پێشەكی:
من نەمدەویست ئەم وتارە لەدایك بێت، بەڵام زۆرێك لەهاوڕێكانم پێیان باش بوو لەبەر متمانەو حورمەتی قەڵەمو نوسین، بۆ دەرخستنی راستییەكانو ئاشكراكردنی بوختانو درۆی گێڕانەوەی مێژوو، بۆ ئەرشیفو ئایندە ئەبێت وەڵام بدەمەوە.
كاتێك كەسێك هەزاران وشەی درۆ و بوختانت بەبێ هۆ راستەوخۆ ئاڕاستە دەكات، حەتمەن وەڵامدانەوەی هەزاران وشەی تری دەوێت، بۆیە لە تولانی نوسینەكە بمبەخشن.
"پێشمەرگەو پێشمەرگەی مقەڕ"
دەستەكانی پێشمەرگەو كارەكتەرەكانی شۆڕشی نوێ، تێكەڵەیەكی ناجۆرو ناهارمۆنی جیاوازبون لەهەر گروپو كۆمەڵەیەكیتر كە هەندێك پرەنسیپی پێكەوەبون بۆ ئامانجێك كۆیان دەكاتەوە. بۆنمونە لە دەستەی سەركردایەتی هەتا مەفرەزەیەك كە بچوكترین ئۆرگانی پێشمەرگایەتی بوو، دكتۆر، موهەندیس، جوتیارو نەخوێندەوارت پێكەوە تێدا دەبینی.
كەسانێك بەبیروباوەڕ، هەندێك بەسیلەی رەحمو هەندێك لەتاو گۆلبڕینو یان پیاوكوشتن، تەنانەت هەندێك پێشمەرگەی مقەڕ بۆ خۆبەخێوكردنو بژێوی ژیان هاتبون.!
پێشمەرگەی مقەڕ، ئەوانەبون بەهۆی خزمایەتی یان خزمەتكردنی مەسولێكەوە لەشوێنی حەوانەوەی ئەو مەسولە كارێكی ناو مقەڕەكەیان پێ ئەسپارد، ئەم تەرحە لە پێشمەرگە بەسیلەی رەحم بوبێ یان بژێوی ژیان ئیتر لەو مەسولە دورنەئەكەوتنەوەو موچەیەكی مانگانەیان بۆ دەبڕایەوەو جێگەی خواردنو خەویان مسۆگەر دەكرد، مەگەر لەڕاوا دەنا لەدوریشەوە دەنگی تەقەیان نەدەبیست.! لە شۆڕشدا ناویان لێنابون "هاوڕێ توش بو" چونكە بەهۆی خزمایەتیەوە نەك بەویستی خۆیان توشی ئەو چارەنوسە ببون.
خالید رەزا بەهۆی ئامۆزایەتی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا لەم تەرحە پێشمەرگانەی مقەڕ بوەو كاری وەرگرتنی بروسكەی بیسیمەكەی مقەڕ بوەو هیچیتر، كە چۆتە دەورەی كرماشانی ئێرانیش بەهۆی خزمایەتیو بۆ هەواگۆڕین چوە! چونكە ئەو دەورەیە بۆ چەكی دژە دەبابەو دژە تەیارە بوو، ئێ خۆ ئەویش لەژیانی پێشمەرگایەتیدا، نەپێش دەورەو نەدوای دەورە، دەبابەو تەیارەی بەچاوی خۆی نەبینیوە هەتا ئەو هونەرەی لەچەكی دژە تانكو تەیارەدا لەدەورەی كرمانشان فێری بوە تاقی بكاتەوە، خۆ ئەگەر وانیە با بەدرێژایی پێنج ساڵی پێشمەرگایەتیەكەی شەڕێكمان پێ بڵێ كە تەنیا یەك فیشەكی تیا تەقاندبێت.!
ئەی ئەگەر بۆ هەوا گۆڕین نەبوبێت بۆچی بۆ سودگەیاندن بەشۆڕشو شەڕی دژە تانكو تەیارە لەگەڕانەوەدا نەچوە ئەو كەرتو تیپانەی پێشمەرگە، كە راستەوخۆ بەرامبەری دەبابەو تەیارە دەجەنگان ؟ بەپێچەوانەوە دوای دەورەكە ئەبێتەوە بە پێشمەرگەی مقەڕ.!
