لەمەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە

عەبدولرەزاق شەریف
  2025-03-17     327

- ٢٠ -

بۆ دیداری چەند خولەکێکی کەم، بۆ وەڵامی پرس و ڕایەک، شەوێکی درەنگ و ناوەخت چومە ماڵەکەی، وتبوی بابێتە سەرەوە!

بۆیەکەمجارم لەوماڵەی گردی زەرگەتە، چومە ژوری نوستنەکەی، ئەو خانوەی لەناو چڕی سەوزاییەکانا و خۆی گرنگیی بەجۆر و جیاوازی و شێوازی درەختەکانی دابو، لەنهۆمی دوەم، دەرگای ژورەکەیم قڵیشاند.

لەگۆشەیەکدا، لاپتۆپێکی کراوە لەسەر مێزێک، مێزێکی گەورەتر و نیوە تاقمێک قەنەفە، تەپڵەکێکی گەورە و یەکێکی بچوکترێکیش، ژوری نوستنەکەی وەک "ستۆدیۆیەک" ی بێ مەوبەق نیشان ئەدا و نەخشاندبو.

بەشەڕواڵ و کراسێکەوە، بەسەر مێزە گەورەکەیا، بەچاویلکەوە سەری شۆڕ کردبۆوە، لەنێوانی پەنجەکانی دەستە راستیشیدا، قەڵەمێک یاری دەکرد. نەوشیروان مستەفا، تاک شەڕواڵی وەک بەرگی نوستن بەکار دەهێنا، هەرچەندە لەهەفتاکانی تەمەنیدا دەژیا، چاویلکەشی تەنیا بۆ نوسین و خوێندنەوە بەکاردەهێنا، دوای وەڵامی سەلامەکەم، بەبێ ئاوڕدانەوە، وتی:

- وەرە تەماشای ئەم نەخشەیە بکە.

شەوێک لەمانگەکانی یەکەمی شەڕی "داعش"و سەروەختی گۆڕینی هاوکێشەی هێزەکان بو لەبەرژەوەندی کورد و هێرشەکانی پێشمەرگە، ئەو نەخشەیەکی سەربازی فراوانی عێراق و هەرێمی کوردستانی بەسەر مێزەکەیا، بڵاوکردبۆوە. وەک ئەندازیارێک نەم وەک ژەنەڕاڵێکی ئەرکان و روپێوی سەربازیی، بەوردی گوندەکان، بەرزایی، دۆڵ و شیوەکانی زنجیرە چیای حەمرین، تخوبەکانی هەرێمی کوردستانی هەتا شەنگال و سەر سنوری سوریا دیاریدەکرد! قەڵەمەکەی خستە سەر جێگەیەکی بچوکی نەخشە سەربازیەکە و لەقسەکردن بەردەوام بوو:

- ئەم گوندە لەناوەڕاستی چیای حەمریندایە، پێنج سەد ماڵە کوردی لێیە، وەک خۆیان ماونەتەوە، ئێرە بنکەیەکی باشە بۆ دەستپێکی پرۆژەیەک بۆ پاراستنی هەتایی کوردستان، تەواومکردوە، بۆجێبەجێکردنیشی، سەرکردایەتی پێشمەرگە وەکو بنکەیەکی سەرەکی ئەبەینە ئەوێ.

بەشانی حەمرینا لەجەلەولا هەتا شەنگال، بۆ سەر خاپور خەندەقی مەحکەمی سەربازی، پێشی کۆنکرێت وکارەبا، جۆگەلەیەکی سێ مەتری، ئاویشمان هەیە بۆپڕکردنەوەی، پشتەوەشی دیسانەوە کۆنکرێت.

