لەمەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە

عەبدولرەزاق شەریف
  2025-03-24     251

- ٢١ -

زۆر جار بەنوسین یان بەقسە، رەخنەیەک لەنەوشیروان مسەفا دەگیرێت بەوەی کەهەتا لەژیانا بوە نەیویستوە یان نەیتوانیوە جێگرەوەیەک بۆ رێکخەری گشتی بزوتنەوەکە دیاری بکات، بەمانایەکیتر دەڵێن رێگەی بۆ تەوریسی سیاسی خۆشکردوە.

بێدەنگیی و بێ وەڵامیی هاوڕێکانی و میدیای بزوتنەوەکە لەبەرامبەری ئەم رەخنەیە، لە شەڕ و بێویژدانی نەیارەکانی بەئازارترە چونکە هەمو ئەندامەکانی جڤات و ئەوانەشی لەنزیکەوە ئاگاداری روداوەکانی هەردوو ساڵی پێش مەرگی رێکخەرەکەیان بون، ئەزانن کەچۆن لەپایزی ساڵی دووهەزاروپانزە و له سەفەری یەکەم و دورکەوتنەوەی لەبزوتنەوەکە، بەنامەیەکی رەسمی، هەمو دەسەڵاتەکانی خۆی بەسکرتێری جڤاتی نیشتیمانی بەخشی!

لەپەیوەندیەکانیشیدا، لەنزیکەوە هەموانی لەوە ئاگادارکردەوە کەچیتر بۆ بڕیاری سیاسی و رێکخراوەیی بزوتنەوەکە بۆلای ئەو نەگەڕێنەوە، هەرچەندە هەندێکیان هەر نەیاندەتوانی لەدەرەوەی سێبەری نەوشیروان مستەفا بەقای خۆیان و بڕیارەکانیان رابگرن!

لەدانیشتنێکدا، جەمالی حاجی محەمەد، سەبارەت بەناوەرۆکی ئەو نامەیە و ئەو دەسەڵاتانەی پێی دراوە، لەڕاوبۆچونی منی پرسی! لەوەڵامدا پێم وت کەبەبێ سێودوو بەو نوسراوە لەمڕۆوە تۆ رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانیت...!

مامۆستا جەمال، نەبڕوای بەخۆی دەهێنا و نە تین و توانای پیادەکردنی دەسەڵاتەکانی رێکخەری هەبو، تەنانەت جارێک بەهەرهۆیەک بو رێنماینامەیەکی رێکخەری گشتی، لەجڤاتی نیشتیمانی شاردبۆوە، بەناچاری نەوشیروان مستەفا بەتەلەفۆن، پەیوەندی بەمنەوە کرد و بەتوڕەییەوە پێی وتم :

- ماوەی دوو هەفتەیە و نامەیەکم بە "مامۆستا جەمال" دا بۆ جڤاتی نیشتیمانی ناردوە بۆچی ناوێرێت بتانداتێ؟ ئێستا بۆتۆی دەنێرم، بەهەمو ئەندامەکانی جڤاتی نیشتیمانی بگەیەنە، گەرنا ئەینێرم بۆ شارپرێس و ئاوێنە و هاوڵاتی بڵاوی بکەنەوە!

نامەکەیم بەئیمایڵ پێگەیشت، سکرتێری جڤات (کە بۆ رێکخەری ئایندە لەژێر تاقیکردنەوەدا بوو) لێ ئاگادار کردەوە، لەفشاری ئەو توڕەبونەدا، بەناچاری رێنماینامەکەی بەجڤاتی بزوتنەوەکە گەیاند.

لەدیسەمبەری هەمان ساڵدا، داوایکرد "قادری حاجی عەلی" سەردانی بکات، دوای ئەو دیدار و کۆبونەوەیەی لەندەنی نێوانیان، ئەمجارەیان بەنامەیەکی رەسمی گروپی راوێژی دروستکرد، راستەوخۆ و ناراستەوخۆ ئاگادارکریکردینەوە کە وەک کەسی یەکەمی بزوتنەوەکە پابەندی بڕیارەکانی کاک قادر ببین.