ئەو وەڵامەی خالید، راستییەكی تاڵی بیرخستمەوە كە تائێستاش حیزبو حكومەت پیادەی دەكاتو ئەنجامەكەشی ئەو وێرانەیەی نیشتیمانە.
مەسولەكان، مناڵو كەسوكاری خۆیان بە ئیفادی قورس ئەنێرن بۆ دەرەوەی وڵات بەناوی پێویستی كورد بەو زانستو زانیاریانە، بەڵام كە دێنەوە لەجیاتی ئەوەی خۆیان ئەو كارە بكەن، خول بۆ كەسانی خاوەن كاری ئەو پسپۆڕیە دەكەنەوە بۆئەوەی فێرببنو سود بگەیەنن.! سەیرانو سەفاكە بۆخۆیان ئەركو كاركردن بۆ كەسانیتر.!
ئنجا ئەو چونكە ئەوەشی نەكردوە ناچێتە ئەقڵیەوە كەسێك جگە لەخۆی فێری بەكارهێنانی دژە تانكو تەیارە بوبێت.! نازانێت ئەو كادرانەی لە تیپەكانی پێشمەرگەوە چونو گەڕانەوە خولی فێربونیان بۆ پێشمەرگە خوێندەوارەكان دەكردەوە. بۆنمونە ئێمەو سەدان پێشمەرگە چەكی قورسی (دۆشكە، هاوەنو تۆپی قورس، دژە تانكو تەیارە)مان لەشەڕدا بەكارهێناوە بەبێ ئەوەی خولی تارانو دیمەشقو كرمانشان ببینین.
زمانی ئاخاوتنو خوڵقو تەنانەت جلوبەرگی پێشمەرگەی كەرتو تیپە عەسكەرییەكان زۆر جیاوازتربون لە پێشمەرگەی مقەڕە جێگیرەكانو مقەڕی مەسولەكان.! ئەمەش بۆیە باسدەكەم چونكە ئەوانەی وەك خالید لەتەڕ ئەیاخواردو لەوشك دەنوستن، پێناسەی جەبهەی (قەیوان - ماوەت) بە شەڕی سێ مانگەی ساڵی هەشتاوشەش دەكەن! بێئاگا لەوەی ئەو جەبهەیە یەك ساڵو نیو و هەتا دواشەڕی ئەنفالی یەك بەردەوام لە تیپەكانی هەرسێ مەڵبەندەكەوە كە پێمان دەوت (حەملە بۆ جەبهەی قەیوان ماوەت یان حەملەی سەركردایەتی) كەرتو تیپەكان لەهاموشۆ و ئاڵوگۆڕو حەرەسیاتی ئەو شاخانەدا بون. لەو ساڵو نیوەشدا چەندین شەڕی گرتنو گرتنەوەی بەرزاییەكانی لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عێراقدا تێدەكەوت (شەڕی داستانی رزگاری لەسەرەتای مانگی چواری ساڵی هەشتاو حەوت) یەكێ لەو شەڕە قورسانەی قەیوان ماوەت بو.! بەڵام ئەو چونكە پێشمەرگەی مقەڕ بوە پێی وایە (شەڕگەی قەیوان - ماوەت) تەنیا سێ مانگی كۆتایی هەشتاو شەش بوەو تەواو بوە.
(بوختان وەك خۆی ! وەڵام قوزەڵقورت)
وەك خۆی پەرەگرافی نوسینەكەی خالید رەزا دائەنێم، باخوێنەر قەزاوەت لەسەر وەڵامەكەی منو دێڕەكانی ئەو بدەن، خۆئەگەر ئەو زانیاریانەی ئەو بەدحاڵیبونو بوختان یانەخۆ كینەی رەش نەبون، من ئامادەم داوای لێبوردن لەویشو گەلەكەشم بكەم، بەڵام ئەویش كەمێ ویژدانی هەبێت ئەبێت هەمان كار بكات!
بوختانی یەكەم:
خالید نوسیویەتی (هێرشێكی ناڕەوا كراوەتە سەر شۆڕشو ئەو پێشمەرگەو سەركردەو فەرماندانەی كە لەرۆژە رەشەكاندا چەكی شەرەفو بەرگریان بۆ نیشتیمان لەشاندا بوە)
وەڵام:
رەنگە من لەدەیان نوسیندا قسەم بە سەركردەو فەرماندەكانی شۆڕش وتبێت بەڵام لەم نوسینەدا نەخێر بوختانە! خوێنەر سەرپشك بێت یەك دێڕی ئەو نوسینەی من وەك ئەو ئەڵێت هێرشی ناڕەوا بدۆزێتەوە!
