هه‌ینی, 28 ی ئازار , 2025

لە مەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە

عەبدولرەزاق شەریف
  2025-03-12     394

- ١٩ -

هەفتەکانی مانگی یەکەمم لەمیدیای گۆڕان، بەسەختی بەڕێکرد. موچەی هەڤدە کەسم بڕی کەهیچیان کاری رەسمیان لەمیدیاکەدا نەبو، دەوامیشیان نەدەکرد! ئەوانەی دەوامیشیان دەکرد لێم کەوتبونە پرتەوبۆڵە، ئەبوایە توند بم و هەندێ بڕیار ورێنمایی توند دەربکەم.

وەرگرتنی ریکلامی بازرگانیم راگرت و دەسەڵاتم لەبەڕێوەبەری کارگێڕی وەرگرتەوە، ئەوەش دەستەیەکی توڕەکرد کەبەرژەوەندی مادی و نیسبە وتەناسوبیان لەپارەی ریکلامەکاندا هەبو، بەڕادەیەک هەندێکجار سەد دەرسەدیان، ژێربەژێر بۆ خۆیان بردبو. هەندێک کەس رۆژانە لەدەرەوەی میدیا وناوخۆی میدیا بە "زارەکی، راپۆرت، وێنە و ڤیدیۆ" زمانلێدان و زانیاری راست و درۆیان بەنهێنی لەسەر ئەوانیتر بۆ دەهێنام، بەڕادەیەک جگە لەبێزاری، توشی بێئومێدی بوم لەبزوتنەوەکە و لەو گەنجانەی لەسەرەتای کاری سیاسی و ئیعلامیدا بون، هێندەی بەڕێوەبەری ئاسایشێک زمانلێدانی ئەم و ئەوم پێدەگەیشت کەپێشتر هەرگیز بڕوام نەدەکرد گۆڕان و هیچ حیزبێکیتری ئۆپزسیۆن ئەوەندە کادری چاپلوس و ماستاوچی و دوڕوی دروستکردبێت. بۆم دەرکەوت ئەو ئاوەی پارتی و یەکێتی بەکوردستانا رشتبویان، قاچی هەمو کۆمەڵگەی تێکەوتوە!

روداوێک لەوبارەیەوە کەهەرگیز بیرم ناچێتەوە:

کادرێک کەبەزمانلێدان لەسەر هاوڕێکانی خۆی بۆژۆی کردبوم، هەمو جارێکیش داوای ئەکرد بەلێپرسراوی بەشەکەی خۆی دایبنێم! تاگەیشتە ئەوەی بەتوڕەیی وتم چیتر راپۆرت و زانیاری لەسەر هاوڕێکانت بۆ من مەنێرە لەئێستاوە گەردنی هەمویان لەهەمو جنێوەکان و قسەکانیان لەسەر من ئازاد بێت ... .

هەمان ئەو کادیرە هەفتەی یەکەمی دەرکردنم لەبزوتنەوەکە، وتارێکی توندی ناشرینی بەناوەرۆکی "خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات" لەسەر من نوسی!

لە هەنجەت و لەپەرێزا بوم بۆ لێپرسینەوە و سزادانی سەرپێجی کارەکان، بەڵام لەجێگەی ئەوانیتر، دوو کەس خۆیان بەدەستەوەدا کەتائەوکاتە راگری ئیشوکارەکانی تەلەفزیۆنەکە بون. شەڕێکیانکرد و بەناچاری و دەمودەست هەردوکیانم دەرکرد، لیژنەی لێکۆڵینەوەم لەسەر پێکهێنان، وێنەیەکی فەرمانەکەشم بۆ رێکخەری گشتی نارد، خواهەڵناگرێ بەدەم لیژنەکەوە نەهاتن و بۆ تەلەفزیۆنەکەش نەهاتنەوە.

ئەو ئێوارەیەش وەک رۆژانیتر بۆ هەواڵێک یان پەیامێکی نوێ چومە لای نەوشیروان مستەفا بەڵام پێش هیچ پرسیارێکی من، ئەو پرسیاری لەشەڕ و ئاژاوەکەی نیوەڕۆی ئەو رۆژەی ناو باڵەخانەی تەلەفزیۆنەکە کرد.

- راستە ئەو دوو کوڕە ئاوها خراپ بون و ... .

بەقسەکانیا بۆم دەرکەوت زمان بەدەکان هەر زوو فریا کەوتون، بێویژدانانە قسەیان لەسەر کردون، بۆیە لەوەڵامدا وتم :

+ پرسیارم نەکردوە، ناردومنەتە ماڵەوە، لیژنەی لێکۆڵینەوەم پێکهێناوە لەئەنجامەکەی ئاگادارت ئەکەمەوە.

- کارێکی باشتکرد، منیش لەپێشمەرگایەتیدا هەرکات دوان لەپێشمەرگەکانی لای خۆم یان لەهەر مقەڕێک شەڕیان بکردایە پرسیارم نەئەکرد خەتای کامیانە یەکسەری هەردوکیانم نەقڵ ئەکرد.

وشەی (نەقڵ) ی لەبری گواستنەوە بەکار هێنا.

