لەسەرەتای " کۆمپانیای وشە "وە، زۆرکەس ئەیانزانی هەڵەیەکی گەورە لەنێوانی (نەوشیروان مستەفاو مامجەلال) روئەدا . جیابونەوەی بەدوایا دێت و یەکەمیان لیستێکی پەرلەمانی لەدەرەوەی یەکێتی دوستدەکات .
زۆر هەوڵماندا، بەداخەوە بەهۆی زمان بەدی، غروری، کۆنەقین و بەرژەوەندی شەخسی زۆرێک لەهاوڕێکانی هەردوکیانەوە هەوڵەکانی ئێمە و تەنانەت هەوڵەکانی خۆشیان بۆ جارێکیتر نزیکبونەوە شکستی ئەهێنا، دوا هەوڵیش ... مامجەلال پرۆژەیەکی نەوشیروان مستەفای لەکۆتایی دیسەمبەری دووهەزاروهەشتا تەبەنیکرد، بەزیادکردنی پەرەگرافێک، بەناوی خۆیەوە لەکوردستانی نوێ، وەک سەروتار، بڵاوی کردەوە .
یەکێک لەخاڵەکانی ئەو پرۆژەی پێکهاتنەوەیە گەڕاندنەوەی بێ قەیدوشەرتی هەمو ئەوکادیرانە بوو کەبەهۆی رەوتی گۆڕان ( رەگ ) و رەوتی ریفۆرمەوە سزا درابون، لەیەکێتی دورخرابونەوە .
نوسراوێکی رەسمی ( تەعمیم ) ی، مەکتەبی رێکخستن، لەسەرەتای مانگی یەکی ساڵی نوێی دووهەزارونۆ، بەئیمزای ئەرسەلان بایز، ریسی هەمو هەوڵەکان وپرۆژە هاوبەشەکەی هەردوکیانی کردەوە بەخوری . کەتیایدا داوا لەمەڵبەندی دەرەوە دەکات بەهیچ جۆرێک لەکۆبونەوەکانیاندا، بەشداری بەئەندام و لایەنگرانی ( رەگ ) نەکەن .
وێنەیەکی نوسراوەکەش وەک پەیامێکی ناراستەوخۆ، لەلاپەڕەی یەکەمی رۆژنامەی " رۆژنامە " بڵاوکرایەوە .
مامجەلال بەکاری سەربەخۆی ئەرسەلانی دانا، بەڵام چونکە سزای نەدا، نەوشیروان مستەفا بڕوای نەهات و بەسیناریۆی مامجەلال وەسفیکرد .
ئیتر دابڕانی تەواو لەنێوانیاندا، دروستبوو . بڕیار و کارکردنیش بۆ لیستی سەربەخۆ لەلای نەوشیروان مستەفاوە بوە پرۆژە و هەڕەشەیەکی جدی لەسەر یەکێتی و دەستیپێکرد .
کۆتایی دوهەزارودوانزە، چەند هەفتەیەک پێش نەخۆشکەوتنی مامجەلال، سەردان و کۆبونەوە، رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی دەباشان رویدا ، هەرچەندە مامجەلال و لای گۆڕانیشەوە، وەک رێککەوتن وەسفیانکرد بەڵام راگەیاندنی یەکێتی (ئازاد جوندیانی و مەلابەختیار) ناویان لێنا لێکتێگەیشتن .
رۆژی سیانزەی دیسەمبەری دووهەزار و دوانزە، بەیاوەری بەرهەم ساڵح، مامجەلال لەماڵەکەی گردی عەلی ناجی، سەردانی نەوشیروان مستەفای کرد .
دوای قاوە خواردنەوەیەک، جگەرەکێشانێک، ملازم عومەر کەلەمەجلیسەکەیاندایە، روخسەت وەردەگرێ و بە بەرهەم ساڵحیش دەڵێت ( باجێیان بهێڵین قسەی خۆیان بکەن ) .
سەعاتێک و گفتوگۆ بۆکاری جدی و پێکەوەیی، بۆ مامجەلال کاتێکی کەم و بۆ نەوشیروان مستەفا نیوەی زیادەیە .
روداوێکی گەورە و کۆبونەوەیەکی گرنگ، وەک زۆر روداویتر، نەخۆیان و نەهیچ کەسێکیتر باسینەکردەوە .