لەو وتارەدا، تەنیا ناوی "شەهید محەمەد قاسم، سوهاد خانەقینیو جوانەمەرگ قادری حاجی عەلی" هاتوە، شەهید وەك سومبولی شەڕێكی دەستەویەخەی بەرگری لەگەڵ لیواكانی هێزە تایبەتەكانی سەدام حوسێندا باسكراوە.
خۆ ئەگەر مەبەستیشی ئەوە بێت من بە هاوڕێ شەهیدەكەم وتوە تۆ خانەقینیتو ئاسەواری تەعریبت لەسەرە؟ یان وتومە لەداخی تۆ تیمی فتبۆڵی عێراق دەكوژین.! من نوسیومە قسەكانی من بۆ شۆخیو توڕەكردنی ئەو بو . رەنگە خالید نەزانێ شۆخی بەمانای گاڵتەو سوعبەت دێت.!
ئەوانیتر وەك دوو بەرپرسی جوامێر ناوم هێناون كە لەتۆڵەی هەڵەبجەو ئەنفالدا بیریان لای بەسزاگەیاندنی خائینو خۆفرۆشان بوە.!
ئایا ئەمە هێرشە بۆسەر فەرماندەكان؟ ئایا ناڕەوایە؟
من ئێستاش پێم وایە خەڵكی خائینو خۆفرۆش، سەر بەهەر نەتەوەیەكو حیزبو عەشیرەتێك بن، شایەنی فەوتو لەناوبردنن! بەڵام ئەگەر خالید پێی وایە ئەو جاشانە حیزب عەفوی كردونو چەكداری شۆڕشگێڕ بونو ئەبێت وەك هاوكاری پێشمەرگەو شۆڕش ناویانبهێنرێت! بەڵێ بەو لۆژیكو وەسفەی خالید، قسەكانی من ناڕەوان.
خۆ ئەگەر مەبەستیشت ئەوەیە من وتبێتم ئەو دوانە ویستبێتیان یان بڕیاریاندابێ ئەحمەد رازی بكوژن؟ عوزری لەقەباعەت خراپتر! چونكە شتی وا لەوتارەكەی منا نیە.
بوختانی دووەم:
خالید دوای قسەكردن لەگەڵ سوهاد ئنجا نوسیویەتی (باشتربو رەزاق پێش بڵاوكردنەوەی نوسینەكەی پەیوەندی بە سوهادەوە بكردایە بۆئەوەی نەكەوێتە هەڵەوە)
وەڵام:
من لەژیانما هیچ نوسینێكم نەنوسیوە ناوی زیندویەكی تێدابێتو پێش بڵاوكردنەوە بۆم نەناردبێت، لەڕوی ئامانەتو متمانەی قەڵەمەوە ئەم كارە دەكەم نەك پرس و ڕا.! بۆ ئەو نوسینەش شەوێك پێش بڵاوبونەوەی بۆ سوهاد م ناردو دروست بۆشم نوسی نەك هەڵەیەكم كردبێت! دوای بیست دەقیقە (واتا دوای خوێندنەوەی) سوهاد دەستخۆشی لێكردم (وێنەی نامەكەی خۆمو وەڵامەكەی سوهاد پارێزراوە)، لەمەشدا هەر راستی نەكردوە.
بوختانی سێیەم:
خالید نوسیویەتی (بەپێی ئەوەی ساڵانێك لەرێكخستنی ناوشاریشدا كارمكردوەو بەرپرسیارێتیشم هەبووە ئەوەندە دەزانم كە هیچ ئەندامێكی رێكخستن سەربەخۆو بەبێگەڕانەوە بۆ رێكخراو یان سەركردایەتی ناوخۆ، نەدەسەڵات نەمافی ئەوەشی هەبوە بڕیاری كەسێ" دیارە مەبەستی بڕیاری كوشتنە" دەربكاتو مەفرەزەیەكیش لەخۆیانەوە بێنو بیانەوێ فەرمانێكی واهی جێبە جێ بكەن).
