هەفتەی ئایندە، دەنگدەرانی پارێزگای کەرکوک (یەک ملیون و دووسەد هەزار و قسور، تائێستا هەشتسەدوهەفتا هەزار و شەشسەدوبیست کارتی دەنگدانیان وەرگرتۆتەوە)، دەچنە سەر سنوقەکانی دەنگدان .
پێش دوو ساڵ و بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەنیا لەسەدا چلی دەنگدەرانی کەرکوک بەشداریانکرد، کورد بەلەسەدا بیستی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو توانی سەدا چلی دەنگدەرەکانی کەرکوک بەدەست بهێنێت (١٦٠٣٧٠ دەنگ) . بەدوبارەبونەوە یان کەمبونەوەی ئەم رێژەی دەنگ و بەشداریکردنەی کورد مەترسی و کارەساتی گەورەمان بەسەردا دێت .
هەمومان ئەزانین خراپی حوکمڕانی سیودوساڵەی پارتی و یەکێتی لەهەرێمی کوردستان و پانزەساڵەشیان لەکەرکوک دەرگای ئەم مەترسیە گەورەیەی لەسەر کورد کردۆتەوە، هەرلەداخی خراپەکاری ئەوانیشە کوردەکانی کەرکوک گوڕوتین و بڕستی بەشداریکردنیان بۆ هەڵبژاردن و خەباتی مەدەنی نەماوە، خۆئەگەر تەنیا هەردوو حیزب بەیەک لیست یانەخۆ دوو لیستی جیاوازیش لەهەڵبژاردنەکەدا بکەوتنایەتە کێبڕکێی لیستەکانی دوو نەتەوەکەیترەوە، بەدڵنیاییەوە کارەساتی گەورەتر لە ریفراندۆم و شانزەی ئۆکتۆبەر لەکەرکوکدا، بەسەر کورد ئەهات چونکە بینیمان لەهەڵبژاردنی پێشودا بەسەدا چل بەشداریانکرد و سەدا پانزەی دەنگی کورد بەر یەکێتی کەوت و سەدا پێنجیش بەر پارتی کەوت، گرنگە بزانین بێزاری و نەعلەتی خەڵکی کەرکوک لەو دوو هێزە زۆر گەورەتر و زیاترە لەوەی لەبەر کورد بونیان دەنگیان بدەنێ و ئاشتیان بکەنەوە .
پارتی و یەکێتی پێشتر لەکۆی یەک ملیۆن دەنگدەری پارێزگاکە و لەکۆی نزیکەی نیو ملیۆن بەشداربوو، سەدوسیویەک هەزار و هەشتسەدو بیستوچوار دەنگیان هێناوە ( یەکێتی ٨۲۲٨٦ ، پارتی ٤۹٥۳٨ )، ئەم ژمارەیە بەڵگە و ئاماژەی تەواوە بۆئەو نەعلەتەی کەکورد لەکەرکوک لەو دوو حیزبەی کردوە (لەکاتێکدا، رێژەی موچەخۆرەکانیان لەسەر پارێزگای کەرکوک زۆر لەو ژمارەیە زیاترە) .
گەر حەماسی کوردستانی بونی کەرکوک و رکەبەرایەتی لەناو کەرکوکیەکاندا، سەریشبکات ! پارتی و یەکێتی هەر چەند هەزار دەنگێ زیاد دەکەن، دەنگەکانیان ناگاتە سەدا بیستی ئەو کەسانەی کە لەکەرکوکدا، مافی دەنگدانیان هەیە ! گەر رێژەی بەشداربوانیش نیوە زیاتر بێت بەهەردوو لیستکەیان سەدا سی دەنگدەری راستەقینە (ئەوانەی بەشداری دەکەن)، بەدەستناهێنن .
کەواتە کورد چۆن ئەم مەترسیە بڕەوێنێتەوە و ئەبێت چۆن و چی بکات ؟
- بەرزکردنەوەی رێژەی بەشداریکردنی کورد . پێویستە ستراتیژی هەمو کەناڵەکانی بانگەشە و راگەیاندنی حیزبە کوردستانیەکان بێت (پێچەوانەی ئەو ستراتیژەی پارتی و یەکێتی هەنوکە پەیڕەوی دەکەن) .
- هیچ لایەن و کەسێکی کورد پەروەر شەڕی سێ لیستە کوردستانیەکەی دەرەوەی هاوپەیمانێتی پارتی و یەکێتی نەکات .
- هەمو ئەو کوردانەی پێشتر لەبێزاری ونەعلەتی پارتی ویەکێتی نەچونەتە دەنگدان ! دەتوانن توڕەبونیان لەخزمەتی کورد تەوزیف بکەن، جگە لەپارتی و یەکێتی خەتابار و خەتاکار، دەنگبدەن بەو کورد و کەرکوکیانەی کە پارتی و یەکێتی نین، لەخزمەتی ئەجنداکانی هەردوو حیزبەکەدا نابن، بەوەش مەترسی کارەساتی چاوەڕوانکراو دەڕەوێتەوە .
بەبێ شک و گومان خوێنەری کورد ئەم نوسینەی من وەک بانگەشەیەک بۆ (نەوەی نوێ و ئەوانیتر) پێناسەدەکات، لەراستیا من بەو مەبەستە نەمنوسیوە بەڵام گەر ئەو هێزە چەند کەسیەی کەرکوک بتوانێت مەترسی و کارەساتی مێژویی بڕەوێنێتەوە وکوردستانی بونی کەرکوک بچەسپێنێت ! من لەئێستاوە دەستخۆشیان لێدەکەم و پێشمەرگەی ئەو دەستە چەند کەسیە ئەبم .
