قسەکانی مەلا بەختیار هەقیقەتن، بەڵام وەڵام‌و بەڵامەکان موسیبەتن!

عەبدولرەزاق شەریف
  2023-07-19     848

- ئەو هێزانەی سەرەتای شۆڕش ( کاک و مام ) بەتوانا و لێهاتوییان پشت ئەستور بون، هەمان ئەو هێز و مەفرەزانە بون کەخۆیان ساڵی حەفتاوشەش لەشام دروستیانکردبون و بەسەرپەرشتی نەوشیروان مستەفا گەڕابونەوە . هەموشیان کەسانی ئەفسەر و خاوەن ئەزمون و خوێندەوار بون نمونەی دەستەکانی ( حسێن بابەشێخ و برایم عەزۆ و زۆریتر ... تەنانەت سامان و عادلی یەکەم مەفرەزەی گەرمەسێریش هەرلەشامەوە گەڕابونەوە ) .

بەڵام ... مەلابەختیار، هەمیشە خۆی بەدروستکەری مەفرەزە چەکدارەکانی ناوخۆی وڵات ئەناسێنێ لەکاتێکدا لەسنوری پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و کۆیەش مەلابەختیار پێشتر، لەروی رێکخراوەییەوە نەیەکەم مەفرەزەی بینیوە و ناسیوە کە (ئەبوشەهاب) بوە، کەدوای ئەبوشەهاب مەفرەزەی شارەزور هاتون ! نەعەلی عەسکەری و دکتۆر خالیدی بینیوە و ناسیوە .

بۆ ئەوانەی بادینانیش هەرخۆی دبێژێ بۆ سۆراخی چارەنوسی ئەوان بەئازادی و بەئۆتۆمێل لەسلێمانیەوە بەسەیتەرەکانی حکومەتی عێراقیدا، چۆتە موسڵ و دهۆک و زاخۆ ! کەواتە زۆر لەپێش ئەوبون .

- نەوشیروان مستەفا لەرۆژی یەکەمی دامەزراندنی (ی ن ک) ەوە، سەرپەرشتی چاپکردن و بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و رۆژنامە و ئەدەبیاتی یەکێتی لەشام کردوە، هەرخۆیشی تەواوی بابەتەکانی نوسیوە جارناجار مامجەلال، شازاد سائیب و هەندێ کەسیتر هاوکاری بون . سەرەڕای ئەو ئەرکە گرنگە، هەر لەساڵی حەفتاوشەشدا، لەگوندەکانی سێ سنور بنکەی شۆڕشی نوێی داناوە، بەدەست و پێی خۆی چەندینجار لەگەڵ مەفرەزە و دەستە چەکدارەکان بۆ گواستنەوە و کۆکردنەوەی چەک هاموشۆی کردوە تەنانەت هەر لەحەفتاو شەشدا، لەرۆژاوا و باکور و رۆژهەڵات و باشور توشی چەندین شەڕ و پێکدادانی چەکداری هاتون .

لەهاوینی حەفتاوحەوتا، لەناو خاکی کوردستانا و لەباکور نەوشیروان مستەفا، مامجەلال دەهێنێتەوە ناوخۆی وڵات . ( گەر بەراوردی ئەدەبیات و نوسینی ساڵی یەکەمی دامەزراندنی یەکێتی و هەڵگیرسانی شۆڕشی نۆێ، ئاستی فیکر و مەعریفەی سیاسی نوسینەکانی شام و ناوخۆی وڵات بکەین دیارە ئاستی نوسین و قەڵەمیان، جیاوازی ئاسمان و رێسمانە) .

بەڵام ... مەلابەختیار، ساڵی حەفتاوحەوت و دوو مانگ پێش بڕیاری هاتنەوەی یەکجاری ( کاک و مام ) بۆ چونە لای ئەوان و بەخێرهاتنەوەیان، پەیوەندی بەشۆڕشەوە دەکات و خۆیشی نایشارێتەوە کە لەکۆتایی مانگی یانزەی ساڵی حەفتاوشەشدا، ئەو لەناو شاری سلێمانی و بەئازادی و بەبەرچاوی ئاپۆرەی خەڵکی سلێمانی و کەسوکاری خاڵە شیهابەوە، بەسەر پشتی ئەو پیکابەوە بوە کە روو لەسەیوان تەرمەکەی شیهاب بۆ ناشتن بەڕێدەکەن .

