هەتا ئەو رۆژەی پرۆسەی خوێندنی ساڵی (۲۰۲۳ / ٢٠٢٤)، بەتەواوەتی پەکی دەکەوێت و دەستی لێدەشۆردرێ، خەباتی مامۆستایان بۆ داوای مافە پیشەییەکانی خۆیانە بەڵام بەکەوتنی ئەو کۆڵەکە گرنگەی ساڵێکی حوکمداری و پەروەردە، کۆی سیستەمەکە لەعێراق و هەرێمی کوردستانا دەگۆردرێت و دەکەوێت، گەمژەن ئەوانەی پێیان وایە تەنیا لەپارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی کاریگەری دەبێت ! گەمژەتر ئەوانەن کەداوای شکاندنی بایکۆت و خۆپیشاندانی مامۆستا دەکەن ! چونکە لەسادەترین لێکدانەوەیا شکاندنی بایکۆتی ئەوان مانای دوبارە شکاندنی شکۆ و ئیرادە و ئومێد و هیوای هەمو گەل .
لەبەرئەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی مامۆستایان بەئامانجی کەوتنی پەروەردە نیە ! ئەرکی سەخت و گرنگی ئەوان دوای کەوتن دەستپێدەکات .
کەوتن سەرەتای هەستانی پرۆژەی سیاسی مامۆستایانە، ئیتر داواکردنی دامەزراندن و گەڕاندنەوەی موچە هیچ ئەرزشێکی نامێنێت ! بەردەوامیشیان هەرێمی کوردستان و عێراقیش ئەباتە قۆناغێکی نوێ، قۆناغی شۆڕشی رزگاری گەل، رزگاری لەو زوڵم و ناعەدالەتیەی دەیان ساڵە دەرهەق بەتەواوی خەڵکی کوردستان دەکرێت .
شۆڕشی مامۆستایان، لەبەردەوامیا پێویستی بەخوێنی نوێی لاوان و پشتیوانی و بەشداری تەواوی چین و توێژەکانی گەل هەیە ! نابێت ئەو تێکەڵاویە وەک دەستوەردان لەخۆپیشاندان و دەستی دەرەوەی مامۆستایان یان سواربونی شەپۆلی ناڕەزایی لێکبدرێتەوە چونکە لەدوای کەوتنی پرۆسەی خوێندن ئەرکی قۆناغەکەیە، مامۆستایان بەپرۆژەیەکی سیاسی ، ئابوری وکۆمەڵایەتی رێبەری و سەرمەشقی خۆپیشاندانەکان بکەن، داوا و دروشمەکانی ( مافی موچە و گەڕاندنەوەی دزراوەکان، دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە) بۆ (گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی و مافەکانی گەل و عەدالەتی کۆمەڵایەتی) بگۆڕن . ئەو خەباتەش پێویستی بەتێکەڵاوی هەموو خەباتگێڕانە، ئەو ئەرکە گرانەی کە ساڵانێکە بەحیزبە ئۆپزسیۆن و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و نوخبەی سیاسی و رۆشنبیر نەکراوە بەگرانتر ئەکەوێتە سەر شانی مامۆستایان، ئەوەش ژیری و وردبینی و وەدەستهێنانی پشتیوانی دەوێت .
شۆڕشە جیهانیەکان لەمێژودا ( کۆیلەکان، کرێکاران، جوتیاران، خوێندکاران و تەنانەت گەلانی زوڵم و زۆرلێکراو ...هتد) سەرەتا لەداواکاری سادەی چین وتوێژێکەوە پزیسکی داوە ! بەڵام دواجار بەپشتیوانی گەل و لەسەرکەوتنا، گۆڕانکاری لەتەواوی سیستەمی حوکمڕانیدا کردوە، جیهانی لەقۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکیتر گۆڕیوە ، هێڵێکی جیاکەرەوەی لەنێوان دوو مێژوی مرۆڤایەتیدا داناوە، روبەرێکی جیاوازی ژیار و ژیانی لەوەی پێش خۆی خوڵقاندوە .
بەردەوامی ، کۆڵنەدان و ئیرادەی بەرزی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت دوای کەوتنی پرۆسەی خوێندن، ئەو شۆڕشەیە کەبەناوی (شۆڕشی مامۆستایان) دەچێتە مێژوی کورد و مرۆڤایەتیەوە .