- ١٧ -
ئێمە واڕاهاتبوین هەرکات ئیشێکی پێمانبێت سکرتێرەکەی یان کەسێکی نزیکی تەلەفۆنی بۆ ئەکردین، ئەوجارە بەژمارەی خۆی و هەرخۆیشی وتی:
- هەتا ئێرە وەرە
ئازاد چۆمانی، پارێزەر و وەکیلی تایبەتی نەوشیروان مستەفا بو، کەمن چومە لایان بەلاپەڕە و فایل و نوسراوەکانی بەردەستیانا، دیاربو کاتێکی زۆری گفتوگۆیان پێکەوە تەواو کردبو، روی لەئازادکرد و وتی :
- ئەوەی بۆمنت باسکرد وەکو خۆی هەموی بۆ ئەمیش باسبکە.
ئازاد هەندێ لاپەڕەی نوسراوی بەدەستیەوە گرت، روو لەمن کەوتە قسەکردن
+ ئەم داوایە لەدادگای هەولێر، پارتی و شەخسی مەسعود بارزانی لەپشتەوەیە، پێشتر وەک مافێکی یاسایی داوامانکردبو بیگوازینەوە بۆ سلێمانی، ئەمڕۆ بەیانی لەدانیشتنێکیتری دادگاکەدا، گواستنەوەکەیان رەتکردەوە و فەرمانی گرتنیان بۆ کاک نەوشیروان دەرکرد. جگە لەو تۆمارە دەنگیەی بڵاویانکردۆتەوە، تۆمارێکی ڤیدیۆیی لەبەڵگەکانی دادگایا نیشاندرا، دوو شایەت بەجیا، لەپشتی پەردەوە هەمو تۆمەتەکانیان پشتڕاستدەکردەوە، حاکمەکان زۆر گرنگیان بەقسەکانی ئەوان ئەدا چونکە یەکێکیان ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی و ئەویتریشیان کەسێکی نزیکی رێکخەری گشتی و بزوتنەوەی گۆڕانە.
ئێمە وەک پارێزەر لەو کەیسەدا هیچیترمان پێناکرێت.
لەژیانی خۆم، چەندجارێک لەتوڕەبون و کاردانەوەی شەخسیدا، لەنزیکەوە بینیبوم، جارێک ساڵی هەشتاوپێنج، لە (موزاهەرەی مەلاکان دژی ی ن ک لەبنگرد) جارێکیتریش ساڵی هەشتاوحەوت، لەئاشکرابون و گرتنی پێشمەرگەیەکی دەستەکەی خۆیدا، کەبەهاوکاری ئیستیغباراتی عەسکەریی عێراقی، ییلانی تیرۆر کردنیان بۆ داڕشتبو بەڵام هیچ جارێکیان هێندەی ئەو نیوەڕوانەی ماڵەکەی خۆی بێ ئۆقرە و پڕ و داخ لەدڵ نەبو.
هەستایە سەرپێ و رو لەمن وتی :
- ئێستا شۆڕش دێت و پێتاندەڵێم چی بکەن! قادر بەگم راسپاردوە بەنهێنی لێکۆڵینەوە بکات، ئەبێت ئەو کەسانەی ناوخۆمان بدۆزینەوە، تۆش هاوکاری بکە.
شۆڕش حاجی وتەبێژی بزوتنەوەکە بو، هات و وەک من دانیشت، وەک منیش ئازاد چۆمانی حیکایەتەکەی بۆ گێڕایەوە.
ئەو نیوەڕۆیەی شانزەی حوزەیرانی ساڵی دوهەزاروشانزە، رۆژێکی تایبەتە لەژیانما، دوای ساڵانێکیش بوە وانەیەکی تایبەت لەژیانی کاری سیاسی و کۆمەڵایەتیما، چونکە هەرگیز بڕوامنەدەکرد کەسێکانێک هەبن لەتەنگانەدا پشت بکەنە نەوشیروان مستەفا، چجای ئەوانە لەهاوڕێ و پشتیوانەکانی دەیان ساڵی کاری سیاسی و پێشمەرگایەتی بوبێتن..!