وەڵام:
بەراستی ئەمە درۆیەكی گەورەو روسپیكردنەوەیەكی بێچاوڕوی ئەو تاوانو ناشرینیانەی شۆڕشو پێشمەرگایەتین، ئەگەر نوسینەوەی مێژو بۆ پەندو عیبرەتە ئەبێت هەموان دان بەراستیەكاندا بنێینو جوانیو ناشرینیەكان وەك خۆیان باسبكەین. خۆئەگەر بۆ پاڵەوانبازیو سەنەمو دێو دروستكردنە ئەبێ درۆی لەمەش گەورەتر بكرێت.
كەس هەیە بڕوا بكات هەمو ئەو تاوانانەی كوشتنی ژنو مناڵو پیاوی كاسبكار هەتا دەگات بەو تێكۆشەرانەی دوای ئاشبەتاڵ لەماڵی خۆیان دانیشتبون تەنانەت رەفیق حیزبیو جەیشی شەعبیو مامۆستای عەرەبو...هتد هەمو ئەمانە كە سەدان ناون بەكۆبونەوەی سەركردایەتی بڕیاریان لێدرابێت ؟ یان كاك خالیدو هاوڕێكانی لەرێكخراو كە خۆی دەڵێت بەرپرس بوم ! كۆبونەوەیان لەسەركردبێتو بڕیاریان لێدابێت ؟
من ئەتوانم سەدان ناو ریزبكەم كە هەم مامجەلالو هەم كاك نەوشیروان خۆیان لەتاوانی كوشتنیان بێبەری كردو سەدان ناویتریش كە داوای لێبوردنیان لێكراو خستیاننە لیستی ناوی شەهیدەكانی كوردستانەوە.!
رێك پێچەوانەی ئەو قسانەی خالید رەزاش هیچ كاتێك سەركردایەتی ناوخۆو دەرەوەش بۆ بڕیاری كوشتنی كەسێك كۆنەبونەتەوە، خۆ ئەگەر كۆبونایەتەوە كەسەكە نەدەكوژرا چونكە یان خزمی كەسێكیان دەردەچو ئەپارێزرا ! یان لەبەر بەرژەوەندیەك لەژێرەوە كەسێكیان پێی دەوت ئاگات لەخۆت بێت دەتكوژن.! وەك چۆن لەدوای راپەڕین كوڕو كچە هەژارو بێ پشتوپەناكانیان بەخوێنێكی سارد ئەكوشتو مەسولی فایلدارو خزمەكانیانو پارەدارەكان وەك "ماسی سوكو باریك" لەو تۆڕەی مەڵبەندی رێكخستنی سلێمانی ئەهاتنە دەرەوە.!
بۆچی پیاو هەبوە لەكوردستانا، بتوانێت بڕیاری كوشتنی (تاڵب رۆستەمو برایمی حەمەخورشە) بدات..!؟ ئەگەر مەسەلەی تەماحو بەرژەوەندی شەخسی نەبوایە ؟
پاشان ئێوە كێ بون لە رێكخراو و لە ناوخۆ بڕیاری كوشتنی خەڵكتان داوە ؟ وەك خۆت ئەڵێیت كە یەكێك لە بەرپرسەكانی رێكخراو بویتو بەبێ گەڕانەوەو بێ بڕیاری ئێوە كەس نەكوژراوە.! تۆیەك لەدەرەوەی شار ژیاویت، لەكوێو چۆن ئەو سەدان پیاوە گەورەو تێكۆشەرانەی شاری سلێمانیت ناسیوەو بڕیاری كوشتنیانت داوە؟
ئایا وتارەكەی من هێرشی ناڕەوابو یان ئەم بوختانو سوكایەتیەی تۆ كە گۆمێك لەخوێنی سارد ئەخەیتە ئەستۆی شۆڕشو سەركردایەتیەكەی؟
نەخێر ئەو تاوانانەی ئێستا خالید بەشێوەیەك وێنەی دەكاتو خۆیو چەند كەسێكی وەك خۆی لێبێبەری دەكات، هەرگیز بەكۆبونەوەو بڕیاری سەركردایەتی یان رێكخراو نەبوە!