هیچ بەرپرسێکی بزوتنەوەکە، خەم و هەمی رۆیشتنی ئەو دو کادرە ونەهاتنەوەیانی لەکۆڵی خۆی بارنەکرد، وەک خۆی تێپەڕی بەڵام دوای ماوەیەک و کاتێ لیژنەی لێکۆڵینەوەمان لەسەر ئیدارە و دیارنەمان وقاچوقوچی پارەی ریکلام پێکهێنا کەبەزیاتر لەیەک ملیۆن دۆلاری ساڵانە مەزەندە دەکرا، دەیان بەرپرسی بزوتنەوەکە سەرەتا بەتەکلیف وقسەی خۆش، دواتر بەهەڕەشە هاتنە سەرخەت و کەوتنە ناو باسەکەوە!

رزگاری حاجی کایل، کەدوای ساڵانێکی زۆری هاوڕێیەتی نەوشیروان مستەفا دەستی لەپارەوە گیربببو، کۆمپانیا و بازاڕ و بەرژەوەندیەکانی خۆی لەسایەی ئەودا ئەپاراست، بەئاشکرا و روبەرو پێی وتم:

+ من و کاک نەوشیروان بەقسەی "عومەر و جەمالە شەل" توڕە مەکە! بەڕێوەبەری پێشو بکە بەراوێژکار لەمیدیاکە و ئەو کوڕەش کەلەسەر پارەی ریکلام دەرتکردوە وەری بگرەوە، من خۆم پارەم بە تەلەفزیۆنەکە داوە، ئەم داوایەی من قەبوڵ بکە ئەزانم باری دارایی میدیاکە باش نیە، هەرکات پارەت هەرچەنێ پێویست بو وەرە و لای خۆم و لەقاسەکەم وەریبگرە،

پێشی وتم لەئەگەری قەبوڵنەکردنی داواکەیدا، من چیتر ناتوانم لەو تەلەفزیۆنە بمێنمەوە!

دەیان ساڵ بو رزگارم دەناسی و دەشمزانی چۆن بۆتە بزنسمان و بەچی پارەکانی پەیدا کردوە! پێم ناخۆش بو بەوشێوەیە ناوی هاوڕێکانمان بهێنێت، بەرۆحێکی زۆر ساردەوە وتم :

+ هیچ داوایەکت لای من قەبوڵ ناکرێت، لەمڕۆوە تۆ مەهێڵە من بەرپرسی ئەو تەلەفزیۆنە بم.

رۆژانی دواتر و بۆ دڵنیایی خۆم ژمێریاری میدیای گۆڕانم راسپارد کۆی یارمەتیەکانی "رزگار" بەدرێژایی ئەو ساڵانە ژمێرە بکەن و کۆیبکەنەوە ... ، زانیم کەتەنیا سەد هەزار دۆلاری پێشکەشکردوە، بەرامبەری ئەوە و دەیان هێندە زیاتریش، ریکلامی بازرگانی بەلاشی لەتەلەفزیۆنەکەوە بۆ پەخشکراوە!

راگرتنی دەستوەردانی رزگار و تەکەتولە بەرژەوەندیخوازەکەی ئەو کە "حەمە تۆفیق رەحیم" لەناو بزوتنەوەکەیا نوێنەرایەتی ئەکردن بە "سەید عومەر و جەمال" نەدەکرا، بەناچاری هانام بۆ رێکخەری گشتی بردەوە.

+ تکات لێدەکەم شەڕی "رزگاری حاجی کایل"م لێدوربخەرەوە.

لەبێ وەڵامەیەکەیدا، بۆم دەرکەوت شکایەتی ئەوانیشی لەسەر من پێگەیشتوە.

چەند رۆژێک تێپەڕی و بێ موناسەبە پێی وتم :

- جارێکیتر "رزگار، هیچ پەیوەندیەکی بەخۆت و هاوڕێکانتەوە نامێنێت".

ئەزمون و تەمەنی کاری سیاسی و رێکخراوەییم وایکردوە بەیەقینەوە بزانم کەهەمو ئەو سەرمایەدار و پارەدارانەی هەرێمی کوردستان کەبەناوی کاری خێرخوازیی، پشتیوانی دامودەزگای کۆمەڵی مەدەنی و تەنانەت مزگەوتیش ئەکەن، خێر و زەکاتەکانیشیان بۆ دەستکەوت و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانە و هیچیتر!

جارێکیتر و لەماڵەکەی خۆی نەوشیروان مستەفا، منی بە "نەوزەر جاف" ناساند، ئەو بەزمانی گلەیی شکایەتی لێکردم بەوەی لەکێشەکانی لەگەڵ کۆمپانیای "ئاسیا سێڵ" میدیای گۆڕان هاوکاری نەبون، بەیاننامە و رونکردنەوەکانی بۆ بڵاونەکردۆتەوە، لەگەڵیا دڵسۆزی و هاوکاریەکانی خۆی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بەڕومانادا ئەدایەوە، هێشتا قسەکانی تەواونەکردبو خاوەن ماڵ پشتیوانی کرد، وتی :

- نەوزەر، زۆر هاوکاری ئێمەی کردوە دەبوایە بۆت بڵاو بکردایەتەوە.

+ ئێمە ناچینە شەڕی نێوان کۆمپانیا بازرگانیەکانەوە، میدیای گۆڕان پرۆژەیەکی سیاسیە، ئەمە رێنمایی خۆتە، بۆیە بەدڵی ئەومان نەکرد!

لەگەڵ ئەم وەڵامدانەوەیەمدا، روخسەتم وەرگرت و بەجێم هێشتن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×