شەیتان ناوبژیکەریان بێت

عەبدولرەزاق شەریف
  2023-11-05     528

یەکڕیزی، چەمکێکە لەژێر هەژمونی گوتاری حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستانا بەجۆرێک وێنادەکرێت و شێوێندراوە، راستەوخۆ بە کۆبونەوە و رێکەوتنی (پارتی و یەکێتی) یەوە گرێدەدرێت، تەنانەت حیزبەکانیتریش کەباس لەیەکریزی و رێکخستنەوەی ماڵی کورد ...هتد دەکەن، توانج و خەتایەک لەناتەبایی ( پارتی و یەکێتی) دەگرن .

پێچەوانەی زۆر خوێندەواری کورد کە پێیان وایە "هەرکات ئەو دوو حیزبە رێککەوتبن دەستکەوتی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان بەدیهاتوە" ، ئەزمونی رێکەوتنەکانیان هەتا بەوەش دەگات کە بەستراتیجی ناویانبرد، سەرەنوێلکی میکرۆبی هەمو ئەو نەخۆشیانە بوە کە تەونی کۆمەڵگە و جەستەی هەرێمەکەیان داغانکردوە .

- نەبونی دەستوری هەرێمی کوردستان .

- بەحیزبی کردنی دەزگای قەزائی و دانانی دادوەرەکان لەرێگەی لق و مەڵبەندەکانەوە .

- سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ .

- دابەشکردنی پارەی شیرینی نەوت و داهاتەکەی لەنێوان حیزب و بنەماڵەکانیاندا .

- تێپەڕاندنی یاسای وەبەرهێنان (بەجۆرێک رێگەی بۆ گەندەەڵی گەورە و دەوڵەمەندکردنی ناسروشتی کۆمپانیاکانی حیزب و مەسولەکان) خۆشبکات .

- داگیرکردن و فرۆشتنی هەمو موڵک و ماڵی گشتی خەڵکی هەرێمی کوردستان .

- بەش و دابەشکردنی پێشمەرگە و دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس .

- قۆرخکردنی پەیوەندیەکانی خەڵکی هەرێم بەعێراق و دنیای دەرەوە، لەخزمەتی حیزب و بنەماڵەکانیاندا .

هەمو ئەوانە و زۆر دەردی تریش بەهۆی رێکەوتنی نێوان (پارتی و یەکێتی) یەوە رویداوە .

لەئەنجامدا :

+ توێژێکی فراوانی مەسول و دەسەنەخۆری سەرمایەداری گەندەڵی نانیشتیمانی هەڵتۆقی و پێگەیشت .

+ هەردوو حیزب و هەندێ لە حیزبی حاشیە " کەبانگەشەی یەکریزی و پێکەوەیی " یان بۆ دەکەن گەندەڵ و دەوڵەمەند بون .

+ پارە و داهاتی زۆروزەوەندی خەڵک، وەک سەروەتێکی نیشتیمانی بەڕەش ئاودیوی هەرێمی کوردستانکرا .

+ تیرۆر و تۆقاندن پەرەیسەند و ئازادی نوسین و قسەکردنیش نەما .

+ دەزگاکانی دەوڵەتداری ( قەزا، سەرۆکایەتی پەرلەمان، هەرێم، حکومەت، پێشمەرگە، پۆلیس و ئاسایش )، متمانەیان لای هاوڵاتیان نەما .

+ مێژوی کورد و قوربانیەکانیان لەناوخۆ و دەرەوە خستە ژێر پرسیار و نرخیان بۆنەهێشتەوە " لەگەلێکی کۆڵنەدەر، مافخوراو ، قوربانیدەر و خاوەن مەسەلەیەکی رەوا " لەبیر و بەرچاوی دنیا، بوین بە " گەلێکی مردو، تەمەڵ، شڕەخۆر و بێ قەزاوقەزیە " .

نوسین بیرەوەری ئەجوڵێنێ ....

سەرەتای خۆپیشاندانەکانی هەڤدەی شوبات و گەیشتنی مەترسیدا، وەفدێکی مەکتەبی سیاسی پارتی بەسەرۆکایەتی فازیل میرانی و لای ئێمەش مەلابەختیار لەسلێمانی کۆبونەوە .

( زۆرمان پێوتن و بەقسەتان نەکردین دەبوایە وەک ئێمەتان بکردایە ) .

فازیل میرانی بەم رستەیە کۆبونەوەکەی کردەوە .

مەلا بەختیار لەدەمی وەرگرت و وتی :

ئەوەی رۆیشت رۆی، ئێستا ئێوە بۆ بێدەنگکردنی خەڵکی هەولێر و دهۆک چیتانکرد پێمانبڵێ بابیکەین .

( ئێمە هەرکەس رەخنەبگرێت و قسەمان پێبڵێ دەچینە لای، پێی دەڵێین بۆچی وامانپێدەکەیت، چیت پێویستە پێمانبڵێ بۆت بکەین . بەراستی بۆی دەکەین خۆئەگەر هیچیشی نەویست و بەردەوامی پێدا جاری دوەم دەچینەوە لای و ئینزاری دەکەین کەنابێت بنوسێ و بڵێ گەر هەر نەوەستا سێهەمینجار فیشەکێ دەنێین بەدەمیەوە ) .

خواهەڵناگرێ مەلابەختیار وتی :

هەنگاوی یەکەم و دوهەم ئەتوانین بەڵام بەخوا سێهەم بەئێمە ناکرێت .

بۆیە هەڵەیەکی گەورەیە پێمانوابێت پێکەوەیی و رێکەوتنی ئەم حیزبە دەسەڵاتدارانە ئاشتی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی دەهێنێت ! جەوهەری یەکریزی، پێکەوەیی و بڵانسی حوکمداری متمانەی هاوڵاتیە بە دەزگاکانی دەوڵەتداری، دروستکردنەوەی ئەو متمانەیە بەو حیزب و بنەماڵانە ناکرێت کە خۆیان تێکیانداوە، چارەسەری بنەڕەتی راوەستان و یاخیبونێکی گشتیە " عصیان مدنی " بەرامبەر پارتی و یەکێتی، دەکرێت ئەو یاخیبونە کاری بۆ بکرێت، لەرۆژی دەنگدان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانا وەک کەرنەڤاڵێکی گەورە، پێکەوە هەمو خەڵکی هەرێمی کوردستان بەدەنگی خۆیان ئەم حیزبە حوکمدارانە رەتبکەنەوە و جارێکیتر یەکریزی، پێکەوەیی و بەهێزی کۆمەڵگە بەرجەستە بکەنەوە، یانەخۆ بڵێین :

شەیتان ناوبژیکەریان بێت .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×