هەمو خەڵكی كوردستان ئەزانێت ئەو زنجیرە تاوانانەی دوای راپەڕینیش، لەمەڵبەندی رێكخستی سلێمانیەوە ئاڕاستە دەكراو خالید رەزا كارگێڕی مەڵبەندەكە بوو، دەسەڵاتەكانی وەك كەسی موكەرەری مەڵبەندەكە بوو، ئەگەر ناوی لیژنەكەشی بیرنەماوە، بۆ بیرخستنەوەی من پیتی ناوی خۆیانو باوكیان دەنوسم (ئ و، ش ع، ك ع، د س، ح ن...) بون. خۆ ئەگەر تاوانەكانیشی لەبیر نیە ؟ ناچارم بیری ئەو گۆڕە بەكۆمەڵەی بخەمەوە كە لە "خێوەتەی شارباژێڕ" لەجەستەی هاوڕێ بێ پشتوپەناكانی رێكخستن دروستیانكرد، بەبێ ئەوەی مەحكەمە بكرێن یانەخۆ كەسێكی ئەو لیژنەیە، یاساناسو لێكۆڵەر (موحەقیق) بوبێت..!!
بەڵام هاوزەمان، ئەو دوو خائینە گەورەیەی زمانیان لە (جەباری حاجی رەشیدو هاوڕێكانی) دابوو، بەناوی (غ م و ها ق)، چونكە دوو مەسول بەخزمایەتی پێیان دەگەیشتن، پارێزرانو پلەیەكی بەرزی پێشمەرگایەتیان پێدرا..!
ئەو كوشتارە هەڕەمەكیانەش بوە هۆی ئەوەی كە "مام جەلال" توڕە بێتو فایلی لێكۆڵینەوەكان دابخات، بەدوایدا تاوانبارە راستەقینەكان مەحكەمە نەكرێنو وەك بەرزەكی بانان بۆی دەربچن.
ئەگەر ئەو بەراستی پەپولە ئاسا سۆزی بۆ (بێتاوانیو ناوداری ئەحمەد رازی) دەربڕیوە ؟ فەرمو دوای سیو دو ساڵ، كەمێ سۆز بتگرێت، گۆڕی ئەو هەڤدە كەسە نیشانی كەسوكاریان بدە لای كەمی بۆ ئەوەی بڕۆن ئێسكوپروسكەكانیان بەعورفی ئاینیو كۆمەڵایەتی بنێژنەوە.
تاوان وناوەكان ئەوەندە زۆرن، گەر خالید یەك تۆز حورمەتی مێژوی كوردو شۆڕشەكەی بگرتایە وەك مامجەلالو كاك نەوشیروان ئیعترافو داوای لێبوردنی دەكرد ! نەك پاساو بۆ هەمو ئەو تاوانانە بهێنێتەوە.
شۆڕش، دەزگایەكی هەبوە بەناوی "دادگای شۆڕش" ئەو دادگایە بەبێ لێكۆڵینەوەو وەرگرتنی وتەكانی تۆمەتبارو بەڵگەی یاسایی هەرگیز لەدورەوە بەغیابی حوكمی كوشتنی كەسی نەداوە! هەر كوشتنێك بەدەر لەبڕیاری ئەم دادگایە درابێت بۆ بەرژەوەندی شەخسیو پارەو غیرەو كینە بوە.
جارێك حاكم قادر كە سەروەختێ دادوەری شۆڕش بو وتی: (كە چومە دادگای شۆڕش مام جەلال پێی وتم شتێك هەیە هەمیشە بیرت نەچێت، كە حوكمی كوشتنی كەسێك ئەدەی بیزانە كە زیندونابێتەوە تاكو داوای لێبوردنی لێبكەیت).
