لەمەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە

عەبدولرەزاق شەریف
  2025-02-10     500

- ١٥ -

لەیەکەم مانگی بەرپرسیارێتی میدیای گۆڕانەوە، بەچەندین رێگەی جیاواز، رێگری و کێشەیان بۆ دروستدەکردین. بەرپرسی ژوری کارگێڕی و دارایی بزوتنەوەکە دەیویست ئەو یەکە کارگێڕی و ژمێریارییەی دروستمانکردوە تێکبداتەوە! بۆ ئەو ئامانجە تۆمەتی ناماقوڵ و بوختانی ئاشکرای بەنەزانی بەهەمو لایەکدا، بڵاودەکردەوە. هەرچی رێگەی ناشرین و ململانێی نابەجێیە گرتبویەبەر. بەبیانوی نەبونی پارە و بێ توانایی دارایی باسیان لەداخستنی تەلەفزیۆنی "ک ن ن" دەکرد، کەوتنە لێبڕین و دواخستنی پشتیوانی دارایی و بەهەرحاڵێک هەتا موچەی کارمەندەکانیان خەرج دەکرد.

لەو بێمنەتی و کارکردن و پەرۆشیەی ئێمە بەگومان بون.

قادری حاجی عەلی، بۆ دانیشتنێکی تایبەت بانگیکردم، باسی لەدوو پسوڵەی خەرجی زیادەی من کرد و وتی:

+ راستە ئەم خەرجیانەت کردوە ؟

یەکەمیان داوەتێکی میدیای گۆڕان بۆ ژمارەیەک نوسەر و رۆژنامەنوسی دەرەوەی میدیا کە "٣٥٠" سێسەدوپەنجا هەزار دیناربوو، ئەویتریان کڕینی چاکەتێک "٢٦٠" دۆلار بوو .

- بەڵێ ئەو داوەتە بۆ دوانزە کەس کراوە، خۆم پێم خۆش بوو بزانن میدیای گۆڕان بەوکارە هەستاوە بۆیە داخڵمانکردوە! بەڵام لەراستیا زیاتر لەیەک ملیۆن دیناری تێچوو، من تەنیا خواردنەکەم داخڵکرد، باقیەکەی ناچێتە ئەبوابی خەرجی چاودێری داراییەوە بۆیە لەگیرفانی خۆم خەرجمکرد .

پسوڵەی کڕینی چاکەتەکەش راست نیە! ئاگام لێی نیە! بەڵام ئەم باسە بۆ؟ چی هەیە لای تۆ؟

وەڵامی پرسیارەکەی منی نەدایەوە، تەلەفۆنێک و چەند دەیقەیەکی کەم و "ئاواتی شێخ جەناب" هاتە ژورەکەی، وەڵامەکانی منی پێ وت بەڵام ئاوات بەدڵنیایی و متمانەی تەواوە وتی (هەردوو پسوڵەی خەرجیەکەم لایە).

لەسەرەخۆ روم لەئاوات کرد و وتم :

- تۆ لەیەکەم رۆژەوە لەبەر هەر هۆکارێک بێت کەنازانم لە ئیشی من رازی نەبویت و ململانێ و هەوڵی شکاندنمان ئەدەیت! بەڵێن و بەڵێنی پیاو کاک قادر شایەت بێت، گەر پسوڵەی خەرجی چاکەتەکەت هێنا و بەناوی منەوە و من لەسەر بزوتنەوەکە کڕیبێتم ئیستیقالەکەم بدەمە دەستی خۆت.

هەرزوو، قادری حاجی عەلی وتی دەی ئاوات قسەی بڕیت بڕۆ پسوڵەی خەرجیەکە بهێنە .

ئاواتیش وتی پسوڵەکەم بۆ کاک نەوشیروان ناردوە .

هیچ پێم سەیرنەبو ئەو گروپگەلەی لەناو یەکێتیەوە ببونە گۆڕان خۆیان و نەوشیروان مستەفا بەو شتە لاوەکی و بچوکانەوە مەشغوڵ بکەن چونکە لەناو یەکێتیا هەمویانم ناسیبو بەڵام پێم ناخۆش بو کۆمەڵێک گەنجیان فێری راپۆرت نوسین و درۆ و تەزویر و ململانێی ناشەریفانە کردبوو .!

چومە ژمێریاری میدیا، وتم خەرجیەکانی خۆم ۆ هەمو بەڕێوەبەرەکانی تەلەفزیۆنەکەم بۆ تەماشا بکەن (دەمزانی لەداتاکانیاندا هەیە) بزانن بەناوی منەوە چی کڕدراوە یان بگەڕێن پسوڵەیەکی خەرجی "٢٦٠" دۆلاری هی کێیە؟

لەیەکەم کاردانەوەیا بەڕێوەبەری ژمێریاری وتی (هیچ خەرجیەکی شەخسی تۆمان لانیە و نەکراوە)، بەڵام من سوربوم لەسەر ئەوەی بەهەمو خەرجیەکانا بچێتەوە .