کەرکوک لەکۆتایی دیسەمبەری ئەمساڵدا !
دیارە رێژەی بەشداریکردن لای هەرسێ نەتەوەی (کورد ، عەرەب و تورکمان) گەرمتر و زیاتر دەبێت . هەرچەندە هەریەک لەسێ پێکهاتەکەی کەرکوک نەیانتوانیوە یەک لیست و یەک هاوپەیمانێتی تایبەت بەخۆیان و تەنانەت هاوبەش لەگەڵ یەکتریشا هەبێت بەڵام دواجار کۆی دەنگەکانی لیستەکانی هەر یەکێ لەو پێکهاتانە، سەنگ و پێگەی ئەو نەتەوەیە لەتەواوی پارێزگای کەرکوک دیاری دەکات .
داتاکانی هەڵبژاردنی پێشو پێماندەڵێت : بەبێ دەنگی ئەوانەی دڕدۆنگ و نارازین لە سیاسەتی چەوتی پانزە ساڵەی حوکمداری یەکێتی و پارتی، کورد سەنگ و پێگەی خۆی وەرناگرێت و ناتوانێ کوردوستانی بونی کەرکوک بسەلمێنێت ! بۆیە جارێکیتر هەمومان قەرزاری ئەو حیزب ولیستە جوامێرانەین کەلەدەرەوەی هاوپەیمانێتی پارتی و یەکێتی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان کردوە و دەتوانن دەنگە بێزار و نارازیەکانی کورد لەدەرەوەی پارتی و یەکێتی کۆبکەنەوە .
کۆتایی دیسەمبەری ئەمساڵ گفتوگۆکان بۆدابەشکردنی پۆستی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەن و هەندێک لەپۆستە سیادیەکانی کەرکوک دەستپێدەکات . دەستوری عێراق و یاسای ئەنجومەنەکە و عورفی تەوافوقی سیاسی وادەکات هیچ نەتەوەیەک بەبێ ئەوانیتر تاکڕەوی لەحوکمڕانی کەرکوکدا نەکات ( رەنگە ئەم پرەنسیپە هۆکاری سەرەکی رێکنەکەوتن و دەستێوەردان و فرە لیستی هەرسێ پێکهاتەکە بێت ) چونکە گەر لیستی نەتەوەیەک کشایەوە هەمان نەتەوە لیستێکی تری بۆ کارت و فشار و رێکەوتن لەگەڵ ئەوانیتر ئامادەیە ! باشترین دوو لیست بۆ ئەو یاریە خراپە لەناو ماڵی کوردا لیستەکانی (پارتی ویەکێتی) یە چونکە لەئێستاوە دیارە کە یەکتری قبوڵ ناکەن و لەسەر مێزی گفتوگۆ بەمەبدەئی( تۆپینی خۆم و زەرەری خاوەنم ) رەفتار دەکەن .
لێرەوە مەبدەئی نەعلەتکردن لەپارتی و یەکێتی ئەبێتە نیعمەت و وەک ئەرکێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی لێدێت . چونکە دواجار ئەوان لەسەر مێزی گفتوگۆ بەهۆی کۆنە قین و لەبەرژەوەندی شەخسی خۆیان و بنەماڵەکانیان، وەک پێشوتر یەکێکیان هاوپەیمانی تورکیا و ئەویتریان هی ئێران دەکات . یەکێکیان (تورکمان و عەرەبی سونە و ئەویتریان هی تورکمان و عەرەبی شیعە) دەکات ! لەبردنەوەی هەریەکێکیشیانا گەر بەجوت زۆرینەش بن، پارێزگاری کەرکوک و حوکمداری کەرکوک لەدەست کورد دەردەچێت .
ئەم مەترسیە هیچی کەمتر نیە لەمەترسی بایکۆتکردنی دەنگە نارازیەکانی کورد لەکەرکوک ، بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا، پەڕوباڵکردنی ئەوان وسەرخستنی کاندیدەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی و بەهێزکردنیان ئەرکە گرنگەکەیە، رێگرتنە لەو سیناریۆیانەی ئەندازیارەکانی ئەنقەرە و تاران لەمێژە بۆ حوکمڕانی کەرکوک دایدەڕێژن .
بۆ هەمو ئەوانەی پەرۆشی مافەکانی گەلی کوردستانن، مەترسی و کارەساتە چاوەڕوانکراوەکە بەپرسیارێکی گرنگ ئەخەمە پێش چاویان :
ئایا رێژەی ئەو کوردانەی لەکەرکوکدا تەمەنای حوکمدارێتی بەغدا، لەکەرکوکدا دەکەن چەندە ؟
بەپێچەوانەشەوە رێژەی ئەو عەرەب و تورکمانانە چەندن کە تەمەنای حوکمدارێتی هەرێمی کوردستان بۆ کەرکوک دەکەن ؟ گەر لامسەللایی، بەویژدانەوە هەر خوێنەرێک وەڵامی ئەم پرسیارە لای خۆی بداتەوە تێدەگات کەبەرامبەر خراپەکاری و بەدرەفتاری پارتی و یەکێتی بانگەوازێکی خراپ و بێویژدانیم نەکردوە !