خۆزگە خالیدو هەمو ئەو یەكێتیو كۆنە یەكێتیانەی ناو گۆڕان كە خۆیان بە دڵسۆزی سەركردەكانو یەكێتیو شۆڕشەكەیان ئەزاننو من بەهێرشی ناڕەوا تۆمەتبار ئەكەن، بەیەك دێڕیش بوایە وەڵامی (مەسعود بارزانی)یان بدایەتەوە كە نوسیویەتی "جەبار فەرمان چل پێشمەرگەی دیلی بە بلۆك كوشت"
دیارە ئەمەیان پێ هێرش نیەو پێ رەوایە ! گەرنا خۆ جەبار فەرمانیش سەركردەی شۆڕشو یەكێتی بوو ! بۆچی وەڵامی (مەسعود بارزانی)تان نەدایەوەو نادەنەوە ؟
بوختانو درۆی چوارەم:
سوهاد وتویەتی یان نا! خالید بەناوی سوهادەوە نوسیویەتی:
(لەزەرعاتەكانی كەنەسورە نزیك شەست مەتری خۆمان لەزینانێكی توتن دا شاردەوە هەتا رۆژ هەڵات وردە وردە خەڵك ئەهات بۆ سەر زەرعات بەبێڵو خاكەنازەوە منو ماجیدیش بەدوربین سەیرمان ئەكرد بزانین ناسراوێك ببینین بەرزان وتی ئەوە زاهیری مەلا عەبدوڵایە...هتد)
وەڵام:
ئێمە (ماجید، مەجید عەلیانی، تەیب داقوقی، سوهاد، فواد، بەرزانو خۆم) تەنیا فواد خەڵكی سلێمانی بو، منو بەرزان خاڵۆزاو پورزاو زاهیدی مەلا عەبدوڵاش بنئامۆزامان، جارێ سێ ناوی یەكەم لەهەمو تەمەنیاندا بەرێبواریو سەردانیش، شاری سلێمانیانیو شەست مەتریان نەبینیبو، سوهاد خۆیشی یەك دو ساڵێك لە سلێمانی ژیابو ئێستاشی لەسەر بێت خۆیو ماجید لەو زەرعاتانە "كەنەماون" یان لە ئابڵاخ كە خزمانی ئێمەن، بەدوربینی قەوسیش كەسێكی ناسیاو نادۆزنەوە! ئاخر چۆن ئەوان بۆ ناسیاو دەگەڕێن لەكاتێكدا ئێمە هەرچی بێڵو خاكەناز لەشانی زەرعاتەكانە بەخاوەن زەویەكانیشەوە خزمو كەسی خۆمان بون؟ كێ بەم درۆیە بڕوادەكات لەناو زەویەكانی خۆمانداو كەسوكاری خۆماندا، دوو كەسی خانەقینی بۆ ناسیاو بگەڕێن؟ بەدوربینیش..!
هەقیقەت ئەوەبو كە ئەو زینانی توتنەمان لەزەوی (كاكەمین)ی ئامۆزای خۆماندا شك دەبردو پێش چەند رۆژ لەشارەزورەوە تەگبیری چونە ئەوێمان كردبو. بەگەیشتنمان بەمنداڵێكدا پەیامێكی نهێنیمان بۆ كاكە زایدی مەلا عەبدوڵا نارد كە كادرێكی چالاكو رایەڵەیەكی پتەوی بەرێكخستەكانی ناو شارەوە هەبو، گەیشتە لامانو بە دوو جێگەو دوو تیم سێ بەسێ لەسەر رێنمایی خۆی دامەزراینو سوهاد بەتەنیا لێمان جیابۆوەو دوای ماوەیەكی زۆر یەكمانگرتەوە.!
ئەركی هەموان لەسەر منو بەرزانو خزمەكانمانو رێكخستنەكان بو، چونكە سوهاد بەهەرهۆیەك بو كەمتر هەواڵیمان دەزانی. تیمەكەی من (تەیبو مەجید)، بەرزانیش (فوادو ماجید) ئەو ماڵانەش كە تێیدا دەماینەوە، تیمی بەرزان (ماڵی كاكەمین، زاهیدی مەلا عەبدوڵاو ماڵی دایكیو ماڵی باوكی كە جیاواز بون).
تیمەكەی من (ماڵی كامەرانی عەبدوڵای كەریمەگێل، عومەر قەڵادزێیی، جوتیاری رەحیمی كورەچی) هەندێكجار ئاڵوگۆڕمان دەكرد.
ئەم ناوانە هەم رێكخستن بونو هەم خزمی نزیكی منو بەرزان بون.
سوهاد خانەقینی یەكەم شەوی لێدەرچێت یەك شەو لەگەڵ هیچ تیمێك نەمایەوە، چەند رۆژێكی كەمیش نەبێت لەسەر داوای خۆمان تەنانەت سەردانیشی نەكردوین.! بۆ راستی ئەم قسەیەش هەموان لەژیانا ماون ئێستاشی لەسەر بێت تەحەدا ئەكەم سوهاد جگە لەكاكە زاید یەك ماڵو یەك كەس لەم ناوانە بناسێت.!
