەرەکی کاری کۆچبەر بوون لە بەریتانیا. نووسیویەتی، "کرێکاری ئینگلیزی ڕقی لە کرێکاری ئێرلەندییە وەک ڕکابەرێک کە ئاستی ژیانی دادەبەزێنێت. لە پێوەندی لەگەڵ کرێکاری ئێرلەندیدا هەست بەوە دەکات کە ئەندامی نەتەوەی دەسەڵاتدارە”.

هەروەها دەڵێت: "ئەم دژایەتییە بە زیندوویی دەهێڵرێتەوە و چڕتر دەبێتەوە لەلایەن ڕۆژنامەکانەوە - بە کورتی بە هەموو ئەو ئامرازانەی لە بەردەستی چینی دەسەڵاتداردان. ئەم دژایەتییە نهێنییە، سەرەڕای ڕێکخراوبوونی، بێتوانایی چینی کرێکاری ئینگلیزییە. ئەمە ئەو نهێنییەیە کە چینی سەرمایەدار دەسەڵاتی خۆی دەپارێزێت. سەرمایەداران بەتەواوی ئاگاداری ئەم مەسەلەیەن." ڕاستڕەوەکان، بە تایبەتیش ڕاستڕەوە توندڕەوەکان، بە تەنها لە ئاستی بە ئامانجکردنی کۆچبەراندا ناوەستن بەڵکو هەر کەسێکی ڕەشپێست یان ئاسیایی دەخرێنە ژێر هەڕەشەی جیددییەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×