لەمەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە

عەبدولرەزاق شەریف
  2025-04-22   

- ٢٤ -

زۆر جار ئەمەویست لەو پەیوەندییەی نێوان مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا تێبگەم، هەمیشە و لەقۆناغە جیاوازەکاندا، دۆستایەتی، هاوڕێیەتی، ململانێ و تەنانەت دوژمنایەتییەکانیشیان خەستوخۆڵ بوە! لەنوسینەکانی هەردوکیاندا ئاماژەی تەواو بۆ ئەم لێکدانەوەیە هەیە، بەڵام هەردوکیان خۆیان لەسەرزەنشت یان تەخوینی راستەوخۆ نەداوە، هەروەکو چۆن خۆشیان لەمەدح وسەنای یەکتری بەدور گرتوە.

بنەماڵەی بارزانی و خانەوادەی نەوشیروان مستەفا بەهۆی ژن وژنخوازییەوە، لەناوەراستی شەستەکانەوە تێکەڵاوبون! خورشید بارزانی مێردی (شەفیقە)ی خوشکە گەورەی نەوشیروان مستەفا بوو، کە لەبنەماڵەی بارزانیە! لەساڵانی شەستەکاندا و پێش توندبونەوەی ململانێی نێوان مەکتەبی سیاسی و مستەفا بارزانی، خورشید لەناوچەکانی سلێمانی سەرلەشکر بوە، لەو ساڵانەدا، کچێکی مستەفای ئەمینی مەلاخدری خواستوە، تاقانە کچێکیشی بەناوی (مەهاباد) لەدوای خۆی جێهێشتوە و لەژیاندا، ماوە!

پەیوەندیەکانی ماڵباتی بارزانی و شەخسی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ خورشید و دواتریش لەگەڵ شەفیقە، لای منەوە وەڵامی گەلێک پرسیاری کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا هێنا، من بەدوای پرسە سیاسییەکانەوە بوم، بەڵام دڵنیام کاریگەریی لەسەر پەیوەندییە سیاسییەکان هەبوە، هەرچەندە بەندە لەوبارەیەوە جگە لەخۆلادان و شاردنەوە لەهەردوولاوە چ بەنوسین یانەخۆ باسکردن، هیچیترم دەستنەکەوت!

لە دانیشتنێکماندا، ناراستەوخۆ پرسیاری ئەو ململانێ و رکابەرییەی خۆی و مەسعود بارزانیم لێکرد، راستەوخۆ وتی:

- من جگە لەکێشەی کاروباری سیاسەت و حوکمداریی هیچ کێشەیەکی شەخسی و کۆمەڵایەتیم لەگەڵ ماڵی بارزانی نیە، بەپێچەوانەوە لەگەڵ مەسعود بارزانی متمانە وتێگەیشتنیشمان بۆ ئەو کێشە و جیاوازیانە هەیە، ئێوە نازانن و نایناسن!

نەوشیروان مستەفا، هەمیشە مەسعود بارزانی وەک عینادێکی سیاسی وەسفدەکرد، ئەوەشی ناو لێنابو "شەڕی ئیرادە"، پێی وابو بارزانی لەگەڵ بێگانە کاری باشی پێدەکات و لەگەڵ کورد و لەناوخۆدا، تەنانەت لەناو بنەماڵەکەی خۆشیانا، خراپ بەکاری دەهێنێت!

ئەم گفتوگۆیەمان لەسەروبەندی توندبونەوەی دوا کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم بو لەنێوانیاندا، من چاوەڕوانی ئەو وەسف و سەنایەم لێنەدەکرد، بۆیە دوای وەڵامی کاری باش کەوتم و وتم چۆن؟!

- خۆبەکەمزانین، بچوکبونەوەی کورد و سەرکردەکانی بەرامبەری بێگانە دەردێکی مێژوییە، لەئەنجامی داگیرکاریی کەوتۆتەوە. ئەوەی لە "مەسعود" م بینیوە لەهیچ سەرکردەیەکی کوردم نەبینیوە!