هەربەپێوە بەمن و شۆڕشی وت :
- هەرئێستا ئەچن لەسەر شەخسی مەسعود بەرزانی قسەدەکەن، بەشەخسی ئازاری بدەن (واو وای لێبکەن)، نامەوێ باسی پارتی و کەسیتر و هیچیتر بکەن، هەتا قسە بەخۆی نەڵێن نایەتە ژێر بار، چلوهەشت سەعات و دوای ئەوە رایبگرن.
+ پێم باشە سەعات سێ، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ کاک شۆڕش وەکو وتەبێژی بزوتنەوەکە رێک بخەین، ئەم قسانە بکات و بەدوایدا منیش لەکەناڵەکانی میدیای گۆڕان دەستپێبکەم چونکە یەک و دوو سەعاتێکم بۆ ئامادەکاری ئەوێت.
من ئەو پێشنیازەمکرد و ئەویش قەبوڵیکرد.
لەماوەی نێوان جێهێشتنی ماڵەکەی و دەستپێکی کۆنگرەکەی وتەبێژەکەماندا :
⊕ پەیامنێر و رۆژنامەنوسی کەناڵە جیاوازەکانی میدیا عێراقی و کوردستانیەکانمان بۆ گردی زەرگەتە بانگکرد وشوێنمان بۆ چێکردن.
⊕ کۆبونەوەی پەلەی بەرپرسی بەشەکانی میدیامان رێکخست و پەیامەکەی رێکخەری گشتیم پێگەیاندن.
⊕ گشت ئامادەکاریەکانمان بۆ چلوهەشت سەعات شەڕی هەق و ناهەقی مەسعود بارزانی کرد.
⊕ سەعاتی سفری شەڕم پێڕاگەیاندن کەدوای یەکەم ئاربیجی وتەبێژەکەمان، لەسێی تەواو ئێمەش دەستپێدەکەین.
شۆڕش حاجی کۆنگرەی رێکخست، قسەکانی هیچ پەیوەندیان بەڕاسپاردە و پەیامەکەی نەوشیروان مستەفاوە نەبو! شپرزەییەکی ناکات و ناشوێن بەروخسار و قسەکردنەکانیەوە دیاربو! لەجێگەی ئەو ئاربیجیەی چاوەڕوان بوین ئاراستەبکرێت ئاڵایەکی سپی بۆ مەسعود بارزانی هەڵکرد.
لای بەرپرسی بەشەکان و کادرەکانی میدیای گۆڕان گومانێکی گەورەی لەسەر قسەکانی نێو کۆبونەوەکەی من و پەیامەکەی نەوشیروان مستەفا دروستکرد، خەجاڵەتی کردین چونکە پێچەوانەی فەرمانەکانی رێکخەری گشتی ئەو وتی :
⊞ ئەو دۆسیەیە رەتدەکەینەوە چونکە هیچ بنەمایەکی یاسایی نیە .
⊞ دادگا و دەسەڵاتی دادوەری لەهەرێمی کوردستان چاونەترس و سەربەخۆ نیە.
⊞ دەبوایە دادگا لەرێگەی پۆلیسەوە ئاگادارکردنەوەکە بگەیەنێتە دەست کاک نەوشیروان بەڵام ئەوان داویانە بەمەکۆی هەولێری بزوتنەوەی گۆڕان.
⊞ ئاسایش و دادگا ناتوانن پشتڕاستی ئەو تۆمارە دەنگیە بکەنەوە.
⊞ چاوەڕێی دادگای تەمیز دەکەین بزانین دەتوانێ سەربەخۆیانە کاربکات، فەرمانی گرتنەکە هەڵبوەشێنێتەوە چونکە تانە لەبڕیارەکە ئەدەین.
ئەمە هەڵوێستی رەسمی بزوتنەوەی گۆڕانە.... تەواو .
چەند رۆژێکی دواتر...
ئنجا زانیم، شۆڕش حاجی بەڕاوێژ و راسپاردەی ئەوکەسانە قسەیکردوە کەهەواداری ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ پارتی و هەوڵی گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و حکومەتی هەرێم ئەدەن!
چەند مانگێکی دواتریش...
