- ۱۳ -
من پێم وت:
پێشنیازەکەت بۆ بەرپرسیارێتی میدیای بزوتنەوەکە کتوپڕ بوو، لێم بوەستە، چەند ڕۆژێک و وەڵامت ئەدەمەوە.
لەگەڵ چەند کەسێکی ناو ڕادیۆ، تەلەفزیۆن، ژوری رۆژنامەوانی و سایتی سبەی لەبارەی کێشەی ئۆرگانەکان قسەم کرد. دوای هەفتەیەک و لەبەیانیەکی هەتاوی گردی زەرگەتە و لەبەر گەرمای تیشکی خۆری ناوەڕاستی مانگی رەشەمێی ئەمدیوی پەنجەرەی هۆڵی کۆبونەوەکانیدا، باسی چۆنیەتی یەکخستنی هەرچوار ئۆرگانەکە "تەلەفزیۆن، رادیۆ، سایتی سبەی و ژوری رۆژنامەوانی" وەک یەکەیەکی یەکگرتوی ئیداری و ئیعلامی کرد، پێی باش بوو ناوی بزوتنەوەی گۆڕانیش هەڵبگرێت. لەناو باسەکەیدا چەندجارێك پێویستی بونی راگەیاندنی حیزبیی لەو قۆناغەدا دوبارە کردەوە.
+ تۆ لەناو یەکێتیدا زۆر دژی ڕاگەیاندنی حیزب بویت و چەندینجار باسی ڕاگەیاندنی نیشتیمانیت کردوە، لکاندنی ناوی بزوتنەوەکە بەراگەیاندنەکەیەوە پێچەوانەی بیرکردنەوەکانی پێشووە.
من تەنیا ئەو سەرنجەم لەسەر قسەکانی هەبو، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی دامەوە :
- بەڵێ من ویستم ڕاگەیاندنێکی وەها دروستبکەم بەڵام سەرکەوتو نەبوین چونکە پارتی و یەکێتی بەماکینەیەکی گەورەی ئیعلامی خۆیانەوە کەوتنە هێرش و پەلاماردانی بزوتنەوەکە، بەناچاری ئێمەش کەوتینە بەرگریکردن لەخۆمان، بەفیعلی نەمانتوانی سەربەخۆیی میدیاکەمان بپارێزین، بەدرۆودەلەسەش ناڕوات بەڕێوە بۆیە یەکجار یەکیدەخەینەوە و ناوی گۆڕانیشی لێدەنێین.
هەتا ئەوکاتە شتێك نەبو بەناوی "میدیای گۆڕان" هەرخۆیشی پێشنیازی ئەو ناوەی کرد، بەڵێنیشی پێدام پرۆژەیەکم بۆ یەکخستنەوەی گشت ئۆرگانەکانی ڕاگەیاندنی بزوتنەوەکە بۆ بەرچاوروونی بۆ بنوسێت.
لەگەڵ تەواوبونی قسەکانیدا، ڕاستەوخۆ داوای لێبوردنم لێکرد و ڕەتمکردەوە، کەمێک گفتوگۆ و وتم :
+ کێشەکانی ناو ئەم دامەزراوانەی تۆ دروستتکردون بەمن چارەسەر ناکرێن! بمبەخشە کەناتوانم.
- ئەی بەکێ چارەسەر دەکرێت؟
+ بەخۆت و کەسیتر نا.
بەنیگەرانییەوە بیری خستمەوە لە هەڵبژاردنەکانی پارساڵ، لەوەڵامی پرسیارێکدا، پێشنیازی ( سەرۆکی لیستی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و بون بەپارێزگاری شارەکە )م بۆ کردبو، پێشم وتبو لەبەر خاتری سلێمانی و دەنگدەرەکانی، ئەو پۆستە وەربگرە، لەئەوروپاش سەرۆک حیزبەکان پارێزگاری شارە گرنگەکانن.