چوارساڵ دواتر و دوای ئەو رێککەوتنە بیستوپێنج خاڵیەی لەئاهەنگی هۆڵی " شاری جوان " راگەیەندرا، لەرۆژی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیدا، نیوەڕۆکەی بانگیکردم و پێی وتم :
- دوای سەعات چوار ، سەرێک لەمامجەلال ئەدەین و لەوێ ئەچین بەشداری مەراسیم و ئاهەنگی دامەزراندنی یەکێتی ئەکەین، حەزەکەم تۆش لەگەڵما بێیت .
+ کامێرا و ستافی میدیا بهێنم ؟
پێم وابوو بۆ کاری میدیا ئەو داوایەم لێدەکات بۆیە وام وت ! بەڵام ئەو ئەیویست هەمو ئەوکادر و سەرکردانەی لەیەکێتی جیابونەتەوە، لەگەڵ ماڵی مامجەلال بەسەردانیکردن ئاشتبکاتەوە، چونکە وتی :
- پێویست ناکات، تەنیا خۆم و خۆت بەئوتۆمبێلێک دەچین، وابزانم تۆ لەنەخۆشکەوتنەکەیەوە، مامجەلالت نەبینیوەتەوە .
کەباس هاتە سەر مامجەلال، بەفرسەتم زانی هەندێ پرسیاری لێبکەم کەهەتا ئەوکات لای هیچیانەوە وەڵام نەدرابونەوە .
یەکەم پرسیاریشم بەناوەرۆکی ئەوکۆبونەوە یەک سەعاتیەی سیانزەی دیسەمبەری دووهەزار و دوانزە دەستپێکرد .
- مامجەلال داوای لێکردم زەمینەی کاری هاوبەش و لەئایندەیا یەکگرتنەوە بڕەخسێنم ، وتیشی هەمو ئەو پرۆژانەی تۆ لەمێشکتایە بەرێگەی یاسایی جێبەجێی دەکەین، لێم بوەستە هەتا ئەم دەورەیەی سەرۆکایەتی کۆمار تەواو دەبێ، ئەوسا دێمەوە و وەک جاران پێکەوە قۆڵی لێهەڵدەماڵین .
بەسەراحەت پێم وت ( مامجەلال متمانەم بەتۆ نەماوە ) .
رۆژی دواتر داوایکرد سەردانی بکەم ، هەرخۆیشی شۆفێر و ئۆتۆمێلێکی بۆ شوێنم نارد . لەماڵەکەی خۆی و لەدەباشان دەستیگرتم و بردمیە ژورێک دەیان کارتۆنی بچوکی لێدانرابو، بێ پرسیارکردن پێی وتم ( ئەوە سەد ملیۆن دۆلارە ) شوێنێک دیاری بکە، بەو ئۆتۆمبێلەی پێی هاتی بیگوێزەرەوە ..!
هەر بەدەم قسەکردنەوە بردمیە ژورێکیتر، لەسەر مێزێک و بەرامبەری یەکتری دانیشتین . نوسراوێکی نوسی و ئیمزایکرد، دەستی راگرت و وتی ( گەر منیش لەژیانا نەمابوم، بەو پارەیە و بەم نوسراوە، ئەتوانی ئەوەی لەمێشکتایە جێبەجێی بکەیت ).
دیار بو، لەوەڵامی ئەو قسەیەی رۆژی پێشوتر پێم وتبو، ویستی تەواوی متمانە بۆ من بگەڕێنێتەوە، چونکە تیایدا نوسیبوی لەدوای من نەوشیروان مستەفا فەرماندەی یەکەمی هێزی پێشمەرگەی ی ن ک " ە ، نوسراوەکەشی ئاراستەی ئەوانکردبو .
نوسراوەکەم خستەوە سەر مێزەکەی و پێم وت ، تەمەنا ئەکەم مردنی تۆ نەبینم ، خۆی و پارەکانیم جێهێشت، بەو ئۆتۆمبێلەی هاتبوم گەڕامەوە .
بەڵام پەشیمانم، گەر بەقسەی مامجەلالم بکردایە، بەئاسانی ئەم رێککەوتنەمان جێبەجێدەکرد .
ئەو رۆژە ... تا کاتی چونمان بۆ ئاهەنگەکە، زۆرترین پرسیار و زۆرترین کاتم لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، بەسەربرد .