ئێ كە ئەو هیچ كام لەم ماڵو ناوانەی نەدیبێتو نەناسبێت، ئیتر چۆن خالید بەدەستی دوو ئەو درۆ و بوختانانە ریز دەكات ؟
وابزانم ئەمەندە بەسە بۆئەوەی بڵێم هەرچی خالید لەزمانی سوهادەوە لەسەر ئەو مەفرەزەیە نوسیویەتی راستی تێدانیە.
بوختانی پێنجەم:
خالید دەڵێت (هەمان شەو بە بڕیاری مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی بە دۆڵی شیخ محەمەدو لە كەپكی شیلانەوە بە شاناخسێ دا كشاینەوە بۆ دیوی ئێران. لەوێوە هێزەكانی مەڵبەندی یەك بە سەرپەرشتی كاك قادری حاجی عەلیو مەلبەندی ٣ بە سەرپەرشتی كاك كۆسرەت بە قەندیلدا گەڕانەوە بۆ سنوری مەڵبەندی سێ كە تا ئەو كاتە ڕژیم هێرشی بۆ نەكردبو. دوای پشودانێكی چەند رۆژە هێزەكانی مەڵبەندی ١ بە سەرپەرشتی كاك قادر لە دەشتی هەولێرەوە بەرەو سنوری مەڵبەند لە گەرمیان گەڕانەوە. من بە حوكمی ئەوەی كە لەو كاتەدا عەدەد جیهازی كاك نەوشیروان بومو كاك نەوشیروانیش بەرپرسی یەكەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانو هێزەكانی بو (مامجەلال لە گەشتی ئەوروپا بو)، هەمو زانیاریەكانیش لە هەمو هێزەكانەوە ئەدرا بە ئێمە، بۆیە ئاگاداری هەمو ڕوداو و قۆڵەكان بوم. كاك قادرو هێزەكەی لەدوای بڕینی سەدان كیلۆمەتر بەپێو بەبرسێتیو شەكەتی كاتێك گەیشتنەوە قوڵایی گەرمیان..هتد)
وەڵام:
بڕوانن خالید چۆن ئەڵێ زانیاری هەمو هێزەكان لای من بوە ! چۆن ئەڵێ منیش زانیاری هێزەكانم ئەدا بەكاك نەوشیروان ! چۆن دەشڵێ ئاگاداری هەمو روداوەكان بوم..!
قوڕ بەسەر كورد تۆ زانیاریت دابێتو تۆ مێژوەكەی بنوسیتەوە !
لەدوای ئەو هەمو لێكۆڵینەوەو كتێبو نوسراوانەی لەسەر ئەنفالەكانو شەڕەكان نوسرابن، زانیاری نەبێت لەسەر بەرپرسی گەورەترین مەڵبەندی یەكێتی لەكۆی چوار مەڵبەند، زانیاری نەبێت لەجوڵەكانی قادری حاجی عەلی لە ناهەموارترینو خراپترین دۆخی كوردو شۆڕشو پێشمەرگەدا، ئنجا بێت تەنیا لەبەر ئەوەی قینی رەش بڕێژێت لەخەیاڵی خۆیا حیكایەت دروستبكات، كەسانێكیش هەبن دەست بەگەردن بڕوای پێبكەن ! بەراستی كارەساتە.!
ئاخر چی راستبكەمەوە؟ لەكاتێكدا كاك قادرو هێزەكەی یاوەری لەبنەڕەتدا هەر نەگەیشتون بە شەڕگەكانی (قەیوان - ماوەتو دوكانو سورداشو دۆڵی جافەتی) یەك فیشەكیش لەتفەنگی ئەو هێزەوە كە لەگەڵ كاك قادرا بوە لەئەنفالی یەكدا، نەتەقیوە.! ئێمە زیاتر لەهەزار پێشمەرگەی تیپەكانی مەڵبەندی یەك بوین، سەدانیان لەژیاندا ماون.
راستیەكەی ئەوەیە:
قادری حاجی عەلیو هێزەكەی ویستیان بێن بەهانای شەڕگەی ئەنفالی یەكەوە بەڵام نەیانتوانی لە رێگەكانی (دۆڵەروت - تاسڵوجە - زێوێ - دوكان) بپەڕنەوە، لەرۆژی كۆتایی كشانەوەی هێزەكاندا، كەوتن بەسەر مەسافەی ئینسیحابدا.