- دوو کەس لەئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر ئامادەنەبون چەند سەعاتێک بەشداری لەخەباتی چەکداری شۆڕشی نوێ بکەن ! عەبدولرەزاق فەیلی و عادل موراد .

بەڵام ... مەلابەختیار، هەمیشە بەکۆنەقینەوە، دوەمیانی لەسەرزمان و ئەندێشەدایە، یەکەمیان چونکە دۆستی نزیکی بوە، هەرگیز باسی ناکات !

- یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کەوەک نیمچە بەرەیەک خۆی ناساند، لەیەکەم کۆبونەوەی حەفتاوشەشی گوندی گەڕەدێی شارباژێرەوە کە ئارام و دکتۆر خالید پێک هەڵەپژێن ! کێشە و بێشەی ناوخۆی یەکێتی، ناوخۆی کۆمەڵە، ناوخۆێ بزوتنەوە و ناوخۆی هەرسێکیشیان پێکەوە بەردەوام بوە، وەک ژیلەی ژێر خۆڵەکەوە بەفیتی فویەک تاوی سەندوە، بەهۆیەوە تەمەن و چارەنوسی چەندین تێکۆشەری دیاری سوتاندوە . گەر ناوخۆی کۆمەڵە بەنمونە وەربگرین مامجەلال خۆی دوو ساڵی سەرەتای دروستبونی سکرتێری یەکەم بوە، هەر لەو سەرەتایە کێشەی جیابونەوەی (فواد قەرەداخی و هاوڕێکانی) رویداوە، حەفتاوپێنج جارێکیتر کێشەی جیابونەوە رویداوە .

گەورەترین فیت و فیتنەش سەرەتای شۆڕش لە (بەیانی شوبات) کەوتۆتەوە، کارلێک و کاردانەوەکانی دوای یەک دەیە (ئاڵای شۆڕش)ی بەرهەمهێنا و دوای سێ دەیەش (بزوتنەوەی گۆڕان) . ئەو بەیانەی هەتا ئەمڕۆش هەر باسی دەکرێت و زاتێکیان زاتی جارێکیتر بڵاوکردنەوەی نیە .

بەڵام ... مەلابەختیار، هەرگیز باسی ئەو گورزە کوشندەیە ناکات کە لەدەیەی یەکەمدا وەک کارەکتەرێکی سەرەکی ئاڵای شۆڕش چی بەسەر شۆڕشی نوێ و رۆحی شۆڕشگێڕانەی ئەو کادیر و فەرماندانەی کۆمەڵەدا هێنا ؟ چەند کەسیان بەسەرگەردانی رێگەی هەندەران و چەند کەسیان رێگەی مەرگ و زیندان و چەند خانەوادەیان ماڵوێرانکرد ؟ چەند تێکۆشەری پاک بەناچاری رێگەی تەسلیمبون و تەنانەت جاشێتی و خیانەتیان هەڵبژارد ؟ هەرگیز باسی ئەوەش ناکات لەدەیەی سێیەمدا وەک کارەکتەرێکی سەرەکی و بەرپرسی دەستەی کارگێڕ چۆن دنەی یەکێتیەکانی (لەمامجەلالەوە بۆ ئەندام کەرتێک) لەدژی نەوشیروان مستەفا ئەدا ؟ کاتێکیش مامجەلال لەسەر ئەرزی واقیع ویستی ئەو هەڵە گەورەیە راستبکاتەوە و رێکەوتنی دەباشان کرا، یەکەم کەس ئەو وتی (ئەمە رێکەوتن نیە) ! دوای نەخۆشکەوتنی مامجەلالیش هەرخۆی ئاڵا هەڵگری تێکدانی رێکەوتنی ناوەراستی ساڵی دوهەزاروشانزە بوو ! تەنانەت ئەوساڵە بایکۆتی گەورەترین ئاهەنگی ساڵیادی یەکێتی و مەراسیمی گەورەترین روداوی یەکخستنەوە و پێکهاتنەوەی کرد و بەتوندی دژی وەستایەوە، کاری بۆ تێکدان و سەرنەخستنی کرد و بەپشتیوانی پارتی توانیان ئەو رێکەوتنە سیاسی و رێکخراوەییە گرنگە لەبار ببەن .