هەرچەندە ناوبراو خۆی داوای هیچ نوسراوێکی رەسمی لەرێکخەری گشتی و بزوتنەوەکە نەکردبو بەڵام بۆ سەرپەرشتیکردن و پابەند بونی میدیای گۆڕان بەفەرمانەکانیەوە، لەبەر چاودێریی دارایی، داوای نوسراو و فەرمانی موباشەرە و دەستبکاربونی "قادری حاجی عەلی" م لە بزوتنەوەکە کرد. خۆی لەو پێشنیاز و داوایەی من کەمێک دڵگران بو بەڵام سکرتێری جڤاتی نیشتیمانیم ناچاری دەرکردنی بڕیارەکە کرد، بەدواشیدا، شەڕ و ململانێ و هەڵپەی دەسەڵات و پارە و کڕینی ویژدانی کادرەکان لەلایەن سەری تەکەتولەکانەوە دەستیپێکرد. رکابەرەکان بەتایبەت تەکەتولی گەنجەکان کە "حەمە تۆفیق" یان پێش خۆیان دابو، ئەمجارەیان "چیا" ی کوڕی نەوشیروان مستەفایان (کەلەلەندەن گەڕابۆوە) کردە سەری گەورە، یەکەمین سەنگەریش کەبوە قەڵەمڕەوی ناکۆکیەکان و مەیدانی ململانێ میدیای گۆڕان بو، کۆمپانیای وشە زیندوکرایەوە و کێشەی خاوەندارێتی میدیای گۆڕان کەوتە دادگا و لێکۆڵینەوەی ناوخۆی بزوتنەوکە.

چێشتی ئەم باسە ئاو و خوێ زۆر دەکێشێت، لەدەرفەتێکدا، بەدرێژی لەسەری دەدوێم و دەنوسم.

ناوەڕاستی ساڵی دوهەزاروشانزە و لەگەڕانەوەیدا، نەوشیروان مستەفا سەبارەت بەکارەکانی قادری حاجی عەلی پرسیارێکی لێکردم، وەڵامەکەی لەتۆنی دەنگ و شێوازی پرسیارەکەدا بو! بۆیە هەر خۆی وەڵامەکەی وەرگرتەوە چونکە وتی:

- لەقادری حاجی عەلی رازیت؟

+ ئەگەر ئەونەبێت ئەی کێ؟

ئەم وەڵامەی من وایکرد ئەو بڵێ:

- دەکەواتە چۆن شەڕی گەڕانەوەیت دەکرد تەحەمولی مانەوەشی بکە!

روداوی فەرمانی گرتن و تۆمەتبارکردنی نەوشیروان مستەفا بەکاری تیرۆریستی، لەلایەن "دادگای هەولێر ی پ د ک" ەوە، بیدەنگیی و بێ هەڵوێستیی، نائاکاریی و ناکارایی هاوڕێکانی لەبزوتنەوەکەدا بەتایبەت ئەوکەسانەی بەدرۆ یان بەراستی لەنزیکی قادری حاجی عەلی بون، وایکرد رای نەوشیروان مستەفا لەسەر ئەو زاتە بگۆڕێت، لەچونەوەیدا بۆ لەندەن و لەمانگی دوانزەی دوهەزاروشانزەدا، عومەری سەید عەلی بانگهێشتی لای خۆیکرد.

لێرەدا پێویستدەکات بۆ مێژو بنوسم کەداوایکرد منیش سەردانی بکەم پێی وتم :

- کامێرایەک بهێنە و پەیامێکیش بڵاوبکەینەوە!

+ هەرکات پێویست بکات کامێرا و پەیامنێرمان لای تۆ هەیە.

من بەوشێوەیە وەڵامم دایەوە.

بەفیزەی شنگن چومە ئەوروپا، لەرێگەی دۆستێکەوە هەوڵی داوەتنامەمەی بەریتانیامدا، دواکەوت، بەناچاری لەرێگەی هاوڕێیەکمانەوە (توانا هەورامی) کەئاگاداری پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەی من و نەوشیروان مستەفابو، وەک خەمخۆرێک بۆ ئەو سەفەر و دیدارە، تەدارەکی سەفەرەکەی بەگۆڕینی پەساپۆرتەکەم بۆ رێکخستم، بەڵام نەگونجا! گەیشتم و نەگەیشتم، پۆلیسی بەریتانی رێگەیان نەدام و گەڕاندمیانەوە.

بەگەیشتنی سەید عومەر، هەمو دەسەڵاتەکانی لەقادری حاجی عەلی سەندەوە، رادەستی میوانە تازەکەیکرد، وەکالەتێکیشی لەدەزگا رەسمیەکانی بەریتانیا بۆ کردەوە، وێنەیەکی پێکەوەییشیان بەمەبەست بڵاوکردەوە!

ماوەیەکی کەم و کێشەیەکی گەورە وەک هەواڵ، لەمیدیای گۆڕان لەسەر بەرژەوەندیەکانی یەکێتی و پارتی و گرێبەستی غازی چەمچەماڵ رویدا ...!