وەڵامێکی سادەم بەنیگایەکی پڕ زویربونەوە لێ وەرگرت، هەناسەدانەوەیەک و هەردوکمان پێکەنین چونکە وتی:
- پێشتر کردمت بەموتەسەریفی شار و ئێستا ئەتەوێ بمکەی بەمودیری تەلەفزیۆن؟
وەڵامێکی وەک موتەسەریف بونەکەیم دایەوە:
+ ئەی بۆ نا؟ چەندینجار بۆ چارەسەری کێشەکانی ڕاگەیاندنی یەکێتی، مامجەلال خۆی راستەوخۆ ئەبوە سەرپەرشتیار و دوای شەش مانگ رادەستی کەسێکیتری دەکرد، تۆش وابکە.
- تۆ بڕۆ، هەمو دەسەڵاتەکانی خۆمت ئەدەمێ.
+ ئەگەر بەنوسراو، بەئیمزای خۆت ئەمەم بۆ بنوسیت ئامادەم. جگە لەخۆشت، کەسیتر دەست لەئیش و کارم وەرنەدا.
- بێزار بوم لەکێشە و گلەیی و شکات و دەستوەردانی ئەموئەو، نامەوێ کەس بۆ کێشەی راگەیاندن بێتە لام، تۆش مەیەرەوە بۆلام، منیش پەیوەندیم نامێنێ، بڕۆ نوسراوێك بنوسە و بۆت ئیمزا بکەم.
وەك ئەوەی گفتوگۆمان لەبارەی یەکخستنەوەی کۆی دامەزراوەکانی ڕاگەیاندنی بزوتنەوەکەوە کردبو، ڕەشنوسی فەرمانی دەستبەکاربونی خۆمم نوسی، چومە نهۆمی ئەرزی و بۆ ئەوەی بیکەن بەنوسراوی ڕەسمی، خستمە بەردەستی "سکرتێری جفاتی نیشتیمانی".
سکرتێر، بەدودڵییەوە دڵنیایی لەمن ئەویست بۆ وەڵامی چۆن بەئیمزای ڕێکخەری گشتی؟! چونکە ئەو دەیزانی نەوشیروان مستەفا ئیمزا لەسەر هیچ فەرمانێک بۆ پۆست و پلە و دەستبەکاربون ناکات بەناچاری باسی رێککەوتنەکەمانم بۆ کرد.
دوای کەمتر لەسەعاتێك نوسراوەکەم، خستە بەردەستی، چاوێکی پیاخشاند و وتی:
+ لەژیانی سیاسی خۆمدا، یەکەمجارە ئیمزا بۆ دەستبەکاربونی مەسولێک بکەم.
من نازانم ئەو بەچ مەبەستێک وای وت، بەڵام قسەکەی لەگەڵ بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی دەیان ساڵی ژیانی ڕێکخراوەیی و حیزبی و پێشمەرگایەتی ئەودا نەدەگونجا، ساڵانی دواتریش بەدواداچونم کرد، نەمبیست ڕۆژێک نەوشیروان مستەفا ئیمزای لەسەر فەرمانی دەستبەکاربونی کەسێک بۆ بەرپرسیارێتی کردبێت، وەلێ دڵنیابوم لەوەی کەمن تەنیا کەس بوم بەئیمزای ڕێکخەری گشتی، لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، پلەی کار و فەرمانی رەسمی وەربگرم!
چومە ژوری ئیدارەی تەلەفزیۆنەکە، فەرمانەکەی رێکخەری گشتیم خستە بەردەستیان و وتم:
+ موباشەرەم بۆ بنوسن.
دەستێك لەملاو دەستێك لەولایان، نەیاندەزانی موباشەرە چیە و چۆن دەنوسرێ! ناچار خۆم نوسیم، چاپکرا و بەتەختەی ئاگادارییەکانا هەڵواسرا.
رۆژی دواتر ... وێنەیەکم لەنوسراوەکە دایە دەست ڕێکخەری گشتی و ئەویش پرۆژەیەکی لەچوار لاپەڕەدا بەدەستخەتی خۆی دایە دەست من و وتی بڕۆ کاری لەسەر بکە.
بەبنەمای رێنماییەکانی ئەو، ماوەی چەند ڕۆژێک لەهۆڵێکی داخراودا، کۆنفرانسێکمان بۆ میدیای بزوتنەوەکە ڕێکخست، ئاگادارییەکیشمان بڵاوکردەوە بۆئەوەی جگە لەکادرەکانی ڕاگەیاندن، هەرکەس لەناوخۆ و دەرەوەی ئۆرگانەکان تەنانەت لەدەرەوەی بزوتنەوەکەش خولیای ئەو بوارەیان هەیە، بەشداری کۆنفرانسەکە ببن.
