نوسین بەدوو قەڵەم !

عەبدولرەزاق شەریف
  2024-02-28     383

   (عەلی وەردی)  پێش ئەوەی پێناسەی تاکی تێکشکاوی عێراقی بکات، ھۆکارو چۆنیەتی تێکشکانی کەسایەتی، تێکچونی تەونی کۆمەڵایەتی، بەلادێ بوونی شارەکان و ھەژمونی ئەقڵی خێڵ و شێخ و مەلاکان باسدەکات، دواجار ئەنجامەکەی پێکھاتەی تاکێک و ھەموانێکی عێراقیە، بەدوو پێودانگ و دوو پێوانە بیردەکەنەوە و رەفتار ئەکەن .
(کارل مارکس) یش، پێشتر وتویەتی :
ھەبون و بونی کۆمەڵایەتی سنوری ھۆشیاری کۆمەڵایەتی نەخش ئەکات .
  ئێستا و لەیەک ئانوسات، من بەدوو قەڵەم، دوو نوسینی تەواو جیاوازی ئایدیا، فۆرم،  شێواز و زمان ئەنوسم، یەکەمیان قەڵەمەکەی خۆمە و سەرگەرمی وێنە و روداوەکانی ئەم مانگەی ئەنفالی یەک و ئازایەتی و خۆنەویستی پێشمەرگە و فەرماندەکانی شۆڕش و بەرگریە ! 
 دوەمیشیان، ھی خۆم نیە، لەدوای راپەڕینەوە فەرماندەکانی حیزب و شۆڕش بۆ تۆمارکردنی وێنە ناشرینەکانی خۆیان پێیانبەخشیوم .
  قەڵەمی یەکەم :
 عێراق و پایتەختەکەی، لەتەمەنی سەدساڵەی خۆیدا، جگە لەزیندان و مەرگ و کاولکاری کورد و کوردستان، ھیچیتری بەئێمە رەوانەبینیوە و نەبەخشیوە، ھەتا بشمێنێ ھیچ کوردێک نابێ چاوەڕوانی زیاتر لەدەسەڵاتدارانی عێراقی بکەن . 
 جارێک لەوەڵامی پرسیارێکی (نێچیرڤان بازانی)دا، وتم
 - گەورەترین ھەڵەی ئێوە ئەوەیە وەک حیزب و حکومەت و ئیدارە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ دەکەن کەرێگە راستەکە ئەوەیە وەک دوو نەتەوەی جیاواز (کورد - عەرەب)، گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی پێکەوە ژیان لەعێراقا بکەن، دەستوری عێراقیش ئەو مافەی پێداوین .
 لەسەرەتای روخانی بەعسی عێراقیەوە من بڕوام وابوە جگە لەنوێنەرایەتیەک بۆ پەیوەندی و گفتوگۆ بەھیچ شێوەیەک کورد بەشداری حوکمداری لە عێراقا نەکات، دەستورێکمان نوسیوەتەوە لای کەمی ئەو مافەی پێداوین لەمیزانیەی عێراق بەپێی رێژەی دانیشتوانی ھەرێم، بەشی ژیانمان ھەبێت و قەرەبوی قوربانیەکانیشمان وەرگرینەوە، لەوەش گرنگتر ناتوانن بەبێ کورد گۆڕانکاری لەو دەستورەیا بکەن . 
  لەدوای ئەنفال وھەڵەبجە، گەورەترین سوکایەتی سەرکردەکانی کورد بەشکۆی نەتەوەکەیان، بەشداریکردن بوو لەدەسەڵاتی جێبەجێکاری عێراقیدا، (رەفیق سابیر) ئەوکات شیوعیەکی عێراقی بوو کەوتی :
+ لەدوای ھەڵەبجە مەرحەباکەشتان حەرامە و تاڵە 
 قەڵەمی دوەم : 
   ھاوڕێکانی حیزب و شۆڕش و پێشمەرگایەتی، لەدوای راپەڕین قەفەسێکیان بەناوی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ خەڵکەکەی خۆیان دروستکرد، پێش ھەموو کەس مناڵی ھاوڕێ شەھیدەکانیان و ھاوڕێ دێرینەکانی خۆیانیان لەناویا زیندانیکرد ! نان و ئاو، تەنانەت ھاوار و گریانیشیان لێ زەوتکردون ! ھەرکەس داوای شکاندنی ئەو قەفەسەش بکات بەتۆمەتی تیرۆر و خیانەتی نیشتیمانی دادگایی دەکرێت .
  ئەوانەی لەخەویشدا، وەبیریانا نەئەھات ماڵ و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت بەخۆیانیان ھەبێ ئێستا دەیان کۆشک و گرد و قەڵا، فڕۆکەی تایبەت بەخۆیانیان ھەیە، بەشی تەنیا قوتابخانەیەکیان لەزەوی موڵک و ماڵی گشتی لەکوردستانا نەھێشتەوە و ھەمویان دزی، دەیان ساڵەو لەژێرخانی نەوت و غازەوە بۆ سەرخانی فەرھەنگ و ئاساری پاشماوەی کۆنی کۆمەڵی کوردەواریان تاڵانکرد و دواجار سێ پارێزگایان بەقەرزی دەیان ملیار دۆلارەوە پێناساندین . مناڵی شەھید و جێماوی ئەنفالەکانیان فێرکرد چۆن سەدام حوسەین و بەعسیەکانیان خۆش گەرەکبێ ! خوێنەوار و مامۆستای زانکۆیان ھاندا بەعەمامە بەسەرێکی جاھیل بڵێت (بەڕیشی مەردانەت قەسەم) .
  من ئێستا دوو قەڵەمم ھەیە، لەیەک کاتدا، یەکەمیان وەک ئەوسا ئامادەیە بەخوێنی خۆی بەردێکی کوردستان بپارێزێێ، ئەویتریش پڕ بەدڵ حەزەکات قەوارەی ھەرێمی کوردستان لەژێر پێیدا، وردوخاش بێت و میزی پێدا بکرێت !

 

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×