- برین و کێشەکانی (ی ن ک) هێندە قوڵن گەیشتونەتە مەرگی کۆتایی، کۆنگرەی چوار دوا نەشتەرگەری و دوا چارەسەر بوو، چەند گەنجێک بەپشتیوانی خانەوادەی تاڵەبانی پاسەوان و قەڵەمەوان و فیکرەوانەکانیان دورخستەوە بەو مەبەستەی بە هێزی ئەمنی توندوتۆڵ، کاروکاسپی رەشی زیاتر، موڵکوماڵ و دەسەڵاتی یەکێتی بتوانن چارەسەری ریشەیی بکەن .

بەڵام مەلابەختیار، کەوتن و دورخستنەوەی رکابەرە کلاسیکیەکانی مێژوی کاری سیاسی خۆی، هێندە شاگەشکەی کردبو، بیری چوبۆوە کەخۆیشی لەناو دەرکراوەکاندایە ! بەشێوەیەک پشتی باڤڵی زاوای گرت وەک ئەوەی ئومێدێکی هەبێت لەرێگەی هاوسەرۆکێتی ئەوەوە بتوانێ بەشێوازێکیتر بێتەوە مەیدان و هەندێکجار وەک راوێژکاری ماڵی مامجلال خۆی نمایش دەکرد و دەشیوت (کۆبانی کوڕە تاقانەکەی باڤڵ من ناوم ناوە).

- لەدوای فەزیحەتی هەشتی تەموزی دووساڵ لەمەوبەر شتێک نەما بەناوی (ی ن ک) ! چیان لێهات ؟ حیکایەتەکە کۆن نیە و کەسێک نیە نەزانێت حوکمی تاکە کەس و حوکمی تفەنگبەدەست چیە و بەرەوکوێ دەڕوات .

بەڵام ... مەلا بەختیار، لەمەراسیمی ئەو فەوتوفەنایەدا، نەخوێنی ئەو شەهیدانەی کەناویان بەریز ئەڵێت لەیاد بوو، نەماندوبونی هاوڕێکانی و نەماڵباتی شەهیدەکان . نەفکری سۆشیال دیموکرات و نەوتار وقسەکانی خۆی و ئارامی شەهید، نەیەک ئامانجی شۆڕشی نوێ و تەنانەت یەک دێڕی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی و هێزی پێشمەرگەی وەبیرنەهاتەوە !

ئەو بەخۆشحاڵیەوە جاڕی لێکترازانی خانەوادەی تاڵەبانی لەفرۆکەخانەی شارەوە بەگوێی هەموانادا، خۆیشی کرد بە بەڵگە و شایەت و قوربانی و ژەهرخواردوی ئەو جەرەیانەی کەجگە لە دوابزماری تابوتەکەی (ی ن ک) هیچیتر نەبوو .

- بارودۆخی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان وەک خۆی نامێنێتەوە، گۆڕانکاری بەڕێوەیە، خەڵک چیتر متمانەی بەخێزان و بنەماڵە حوکمدارەکان نەماوە، تەقینەوەی ئەو هێزە بەهەر رێگەیەک بێت حەتمیەتی مێژوە، درەنگ و زویی کەوتوە .

زۆرێک لەتێکۆشەرە دێرینەکان و خانەوادەی شەهیدانی رێگای رزگاری و ئازادی کوردستان لەدەسەڵاتی گەندەڵی وەرەسەی سەرکردەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان و حیزبە کوردستانیەکانیتر ناڕازین . متمانەی هێزە عێراقی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکانیش بەوان لاواز بوە، جگە لەدەسەنەخۆر و خوازەڵۆکە سیاسیەکان بەدەگمەن خوێنەوار و پیاوی دڵسۆزی کورد ئەبینی پشت و پشتیوانیان بێت .

بەڵام ... مەلابەختیار، کەدەڵێت ئەو بارودۆخەی یەکێتی و حوکمڕانی هەرێم مایەی قبوڵکردن نیە، لەبەرئەو هۆکارانە نیە کە خۆی بانگەشەی بۆ دەکات و بەخەمی خەڵکەوە گرێی ئەدات . نا هەرگیز چونکە ئەو ئەزانێت کەچۆن و بەپیلانی کێ حیزبەکەی و حوکمڕانیەکەی وانابوت کرا . ئەشزانێ ئەڵتەرناتیفی دوای ئەم هەمو کارەسات و روخانە چیە ! لەباشترین حاڵەت ئەیەوێ بەدوو دڵۆپ فرمێسک خۆی لێبێبەری بکات .

کورد ئەڵێت : لەپاش تڕێ خەمشەی بڕێ

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×