بەدرێژایی خەندەقەکەش گوندەکانی نزیک لێی ئەبوژێنینەوە، شارۆچکە و ماڵ و شوێنی نیشتەجێبون بەئیمتیازی زۆرەوە بۆ ئەوانەی خەڵکی ناوچەکەن و ئاوارەی ئەمشارانە بون دروستدەکەین، زەویان بۆ کشتوکاڵ ئەدەینێ، هەمو ئەو پۆلیس و پێشمەرگە و ئاسایشانەی خەڵکی ئەو ناوچانەن و لەهەولێر وسلێمانی دەوامدەکەن، ئەیاننێرینەوە، موچەکانیانیشیان ئەدەینێ بابەتفەنگی خۆیانەوە پارێزگاری لەماڵ و زەوی خۆیان بکەن، لەگەڵ ئەفسەرەکانی ئەرکان کەپسپۆڕیی خۆیانە قسەمکردوە، زیاتر لە سێ هەزار شۆفڵ و مەکائینی گەورەی کۆمپانیاکان لەم سێ شارەدایە، سەرمایەدارەکان ئامادەن خۆبەخشانە تاکۆتایی و تەواوبون پشتیوانی بکەن، قسەم لەگەڵکردون هەندێکیان هاوکاری تێچوی خانوی نیشتەجێبونەکانیش ئەکەن، دیراسەمان کردوە هەرخانویەک بیست هەزار دۆلاری تێدەچێت، پشتوێنەیەک لەئاوەدانی لەنزیک و هاوشانی ئەو خەندەقە دروستدەکەین، بۆهەتاهەتایە مەترسی تەعریب و داگیرکردنی هەرێمی کوردستان ناهێڵین ... .

لەگەڵ ئەم باس و خواسەیا، جارناجار چاویلکە توبیەکەی ئەجوڵاند، بەقەڵەمەکەی خەتێک یان پونتێکی لەنەخشەکەی بەردەستی ئەدا.

+ لەگەڵ کاک مەسعود باستکردوە ؟

- رێکەوتنی من و مەسعود لەسەر ئەم پرۆژەیە بوە، وەک زامنکردنی پاراستنی سنوری هەرێمەکەمان لەئایندەیا، پرۆژەی (تەجنیدی ئیجباری) شم بۆ نوسیوە. مستەفا بۆی بردوە، لەسەر بەڵێنی خۆی ئیشی تیا ئەکەین.

مەسعود خەیاڵی ریفراندۆمی هەیە، پێم وتوە هەتا ئەو پرۆژەیە جێبەجێ نەکەین بیر لەریفراندۆم و سەربەخۆیی مەکەرەوە! لەگەڵ فەرماندەکانی یەکێتیش قسەمانکردوە، من پێم وتون ( ماڵ و حاڵی عەرەبەکان تێکبدەن بۆئەوەی نەگەڕێنەوە) قەبری باوباپیرانی عەرەب لەدەرەوەی خاکی ئێمەیە، بەرژەوەندی و خانوەکانیان تێکبدەین ئیتر ناگەڕێنەوە، خەڵک بەرگری لەقەبرانەکانی ئەکات! کوردیش خەریکە قەبرسانی لەناو خاکی خۆیا نامێنێت! ئەوە رۆحی مانەوە و بەرگریکردن لاواز ئەکات.

پەلاماری (داعش) بۆ ئێمە فرسەتێکە، هەندێ میدیا بەنەزانی و بۆئەوەی جنێو بەمەسولێکی یەکێتی و پارتی بدەن باسی دەرکردن و روخاندنی ماڵە عەرەبەکان ئەکەن.

رۆژی دواتر و هاوڕێکانی خۆم لەمیدیا راسپارد، هیچ باسێک بەوێنە و نوسین یان هەواڵ لەسەر ئەو پێشێلکاریانەی هێزی پێشمەرگە بڵاونەکەنەوە.

--------------------------------------------

تێبینی :

+ لەرابردودا و بەجۆرێکیتر لەوتارێکمدا ئەم باسە نوسراوە.

+ زۆر کەس لەهاوڕێکانی نەوشیروان مستەفا ئەم پڕۆژانەی بینیوە و بیستوە بەڵام مستەفای سەید قادر وەک وەزیری پێشمەرگە پرۆژەکانی گفتوگۆ کردوە و لەلای خۆی و لەئەرشیفی سەرۆکایەتی هەرێمدا ئەتوانێت وێنەیەکی بۆ ئەرشیفی بزوتنەوەکە بگەڕێنێتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×