چەندسەعاتێک و بەئیمزای بەڕێوەبەر و هەردوو کادرەکەیتری ژمێریاری راپۆرتێکیان لەسەر کڕینی ئەو چاکەتە نوسی، تیایدا ئاماژەیان بەمانگ و ساڵی کڕین و خەرجی پسوڵەکە کردبو، ساڵێک پێش هاتنی من بۆ گردی زەرگەتە بو.

بەدەستی خۆم لەسەر مێزەکەی نەوشیروان مستەفا دامنا و پێم وت :

- ئەم راپۆرتەم هێناوە لەبەر ئەوە نیە شکایەت لەبەڕێوەبەری پێشو بکەم چونکە لای من ئاساییە و مافی خۆیەتی وەک هەر بێژەرێکیتر کەدەردەکەوێت بۆ جلوبەرگ خەرجی بکات، تەنیا لەبەرئەوە بەتیمی ژمێریاریم نوسیوە و ئیمزایانکردوە، بیستومە ئەو پسوڵەیە بەتەزویری بۆ تۆمەتبارکردنی من بەتۆ گەیاندراوە !

+ ئاوات هاتبو، قسەیەکی وایکرد و راپۆرتێکی دانا بەڵام گوێم پێنەداو سەیرمنەکردوە، سەیری ئەوەی تۆش ناکەم من لەسەر مێزەکەی دامنا و ژورەکەم بەجێهێشت .

ژوری کارگێڕی بزوتنەوەکە لەچاو ساڵانی پێشودا، نیوەکەمتری خەرجی تەلەفزیۆنەکەیان دەکێشا، لەبەر بێسەروبەری و گومانەکانم لە(داهاتی ریکلامی بازرگانی) میدیاکە، لەهەفتەی یەکەمەوە بەفەرمانێک هەمو جۆرە ریکلامێک بازرگانیشمان راگرتبوو، بۆیە هیچ داهاتمان نەمابو، بەردەوامی کار و خەرجیەکانمان پرسیاری لادروستکردبون، لەرێگەی هەواڵدزەکانەوە زانیبویان کەژمێریاری میدیا پارەی پێویستی لەبەردەستدایە، کەوتبونە منەکردنی زانینی شوێن و بڕی پارەکە، ئەوکات بەڕێنمایی وەزیری دارایی لەپشکی بزوتنەوەکە کۆی پارەکەمان لەبانکی کوردستان دانابو چونکە رێباز حەملان بێ ئەوەی بزانێت بڕی پارەکە چەندە وتی:

+ تەنیا بانکێ جێگەی متمانە بێت و گرەنتی بکەم بانکی کوردستانە.

نەوشیروان مستەفا کۆتایی ئەو ساڵەی دوهەزار و پانزە سەفەریکرد.

سەید عومەر بانگی کردم، وەک خوڵکی پێوەگرتبو داوای لەدەستەکەی کرد کەس نەیەتە ژورەوە، هەربەدەستی خۆیەوە لاپەڕەی کەشفی ژمارەی بانک و حساباتی میدیای گۆڕانی لەبانکی کوردستان نیشاندام و وتی :

+ ئەم ژمارە بانکیە راستە؟ راستە ئێوە سەد ملیۆن دینارتان لەبانکی کوردستان داناوە ؟

- سەرەتا پێم بڵێ ئەم کەشفی بانکیە چۆن گەیشتۆتە لای تۆ، چونکە ئێمە فەرمانمان هەیە و بۆ بانکەکامان ناردوە بەئیمزای دوو کەس (خۆم و بەڕێوەبەری ژمێریاری) هەمو جوڵەیەک و داوایەک لەسەر ئەو ژمارە بانکیە کەبەناوی میدیای گۆڕانەوەیە بکرێت! ئەی چۆن راکێشراوە و بۆتۆیان هێناوە؟ بەخۆمت بوتایە راستیەکەم پێ دەوتی.

لەم وەڵامەدا، مەبەستم بو بزانم چی دەگوزەرێ چونکە لەڕوی قانونەوە بانکەکە ناتوانێ بەبێ ئیمزای من رەفتار بکات و بەرپرسیار دەبێت، بەمتمانەی وەزیرەکەشمان پارەکان لەوێ دانانرابو بەڵام سەید عومەر گوێی بەو مەسەلە قانونیانە نەئەدا وتی :

+ ئاوات لێی کردوی بەهەڵا و ئەڵێ پارەی لەبانک داناوە!