چەند کەسێکی کەم نەبێت، گرد و دەرەوەی گردەکە بایکۆتی کۆنفرانسەکەیانکرد!
هانام بۆ "شۆڕش حاجی" بەرپرسی کاتی پێشوی تەلەفزیۆنەکە برد و پێم وت (ئەگەر بۆماوەی نیوسەعاتیش بێت وەرە و بەشداری بکە لەبەرئەوەی بتبینن و کادرەکان ڕووگیری بانگەوازەکامان ببن).
شۆڕش هات، بەڵام هیچی لەمەسەلەی رێژەی بەشداری نەگۆڕی.
کە سۆراخی هۆکاری ئەو بایکۆتە بەکۆمەڵەم کرد، بیستمەوە کەچەند گروپێکی ناو بزوتنەوەکە و میدیا، ناراستەوخۆ، هەڕەشەیان ناردوە بەوەی کەس بەدەنگ کۆنفرانسەوە نەچێت و وتویانە:
(ڕەزاق چەند هەفتەیەک بڕناکات، وەک "شۆڕش حاجی" وایلێدەکەین خۆی بڕوات، ئەوەی پشتیوانیشی بکات و بەشداری کۆنفرانسەکەی بێت دواتر لەمیدیای گۆڕاندا، جێگەی نابێتەوە)!
چەند کەسێکیش وتیان ڕاستەوخۆ هەڕەشەمان لێکراوە، بەڵام مادام نەوشیروان مستەفا تۆی داناوە ئێمە پابەندی فەرمانەکەی ئەو دەبین.
سێیەم ڕۆژی کۆنفرانس و فەرمانێکم دەرکرد، تیایدا، بەهەمان ڕیتمی هەڕەشەکەی ئەوان نوسیبوم ئەوەی بەشداری کۆنفرانس نەبێت لەئایندە بەتەمای ئەوە نەبێت لەمیدیای گۆڕاندا، جێگەی ببێتەوە. جگە لەتەختەی ئاگادارییەکان پێموتن لەچەند شوێنێکی تریش هەڵبواسرێت.
هەفتەی یەکەم نەچومە ئاپارتمان و هۆڵەکانی تەلەفزیۆن، لەسێ هۆدە و هەیوانێکی ئیدارە و ژمێریاری کە چەپەک و جیاواز کاری خۆیان دەکرد، مامەوە. پرسیاری هەرشتێک لەپرەنسیپەکانی ئیدارەم دەکرد، نەیانبیستبو، تەنانەت پەڕاوەکانی سادیرە و واریدەشیان نەبو! ژمێریاری وەک یەکەیەکی جیاواز کاری خۆیاندەکرد و ئەرشیفێکی باشیان هەبو بەڵام لیژنەی کڕین چەند ساڵێك بوو هەر یەك دوو کەس بون، لای ئیدارە بون و نەگۆڕدرابون، ئیدارە لەجێی نەبوان بو!
بەرپرسی ژوری کارگێڕی و دارایی کەئێستا وەزیری دارایی هەرێمە، لەگۆترە و خوا وەکیلی و بەمیزاج پارەی سەرف دەکرد، هیچ شارەزایی لەئیدارە، میزانیە، رێکارەکانی خەرجی و تەنانەت ڕێنماییەکانی چاودێری دارایی نەبو، چەند گەنجێک و یەک و دوان کەسی شارەزا هەبون بەڵام لەژێر فەرمانی عەشایەری ئەودا، کاریان بۆ نەدەکرا، ئەیبوغزانن و وەلا نرابون. ژمارە حسابێکی کۆنی داخراوی تەلەفزیۆن نەبێت، هەمو بزوتنەوەکە حسابێکی بانکی نەبو! لیستی ناوی ئەوانەی کاریان دەکرد و کاریان نەدەکرد، ئەوانەی هەبون و نەبون بەجۆرێک تێکەڵ ببون، سەرم لێی دەرنەدەچو! هەمو مانگێ زیاتر لەنیوملیار دیناری بەبێ میزانیە و بێ پسوڵە و بێ هیچ ڕێنماییەك، وێڕای " خەرجی بەشداری ساڵانەی مانگی دەستکردی پەخشەکەی" بەتەنیا بۆ تەلەفزیۆنی کەی ئێن ئێن، خەرج کردبو، جگەلەوەی ساڵانەش، سەربەخۆ بێ ئاگاداری کارگێڕی بزوتنەوەکە، زیاتر لەیەک ملیار دینار پارەی ڕیکلامی بازرگانیی وەرگیرابو!