زانیم کەهەمان ئەو کەسانە وێڕای ئەوەی حەزیاندەکرد نەوشیروان مستەفا بگەڕێتەوە بۆ لەندەن لەهەوڵی ئەوەشدا بون خۆیان بۆ قۆناغی دوای ئەو ئامادە بکەن چونکە سەرگەرمی بەهێزکردنی دەستەوتاقمی تایبەت بەخۆیان بون، نەوشیروان مستەفاش چەند جارێک بەنامە و بەقسەی کۆبونەوەش پێی وتبون (چیتر پەیوەندیم بەبڕیاری بزوتنەوەکەوە نامێنێت)
ساڵانی دواتریش بەیەقینەوە بۆم دەرکەوت زۆر لەوانەی ناوی هاوڕێی تازە و دێرینی نەوشیروان مستەفایان هەڵگرتوە و دەسەڵاتداری ناو بزوتنەوەکەن، نەهاوڕێ و دۆست و نەخۆشەویستی بون! نەهیچیشی لێوە فێربون! بەپێچەوانەوە لەسەرەمەرگ و دوای مردنیشی هەمو رەفتار و کارەکانیان بەنهێنی و ئاشکرا بۆ سڕینەوەی مێژوی سیانزە ساڵی چەکداری چیا و سیانزە ساڵی زویری و دورکەوتنەوە لەکوردستان و سیانزە ساڵی هەوڵی ریفۆرم و چاکسازی ئەو بو ..! بۆ ئەو ئامانج و مەبەستەش، راستەوخۆ و ناراستەوخۆ بەئەجندای بێگانە بەهەماهەنگی و رێنمایی خانەوادەی بارزانی و تاڵەبانی، هەنگاویان دەنا.
لەدەیان کۆبونەوە و لێدوان ونوسیندا، لای دەیان هاوڕێی خۆم و نەوشیروان مستەفا تەنانەت لای کوڕەکانیشی لەقۆناغەکانی ئەو رۆژ و مانگ و ساڵانەدا، هەمو سەرنج و زانیاریەکانم بەبەڵگەوە باسکردوە و خستومەتە روو، لەجڤاتی نیشتیمانیەکەشیدا، باسمکرد، بەرپرسیارێتی مردنی بیری نەوشیروان مستەفا و پرۆژەکەی و بزوتنەوەکەیم خستە ئەستۆیان، بۆیە لێرەدا بەڵگەی ئەم قسانە دوبارە ناکەمەوە تەنیا وتەنیا دەڵێم :
(نەوشیروان مستەفا مەلاک و بازرگان نەبو! کەمرد خاوەنی یەک مەتر زەوی و هیچ ژمارەیەک لەپارەی بانک و پارەی کاش نەبو! ئەوەی بەناوی خۆی جێما موڵکی بزوتنەوەکە و پرۆژە سیاسیەکەی گۆڕان بو، ئەوەشی کەرێگەی خۆشکرد لەپرۆژە سیاسیەکە دایبڕن، بیکەنە موڵکی شەخسی و بۆ کوڕەکانی بمێنێتەوە، ئەو نەخشە و ئەجندایەی دوژمنانی کورد و دوژمن ونەیارەکانی خۆیبو! کەبەئاگا و بێئاگا بڕیار بەدەستەکانی گۆڕان، هاوڕێ دەستپیسەکانی و خاوەن کۆمپانیاکان و خوازەڵۆکە سیاسییەکان جێبەجێیانکرد).
بەهەرحاڵ... ئێمە بەفەرمانی ئەو دەستمان بەشەڕەکە کرد، لەناوەڕاستی ئەو چلوهەشت سەعاتەی رێکخەری گشتی دوای نیوەڕۆژی شانزەی شەش بۆی دیاریکردین، لەلایەن هەمو دەسەڵاتدارانی گۆڕانەوە سەرزەنشت دەکراین و داوای راگرتنیان لێدەکردین، چەند گەنجێکی سەرگەرمی گۆڕان نەبێت کەس ئامادە نەبو بەنوسین و لێدوان و چاوپێکەوتن دژی بڕیاری دادگای هەولێر و شەخسی مەسعود بارزانی قسە بکات، کەپێم دەوتن فەرمانی رێکخەری گشتییە، بەکاردانەوەیەیەکی هەڵە ناویاندەبرد و ئەیانوت نابێ بەقسەی بکەیت.