- کاک عومەر شوێنی پارە بانکە، خۆ وەک ئاوات لەگونیەدا، هەڵیناگرم. هەمو جوڵەیەکی پارەش لەبانک رۆژ و سەعاتی دیاریدەکرێت و دەزاندرێ و بۆچاودێری ئاسانتر و باشترە ..

نەیدەهێشت قسەکانم تەواو بکەم و هەر دەیوت ئەو سەد ملیۆنە کێشەی ناوەتەوە. هەمو ژوری کارگێڕی و دارایی و بانک و بزوتنەوەکەیان مەشغوڵکردوە و ئەم کەشفی حساباتەیان کردوە بەراپۆرت و ئەڵێن سەد ملیۆن دیناری لەبانکی کوردستان داناوە .!

ئەوسا و ئێستاش، نەمزانی کێ و بەچەند دەست و چ تۆڕێکی نهێنی ئەو کەشفی ژمارە بانکیەکەی ئێمەیان تەسریب پێکردبوو! نەشمویست مەسەلەیەکی ناوخۆی خۆمان بکەم بەشکایەت و دەعوا لەسەر فەرمانبەرێک و سزابدرێت بەڵام بەوەڵامدانەوەکەم سەید عومەرم راچڵەکاند، دەستی بۆ گۆچانەکەی دەگێڕا وەک ئەوەی لێی ون بوبێت یان بیەوێ بیرازم بکات، لاپەڕەکەی لەچاوی نزیکدەکردەوە و چەند جارێک دایدەگرتەوە! چونکە وتم :

+ بەداخەوە کاک عومەر، هەمو ئەم بزوتنەوەیە و کارگێڕی و دارایی و هەواڵگرەکانیان نەیانزانیوە ژمارەکان بخوێننەوە! ئەوە سەد ملیۆن دینار نیە بەڵکو یەک ملیار دینارە و بەناوی میدیای گۆڕانەوەیە.

ماوەی کەمتر لەساساڵێکی تەمەنی میدیا، نەوشیروان مستەفا سەفەری یەکەمی بۆ نەخۆشیەکەی کرد .

هەموان داوای راکێشانی پارەکەیاندەکرد، قادری حاجی عەلی بەشێوەیەکی زارەکی پابەندیەکی بەرپرسیارێتی و سەرپەرشتیاری میدیای گۆڕانی هەبو، لەکۆبونەوەیەکی گروپی راوێژدا، پێم وتن :

+ لەبەر چاودێری دارایی و رێنماییەکانیان من ناتوانم بەتەکلیف و قسەکردن پارە راکێشم و تەسلیمی بکەم! فەرمون فەرمانێک لەجڤاتی نیشتیمانیەوە بۆ کەسێک وەک بەرپرسیارێتی میدیا دەربکەن ئەوجا من ئەتوانم هەرچی هەیە بیدەمێ.

هەروایانکرد، بەئیمزای سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی فەرمانیان بۆ قادری حاجی عەلی وەک سەرپەرشتیار دەرکرد، کۆی پارەکەمان راکێشا، موچەی مانگێکی میدیای گۆڕانمان لێدا، هەمو ئەوەی مایەوە لەگونیەدا، رادەستی (قادری حاجی عەلی) مانکرد.

ئەو رەفتارانە وایکرد، لەهەمو کۆبونەوەیەکدا باسی نەبونی چاودێری دارایی بکەم کەچۆن و بۆچی نیمانە و هەرگیز رێگەی نەکەوتۆتە گردی زەرگەتە.

پەیوەندیشم بە دەزگای چاودێری حکومەتی هەرێمەوە کرد کەهەرچی زوە بەقیمەت یان بەهیمەت، تیمێک بۆ چاودێری خەرجیەکانی میدیای گۆڕان بنێرن . بەسوپاسی ئەوسا و ئێستاشەوە "نازەنین خان" لەوەڵامی داواکەی ئێمەدا وتی :

+ یەکەمجارە بەرپرسی دەزگایەک خۆی داوای تیمی چاودێری دارایی بکات! ئەوە ئەرکی خۆمانە و یاسا رێگەی پێداوین چاودێری حیزب و کۆمپانیاکانیش بکەین، مادام خۆت داواتکردوە، وەک بەڕێوەبەری دیوانی چاودێری دارایی خۆم بەو ئەرکە هەڵدەستم .

خۆشبەختانە دوای چەند هەفتەیەک لەکارکردن و تەماشا و وردبینی و پیاچونەوە بە داهات و خەرجییەکانی میدیای گۆڕاندا، راپۆرتی خۆیان نوسی .

ئەو هەنگاوە، ئەو راپۆرتەی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری دارایی، بەیەکێک لەشانازییەکانی ژیانی پەرپرسیارێتی خۆم دەزانم کەپێش من و دوای منیش، جارێکیتر تیمی چاودێری دارایی گردی زەرگەتەیان نەبینییەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×