- ١١ -
وەک زۆر بەیانیانیتر، لەژوری کۆبونەوەکان، چومە لای و دانیشتم. تەنیا هەردوکمان بوین، کەمێک قسە و سکرتێرەکەی هاتەلامان، وتی ( میوانەکەت گەیشت )!
ڕوخسەتم لێوەرگرت لەپێوقەیەمی میوانەکەیدا، من بڕۆم بەڵام وتی :
" دکتۆر لەتیفە، مەڕۆ حەزەکەم تۆش دانیشیت".
"من نازانم بۆچی هەندێک مەجلیس و قسە، هەڵوێست و دانیشتنی تایبەت، منی گل ئەدایەوە یان بۆی باسدەکردم. تەنانەت هەندێکجار، وەفد و کەسایەتی سیاسی وڵاتانیش دەهاتن، من پێم دەوت باچەند هاوڕێیەکمان بانگ بکەین بەڵام ئەو کەسیتری بە پێویست نەدەزانی!
ئێستا، باسوخواسەکان دەبنە مایەی رەخنە تەنانەت تۆمەتیشم ڕوبەروو دەبێتەوە.
من ئەزانم نەوشیروان مستەفا، چەند پاڵەوانی ڕوداوەکانی مێژوی نوێ بوو، هێندەش ترسی لەو مێژوە هەبوو! ڕەنگە هۆی سەرەکی خوڵکی من بۆ ئەو مەجلیسانەی ئەو ترسەی لەمێژوو بوبێت! بێ مەڵامەت نەبو! هەربۆیە من وەک ئەرکی سەرشانم لێی دەڕوانم، بەپێویستیشی ئەزانم هەتا شایەتحاڵەکان لەژیانا ماون بیاننوسمەوە.
ئەو دەیزانی من هەتا لەژیانا مابێت ئەمانەتی قسەکانی ئەپارێزم و دەشتوانم لەدوای مەرگی بەزمانێکی جیاواز و بەنوسین هەقیقەتی روداوەکان بنوسمەوە".
بەهەرحاڵ، لەهاتن و هەستان لەبەر میوانەکەدا، من کەوتمە کورسی تەنیشتی و ئەوانیش بەرامبەری یەکتری کەوتنە قسەکردن.
- دکتۆر سوپاس بۆئەوەی کەهاتی، لەراستیا تەنیا یەک پەیامی کورتم هەیە بە "هێرۆ و ماڵی مامجەلال" ی بگەیەنیت. بەدوو کەسی تریشا ئەم پەیامەم ناردوە بەڵام نەوەك نەیگەیەنن پێم باش بو بەتۆش بڵێم!
لە نێوانی شڵەژان و دوبارەبونەوەی وشەی فەرمو فەرموی لەتیف رەشیدا (سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق) ئەو بەتوڕەیی لەقسەکانی خۆی بەردەوام بوو:
- ماوەیەکە مناڵەکانی ماڵی مامجەلال لەملاولا و لەسەر تەلەفزیۆنیش قسە بەمن ئەڵێن وهەڕەشە دەکەن! ئەمەوێ بە (هێرۆ) بڵێیت یەکجاریتر قسەی نابەجێ بکەن ئەیانتۆپێنم. من بەتەمەنی خۆم لەسەدام نەترساوم، ئێستاش لە دوو مناڵی ئەوروپا ناترسم، یەکی داڵ و ئەستێرەیەکیان لەباڵیانداوە و خۆیانی پێوە بائەیەن، لەو پیاوانەش نیم بەدزییەوە خەڵک بکوژم، ئەو ڕۆژەی کوشتمن دەچمە سەر تەلەفزیۆن و ئیعلانی ئەکەم، ئەڵێم من کردومە!
ئەم توڕەبونەی نەوشیروان مستەفا لەسەر بنەمای زانیاری و قسەی میدیا و مەجلیسەکانی ئەوانا بوو! لاهور "برای ئەوکاتی باڤڵ وقوباد " لەلێدوانێکیدا و لەتەلەفزیۆنا، وەک هەڕەشە ڕوو لەرێکخەری بزوتنەوەی گۆڕان وتبوی ( ئەوە عەرز و ئەوە گەز ).
ئەوەندەی قاوە خواردنەوەیەک و لەتیف رەشید خواحافیزی کرد.
بەزەردەخەنەیەکەوە کەزیاتر بۆ هێورکردنەوەی توڕەییەکەی ئەو بوو، پێم وت :
+ ئنجا پێماندەکرێت ؟
- بۆچی نا ؟ ڕۆژ نیە دەیان گەنج نەیەن بۆلام و داوای سەری ئەوانم لێ نەکەن!
شێوازی وەڵامەکەی منی توڕەتر لەو پەیامە دایەوە کەناردی.
ڕۆژی دواتر ... سەعات نۆی بەیانی، تەلەفۆنێک و سکرتێرەکەی وتی "لەماڵەوەیە و داوات دەکات".
کەمێک دواکەوتم ... .
( کێی لایە ؟ ) ئەو پرسیارە بو کەهەمیشە لەژوری سکرتێرەکەیدا، پێش دیدار، لای هەمومان ئامادەبوو.
لەوەڵامدا، وتی " هێرۆ خان " و ئیتر من نەچومە ژورەوە!
لەهەستان و رۆیشتن و خواحافیزی هێرۆخاندا، وەک خوڵکی هەمیشەیی خۆی سڵاوێکی لەئێمەی کوڕگەلی ناودەرگا و هەیوانەکە کرد، ڕوو لەمن وتی:
- ئەوە بۆ نەهاتیتە ژورەوە؟
+ لەبەر میوانەکەت، فەرمو ئیشەکەت!
- ئیشەکەی منیش بۆگوێگرتن لەوبو ... بۆ عوزرخوایی مەسەلەکەی دوێنێ هاتبو.