ئەو ئێوارەیەی رێکەوتنی سەرەتایی بنەماڵەکانی بارزانی، تاڵەبانی و تورکیا لەسەر غازی چەمچەماڵ کرابو! لەرێگەی بەرپرسێکی باڵای یەکێتی، زانیاریەکان بەمیدیای گۆڕان گەیشت! سەرەتای کارەکەیان پێکهێنانی کۆمپانیایەکی هاوبەشی بواری غاز بو، کەتائەوکاتە لەکوردستانا نەبو! "بڕیار نامیق" پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ "بەرهەم ساڵح" هەبو، وەک پەیامنێر ناردمە لای، پرسیاری کۆمپانیای هاوبەشم دایە، لامیسەلایی بەرهەم ساڵح لەوەڵامدا دەڵێت (من دژی پێکهێنانی کۆمپانیای هاوبەشی پارتی و یەکێتیم).

سەعات هەشتی ئێوارە، راپۆرتێک بەوێنە و دەنگی بڕیار و لێدوانێکی بەرهەم ساڵح، لەسەر رێکەوتنی بواری غاز و کۆمپانیای هاوبەشی یەکێتی و پارتی لە "تەلەفزیۆنی ک ن ن" بڵاوکرایەوە.

قیامەت هەستا و ئێمە هەڵنەستاین!

لەئاستی زۆر بەرزی یەکێتی و پارتی کەوتبونە پەیوەنیکردن و هەڕەشەکردن! لەهەمولایەک و هاوڕێکانی خۆمان لەسەرکردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان داوای لابردنی ئەو راپۆرتە و هەندێکیان هەڕەشەی سزادانیان دەکرد! خواهەڵناگرێ هەندێکیش دەیانوت نابێ لایبەریت! جەلال جەوهەر یەکێک بو لەوانەی سەعاتی یەکەم زۆر بەتوندی داوایدەکرد لانەبرێت و سەعاتی دوەم بەهەمان توندی داوایدەکرد لاببرێت!

سەید عومەر تەلەفۆنی بۆکردم و وتی:

- ئەو زانیاریانە هیچی راست نیە هەر ئێستا لایبەرە!

+ کاک عومەر تۆ دەمێکە ئەتەوێ من لابەریت، من ئەو راپۆرتە لانابەم گەر راست نەبو سبەینێ من لابەرن!

من بەو شێوەیە وەڵامی سەیدم دایەوە!

ئەم پەیوەندی و گفتوگۆیانەی نێوان من و مەسولەکانی یەکێتی و گۆڕان سەعاتونیوێکی خایاند و بەناچاری پەیوەندیم بەنەوشیروان مستەفاوە کرد.

+ کاکە راپۆرتێکمان لەسەر غازی چەمچەماڵ کردوە و قیامەت هەستاوە، تکایە تۆ یەکلای بکەرەوە، هەندێکیان داوای لابردن و سڕینەوەی دەکەن و هەنێکیشمان داوای زیاتر بڵاوکردنەوەی.

- ئنجا ئەوانە عەیب ناکەن لەسەر شتێکی وا کێشەیەکی گەورەیان ناوەتەوە؟ تەلەفۆنیان بۆ منیش کردوە، پێم وتن وەک خۆتان نازانن لەو شارەیا چی روو ئەدا ناتاناوێ خەڵکیش بزانن؟ پێم وتون ئەو راپۆرتە مانای ئەوەیە کەئێوە ئاگاتان لەقنی خۆتان نیە!

+ کاکە هەڕەشەکان گەرموگوڕن، من ڕای تۆم دەوێت لایبەرم یان نا؟

- سەید عومەر ئەڵێ چی؟

+ ئەو ئەڵێت لایبەرە!

- من وەعدم داونەتێ تەدەخول نەکەم، بەقسەی سەید عومەر بکە.

کەمتر لەچارەکە سەعاتێکی مابو بۆ دوبارە پەخشکردنەوەی راپۆرتەکە، راپۆرتەکەمان لابرد و لەمیدیای گۆڕاندا، سڕیمانەوە. مەجلیسەکەی ئەو شەوەی "خۆم و کاروانی مەحمودی حاجی"م، لەگەڵ مەجلیسی ژووری هەواڵەکانی تەلەفزیۆنی "ک ن ن" دا، پێکەوە تێکدا!

بەداخەوە تەمەن رێگەی نەدا لە سێهەم کەسدا، چوارەمینیش بۆ پۆستی جێگرەوەی خۆی تاقیبکاتەوە، ئیتر سەید عومەر بو بەو پیاوەی کە هەموان بڵێن:

بەویست و خواست و وەکالەتی نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی ئایندەی بزوتنەوەی گۆڕانە!

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×