هەفتەیەک و هیچیتر خۆم پێ نەگیرا، هەرچەندە وارێککەوتبوین بۆ هیچ کێشەیەک نەگەڕێمەوە بۆلای، بەڵام چومەوە دەرماڵی رێکخەری گشتی و پێم وت:
+ تۆ دروشم و ئاڵای جیابونەوە و شەڕەکەت لەگەڵ پارتی و یەکێتی بەدامەزراوەییکردن و بەسیستەماتیك و شەفافیەت و چاودێرییە بەڵام خۆت تەنیا یەکەیەکی ئیداریت لەم گردە دروستتکردوە، نەدامەزراوەیە، نەسیستمی هەیە، نەشەفافە و نەئەزانێ ڕێگەی چاودێرێی دارایی لەکوێیە! ئەوەی لەو دامەزراوەیەی تۆیا لەگەندەڵی و بەهەدەردانی پارەیا دەگوزەرێ، لەهیچ شوێنێکی حکومەتی هەرێم و پارتی و یەکێتیا ڕوینەداوە.
" پێت وانەبێ من ئاگام لێی نیە، هەموی ئەزانم، بەڵام لەگەڵ پارتی و یەکێتیا، لەشەڕێکی قورسدا بوم، ئامانجەکەم لاگرنگ بو، کە بردنەوەی شەڕەکە بو، تۆ پێشمەرگە بویت ئەبێ بیرت بێت کەدەچوینە سەر ڕەبیە و معەسکەرێکی دوژمن، گرنگ لای ئێمە گرتن و سەرکەوتن بو، گوێمان نەئەدایە ئەوەی پێشمەرگەیەک تفەنگێ یان مەحزەنێک یان گیرفانی عەسکەرێک بۆ خۆی دەستدەخات، من ئاوا تەماشام کردوە و بۆیە گوێم نەداوەتێ، تۆ ئەتوانی وانەبیت و قبوڵی نەکەیت".
- بەدڵنیاییەوە قبوڵی ناکەم و ئەنجامەکەشی ئەبینیت.
دوای تەواو بونی ئەم گفتوگۆیەی نێوانمان، دەستمکرد بەلێکۆڵینەوەی ورد و زانین و ئاشکراکردنی گەندەڵی و دزی و پارە کێشانەوەی ئەوانەی لەناو گۆڕان و بەناوی گۆڕانخوازانەوە دەستپیسی دەکەن .
خوا هەڵناگرێ لەشکری بەرامبەریش، لەو ڕۆژە بەدوا، کەوتنە سەنگەری توڕەبون و بوختان دروستکردن و دژایەتیکردنی من!
-------------------------------------------------------------------------------
تێبینییەکی پێویست:
بۆ هەمو ئەم باسانە بەڵگەی نوسراوی رەسمی و شایەتحاڵ لەناو بزوتنەوەکە و کۆنوسی کۆبونەوەکانی جڤات، گروپی راوێژ و هەندێ لیژنەی تایبەتمەند کەدروستدەکران و منی تێدا ئەندام بون، هەن، گەر نەیانفەوتاندبێ! بۆ خۆیشم لەبەرئەوەی لەململانێیەکی توندا بوم هەمیشە بەڵگەنامە پێویستەکانم ئەرشیفی شەخسی خۆم دەکرد.
بڵاونەکردنەوەیان لەگەڵ ئەم زنجیرە وتارەدا، تەنها لەبەر ئەوەیە ئەم زنجیرەیە لای من پرۆژەی کتێبێکن و لەگەڵ لاپەڕەکانی ئەو کتێبەدا بڵاویاندەکەمەوە.