من بەسەرسوڕمانەوە دواندم و هێنامە قسە:

- لەلیژنەی نوسینەوەی دەستور بوین، لەکۆبونەوەیەکدا، لەسەر چارەنوسی پێشمەرگە و مەسەلەی فیدراڵی کێشەمان لەگەڵ سونە و شیعەکاندا، پێکەوە بۆ دروستبوو، برێمەر و ئەمریکیەکان پشتیوانی ئەوانیان دەکرد و ئێمەیش لەو مەسەلەیەدا، تەنیا کەوتبوین. برێمەر کەحاکمی موتڵەقی عێراق بو، لەو کۆبونەوەیەدا روخسەتی وەرگرت و چوە دەرەوەی هۆڵەکە و تەلەفۆنێکی کرد. لەگەڕانەوەیا تەلەفۆنەکەی هەر بەدەستەوە و روو لەمەسعود وتی:

"سەرۆکی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ئەیەوێت قسەت لەگەڵ بکات...!"

- مەسعود لەشانی راستی من دانیشتبو، بەتەماشایەک نیگەرانی خۆم لەچۆنیەتی وەڵامدانەوەی "جۆرج بۆش" نیشاندا، بەڵام هەرگیز چاوەڕوانی ئەو وەڵامەی مەسعود بارزانیم نەکرد کە وتی:

"ببورە من نامەوێ قسەی لەگەڵدا بکەم چونکە ئەزانم تەکلیفی حەلکردنی هێزی پێشمەرگەم لێدەکات و نامەوێت بەنەخێر وەڵامی بدەمەوە".

جارێکیتر "برێمەر" دوبارەیکردەوە کەسەرۆکی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا داوای لێدەکات!

لەوکاتەیا من هەستام و بۆ پشتیوانی هەڵوێستەکەی تەوقەم لەگەڵ کرد و باوەشم پێداکرد. پەیوەندیەکە روینەدا!

ساڵانی دواتر و مەسعود بارزانی لەبیرەوەریەکانیدا، ئەم روداوەی لە ( لاپەڕە دووسەدوهەڤدە، بەرگی شەشەم، بەشی یەکەم ) گێڕاوەتەوە و بە هیچ شێوەیەك ناوی نەوشیروان مستەفای نەهێناوە! جێگەی سەرنجی منیش بو لەجیاتی برێمەر، ئەو (زەلمای خەلیل زاد) ی نوسیوە!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ئاوێنە: کۆبوونەوەی یەکێتی‌و پارتی بێ ئەنجام بووەو یەکێتی دوو داواکاری ھەیە
کۆبونەوەکەی یەکێتی و پارتی کۆتایی هات
یانه‌ی هه‌ولێر: له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی یاریگای دهۆك هێرشی دڕندانه‌مان كرایه‌ سه‌ر
ترەمپ: ئێستا رووبەڕووی سەرکردەی سێیەم بوینەتەوە و دوای ئەو کۆتایی ریژێمە
زەیدی بانکی تی بی ئای ڕاسپارد 100 دۆلار بە 152 هەزار دینار بفرۆشێت
عراقچی: یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران نابرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ڵام ده‌كرێت له‌باره‌یه‌وه‌ بگه‌ینه‌ رێگه‌چاره‌یه‌ك
وه‌زیری ده‌وڵه‌تی عێراق و وه‌زیری وزه‌ی توركیا تاوتوێی پشكی توركیا له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك ده‌كه‌ن
مه‌سعود بارزانی و فالح فه‌یاز: كێشه‌كانی نێوان هەرێم و عێراق لە چوارچێوەی دەستور قابیلی چارەسەرن
ره‌حمان غه‌ریب بۆ میدیاكانی پارتی و یه‌كێتی: شەڕی تۆخكردنی زۆنچێتی و كۆنەقین بوەستێنن
سوپای پاسداران: درۆنێكی ئه‌مریكیمان له‌ ئاسمانی گه‌روی هورمز تێكشكاند
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×