دواتریش خۆی بۆ كۆبونەوە چۆتە شاری بانەو هێزەكەیشی وەك هەمو هێزەكانیتر تێكەڵاوی ئەو كشانەوەیە بو كە شەهید حەمەرەشو چەند سەرتیپو فەرماندەیەكیتر سەرپەرشتیان دەكرد. یەك ئەندامی سەركردایەتیش لەمەسافەو رێوڕۆیشتنی گەڕانەوەدا، لەگەڵ ئێمەدا نەبون.! ئێستاش ئەتوانێ پرسیار بكاتو بزانێ كاك قادر چۆنو لەچ رێگەیەكەوە بەهێزەكەی گەیشتەوە..!!
بوختانی شەشەم:
خالید ئەڵێت (بەگێڕانەوەكەی كاك ڕەزاق دا دیارە، گوایە جامی كەنداوی ساڵی ١٩٨٨ لە سەرەتای مانگی یەكدا دەستی پێكردوە، بۆیە گوێیان لە هاتوهاواری یاریەكە گرتوە!. بەڵام ڕاستیەكەی ئەوەیە، كە جامی كەنداو لە وڵاتی سعودیە لە رۆژی ٢ی مارت دەستیپێكردو لە ١٨ی ٣ بە بردنەوەی كاسەكە لەلایەن عێراقەوە كۆتایی هات ..هتد)
وەڵام:
من وتاری سیاسیم بەئامانجێكی سیاسی نوسیوە، نە لێكۆڵینەوە، نەشیكاری وەرزشم كردوە! ئەم باسەی خالید لەسەر رۆژو مانگی جامی كەنداو هیچ ئەرزشێكی نیە چونكە من باس لەروداوێك ئەكەم كە تۆپانێی تیمی عێراقەو هاوڕێكەم هەواداری (ئەحمەد رازی)یە، ناوی خولە وەرزشیەكە هەرناوێكە گرنگ ئەوەیە دوای گەڕان بە گۆگڵ بۆ وەڵامدانەوەی خالید زانیم ئەو رۆژەی ئێمە بەهەورازەكەوە بوین هەشتی مانگی یەك بوەو یاری فتبۆڵی نێوان عێراقو سعودیە بوە لە خولی ئۆڵۆمپی. لێرەدا سوپاسی دەكەم كە من نوسیومە سەرەتای مانگی یەك ئەو وایكرد بزانم رۆژی هەشتی یەكی ساڵی هەشتاو هەشت بوە. تەنیا هەڵەیەكی من ئەوەبوە خولەكە كەنداو نەبوە بەڵكو ئۆڵۆمپیات بوە.! نە وتاری وەرزشیم نوسیوەو نە شیكارو نوسەری وەرزشم هەتا ئەمە هەڵەیەكی گەورەبێت لەسەرم بكەوێت، بەڵام ئایا قینی رەشی خالید بۆ هێندە كێرڤی بەرامبەر من بەرزە ئەم كێچەم لێ بكات بە گایەك كە خۆیو هەموكەس ئەزانن من مێژوی فتبۆڵێنو وەرزش نانوسمەوە، بەڵام ئەو نیوەی نوسینەكەی بەمەبەستی بەلاڕێدابردن، بۆ وەرزشو خولی كەنداوی سی و پێنج ساڵ پێش ئێستا تەرخانكردوە! ناوی ئەم خولەی لەبیرماوە چونكە پێشمەرگەكانی مقەڕی مەسولەكان ماتۆڕی كارەبایان هەبو لەبەر روناكی گڵۆپو لەتەلەفزیۆندا یاریەكانیان تەماشا دەكرد، ناهەقی نیە ئەقڵی نەیبڕێ پێشمەرگە هەبێت بەهەورازی شاخەوەو بەرادیۆ موتابەعەی یاری فتبۆڵ بكات.
لەكۆتاییداو لەگەڵ (سالمی ساحێبقڕان) ئەڵێم:
دەكا دونیایی پڕ شۆڕش، بەدایم، فیتنەها پەیدا
بەنەیڕەنگو فسونی ئەو، لەهەر سوویێ وەغا پەیدا