بیستوچوار سەعات تێپەڕی و لەژێر فشاری ئەواندا، بۆ پرس و راگۆڕینەوە لەماڵەکەی خۆی سەردانمکرد، بەدیار تەلەفزیۆنی "ک ن ن" ەوە دانیشتبو، رەنگ و روی بێتاقەتی دوێنێ بەریدابو، دوای دەستخۆشی پرسیاری (وێنە، ڤیدیۆ، نوسین، شیعری هەجو، تەنزەکان)ی لێکردم و وتم کادرەکانمان هەموان بەپەرۆشەوە بەرگریت لێدەکەن، ئەنجامی توانا و ماندوبونی هەمویانە بەڵام لەناو بزوتنەوەکە هاوکارمان کەمە، تەنانەت داوای راگرتنی شەڕەکەمان لێدەکەن .
- کێ داوای راگرتنی دەکات؟ ناوم پێ بڵێ ؟
من بەوشەی "هەمویان" کۆتایم بەوەڵامەکە هێنا، ئەو بەردەوام بو ...
- ئەمڕۆ سەید عومەر و قادر و هەمو ئەوانیتر هاتبونە لام، گلەییان لەکاردانەوە، بەرنامەکان و تەلەفزیۆنەکە کرد! پێم وتن " تەنیا ئەو پیاوە بەرگریم لێدەکات ئەتانەوێ ئەویش بێدەنگ بکەن؟ کەمانای چی فەرمانی دەستگیرکردن بۆمن دەرچوە و دوو رۆژە کەسێکتان قسەیەکتان نەکردوە؟ بەراست من رەفیقی وەکو ئێوەم هەبوە !!؟ "
لەدرێژەی هەڵچون و قسەکانیا باسی بەرژەوەندی هەندێکیانی کرد، باسی ترسنۆکی و بێوەفایی هەندێکیتریان، وتیشی مادام فشارت لێدەکەن چلوهەشت سەعاتی شەڕەکە بکە بەهەفتاودوو سەعات.
دوای چلوهەشت سەعاتی شەڕە وێنە، وشە و قسەی توند و رەقی میدیا، هەژدەی مانگ سەرۆکایەتی هەرێم بەناوی مەسعود بارزانیەوە بەیاننامەیەکی لەسەر راگرتنی شەڕی راگەیاندن بڵاوکردەوە و داوایکرد کەناڵەکانی پارتی و گشت حیزبەکان بۆ ئارامی و پابەندبون بەوەستاندنی شەڕی راگەیاندنەوە پابەند بن. بەدەرچونی ئەو بەیاننامەیە بیری قسەی یەکەم رۆژی رێکخەرم کەوتەوە کەوتی (هەتا قسە بەخۆی نەڵێن نایەتە ژێر بار).
هەر دوای ئەو چل و هەشت سەعاتەش "قادری حاجی عەلی" لێدوانێکی بێدەنگ و بێ وێنە، لاپەڕەو نیوێک بەنوسین! بۆ میدیا نارد و بەتوندی ئیدانەی فەرمانی دەستگیرکردنەکەی رێکخەری گشتی بزوتنەوەکەی کرد. هێندەی بزانم ئەو تەنیا سەرکردەی بزوتنەوەکە بو دوای دوو رۆژ، بەئاشکرا هەڵوێستی توندی بەرامبەر ئەو بڕیارەی دادگای هەولێر وەرگرت.
بڕواناکەم کەسێکی سیاسی هەبێت لەدنیادا هێندەی نەوشیروان مستەفا، مەسعود بارزانی ناسیبێت! باشتر بڵێم کەس نەیدەناسی ئەو نەبێت. تەنیا لەخراپەکار و خراپە ئەقڵیا نا! پیاو بەویژدانەوە بڵێم:
زۆر جار و لەهەندێک هەڵوێستی کۆنی وێستگەکانی کاری پێکەوەیی و سیاسەتیشدا، وەسف و ستایشی دەکرد.